ڕۆڵ و گرینگی زمانی زگماکیی بۆ نەتەوەی کورد!

0
504

لە نووسینی: ئاریتما موحەممەدی                   

ڕیکخراوی یوونسکۆ ڕۆژی 21 ی فۆریە بەرامبەر بە 2 ی ڕەشەمەی وەک ڕۆژی زمانی زگماکی ناودێر کردووە، ناونانی ئەم ڕۆژە لە ساڵی 1999ی زایینی لایەن ڕێکخراوی یوونسکۆ بە مەبەستی خزمەت بە جیاوازییە زمانییەکان و هەروەها بۆ پارێزگاری کردن و زیندوو ڕاگرتنی ئەو زمانانە کە مەترسی ئاسمیلەبوون و لەنێو چوونیان لە سەرە. هاوکات بە بۆنەی گرینگی زمانی زگماکییەوە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان “UN” ساڵی 2008ی وەک ساڵی جیهانی زمانەکان ڕاگەیاند. هەروەها بۆ ڕێز گرتنێکیش لە کارەساتێکی ناخۆش کە ساڵی 1952 زایینی لە لایەن دەسەڵاتدارانی پاکستانی ڕۆژهەڵات دەرحەق بە نەتەوەی بەنگالی هاتە کایەوە و تێدا دەیان هاوڵاتی بەنگەلادیش بریندار بوون و پێنج خوێندکاری زانکۆکانی ئەو نەتەوە بندەستەش گیانیان لەدەست دا. “بەنگەلادیش” لە دەیەی پەنجای زایینی بە بەشێک لە پاکستان بەئەژمار دەهات، هەر بۆیە بە پاکستانی ڕۆژهەڵات ناودێر کرا. شایانی وتنە کە خۆپیشاندانێک کە لە لایەن خوێندکارانی بەنگالی لە بەنگەلادش، کە بەمەبەستی بە فەرمی کردنی زمانی نەتەوەییان ساز کرابوو، کەوتە بەر هێرشی سپا و پۆلیس و بە توندی پەلاماری خۆپیشاندەران درا.  بەڵام خەبات و تێکۆشانی بەنگالییەکان بەو کەندوکۆسپانە ڕێی پێنەگیرا و خەباتەکەیان بەرەو پێش برد کە دواتر نەتەوەی بەنگالی بە سەرۆکایەتی شێج مووجیب ئەلڕەحمەن سەربەخۆیی وەرگرت و دەوڵەتی نەتەوەیی بەنگەلادیشیان ڕاگەیاند.

گرینگی زمانی زگماکی؛

ئەگەر چاوێک بە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤدا بخشێنین ئەوا بە ڕوونی لە بەندی 2 ی ئەو کۆنوانسیۆنە باس لە مافەکانی مرۆڤ بەبێ جیاوازی ڕەنگ، کولتوور، نژاد، نەتەوە و زمان و ئایین کراوە، زمانیش بەشێک لەو بەندە پێک دێنێت و ڕاوەستان و خەبات و تێکۆشان لە بەرامبەر پێشێلکارانی دەچێتە خانەی پارێزگاری کردن لە مافەکانی مرۆڤەوە. ئەوەی کە لەو پێوەندییەدا جێگای سرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو جاڕنامەیەی واژۆ کردووە، بەڵام تاکوو ئیستاش ئەو ڕۆژە واتا ڕۆژی زمانی دایکی لە ڕۆژمێرە فەرمییەکەیدا ئاماژەی پێنەکردووە و ڕێزی لێناگرێت. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە لە ئێرانی ئەمڕۆدا چەندین نەتەوە و هەروەها ئێتنێک هەن کە هەرکام خاوەن زمانی خۆیانن. بەڵام وەک دەبینین کۆماری ئیسلامی ئێران نەک هەر ئەو زمانانە بەفەرمی ناناسێت، بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ پەراێز خستنیان دەدات. درێژەی ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی بێبەشکردنی نەتەوەکانی نافارس لە خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکییان. زمانی کوردیش یەکێ لەو زمانانەیە کە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا نەک هەر بووژانەوەی بەخۆیەوە نەبینیوە، بگرە هەوڵێکی زۆریش دراوە بۆ ئەوەکە ئەو زمانە بتوێتەوە و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی لە دەست بدات. وەک دەزانین زمان ئامرازی پێوەندی گرتن و دەربڕینە، هاوکات زمان ئامرازی بیرکردنەوەشە، بێبەش کردنی منداڵانی کورد لە خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی، دەبیتە هۆی گۆشەگیری و لاوازی، هەروەها وەک کۆسپی سەر ڕێی پێشکەوتنەکانی منداڵی کورد دێتە ئەژمار و ڕێگە لە گەشەکردنی هزری منداڵ دەگرێت.

