پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو دینی عەربمان ناوێ!!!

0
254

د. عادل نوری: لەئیستاوە تا سەد ساڵی تر هەوڵ بدەین، لەگەڵ عەرەبی سونە و عەرەبی شیعە، ناگونجێین
د. عادل نوری: لەلایەنە سیاسییەکان دەپاڕێمەوە یەکڕابن

د.عادل نوری، پەرلەمانتاری كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامی، وەڵامی پرسیارەکانی تەوەری نوچەنێت دەداتەوە، نوچەنێت قسەکانی بەڕێزی بڵاو دەکاتەوە، بەڵام وەک شێوازێکی تایبەت بەتەوەرەکانی نوچەنێت بابەتەکان وەک پرسیار وەڵام بڵاو ناکرێتەوە، بەڵکو زیاتر گرنگی براو قسەکانی ئەو بەڕێزانە دەدات کەبەشداری تەوەرەکە دەکەن.

ئێمە دینی عەرەبمان ناوێ دینی ئیسلامی كوردیی خۆمانمان هەیە

ئێمە وەكو كورد لە 100 ساڵی رابردوو هەرچی رێگە چارە هەیە لەگەڵ حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی عێراق گرتمانە بەر، لەگەڵ ئەوەی ئێمە بەزۆر لكێنراوین بەعێراقەوە كە لەساڵی 1921ەوە دەوڵەتی عێراق دروست بووە، لە ساڵی 1927 بڕیار بوو راپرسیەك بكرێت و كورد جاببێتەوە و سەربەخۆی وەربگرێت، ئەو كات شاندێك پێكهات لە كۆمەڵەی گەلانەوە و بۆ چەند مانگێك رۆشتنەوە كە ئیستاش نەهاتنەوە، ئێمە لەمەلیك فەیسەلی یەكەمەوە ئەوکات تا حەیدەر عەبادی ئێستا هیچ رێگەیەك نەما نەیگرینە بەر لەگەڵیان، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەمانە هیچ ناكرێت.

ئێمە وامان زانی دوای روخانی رژێمی سەدام، لەگەڵ هەردوو پێكهاتەی سوننە و شیعە ئەگەینە ئەنجامێك، ئەوە بوو لە 17/10/2005 دەستورێكمان لەگەڵ ئامادەكردن كە دەستوری عێراقە، لەو هەموو دەستورە تەنها مادەیەكی گرنگمان هەیە كە ئەویش مادەی 140 ە، تائیستاش نەك جێبەجێیان نەكردوە، نەدەیانەوێت و نەنیازیان هەیە و نەنیەتیان هەیە و نەمەجالیش دەدەن كەجێبەجێ بكرێت، ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەوان وەزعیان زۆر خراپ و شڕە، هەموو عێراق كاول بوە بەسەریەكدا، یەك لەسەر سێی عێراق بەدەست داعشەوەیە.

ئێمە پێمان وتن بانێنە ناو ئەو كێشانەوە، بەڵكو با بەدەستور و یاسا و گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەین، ئەوەبوو نوری مالیكی بەدرێژای ساڵی 2014 زۆر بەستەمكارانە و زاڵمانە، بودجە و موچەی هەموو كوردستانی بڕی، و مافی عێراقییەکانی تریشی نەدا، هەتا ئەوەی لێكەوتەوە كە داعش هات و هەموو عێراقی كاول كرد.

دوای ئەوە حەیدەر عەبادی هات، دڵمان پێ خۆش بوو، دواتر بەزۆر یاسای بودجەمان چەسپاند، كەچی پێوەی پابەند نەبوون، لەمانگی یەك و دوو و سێ وتیان ئەو رێژە نەوتەی رێكەوتوین لەسەری نەتانناردووە بۆیە ئیمە 17% نانێرین، وتمان هەرچەند یاسایی نییە مەجالی ترتان پێدەدەین، بەڵام لەمانگی نیسان حكومەتی هەرێم دوای ئەوەی تەواوی ئیلتیزامی خۆی جێبەجێ كرد و زیاتر لەو رێژە نەوتەی كەداندرابوو، بەزیادەوە تەسلیمی سۆمۆی كرد، كەچی ئەوان لە 50% بودجەكەیان بۆ ئێمە نەناردوە.

