مێژووی رەش و سێبەری شوومی بنەماڵەی پەهلەوی بە سەر خاک و نیشتمانی کوردەوە

0
1086

بنەماڵەی پەهلەوی نیو سەدە لە وڵاتێک بە ناوی ئێران دەسەڵاتدار بوون و حوکمی ئەو جوگرافیا دەستکردەیان دەکرد کە بە وڵاتی ئێران پێناسە دەکرێت.
بنەماڵەی پەهلەوی و دەست و پێوەندەکانیان لە یەکەم رۆژی بە دەسەڵات گەیشتنیان خورهەڵاتی کوردستانیان داگیر کرد و هەتاکوو کۆتایی حکومەتی پاشایەتی گەلی کوردستانیان لە سەرەتایترین مافی سیاسی ،کۆمەڵایەتی و ئینسانی بێبەش کرد و جینایەت نەبوو دەر حەق بە گەلی کوردی ئاشتی خواز و وڵات داگیرکراو جێبەجێی نەکەن.

پێویستە لە سەر ئێمەی کورد بە جوانی مێژووی داگیرکەرانی کوردستان بخوینینەوە هەتاکوو جارێکیتر لە ژێر هیچ ناو و نازناوێک نەکەوینە داوی فرت و فێڵی ئەو دڕندانە بە ناوی ئێرانی بوون و تەمامیتی ئەرزی خواز کەڵکمان لێ وەر بگرن بۆ ئەوەی جارێکیتر سێبەری رەشیان باڵ بکیشێت بە سەر میلکان و زێدی باب و باپیرانماندا.

بنەماڵەی پەهلەوی لە سەردەمی دەسەڵاتیان کوردەکانی ورمێ و کرماشانیان ڕاگواست و فارس و تورکیان لە ئەو شارانە جێگیر کرد و قازی محەمەد، سمکۆ شکاک و داود خان کەڵهور بە دەستی بنەماڵەی پەهلەوی کوژران و چونە رێزی نەمرانی کوردستانەوە.

بنەماڵەی پەهلەوی بە کوشتنی رێبەرانی کورد لە خورهەڵاتی کوردستان تینوویەتیان نەشکا دەستیان کردە ناو دەستی رێژیمی نژادپەرستی تورک بە رێبەری کەمال ئاتا تورک و کوردەکانی باکوری کوردستان و دۆڵی زیلانیان کە نزیکەی ٥٥ هەزار ژن و پیاو و منداڵ بوون قەتڵ و عام کرد و بەشێک لە ئارارات کە لە سەر خاکی رۆژهەڵات بوو پێشکەش بە دەوڵەت تورکیان کرد.
دەسەڵاتی ئێرانی بە سەرۆکایەتی بنەماڵەی پەهلەوی هەر دەنگێک لە کوردستانەوە سەری هەڵبدایە زۆر بە توندی بەرەنگاری دەبوونەوە و خەڵکی کوردستانیان قەتڵ و عام دەکرد ، هەر بۆێە کاتێک خەڵکی ئیلام و ئیڵی قارەمانی مەڵەکشایی دژی زۆرداری بنەماڵەی پەهلەوی شۆرشیان کرد زۆر دڕندانە سەرکوت کران و تژماڵ حسین مەڵەکشایی سەرۆک هۆزیان کوشت و خەڵکی مەڵەکشایی و ئیلامیان ئاوارەی عێراق و بە‌غداد کرد کە دواتر لە لایەن سەدامەوە لە ژێر ناوی فەیلی لە ناو بران.

لە سەردەمانێک کە شۆرشی ئارارات سەری هەڵدا دژی رێژیمی داگیرکەی تورک بنەماڵەی پەهلەوی دیسان دەستیان خستە ناو دەستی دەوڵەتی تورک و ئەو شۆڕشەیان سەرکوت کرد و هەر بنەماڵەی پەهلەویش بوون پێنج هەزار بنەماڵەی کوردی جەلالیان لە ماکۆ ڕاگواست بۆ قەزوین و لە زێدی خۆیان دوریان خستنەوە.

بنەماڵەی پەهلەوی بستێک لە خاکی کوردستان نییە کە دوژمنکاریان بەرامبەر نەکردبێت، کۆچاندنی زۆرە ملی گەلواخیەکانی دیواندەرە بۆ ئەردەکانی یەزد و کوشتنی بەگزادەکانی جوانڕۆ و ڕاگواستنیان و بەند کردنیان چەند نموونەیەکی بچووکن لە جینایەتەکانی پەهلەوی.

پەهلەویەکان دیسان دەست خستنە ناو دەستی دەوڵەتی عێراق و سەدام حسین دژی شۆرشی باشوری کوردستان و ئیمزا کردنی پەیمانی جەزایر و سەرکوتی شۆرشی مەزنی بارزانی نەمر و ئاگر بەردانە کتێبخانەی مێژوویی مهاباد و سوتاندنی سەدان کتێبی بە نرخ و مێژووی کورد.

لە سێدارەدانی خانلەر خان حاکمی خوراسان و قەدەخە کردنی جل و بەرگی کوردی و قسە کردن بە زمانی کوردی لە بەینی کوردانی خوراسان و لە سێدارەدانی نووسەران و روناکبیرانی کورد لە سەردەمی کۆماری کوردستان و قەدەخە کردنی خوێندن بە زمانی کوردی و بێرێزی کردن بە میللەت و نەتەوەی کورد بەشیکترە لە جینایاتی بنەماڵەی پەهلەوی در حەق بە نەتەوەی کورد.

ئەورۆکە رەزا سەواد کووهی دوایین ئەندامی ئەو بنەماڵەیە دوای نزیکەی ٤٣ ساڵ بە سەر روخانی دەسەڵاتی بنەماڵەکەیان و ئاوارە بوون خۆی بە میراتگری باب و باپیرانی جینایەتکاری دەزانێ و خۆی ئامادە کردوە کە جارێکیتر بچێتەوە پێرسیا و حوکمی ئەو وڵاتە بکات .

رەزا سەواد کووهی کە ئەورۆ لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا نیشتەجێیە و هیج هێز و دەسەڵاتێکی نییە لە هەموو دیمانەکانیدا تیشکی خستوەتە سەر ئەوەی کە هیچ نەتەوە و زوانێکتر جگە لە فارس لە چوارچێوەی ئێراندا بە رەسمیەت ناناسێت و دژی لەت لەت بوونی ئێرانە و هەر داوایەک لە لایەن کوردەوە بو دەست خستنی مافی رەوای خۆی بە هەڕەشە بۆ سەر ئێران دەزانێت و دژی دەوستێتەوە.

ئەوەی لێرە جێ پرسیارە بۆ من کە بڕێک کورد وێنەی رەزا پەهلەوی سەوادکووهیان لە ماڵەکانیان هەڵواسیوە و پشتیوانی لێ دەکەن و بە فریشتەی نجاتی ئێران و ناوچەکە پێناسەی دەکەن، بێ ئەوەی ئاورێک بدەنەوە و بزانن ئێمەی کورد چیمان چێشتوە بە دەست ئەو بنەماڵەیەوە.

عەلی فەزڵی کەواڵی