ئەو منداڵانەی کە بە زمانی دایکی دەخوێنن لە ڕێکخستنی ڕەستە و دەربڕنی بۆچوونەکانیاندا سەرکەوتووترن و باشتر دەتوانن خۆیان لە گەڵ دەورووبەر بگونجێنن، هەروەها دەبنە خاوەنی کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و جێگیر و لە هزر و بیروبۆچونیشدا گەشە دەکەن. پێچەوانەش ئەو منداڵانەی کە ناتوانن بە زمانی زگماکی و زمانی دایکی بخوێنن و درێژە بە خۆوێندن بدەن، دەبنە خاوەنی کەسایەتییەک کە لە هزر و بیرکردنەوەدا لاواز دەبن و ناتوانن لە تواناییەکانی خۆیان دڵنیا بن. هەر بۆیە یان خوێندن بەجێ دەهێڵن یان گۆشەگیر دەبن. چوونکوو ئەگەر منداڵێک بە زمانێکی دیکە درێژە بەخوێندن بدات هەمیشە ناچارە کە بە دوای وشەی نوێدا بگەڕێت بۆ ساز کردنی ڕەستە، بۆ ئەوەکە لە دەربڕنی ئەو شتەی کە مەبەستێتی سەرکەوتوو بێت. ئەوەش کاریگەری نەرێنی لە سەر مێشک و هزری منداڵی کورد دادەنێت و وا لەو منداڵە دەکات کە باوەڕ بە لێهاتوویی خۆی نەکات و هەروەها بەشێوەیەکی زانستی فێری زمانی دایکی خۆی نەبێت. ئەوەش یەکێ لەو هۆکارانەیە کە منداڵی کورد لە خوێندن، دابوونەریت، کولتوور و زمان و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانی دوور دەخاتەوە و نامۆ دەکات.

زمانی دایکی زمانێکە کە لە دایک و باوک و کەسوکارەوە فێر بووینە و بە وتەی شارەزایانی ئەو بوارە، منداڵ لە سکی دایکیدا بە ئامرازەکانی ئەو زمانە ئاشنا دەبێت و لە کاتی لە دایک بوونیدا ئەگەر گریا، بە زمانی دایکی قسەی بۆ بکرێت ئاهۆن دەبێتەوە و گوێت لێدەگرێت. منداڵ لە کاتێکی زۆر کورتدا بە تەواوەتی بە وشە و زمانی زگماکی ئاشنا دەبێت و بە ڕەستەی بچووک و کورت دەست پێدەکات و فێر دەبێت کە چۆن لە گەڵ دەورووبەری خۆی پێوەندی بگرێت و داخوازی و ویستەکانی خۆی ئارەستەی نزیکەکانی بکات. منداڵ بە زمانی دایکی خۆی دەناسێت و هەوڵ دەدات کە دەورووبەریشی هەر بەو زمانە بناسێت، هەر بەو زمانەشە کە ڕوانین و ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە کۆمەڵ دەخاتەڕوو. هەروەها زمانی زگماکی یەکەمین زمانە کە منداڵ هەست و خۆشەویستی دورووبەری پێدەگات و لە ڕوانین و ڕوانگەی هەست و خۆشەویستی ئەوان سەبارەت بە خۆی تێدەگات و پەیامەکانیان وەردەگرێت. لە کاتی قسە کردن بە زمانی زگماکی زمان و ددان و هزر و مێشک و هەست هەر هەمووان پێکەوە دەبنە یەک و پێکەوە لە پێوەندییەکی نزیکدا دەبن بۆ ئەوەکە مرۆڤ باشترین ڕەستە و جوانترین هەست بە دەورووبەر بگەیەنێت و خەڵک لە هەست و بۆچوونەکانی باش تێبگەن. قسەکردن و دوواندن بە زمانی زگماکی دەبێتە هۆی زیندووکردنەوە و بەهێزکردنی هزر و ئەندیشەی مرۆڤ. هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا منداڵ بە زمانی زگماکی فێری جوانترین وشە دەبێت و هەر بەو زمانەشە گوێی لە ئاوازە خۆشەکانی ژیانی دەگرێت و هەستی دەبزوێ و باوەشی گەرمی دایکی بۆ دەکرێتەوە، بە ئاوازی لایەلایەی ئەو زمانەیە کە لە گەرووی دایک دێتەدەر و منداڵ و کۆرپە بەخەودا دەبات و ئەو پەڕی هێمنی و خۆشەوسیتی بە منداڵ دەگەیەنێت.

