کەنەکە: ڕۆژ ڕۆژی بەرخۆدانە

0
248

کەنەکە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیا لە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوادەکات “دەبێت هەر کوردێک لە کوردستان یان لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، بە گیانی پێکەوەیی، بە چالاکی و هەر کارێک کە بتوانن لە دژی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە، بەرگری بکەن و پارێزگاری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، ئەمڕۆ ڕۆژ ڕۆژی بەرخۆدانە” کەنەکە داواش لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو مرۆڤایەتیش دەکات باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تەنیا جێنەهێڵن.


دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، دەربارەی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
کەنەکە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ماوەیەکە تورکیا هەڕەشەی داگیرکردنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات و هێزەکانی لەسەر سنوری ڕۆژئاوا کۆدەکاتەوە و ئامادەکاری بۆ هیرشکردنی بەرفراوان دەستپێکردووە.
کەنەکە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، دەڵێت: “دەبێت هەر کوردێک لە کوردستان یان لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، بە گیانی پێکەوەیی، بە چالاکی و هەر کارێک کە بتوانن لە دژی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە، بەرگری بکەن و پارێزگاری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، ئەمڕۆ ڕۆژ ڕۆژی بەرخۆدانە” .
کەنەکە داواش لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو مرۆڤایەتیش دەکات باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تەنیا جێنەهێڵن و لەدژی ڕابوەستنەوە.
ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە:
بۆ ڕای گشتیی
بانگەوازی بەرخۆدان و هاوکاریی
ماوەیەکی درێژە دەوڵەتی تورکیا هێزە سەربازییەکانی لە سەر سنووری رۆژاوای کوردستان کۆکردۆتەوەو ئامادەکاریی هێرشێکی بەرفروان دەکات. نەک هەر تەنیا کۆکردنەوەی هێز، بەڵکو پەیتا پەیتا هەڕەشەکانی زیاتر ئەکات. هێزەکانی  هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش لەم بەیانییەوە هەندێک لە هێزەکانی خۆیان لەسەر سنوورەکان کشاندۆتەوە. وا دەرئەکەوێ کە دەوڵەتی تورکیا لە ماوەیەکی کورتدا هێرش بکات.
هەتا ئێستا لەو هەرێمەوە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر تورکیا. بەڕوەبەرایەتی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا هیچ هەڕەشەیەکی لە تورکیا نەکردووە. بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەر لە سەرەتای شۆڕشی سوریاوە دوژمنایەتی ئەو خۆبەڕێوەبەرێتییە ئەکات. هاوکاری هێزە دژە کوردەکانی وەک داعش و ئەلنوسرەو هاوشێوەکانیانی کردو بەریدانە گیانی خەڵکی رۆژاوا. کاتێک ئەو هێزانە نەیانتوانی سەربکەون، ئینجا خۆی راستەوخۆ دەستی بەهێرش کرد. ئەو هێرشەی ئێستاش لە رۆژەڤدایە، درێژەی هەمان هێرشە بۆ سەر کۆبانێ و جەرابلوس و عەفرین.
دەوڵەتی تورکیا دژی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە. لەهەر شوێنێکی جیهان بێت، تورکیا ئەیەوێ دەستکەوتەکانی کوردان لەناو ببات. ئیتر هەموو قسەو بەهانەکانی تر بەتاڵن. نە ئاسایشی تورکیا کەوتۆتە بەر مەترسی و نە گەڕانەوەی ئاوارەکانیش خەمی تورکیایە. ئەو قسانە هەمووی پڕۆپاگەندەو بیانووی بێ بنەمان. راستییەکەی ئەوەیە کە تورکیا دوژمنی بەرژەوەندی کوردەو هێرش ئەکاتە سەر کوردو هاوکارەکانی.
ئێستا رۆژاوای کوردستان لەژێر هێڕشێکی گەورەدایە. هێزەکانی رۆژاوا وەک بەرخۆدانی کۆبانێ و عەفرین بەرخۆدان دەکەن. پێویستە هەر کوردێک، هەر کوردستانییەک، لەهەرشوێنێکی دنیادا بن، بە رۆحی سەفەربەری بە هەموو شێوازێکی چالاکیی، دژی ئەم هێرش وداگیرکارییەی تورکیا بەیەک دەنگ بوەستن. بەرخۆدان بکەن و خاوەندارێتی لە رۆژاوای کوردستان بکەن. ئەمڕۆ رۆژی بەرخۆدانە. جگە لەبەرخۆدان هیچ رێگایەکی تر نییە. بانگی ئێمە لە گەنجان، لە تەواوی گەلی کوردستانە. لەهەرشوێنیکن هەستنە سەرپێ و بەرخۆدان بکەن.
کشانەوەی هێزە هاوپەیمانەکان لەسەر سنوور، رێ لەبەردەم هێرشی توکیا دەکاتەوە. ئەوە بڕیارێکی ئەخلاقیی نییە. هێزەکانی رۆژاوا بە هاوکاری هێزە هاوپەیمانەکان، شەڕێکی سەختیان لە دژی داعشی دوژمنی مرۆڤایەتی کرد. قوربانی زۆریان دا. ئەم هەڵوێستەی ئێستای هێزە هاوپەیمانەکان لەگەل پەیوەندی دۆستایەتی و هاوپایمانیی یەکناگرێتەوە. سەرەتا هێزە هاوپەیمانەکان و هەموو هێزە جیهانییەکان، نابێ لەبەرامبەر ئەم هێرشەی تورکیادا بێدەنگ و تەماشاکەر بن. ئێمە بانگ لە هێزە هاوپەیمانەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان. لە دنیای دیموکرات و پێشکەوتوو دەکەین، بەرامبەر ئەم هێرشانە راوەستن و گەلی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا بە تەنیا جێنەهێڵن.
هەروەها داوا لەهەموو کوردستانیان دەکەین کە لە نرخە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیان خاوەن دەرکەون و بە هەموو توانایان و بە هەموو شێوەیەک درێژە بە بەرخۆدان بدەن.
ڕۆژ رۆژی بەرخۆدانە
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ برۆکسل

ک.س