ئیتر ئەمجارە پێویست دەكات، ئێمە زۆر بەجدی لەئیستاوە تامانگی داهاتوو قسەی جدی خۆمان بكەین و بڕیارێكی جدی بدەین، فرسەتێكی تریان بدەینێ و پێان بڵێن ئایا ئێوە پابەندی رێكەوتنەكە دەبن یان نا؟ ئەگەر پابەند دەبن، ئەوە لە 17% خۆمان بۆ بنێرن، ئەگەر پابەندیش نابن فەرمون بارێكەوتننامەێكی تر بكەین، خۆ ناكرێت ئیمە هەر چاوەڕێ بین، 16 مانگە هەرێم قەیرانی هەیە، تاكەی ئێمە لەگەڵ ئێوە بڕۆین؟ ئەگەر ناتوانن لەگەڵمان هیچ ئیلتیزامێكتان هەبێت، دەی ئێمە لەماڵی خۆمان و ئێوەش لەماڵی خۆتان، ئێمە سەربەخۆیی ئابووری خۆمان دەكەین و خواحافیزی لەبەغدا دەكەین.

ئەو ئێستا ئێمە بۆ ئەو کارە پیویستمانە، را و تێگەشتنی نێودەوڵەتییە لەگەڵ سەقفێكی یاسای نێودەوڵەتی، ئەو نەوتەی ئێمە دەیفرۆشین و تەسلیمی بەغدای دەكەین، ئەگەر بۆ خۆمان بێت، كوردستانی پێ بەڕێوە دەچێت و زۆرباشتریش دەبێت لەساڵی داهاتوو، ئێمە پێویستمان بەسەر بەخۆی ئابووری كوردستان هەیە، هەروەها پێویستمان بەوە هەیە، ئاڵاكەمان ببەینە رێزی ئاڵای وڵاتان، پێویستە ببینە دەوڵەتێكی سەربەخۆ و جیاببینەوە لە عێراق.

ئەبێ ئەو راستییە بزانین کەئێمە لەگەڵ عەرەبی سونە و لەگەڵ عەربی شیعە، لەئیستاوە تا سەد ساڵی تر هەوڵ بدەین ناگونجێین قەتعەن، چونكە ئێمە بیركردنەوەو میللەت و نەتەوەو خاك و هیچمان وەكو ئەوان نییە، ئەمە شتێك نیە بڵێت نەتەوە پەرستیە، یان تەعەسوبە نەخێر، ئێمە لەوکاتەوەی لەگەڵ عەرەب دەژین و دەیان ناسین، ئەمانە پێكهاتەی فیكرییان هەر گیز لەگەڵ ئێمە نەگونجاوەو ناگونجێت، لە ساڵی 1991 ەوە ئێمە سەبر دەگرین لەگەڵیان ئەوان زیاتر بەلادا دەڕۆن، نازانم ئێمە چاوەڕێی چی بین، کەلەبەرچاوماندا ئێستا عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە یەكتر رەفز دەكەن، ئەی باشە چۆن ئیعتراف بەمنی كورد دەكەن، ئەوان لەم وەزعە خراپ و شپرزەیە داریان بەسەر بەردەوە نەماوە، ئیدارە و پارە و بانكیان نییە، عەقڵیەتی سیاسی و یەكتر قبوڵ كردنیان نییە، پێكهاتەی كۆمەڵایەتیان هەمووی هەڵوەشاوەتەوە، خزمەتگوزریان نییە، هێشتاش کێشە بۆ ئێمە دروست دەکەن و مافەکانمان زەوت دەکەن، ئەی سبەی کەهەموو ئەو شتانەیان رێکخستەوە چۆن دەبن لەگەڵمان، هەر بەراستی نازانم تاكەی ئێمەی كورد بەدیار ئەمانەوە دانیشین.