ئەو هەست و خۆشەویستییەی کە منداڵ لە سەردەمی کۆرپەیی و ساواییدا فێری دەبێت و گوێی لێدەگرێت، تا دواترین ساتەکانی ژیانی لەگەڵی دەبێت، چوونکە ئەوە یەکەمین ویستگەی ڕوانگە و ڕوانینێتی و یەکەمین کلیلی کردنەوەی ژیانێتی و هەمیشە ئەو ڕۆژانە و ئەو وتانەی لە بیرە. زمانی زگماکی تاکە رێگەیە بۆ دەرخستی هەست لە قوڵایی ناخەوە. بۆیە ئەگەر خوێندن و پەروردە بەو زمانە نەبێت، بۆشاییەک دەکەوێتە ناو ژیانی منداڵەوە کە بێگومان شوێنەواری نەرێنی لەسەر ژیان و داهاتووی منداڵ دادەنێت و کەسایەتییەکی لاواز ڕەوانەی کۆمەڵ دەکات. هەر منداڵێک لە کاتی دەست پێکردنی خویندن و نووسین لە قووتابخانە، واتا لە تەمەنی 6 ساڵیدا دوو ڕێگای لە پێش دەبێت، یەکەم ئەگەری خوێندن بە زمانی دایکیی و دووەم ئەگەری خوێندن بە زمانێکی دیکە واتا بێگانە، ئەم دوو ڕێگایە بناغە و بنچینەی ژیان و داهاتووی مرۆڤ دادەنێت و سەرکەوتن و بەرەو پێشەوەچوون و گەشەکردن و هاوکات لاواز بوونی منداڵ ڕێک دەخات و دەبێتە بنەمای داهاتووی مرۆڤ. ئەوەش ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە و نابێ کەس خۆی لێ لابدات. زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی کە لەسەر ئەم پرسە تووێژینەوەیان کردووە لەسەر ئەو ڕایەن کە قووتابخانە ویستگەی ناوەندیی منداڵە، چوونکوو قووتابخانە پەروەردەی سەرەتایی منداڵ لەناو بنەماڵە و خێزاندا تەواو دەکات و مۆرکی زانستییان پێ دەبەخشێت.

