کەمپەینی بە کوردستانی بوون

0
810

کورد وەکو نەتەوەیەک کە لەسەر گۆی زەوی بوونی هەیە بەڵام ئەم بوونە بوونێک سەلماو نیە و بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد هەوڵ و تێکۆشانی بنەڕەتی خۆی لە پەیدا کردنی ئەو بوونەدا پێناسە دەکات واتە دەیەوێت دەوڵەتانی جیهان ددان بەوەدا بنێن کە کورد وەکو نەتەوەیەک ساحێب جیهان ژینی خۆیەتی و ڕێز لە ئیرادەی ئازادی کورد بگرن. دیارە ئەم بوونە تەنیا لە دەوڵەت دا دەر دەکەوێت و ناکرێت بە فدڕاڵیزم و چیتر بەم بوونە بگەین بۆیە گرنگە کە تەعبیرێکی درووست لە بوونی خۆمانمان هەبێت و لەو ڕێگایەدا هەنگاو هەڵگرین و بەرەو پێش بچین.
دیارە ساختاری ئەمڕۆی جیهان لە سەر دەوڵەت بوون پێناسە دەکرێت و ئەمە بەو مەعنایەیە کە دەوڵەتە کە بوونی نەتەوەیەک دیاری دەکات و تاک هیچ بوونێکی لە دەرەوەی ئەوەدا نیە. لە ڕاستیدا ئێمە وەکو تاک تەنیا دەتوانین شارۆمەند بین و ئەوە بەو مەعنایەیە کە مافی تاک لە پێناسەی شارۆمەندیدا دیاری ئەکرێت.
هاوکات لە مەعنا نوێکانی جیهانیدا نەتەوە کەس نەتوانێت پێناسەیەکی تایبەتی بۆی هەبێت بەڵکوو ئەوە ئەو کۆمەڵگایەیە کە خۆی خۆی پێناسە دەکات و ئەمە بەو مەعنایەیە کە ئەوە ئاڵمانیەکانن کە خۆیان خۆیان پێناسە دەکەن و ئێژن ئێمە دۆیچین و وڵاتی ئێمە دۆیچلەندە. ئەوان بەو کارە نیشانی دەدەن کە ئەوان شارۆمەندی وڵاتێکن بە ناو دۆیچلەند (ئاڵمانیا) . خەڵکی جیهانیش بەو پێناسەیەی کە ئەیبینن ئەزانن کە ئەو خەڵکە یەک لەش یا جەستەیان هەیە کە بەرژەوەندی ئەوان ئەپارێزێت و دیارە دۆیچ لە چەن وڵاتدا بوونیان هەیە و ساحێب سەروەری سیاسین و ئەوە دۆیچلەندە کە ئەو دەوڵەت (جەستەیەکی هاوبەش) پێناسە دەکات. ئەوە بەو مەعنایەیە کە دۆیچلەند مەعنای شارۆمەندی و مافی نەتەوایەتی و هەر وەها بوونی ئەوان دیاری دەکات ئەگەر نا دۆیچ لە هەموو جێگایەکی دونیادا هەیە و هەر کامی شارۆمەندی دەوڵەت نەتەوەیەکن.

ساڵانێکە دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی و تورک و عەرەب کوردیان داگیر کردوە و بە هەموو جۆرێک هەوڵی تاواندنەوە کورد دەدەن و نایانەوێت کورد بوونی هەبێت و بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستانیش بە هەڵە کەوتوەتە داوی ئەوانەوە و دەیەوێت بوونی خۆی لەو جۆغرافیایەدا نیشان بدات لە حاڵێکدا بوونی کورد و مانەوەی کورد تەنیا لە دەوڵەتی کوردیدا دەتوانێت هەبێت و ئێمە تا ئەوەی دەوڵەتی کوردیمان نەبێت ناتوانین ساحێب بوونی خۆمان بین لە ڕاستیدا دوڵەتی کوردی وەکو جەستەیەک لە کورد دەتوانێت بوونی کورد لە جیهان بپارێزێت و کاتێک شارۆمەندێکی کورد هاتووچووی جیهان بکات ئەوە دەوڵەتی کوردیە کە پشتیوانیەتی.