بەڵێ ئێمە میللەتێكی جیاوازین، هیچمان لەگەڵ عەرەبی سوننە و شیعە یەك ناگرێتەوە، دینمان یەك بوو دینەكەشیان تێكدا، ئێستا ئێمە دینەکەشیانمان ناوێت، ئەو دینەی كەئەوان هەیانە دینی حەقیقی و راستەقینە نییە، ئێمە دینی ئیسلامی كوردی خۆمانمان هەیە، لەبەر ئەوە لەئێستادا هیچ شتێكمان لەگەڵ ئەوان یەك نییە و هیچ شتێک لەگەڵ ئەوان کۆمان ناکاتەوە، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە، ئیمە بریاری راستەقینەی خۆمان بدەین و كاتی ئەوەنەماوە بەدیاریانەوە دابنیشین.

ئەوەی عێراق دەیکات بڕوا نەبوونە بەپێکەوە ژیان

بەغدا بڕوای بەپێکەوەمانی کوردستان و بەغدا نەماوە، بەڵام ئەوان شتێكیان هەیە دەڵێن ئەمە بۆخوم و هەموش دەخۆم، (بەشێ خۆم بۆخۆم بەشی تۆش ئەخۆم) ئەوان چاویان بەوەزعی كوردستان و ئەو پێشكەوتن و دۆخە ئەمنیەی کە هەیەتی هەڵنایەت،چاویان بەوە هەڵنایەت کورد خاوەنی كەسایەتی و پێشكەوتنی خۆی بێت، ئەو بەپێی یاسا دەبوو لەساڵی 2003 ەوە لە 17%ی بودجەی عێراق بۆ کوردستان بنێرن، بەڵام ئەوەی ناردویانە لە 12% ش نەبووە. لەوەش نەفەقاتی سوپاو سیادی لێدەردەكەن ئەوەی کا داویانە بەکوردستان لە 8% ی بودجە بووە، لەو بودجە نیوەکراوەی کوردستان كەئێستا تەماشای هەرێمی كوردستان دەکەیت و بەراوردی دەکەیت بەبەغدا كوردستان دوبەیە و دەڵێیت وڵاتێكی ئەوروپییە. ئێمە وەک کورد بەو بودجە کەمە ئەوەمان کردووە، ئەی ئەگەر ئەو بودجە زۆروزەوەندەی بەغدامان هەبوایە چیمان دەکرد؟ ئەوان لە 2003ەوە هەموو بودجەی عێراقیان لەبەردەستدایە، هیچیان نەكردووە، یەك گەڕەكم پێ بڵێ لەهەموو عێراق، جگە لە كوردستان گەڕەكێکی نموونەیی بێت، یەك كۆڵانم پێ بڵێ نمونەیی بێت، یەك ماڵم پێ بڵێ بەس ماڵی بەرپرسەكان نەبێت، كە نمونەیی بێت، كارەبا و ئاو و دوكان و هیچ خزمەتگوزارێكیان نییە، بۆیە چاویان بەوەش هەڵنایەت کەلەکوردستان هەیە.

مالیكی بەبڕیارێک بودجەی یەک ساڵی کوردستان ببڕێت، عەبادیی دوای رێککەوتن لەبەرانبەر نەوتی خۆت، پارەی نەوتەکەی خۆشت بۆ نەنێرێ و نیوەی گل بداتەوە، ئەمە بڕوا نەبوونە بەیەکگرتووی بەپێکەوە ژیان.

