ڕوونکردنەوە لە بارەی: زنجیرەیەک کردەوەی گرتن‌و ڕفاندنی چەند پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان

0
252
لە دوو ڕۆژی ڕابردوو‌دا، هەواڵی ڕفێندرانی چەند پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان کەم‌و زۆر‌و بە نیوەچڵی‌و ناتەواوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌و هێندێک ڕاگەیەن‌دا، بڵاو بووەتەوە‌و بووە بە هۆی دروستبوونی پرسیارو نیگەرانیی جۆراوجۆری دۆستان‌و دڵسۆزان. بە پێویستی دەزانین بۆ ئاگاداریی زیاتری بیروڕای گشتی‌، دامەزراوە پێوەندیدارەکان‌و هێز‌ولایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەم جۆرە پەردە لە سەر چۆنیەتیی ڕوودانی ئەو زنجیرە کردەوەیە لابدەین:
لە ڕۆژانی دووشەمە‌و سێشەمەی ڕابردوو‌دا، چەند پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ناوەکانی ١- نادر ئیلامی، ٢- ئارام نازر و٣- سیروس رەبیع بەیگی کە پێشتر لە نێو گرووپی ناسراو بە “پارتی ئازادیی کوردستان”‌دا بوون‌و دواتر ئەم گرووپەیان بە جێ هێشتوە‌و بوون بە پێشمەرگەی حیزبی ئێمە، لە سێ پیلانی جیا جیا‌دا، هەوڵی گرتن‌و ڕفاندنیان دراوە. ئەم کەسانە لە لایەن کەسانێکی سەر بە پارتی ناوبراو‌و بە ناوی دیدار‌و دەعوەتی دۆستانە بۆ شوێنی دوور لە بنکەکانی حیزب ڕاکێشراون‌و دواتر کۆمەڵە چەکدارێکی “پارتی ئازادی” بە پێی نەخشەی دیاریکراوی پێشوویان لە ژێرناوی “ئاسایش”ی هەرێمی کوردستان‌دا، هەڵیان کوتاوەتە سەر ئەم هاوڕێیانەمان.
یەکێک لەم ڕووداوانە شەوی دووشەمە لە سەر سێشەمەی ڕابردوو(١٢لە سەر ١٣ی سێپتامبر)لە نزیک کۆیە‌و لە نێو دارستانەکانی دەروازەی ڕۆژاوای شار(نزیک دەواجین) بووە کە دیارە پێشمەرگە “نادر ئیلامی” ئەگەر چی لێی دراوە‌و بریندار کراوە، بەڵام بەرگریی لە خۆی کردوە‌و توانیوێتی خۆی لە دەستیان ڕزگار بکا.
ڕووداوی دووهەم، ڕۆژی سێشەمە١٣ی سێپتامبر لە ماڵێک لە “کەسنەزان”ی نزیک هەولێر بووە‌. چەکدارەکانی پارتی ناوبراو بە پێی نەخشەی لە پێشدا دیاریکراوی خۆیان لە ڕێگای کەسێکی هاودەستیانەوە، پێشمەرگە “ئارام نازر” بۆ ماڵی ناسیاوێکی پێشووی خۆی ڕادەکێشن. هەر کە ناوبراو لە تاکسی دادەبەزێ‌و پێ دەنێتە نێو ئەو ماڵە، کۆمەڵێک چەکداری “پارتی ئازادی” پەلاماری دەدەن، قۆڵبەستی دەکەن‌و دەیڕفێنن.
حاڵەتی سێهەم بێشەروشوێن بوونی پێشمەرگەیەکمان بە ناوی “سیروس رەبیع بەیگی” لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو (١٠/٩/٢٠١٦)وەیە. ناوبراو بە نیاز بووە بە سەفەرو بۆ دیداری ناسیاوێکی خۆی لە کۆیەوە بچێتە سلێمانی، بەڵام لەو ڕۆژەوە بێسەروشوێنە‌و هیچ هەواڵێکمان لیی نیە. بە سەرنجدان بە هاوکاتبوونی ونبوونی ناوبراو لە گەڵ ئەم ڕووداوانەی دیکە‌و بە وەبەرچاوگرتنی پێشینەی ناوبراو کە ئەویش لە گرووپی ناسراو بە پارتی ئازادییەوە هاتبووە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی ئێمە، گومانی بە هێزمان ئەوەیە کە بێسەروشوێنکرانی ناوبراویش هەر کاری ئەو لایەنە بێ.
پێوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە دوای ئاگاداربوون لەو کردەوانەی گرووپی ناوبراو، ئاسایشی هەرێم لە کۆیە‌و هەولێر‌و دەزگا پێوەندیدارەکانی دیکەی لەم کردەوانە ئاگادار کردوەتەوە‌و داوای کردوە لێپرسینەوە‌و بە دواداچوونیان بۆ بکرێ.
لە پێوەندی لە گەڵ ئەم زنجیرە کردەوەیەی گرووپی ناسراو بە “پارتی ئازادی”دا، چەند خاڵ بە ئاگاداریی هەموو لایەک دەگەیەنین‌و تەئکیدیان لە سەر دەکەینەوە:
١- ئەو کەسانەی “پارتی ئازادی” نەخشەی لە داوخستن‌و ڕفاندنی بۆ کێشاون‌و جێبەجێی کردوون، تەنیا گوناهو‌ تاوانیان ئەوەیە کە ڕیزەکانی ئەو گرووپەیان بە جێ هێشتوە‌و هاتوونەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بێ ئەوەی چەکو کەلوپەل‌و ئەموالی ئەم گرووپەیان لە گەڵ خۆیان هێنابێ. ئەمە لە کاتێک دایە کە جاری وا هەبووە لە حیزبی دیموکراتیشەوە کەس یا کەسانێک چوون بۆ نێو ئەو گرووپەو بە شتێکی زۆر ئاساییمان زانیوە. هەر بۆیە لێدان‌و بێڕێزی پێکردن‌و ڕفاندنی ئەم کەسانە بە پێشێلکردنی ماف‌و ئازادیی تاک‌و ڕێوشوێنە دیموکراتیکەکان دەزانین‌و‌ بە توندی مەحکوومیان دەکەین.
٢- لە سەر خاکی هەرێم‌و لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان‌دا، لایەنێکی چەکدار کە خۆی وەک پارتێکی سیاسی دەناسێنێ، ئەگەر کێشە‌و گرفتی لە گەڵ کەسانێک لە حیزب‌و ڕێکخراوێکی دیکەش‌دا هەبێ، دروست وایە بە ڕێگای پێوەندییە سیاسییەکان، یا بە ڕێگای یاسایی‌و هێمنانەو لە ڕێگای دامەزراوە حکوومییەکانەوە، هەنگاوی بۆ بنێ، نەک نەخشە‌و پیلان بۆ تۆڵەستاندنەوە‌و ڕفاندن‌و بێسەروشوێنکردنیان دابڕێژێ‌و جێبەجێیان بکا.
٣- پاراستنی گیانی ئەم پیشمەرگە ڕفێندراوانە‌و ڕاگرتنی ڕێز‌و کەرامەتیان لە ئەستۆی لایەنی ناوبراوە. ئێمە داواکاری ئازادیی هەر چی زووتر ئەم پێشمەرگانەین. هەر لەو کاتە دا سەرکردایەتیی پارتی ئازادی لە ئاکامی زیانباری ئەم جۆرە کردەوانە ئاگادار دەکەینەوە.
ئێمە چاوەڕوانی ئیقدام‌و بە دواداچوونی دامەزراوە پێوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەمێنینەوە‌. هیوادارین بە هەوڵی دڵسۆزانە‌و بەرپرسانەی هەموو لایەک، ڕێ لە دووپاتبوونەوەی کردەوەی هەڵنەسەنگێندراوو زیانباری لەم چەشنە بگیرێ‌و ئەم جۆرە کردەوانە وڵامی سیاسی‌و یاسایی شیاوی خۆیان وەربگرنەوە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی سیاسی-نیزامی
١٥/٩/٢٠١٦
٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٥