ئێمە ئێستا بەرەو ڕووی ئەو گرنگەین کە بتوانین بوونمان نیشان بدەین و ببینە ساحێب ئیرادەی خۆمان بۆیە گرنگە کە بتوانین لەم ڕێگایەدا یەکتر بە ئاسانی بدۆزینەوە و بتوانین پێکەوە پێوەندی پتەومان هەبێت. بۆیە پرۆژەیەک زۆر ئاسان و سادە دەتوانین پێشنیار بدەین کە هەموو کوردێک دەتوانێت تێیدا بەشدار بێت. سەرەتا پێویستە کە گرنگی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕوون بکرێتەوە.

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە ڕاستیدا لە بەرهەمی ئینتێرنێتی نوێیە و ئەگەر سەیر بکەن پەنجا ساڵ پێش ئینتێرنێت ئەم شێوازە نەبوو بەڵکوو لە دەست تاقمێکی تایبەتدا بوو و دواتر کە تکنۆلۆژیا گۆڕانکاریەکی گەورەی بەسەردا هات کە بووە بەرهەم هێنەری ئینتێرنێتی v2 و ئەم ئینتێرنێتە توانی گشتی بێتەوە و ئێستا هەرچی ماڵە و هەرچی تاکە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت دەستی بە ئینتێرنێت بگات و کەڵکی لێوەرگرێت و ئەم باروودۆخە خەریکە دەڕوات بەرەو ئینتێرنێتی v3 کە بە ناوی مێتاوێرسەوە دەناسرێت.
دەوڵەتە داگیرکەرەکانی جیهان و دیکتاتۆرەکان لەم بابەتە زۆر دەترسن بۆیە هەموو کات هەوڵی ئەوە دەدەن کە قەوارەی ئینتێرنێت بچووک بکەنەوە و نەهێڵن کە گەڕانی ئازادی تاک لە جیهانی ئینتێرنێتدا ڕوو بدات و زانیاری بە ئاسانی بڵاو بێتەوە بەڵام ئەوە ڕاستیەکە کە ئینتێرنێت تازە لەگەڵ ژیانی مرۆڤ تەنراوە. ئینتێرنێت زۆر باروودۆخی لە جیهاندا نیشان ئێمە دا کە پێشتر بیرمان لێ نەدەکردەوە بۆ نموونە بزووتنەوەی مانەوەی مرۆڤ کە کەڵکی لە ئینتێرنێت وەرگرت و گەرم بوونی گۆی زەوی کرد بە باسێکی ڕۆژەڤ .
پلاتفۆرمە جیاوازەکان کە لە ئینتێرنێت بوونیان هەیە دەتوانن بزانن کە کەسێک لە کامە جێگای جیهاندا لە دایک بووە و کامەیە شارەکەی و چیتر و تەنانەت دەتوانن زمانی نووسین و قسە کردن وچیترمان تێبگەن . دیارە ئەم بابەتە لە دونیای گشتیدا زۆر مەترسی درووست کردوە و ئەوەیش بە هۆیەوەیە کە وتم.
پێشتریش ئاماژەمان پێدا کە نەتەوە بوون و شارۆمەندی و چیتر لە سەر ویست و خواستی تاک پێناسە ئەکرێت و کەس ناتوانێت کەسی دیکە پێناسە بکات بۆیە ئێمەش لەم بارودۆخەدا کە هەین زۆر بە ئاسانی و بە کەڵک وەرگرتن لە دونیای ئینتێرنێت خۆمان پێناسە بکەین و پلاتفۆرمەکان ئاگادار بکەینەوە کە ئێمە کێین. بە خۆشحالیەوە ناوی کەسانێک هەن توانیویانە بیر لەو شتە بکەنەوە و خۆیان بە ناوی و یا ناسناوی “من کوردم” پێناسە کردوە بەڵام وەکو وتمان کورد دەتوانێت لە هەر جێگایەکی جیهان بوونی هەبێت وەکو تاک و مافی شارۆمەندی وڵاتێکی تایبەتی