قووتابخانە بنەماڵەی دووەمی منداڵە و ئەگەر بێت و ڕێ بە منداڵ نەدرێ کە بە زمانی دایکی لە گەڵ دەوروبەری پێوەندی بگرێت تووشی تێڕمان دەبێ و بەچۆکدا دێت و لەگەڵ کێشەی دەروونی بەرەوڕوو دەبێت. ئەوەش داهاتووی منداڵ لەرزۆک و بۆژ دادەمەزرێنێت و منداڵ لەگەڵ کێشەی باوەڕبەخۆنەبوون ڕووبەڕوو دەکات. ئەوەش وا لەو منداڵە دەکات کە لە هەموو ئەو شتانەی کە لە ڕێگای زمانی زگماکیی و لەناو خێزان و بنەماڵەوە فێری بووە زیز بێت و بە شوێنی ڕێگەی نوێ بۆخۆ قوتارکردن بگەڕێت. دیارە کە ڕێگا نوێکەش هەمان وەرگرتنی زمانی بێگانە و زمانی داگیرکەرە کە منداڵ لە نەتەوە و زمانی خۆی نامۆ دەکات، ئەو پرسیارەش کە بۆ زمانی دایکی بێنرخە و یارمەتیدەری نییە بۆ زاڵ بوون بەسەر کێشەکانی دا، هەمیشە مێشکی منداڵی کورد داگیر دەکات، پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە منداڵ لە تەمەنی مێرمنداڵیدا بیرکردنەوەی ئەوەندە بەربڵاو نییە کە پرسیار و وڵام و کێشەکان شرۆڤە بکات و بە ئەنجامێکی درووست و باوەڕ پێهێنەر بگات. بۆیە دوور خستنەوەی منداڵ لەو زمان، کولتوور و دابوونەریت و وشانە کارەساتی دەروونی دەخووڵقێنێت و لەوانەیە ئەو منداڵە تووشی گیروگرفتی کۆمەڵایەتی و گۆشەگیری و نەگەشاوەیی هزری بکات. دیاری کردنی ڕۆژی 21 ی فۆریە بەرامبەر بە 2 ی ڕەشەمە لە لایەن یوونسکۆ بە واتای گرینگی پرسی زمان و زمانی زگماکی دێت کە کاریگەریی لەسەر مێشک و هزری مرۆڤ دادەنێت و دەبێتە هۆی گەشەکردنی کەسایەتیی مرۆڤەکان. بەدەر لەوەش ئەوە بە مافێکی سرووشتی هەموو مرۆڤەکان پێناسە دەکرێت.

پلانی کورد و فاشیزمی ئێرانی؛

یەکێ لە ئامانجەکانی فاشیزمی ئێرانی لە پێوەندی بە فەرمی نەبوونی زمانی زگماکی لە ژیانی منداڵانی کورد و نەتەوە بندەستەکان لە ئێران ئەوە بووە کە ئیتر زمانی زگماکی سرنجی منداڵانی نەتەوە بندەستەکان ڕانەکێشت و منداڵەکان هەوڵی فێربوونی زمانی نەتەوەی باڵادەست کە زمانی فەرمی وڵاتە بن، ئەوەش دژوارترین دۆخی نائاساییە کە زمانی نەتەوەیەکی بندەست تووشی دەبێت، کاتێک کە ڕۆڵەکانی ئەو نەتەەیە گرینگی و باییخ بەزمانی نەتەوەییان نادەن، هێدی هێدی ئەو زمانە بەرەو لەناوچوون دەچێت و کولتوور و ناسنامەی ئەو نەتەوەیە تووشی قەیرانی مەزن و داڕمان دەبێت. ئیتر پێویست بەوە ناکات کە فاشیزمی ئێرانی هەنگاوی دیکە هەڵنێتەوە، بۆ نموونە ئیستا سەدان هەزار منداڵی کورد و ئازەری و عەرەب لە ئێران هەن کە نەتەوەی خۆیان ناناسن و بە زمانی زگماکییان ئاشنا و شارەزا نین. کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکار و قورخ کردنی دەسەڵاتەوە سیاسەتەکانی حوکوومەتی بنەماڵەی پەهلەوی درێژە پێ دەدات و دەستی کردووە بە ئاسمیلەکردنی زمانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران و بەتاییبەت زمانی کوردی کە بووەتە هێمای ژیانەوە و خەبات و تێکۆشان و پارێزگاری کردنی نەتەوەی کورد لە ئاسمیلەبوون. تاکوو ئیستا سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ زمانی کوردی بووەتە هۆی بەربەست و دوور کەوتنەوەی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە زمانی و کولتووری خۆیان، ئەوەش کەسایەتیی مرۆڤی کورد تێک دەشکێنێت و دەبێتە هۆی لاوازی منداڵی کورد. کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ توواندنەوەی نەتەوەی کورد هەم رێگەی کوشت و کوشتاری لە پێش گرتووە، هەم ڕێگەی ئالوودەکردنی لاوەکان بە مادە هۆشبەرەکان، هەم لە ڕێگەی بێکاری و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە، هەم ڕێگەی ئاسمیلەکردنی زمان و ناسنامەی نەتەوایەتی نەتەوەی کوردی لە پێش گرتووە.

کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەوێت ئەو ناسنامە کولتووری و نەتەوەییەی کورد کە لە باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە تێک بشکێنێت و وەک داردەست و کەرەستەی خۆی بەکارمان بهێنێت. ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕژیمەکانی ئێران لە هەوڵی داسەپاندنی زمانی فارسی بەسەر نەتەوە بندەستەکاندا بوونە و لە هەوڵی ئەوە دان کە زمانی فارسی لە زمانی شیعر و قسە و داستانەوە بگوازنەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسیی و زانستنی. هەر بۆیە بەناچار بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی زمانەکەیان پەنایان بۆ زمانی کوردی و عەرەبی بردووە. فاشیزمی ئێرانی ”کە لە زمانی فارسیدا خۆی دەنوێنێ” لەو بڕوایە دایە کە نەتەوەی کورد بووەتە هۆی سەرهەڵدانی وشیاریی نەتەوەیی لەناو نەتەوە بندەستەکانی دیکەش دا، بۆیە دژایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە خاڵی یەکەمدا بە ڕیزەوە دێت و هەموو هەوڵ و توانای خۆیان بۆ پەکخستن و بێ هیوا کردنی کورد لە پێش دەگرن. ڕژیمی شا ئەو ڕێگەیەی پێواوە و خومەینیشی پێدا هات و ئەگەر پارت و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات بەرنامە و پلانیان بۆ داهاتوو نەبێت، لەوانەیە ڕژیمی داهاتووی زاڵ بەسەر ئێران ئەو دەرفەتەش وەک شۆڕشی گەلانی ئێران لە کورد بستێنێت و کورد نەتوانێت کیانێکی سیاسیی و نەتەوەیی بۆ خۆی پێک بهێنێت. بەو شێوەیەش کورد دیسان دەبێتەوە قوربانی نەبوونی بەرنامە و پلانی سیاسیی و نەتەوەیی و بە دڵنیاییەوە دەوری نەرێنی و نابەرپرسانەی ڕێکخراوە سیاسییەکان لەو دۆخەدا حاشاهەڵنەگر دەبێت.

ئەگەر لە هەر وڵاتێکی فرە زمانی و فرە نەتەوەییدا تەنیا زمان و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیەک ببێتە مۆرکی نەتەوەیی و فەرمی لە وڵات، بێگومان دەسەڵات و سیستەمی حوکوومەتی ئەو وڵاتە بە سیستمێکی دیکتاتۆری و تووتالیتاری دێتە ئەژمار. بۆ نموونە ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە بە یەک کولتوور و زمان و یەک ناسنامە خۆیان پێناسە دەکەن و وڵاتەکانیان تەنیا بە مڵک و ماڵی یەک نەتەوە دەزانن. توورکییە کە بە ناوەکەشیدا دیارە کە تووتالیتارییە، زمان و ناسنامەی نەتەوەکانی وەک کورد و ئەرمەنی و… هتد، پێکەوە پێچاندووە و ناسنامەیەکی نوێی توورکی بۆ خۆی ساز کردووە و لە گێژاوی ڕەگەزپەرستی و فاشیستیبووندا دەکوڵێت، لەو لاشەوە خۆی بە سیستمێکی نوێ و دیموکراتی پێناسە دەکات، کەچی نەتەوەیەکی سی میلۆنی بندەست دەتوێنێتەوە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ تێکشکاندنی دەدات. وڵاتەکانی وەک ئێران، سووریە و تەنانەت عێراقیش بەهەمان شێوە لە هەوڵی لەناو بردنی نەتەوەی کوردن و لە نکۆڵی کردن لە کورد بەردەوامن.