بۆیە من لەڕێگای ئەم میدیا بەڕێزەی ئێوەو لەڕێگای ئەم تەوەرەی لەو بارەوە سازتانکردووە، داوا لەهەموو كورد دەكەم، كە ئەمانە نەئیسلامی و نەعەلمانی و نەشیعە و نەسونەو نەشۆڤینیان یەك كەسیان چاویان بەئێمە هەڵنایەت، با خۆمان نەخەڵەتێنین، چاوەڕی هیچ داهاتوویەک نەبین لەگەڵ عێراق، دەبێت بزانین ئەوان کەخۆیان لەگەڵ یەكتر لەگەڕەكەكان ناگونجێن، نەگونجاوە چاوەڕێبین لەگەڵ ئێمە بگونجێن.

کۆبونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی و نوێنەرانی کورد لەبەغدا

ئەو دانیشتنانەی لەنێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان و نوێنەرانی کورد لەبەغدا سازدەکرێن، یەكێك لەو هەنگاوە باشانەیە كەحكومەتی هەرێم بۆ دووەم جارە هەڵیدەگرێت، شتێكی زۆر زۆرباشی كردووە بڕیاریشە ئەم كۆبونەوانە بەردەوام بن، ئێمە زۆر دڵمان بەو كۆبونەوانە خۆشە چونكە هەندێك شت هەبوو ئێمە كەم سیقە بوبوین لەنێوان خۆماندا، هەندێك شت دەوترا لەبەغدا، جیاواز بوو لەوەی ئێستا دەیزانین، وەكو ئەوەی حكومەتی هەرێم نەوت نانێرێت و پابەندنەبووە، بۆیە ئەم دانیشتانە زۆر زۆر پێویست بوون، ئێمە بەڕاشكاوانە وەڵامەكانمان وەرگرتەوە، کە ئەوەی لەبەغدا دەوترا وانیە، بەڵكو هەموو هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستان تەواوە، ئێستا دەزانین کە تەنانەت حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لەو رێژە نەوتەشی هەناردەکردووە کە لەسەری رێککەوتووە لەگەڵ بەغدا، هێشتاش حكومەتی عێراقی پابەند نەبووە.

لەو كۆبونەوانە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی کوردستان، گرنگی لەوەدابوو كە ئەوان گوێیان لە ئیمە گرت و ئێمەش گوێمان لەوان گرت، چونكە ئەوان نوینەری خەڵكی كوردستانن لە هەرێمی كوردستان و ئیمەش نوێنەری خەڵكی كوردستانین لەبەغدا، پێویستە هەردولا یەك دەنگ و یەك رەنگ و یەك سەنگ بن، بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە بڕیار بدەین و پێكەوەش لەو جەبهەیە بیبەینەوە، چۆن پێشمەرگەكان خاكی هەرێمی كوردستانیان پاراست، پێویستە ئێمەش لەپەرلەمانی عێراق وەكو برا پێشمەرگەكان سنگ و پەنجە و قەڵەم و زمانمان یەك بێت بۆ بەرگری لەمافی کوردستان، چۆن پێشمەرگە خوێنی دەرێژێت پێویستە ئێمەش بەقەڵەم و زمانمان بەرگری بكەین بۆ ئەوەی پیلانی دوژمنەكانمان پوچەڵ بكەینەوە.

زۆر گرنگە ئەو کۆبونەوانەش بەردەوام بن تا پێکەوە بڕیاری كۆتایی دەدەین بۆ چارەنوسی كورد.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبایەخەوە گوێمان بۆ دەگرێت

پێشتر ئێمە گلەیمان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو، کە بۆ کێشەکانی بەغدا نەدەگەڕانەوە لای نوێنەرانی کورد، بەڵام ئێستا ئەوەتە سەرۆکی حکومەت کۆبونەوە و دانیشتنی لەگەڵمان هەیە، و بەبایەخەوە گوێ لە ئێمە دەگیرێت و هەماهەنگێكی باش هەیە، بەڵام زۆر گرنگە لەداهاتودا ئەمانە هەر دانیشتن نەبێت، بەڵكو ئەودانیشتن و راگۆڕینەوەی كە هەیە بڕیاری باشی لەمەتبەخی سیاسی كوردی لێبكەوێتەوە و بۆ جێبەجێکردنی تیمی بۆ پێکبهێنین پەرلەمانتاران لەپەڕلەمان و وەزیرەكانی كوردیش لەبەغدا تیمی تایبەتی خۆیانی بۆ دروست بکەن، ئەوەشی كە دەکەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جێبەجێکردن و کاربۆکردنی دابەشی سەر دوو تیمی پەڕلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم بکات.