هەبێت بەڵام ناتوانین لە جیهاندا بێژین بوونی هەیە چوونکا کاتێک شارۆمەندیەکەی دەردەکەوێت دیارە خەڵکی وڵاتێکە و ئەو وڵاتەیە کە بوونی ئەو دیاری دەکات بۆیە گرنگە کە چیتر لە بەستەری ئازادی تاکە کەسی و چیتر تێپەڕین و هەنگاو هەڵنێین بەرەو ئازادی بە کۆ. ئێمە ئەگەر ئازادی بە کۆمان نەبێت لە ژێر ناوی دەوڵەتی کوردیدا ناتوانین بێژین بوونمان هەیە بۆیە گرنگە خۆمان خۆمان بە تایبەت مەندیەکانمانەوە پێناسە بکەین کە لە جیهانی دا بوونمان دیاری بێت و ئەوەش تەنیا دەتوانێت کوردستانی بوون بێت. دیارە کوردستانی بوون گرنگە و ئەوەیش ئەگەڕێتەوە بۆ مێژوو کە زۆر کەس ئەو پێناسەیەیان بۆ مرۆڤی کورد بە کار بردوە واتە مرۆڤی کوردیان لەسەر جۆگرافیای خودی کورد و بە خاکی کوردەوە پێناسە کردوە.
پرۆژەکە چەندین ئامانجی دەبێت:
١: زۆر بە ئاسانی دەتوانین هاوبیر خۆمان بدۆزینەوە.
٢: بە پلاتفۆرمەکانی ئینتێرنێت ئێژین کە ئێمە شارۆمەندی وڵاتێکین بە ناو کوردستان.
٣: ئەگەر کەسانی زۆر تێیدا بەشدار بن و جۆگرافیای کوردستان بگرێتەوە ئەکرێت داوا کاری فەرمی بۆ پلاتفۆرمەکان بنووسرێت و داوا بکرێت کە ئەو جۆگرافیایە بە ناو کوردستانەوە بناسرێت و دەتوانێت کەمپەینێکی بەهێز بێت.
٤: دەتوانێت کە ڕفراندۆمێکی بەهێز بێت نەک بۆ یەک پارچە بەڵکوو بۆ جیهان ژینی کوردستانیان.
٥: خودی ئەم کارە بە جۆرێک ڕێکخستنی کۆمەڵگای کوردستانە.
٦: ئەم کارە نیشان لە هاودەنگی کۆمەڵگای کوردستانە.
٧: گشتمان گلەییمان هەیە لە حزبەکان کە بۆ هاوپەیمان نین پێکەوە و بەم کارە ئێژین کە کۆمەڵگای کوردستان یەک دەنگە و نۆبەتی ئەحزابی کوردستانیە.
٨:بە ڕوونی هاتنە دەرەوەیە لە ژێر دەسەڵاتی کۆمەڵگای داگیر کەر.
٩: بە ڕێکخراوە جیهانیەکان ڕا دەگەیەنین کە کۆمەڵای کوردستان چی دەوێت.
١٠: بە دونیا نیشان دەدەین کە ئیمە خۆمان خۆمان پیناسە ئەکەین.
١١: ئەم کارە هەم نافەرمانیەکی مەدەنیە و دەتوانین بێژین گیانی کەسانێک کە تێیدا بەشدار ئەبن پارێزراوە.
و ….

کارەکەش زۆر ئاسانە و پرۆژەیەکە کە هیچ کەسێک ناتوانێت کێشەی بۆ ساز بکات و بەم شیوەیەیە بەڕێوە دەچێت.
١: ناوەکانی خۆمان لە پلاتفۆرمە جیاوازەکان ئێدیت ئەکەین و کوردستانی بوونی پێ زیاد ئەکەین.
بۆ نموونە:
Asrin Karimi = Asrin karimi Kurdistani
ئەسرین کەریمی = ئەسرین کەریمی کوردستانی

هیوا ئەحمەد= هیوا ئەحمەد کوردستانی
Hiwa Ahmad = Hiwa Ahmad Kurdistani

٢: لە ئەو تؤڕە کۆمەڵایەتیە دەکرێت پۆستێکی کورتی لەسەر بنووسن .
٣: لە بەشی ڕێکخستنی ئەو پلاتفۆرمەدا دەکرێت ناوی ناوچەکە و ئادرەسەکە کوردستانی بوونی پێ زیاد بکرێت.