هەر لە پاپەکی خوڕەمدینەوە تا دەگاتە کچانی کۆبانیی نەتەوەی زەڕدەشت سەری نانەوێ

0
324
هەر لە پاپەکی خوڕەمدینەوە تا دەگاتە کچانی کۆبانیی نەتەوەی زەڕدەشت سەری نانەوێ
ئەز کە نێوی زەڕدەشت دەهێنم ، مەبەستم باوەڕی ئایینی نییە . چۆنکە کێ لای خوا لەسەر رێی راستە و کێش لەسەر رێی خوارە ، ئەوە هەر لایەنە بەپێی چێژ و بۆچوونی خۆی لێکیدەداتەوە . لێرەدا تەنێ مەبەستم فەلسەفە سێکوچکەکەی زەڕدەشتێتییە : بییر و گوتە و کردەوە. بییری باش تایبەتە بە مرۆڤی باش کە هانی دەدا بۆ دەربڕینی لەڕێی گوتەی باشەوە . بییری باش و دەربڕینی باشیش دەبنە کەرەسەی کردەوەی باش . دیارە بییر هەرچەندە باش بێ ، بێ دەربڕینی سووتی نییە و، بییر و دەربڕینیش ئەگەر نەبنە کردەوە ، دیسان بێسووتن . بەپێچەوانەی مرۆڤی باشەوە ، بییری خراپ و گوتەی خراپ و کردەوەی خراپیش لە مرۆڤی خراپەوە دەردەکەون . ئەگەرچی مرۆڤی بییرخراپیش هەن کە ناوێرن بەئاشکرا دەریبڕن و بیکەنە کردەوە.
کێشی زەڕدەشتێتیی لەسەر بنچینەی هێزی رۆناکیی (میتراییزم) دامەزراوە کە دژ بە هێزی تاریکییە . رٶناکیی لای زەڕدەشت بە (باشە) وێنەکراوە و، تاریکیش بە (نەباشە) -خراپە.
نەتەوەی کورد واتە نەتەوەی زەڕدەشت ،
هەر لە کۆنەوە ئالای رۆناکیی هەلگرتووە بەرامبەر بە هێزی تاریکیی. شایەنی باسە ، پاش پەلاماری ئارەب بۆ سەر کوردستان بە نێوی ئایینەوە ، لە پێشەوە سەرداری کورد بەهزادانی خۆراسانی (ئەبو موسلیم) شۆرشیکی گەورەی هەڵگیرساند و دەولەتی ئارەبپەرستی ملهوڕی ئەمەوییەکانی لەنێوبرد ، بەلام دەسەلاتەکەی دایە دەست بنەمالەی ئارەبە ئەباسییەکان و ، ئەوانیش بە کوشتن وەرامی چاکەیان دایەوە .
ئەوجا خوشکەزای بەهزادان ، واتە پاپەکی خوڕەمدین ئالای ئازادییخوازی و یەکسانیی ژن و پیاو و نەهێشتنی کۆیلەیەتیی بەرزکردەوە و، سیی سالی رەبەق لە چیاکانی کوردستاندا بە لەشکرێکی پێکهاتوو لە هەژاران و بەشخوراوانەوە چوو بە گژ لەشکری دڕی خەلیفەی دڵرەقی ئەباسییدا ، تا ئەویش لەڕێی ناپاکیی یەکێک لە هاوڕێکانییەوە دزێوانە لەنێوبرا . لەو ساکەشەوە و تا ئێستا ، نەتەوەی کورد گەلێک شۆرشی هەلگیرساندووە دژ بە بێدادیی و ملهوڕیی و داگیرکاریی و تاریکپەرستیی .
.مەزنترینی ئەو شۆرشانە شۆرشی رۆژاڤای کوردستانە ، کە کچانی شەڕڤانانی کۆبانیی ، ئازایاتییەکی لە مێژوودا بێوێنەیان پێشاندا و ، دەریانخست کە تەواوکەری خەباتی لەشکری باپیرەگەورەیان پاپەکی خوڕەمیین .
بوێریی و سەربەرزیی کچانی کۆبانیی بوونە هۆی لابردنی هەموو ئەو نەرێتە دواکەوتووانەی کە ژن بە کەمتر لە پیاو دادەنێ . جا ئەگەرچی هیزبهیزبێنە و بنەمالەبنەمالێنە و شەڕەزرتانێی نێوخۆیی ئەوانەی گاڵتەی رۆژگار کردوونی بەدەسەلاتدار بەسەر رووتە و بێنانی کوردەوە ، گەلێک دەرفەتی هەلکەوتووی لەدەست کورد داوە و، دواڕۆژێکی رەشی هێناوەتە پێشەوە ، بەلام شۆرشی مەزنی رۆژاڤا و، ورەبەرزیی کچانی کۆبانیی چراوگێکی رۆشنی هەلکردووە و بووە بە گورگەزێیەک بە ئاسمانی تاریککراوی کوردستانەوە . ئافەریینتان لێبێ کچانی کۆبانیی، ئافەریینتان لێبێ خەلکی رۆژاڤا . ئێوەن کە سەری کوردتان بەرزکردەوە .هیوام وایە هەر ئاوا سەربەرز بمێننەوە . ئێوەن کە دەرتانخست نەتەوەی زەڕدەشتن . نەتەوەی زەڕدەشتیش سەری نانەوێ
ماموستا جەماڵ نەبەز

Bilderesultat for ‫یەپەگە‬‎

Bilderesultat for ‫یەپەگە‬‎

Bilderesultat for ‫یەپەگە‬‎