ئەوەشی کە دەکەوێتە ئەستۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە ئێستا رەمزی كوردە لە محافلە نێودەوڵەتیەكان، و ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی لایەنەسیاسیەكانی كوردستانیش ئەوانیش ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن ئەوەش لەپێناو ئەوەی یەك نەخشە و پلانمان هەبێت و ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان دابەش بكەین و هەرلایەو ئەرکی خۆی پێ بدرێت و لەشوێنێ خۆی بەركی خۆی هەستێت و جێبەجێ بكات، ئەو هەماهەنگیەی ئێستا هەیە زۆر باشە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بڕیاری لێبكەویتەوە هەر ئەوەنەبێت دابنیشین بەڵكو دەبێت دوژمن بزانێت كە ئێمە یەك رەئین، ئەوەی پێمان دەڵێت بەغدا حساب لەسەر یەک ریزی کورد دەکات ئەوەبوو کە هەر ئەو رۆژەی كۆبونەوەی نوێنەرانی كورد لەبەغداو حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەولێر ئەنجام درا، حەیدەر عەبادی وەزیری نەوتی نارد بۆ هەولێر چونكە تێگەشت لەوەی كورد پەرلەمانتار و وەزیرەكانی بانگ كردووەتەوە کوردستان بۆ ئەوەی بڕیارێكی زۆر جدی بدات.

لەلایەنە سیاسییەکان دەپاڕێمەوە یەکڕابن

یەک ڕیزی کورد نەک هەر بۆ ئەم کێشەیە کە لەگەڵ بەغدا هەمانە، بەڵکو بۆ هەموو پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی تر پێویستییەکی گەورەیە، بەڵام بەداخەوە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان ئێستا وەک پێویست هەست بەیەكریزی ناکرێ، ئێمە وەكو نوێنەرانی پێنج پارتەكە، پارتی و یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو لەپەرلەمانی عێراق، لەگەڵ ئەوەی تائیستا هاوپەیمانیەتێكمان نییە، بەڵام هەموو ئەندامەكان سوپاس بۆ خوا یەك هەڵوێست و یەك ڕان لەمەسەلە چارەنوسازەكان و لەپرسە نیشتیمانیەكاندا، بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك پێمان بڵێت وابكەن و وامەڵێن.

ئێمە لەدەرەوەی کوردستان باشین و تا ئاستێکی زۆر باش یەک ڕاین، بەڵام رازی نین لە ئەدائی لایەنە سیاسییەكان لەناوخۆی كوردستان، تا ئاستێک هەست بەدووبەرەکی و چەند بەرەکی دەکەین، ئەم دوو بەرەكییە وای كردوە كەپێگە و جێگەمان لاوازبوبێت، دوو لایەنە ئیسلامییەكە لەهەموو شتەكان هەڵوێستیان زۆرباشە و هیچ كیشەیەكیان نەناوەتەوە و لەحكومەتن.

بەڵام دەپاڕێمەوە لەو سێ لایەنە، پارتی و یەكیتی و گۆڕان، كەلەم دۆخەدا، هەموویان یەك رابن، بۆ ئەوەی ئاڵای وڵاتەکەمان بخەینە ڕیزی ئاڵای وڵاتانی دونیاوە، ئەگەر وەک وڵات حەسانەیەكی نێودەوڵەتیمان بۆ دروست بوو، ئەوكاتە لەناوخۆتان چی دەكەن بیكەن، بەڵام ئێستا کوردستان كاتی دوبەرەكی و دوو رایی و ماڵ جیای و گلەیی و گازندەیی لەیەکتر نییە.
س.ن نێتd.adel nory