کۆی وتار و ئەنجام؛

ئێمە وەک کورد دەبێت گرینگی بە هەموو زاراوەکانی زمانەکەمان بدەین و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئەو زاراوە و وشانە بدەین کە زمانی کوردییان دەوڵەمەند کردووە. لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتە پێشکەوتووەکان بە باییخەوە دەڕواننە زاراوە جیاوازەکانی بەدەر لە زمانی فەرمی وڵات، چوونکە ئەوە بە سەرمایەی نەتەوەیی و زمانەوانی گەل دەزانن کە ڕێگر بووە لە توانەوە و لەناوچوون و ئاسمیلە بوونی نەتەوەکەیان. زمانی هەر نەتەوەیەک گرینگی تاییبەتی خۆی هەیە، بێگومان زمانی کوردیش هەر بەو شێوەیە. بەتاییبەت لە هەلوومەرجی ئێستادا کە کورد خاوەن کیانی سەربەخۆ نییە، ڕاگرتن و گەشەپێدانی زمان ”وەک تا ئێستا ڕەمزی مانەوەمان بووە” بۆ ئێمە باییخی تایبەتی هەیە. چوونکوو ئەوە ئەو زمانەیە کە تاکوو ئیستا نەتەوەی کوردی بە یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی پاراستووە. زمانی کوردی لەبەر هۆکاری ئەو هەلوومەرجە سیاسییەی کە ئیستا بە سەریدا سەپاوە، کەوتووەتە ژیر کاریگەری کولتوور و زمانی نەتەوەکانی باڵادەست” فارس، توورک و عەرەب” بۆیە زۆر گرینگە بۆ ئێمە کە هەنووکە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆمانمان ساز نەکردووە، بە باییخەوە بڕوانینە زمانەکەمان و بەگیان و دڵ و هزر و مێشک پارێزگاری لێبکەین و ئەدەبیات و کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر بکەین.

داواکاری من لە ڕۆژی زمانی زگماکی لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد ئەوەیە کە هاوکات لەگەڵ خۆگونجاندن لەگەڵ پێشکەوتن و چوونە پێشی زمان، گرینگی بە زمان و کولتووری کوردی بدەن و خۆمان بە ئەدەبیاتی کوردی و مێژووی سیاسیی و نەتەوەیی و ڕامیاری گەلەکەمان تەیار بکەین و زانست و خوێندن بکەینە پردی پەڕینەوەی ئەم قۆناغە پڕ لە هەورازونشیوەی نشتیمانەکەمان و گواستنەوەی بۆ قۆناغی پاش ڕزگاری. لە کۆتاییدا داوایەکم لە تەلەفزیونە کوردییەکان هەیە کە چیتر کەسانی ناشارەزا لە زمان و ڕێزمانی کوردی لە کاناڵەکەیان دانەنێن. لە بەر ئەوە کاریگەریەکانی تێ ڤێ لەسەر ڕوانگە و ئاکاری مرۆڤ زۆرە و لە هەمان کاتیشدا لە هەموو ماڵێک تێ ڤێ بوونی هەیە. بۆیە دەبێت بە باییخەوە بڕوانینە ئەو پرسە، ئەوە پرسێکی هەستیار و چارەنووسسازە و نابێت کە چوارچێوە زانستییەکانی زمانی کوردی ڕەچاو نەکەین. ئەرکی حوکوومەتی هەرێمی کوردستانیشە کە لەو پێوەندییدا کارا و چالاک بێت و ڕۆڵی گرینگ بگێڕێت و ناوەندێکی تاییبەت بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی بکاتەوە و سەرجەم نووسین و بڵاو کراوەکان لەژێر چاوەدێری ئەو ناوەندەدا بڵاو بکرێنەوە. لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهانیش کۆمەڵە ناوەندێکی لەو چەشنە هەن کە بەرژەوەندی زمانی نەتەوەییان لەبەرچاو دەگرن و لێکۆڵینەوەی زمانەوانی دەکەن و گرینگی باییخی پێدەدەن، ئەوەمان لەبیر نەچێت کە ماوەیەک پێش ناوەندێکی زمانەوانی کە هاوکات ناوەندێکی زاستنیی پارێزگاری کردن لە زمانی فارسی لە ئێرانە، دژایەتی خۆی لەگەڵ هاتنە ئارای خوێندن بە زمانی زگماکی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانی کردبوو. ئەوەش تەنیا پرس و باسێک بوو کە هاتبووە گۆڕێ. نەک ئەوەکە بڕیار لەسەر خوێندن بە زمانی زگماکی نەتەوە بندەستەکان بدرێت. بۆیە زمانی کوردی دەبێت لە سێبەری حوکوومەتی کوردییدا دەوڵەمەند بکرێت و پەرە بە کتێبخانەکەشی بدرێت.