٢٨ کاندیدی یارسان بۆ ئەنجومەنی شار و گوندەکانی کرماشان ڕەتکرانەوە

0
249
چالاکوانێکی مەدەنی یارسان ڕایگەیاندووە، کە ٢٨ کاندیدی کەمینەی ئایینی یارسانەکان، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شار و شارۆچکەو گوندەکانی پارێزگای کرماشان ڕەتکراونەوە و ڕێگایان پێنەدراوە ناویان بنووسن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکان.
سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆمەڵەی چالاکوانانی مەدەنی یارسان، لە لێدوانێکدا بۆ ئۆرگانی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران- هرانا، ڕایگەیاندووە، کە ٢٨ کاندیدی یارسان لەلایەن دەزگای چاودێری بۆسەر هەڵبژاردنی ئەنجمونی شارو گوندەکان ڕەتکراونەوە لە کاتێکدا لە ناونووسییەکەدا خۆیان بە شیعە ناساندبوو.

سیاوەش حەیاتی دەڵێت:”دەوڵەتی ڕۆحانی نەیتوانیوە هیچ گۆڕانکارییەک لە بەشداری کەمینە ئایینییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی شارو گوندەکان دا پێکبێنێت و دەبینین کە لە سەردەمی سەرۆککۆماری ئەویشدا کاندیدی کەمینە ئایینییەکان لەلایەن ئەنجومەنی چاودێری بە سەر هەڵبژاردنەکاندا ڕەتکرانەوە”.

حەیاتی ڕاشیگەیاندووە، کە کێشەی ڕژێمی ئێران لەگەڵ کەمینەی یارسانی ئەوەیە، کە وەکو ئایینێک قبوڵی نییە و ئەمە گەورەترین بێبەشبوونی یاراسانەکەنە لە هەموو دەرفەتەکانی هاوڵاتیبوون لە ئێران.

جێگای ئاماژەیە، کە کەمینەی یارسان، پێکهاتەیەکی ئایینی کوردن کە ژمارەیان بە ملیۆن و نیوێک تا دوو ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت و زۆربەشیان لە شارو شارچکە و گوندەکانی دەوروبەری کرماشاندا دەژین.

س.ر.ن