“مەلا عەبدول لەتیف” لە ئاوێنەی ڕسوایی سەلەفیەتی خۆییدا !

0
411

گۆنا سەعید:
بڕۆ مزگەوت و کەناڵ وئامۆژگاریەکانت بپێچەرەوە و خەریکی ژیانی تایبەتی خۆت بە ، بڕۆ لە ژیانی واقعیدا  درۆکانی کە بۆ خەڵکت کردوون تاقی کەرەوە  ، زۆرت ووت عەدالەت هەیە لە فرەژنیدا ، بچۆ لە نیو عەشقی تازە و ئیدارەی سێ ژنی تردا ئەو عەدالەتە درۆزنانەیە بیهێنە دی .
تا ماویت ئەبی مەمنونی ئازادیخوازی ئەم کۆمەڵگەیە بییت ، چونکە ئەم کۆمەڵگەیە ئەگەر بە پێی “ئامۆژگاریەکانت ” مامەڵە لەگەڵ خۆت و عەشقی تازەت بکات ، ئەوا دەبێت موحاکەمە بکرین و  سزا بدرێن نەک لەسەر یەک “تاوان ” بەڵکو لەسەر چەند تاوانێک هەر بە پێێ ئامۆژگاریەکانی خۆت . ئاخر تۆ بوویت هەموو ڕۆژێک دەتوت ” عەشق تەنها عەشقی خوایە ” ، تۆ بوویت هەموو جۆرە عەشقێکی ترت بە تاوان دانا ، تێکەڵبوونی کچ و کورت بە بیدعە و دژە دین ناودەبرد ، تۆ یت کە بەردەوام داوای چاودێری و پۆلیس دەکەیت بەسەر سەری ژیانی تایبەتی خەڵکی ترەوە . بە پێێ ئەم ئامۆژگاریانەی خۆت بێت ئەوا ئیوە تاوانبارن بە “خیانەتی هاوسەرگیری ” ، بە ” تێکەڵوبوونی نێر و مێ ”  ، بە ” زینا ” ، بە ” عەشق ” !! ، ئەگەر ئەم ” تاوانانە ” کەسی تر بیکردایە ، لە جیاتی تۆ مامۆستایەکی تری زانکۆ بیکردایە و تۆ حاکم بویتایە ، حوکمەکەی شەلاق و بەردەباران و مل پەراندن دەبوو بە دەستی موریدەکانت کە لەبەرامبەر بە تۆ بێ دەنگیەکی پڕ لە ترس و گەمژە ئاساییان هەڵبژاردوە . بە هۆی بیر و ڕاکانی تۆ و بازرگانی تۆ و هاوبیرەکانتەوەیە بە دینەوە کە کوڕان وکچان ، ژنان و پیاوانی ئەم کۆمەڵگەیە ناتوانن لە ژیانی گشتیدا هەناسەیەکی ئازادی هەڵمژن ، ئەگەر بڕێك ئازادیش بە خۆیان رەوا ببینن ئەبێت بە دزیەوە و لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا پیادەی بکەن !..
ئەوە بزانە کە تۆ قەرزاری ئیمەیت ، خەڵکی ئازادی خواز ، دوژمنەکانی تۆ ! .. چونکە ئەگەر ئێمە نەبوینایە و  بچوینایەتە پاڵ بیر وڕاکانی تۆ ، ئێستا دەبوو بە پێێ حوکمەکانی خۆت پشتت لە ژێر شەلاقدا ناڵەی بهاتایە ..  بەڵام نا ، ئەم کۆمەڵگەیە سەلماندویەتی کە هەرچەند دەمێکە لە ژێر فشاری تەوژمێکی کۆنەپەرستی دایە لەسەر دەستی کەسانی وەک تۆ ، بەڵام زۆر لە وە مەدەنی ترە کە مل بات بۆ حوکمە ناڕەواکانی ئێوە . ئێوە بەم هەموو دەسەلات و پارە هەڵڕژاوەی بەردەمتان نەتانتاوانیوە ڕێگە بە زۆر دیاردەی مەدەنی وئازادی تاکە کەسی بگرن و  بەر بە ڕەوەندی پێشکەوتنخوازی مرۆڤ و بەهاکانی بگرن . لەم سەردەمەدا سەرەڕای بوونی تۆ و ژەهراوی بیر و راکەت بەڵام  خەلک ئارەزومەندانە تر هاوسەرگیری دەکات ، ئازادانە تر بریار دەدات و ئەگەر بیەوێت جیادەبیتەوە ، تێکەڵاو بوونی کچ و کوڕ لە هەموو کات زیاترە . کاریگەری هونەر و مۆسیقا و خۆشی ژیان و ئازادی لە بیر و ڕا داڕزیوەکانی تۆ زۆر بەهێز ترن لەنیو ئەو کۆمەلگەیەدا ، لە سەروو هەمووشیانەوە  ڕێز گرتن لە ئازادی ژیانی شەخسی بە هی تۆی دژە ئازادیشەوە زیاتر بووە . ئەوەتا ئێمە بەرگری لە “چاوان ” دەکەین کە مافی خۆیەتی کە لە هاوسەری پێشووی جیابۆتەوە و  هاوسەرێکی تری هەڵبژاردوە کە تۆیت ! .
لە هەمان کاتدا بە مافی تۆی نازانین کە بەسەر سێ ژندا ژنێکی ترت هێناوە ، ئەوە یاساکانی دەسەلاتە میلیشیایەکەی هەرێمە کە ڕیگە دەدات تۆ چوار ژن بێنیت ، ئەوە  پارە ودەسەلاتەکەشتە کە ئەو ژنانە و کەس و کاریانی بێ دەنگ کردوە ، نەک سیحری خۆت و دینەکەت . دەرکەوت کە “سەلەفیەت و ئەم بە دەروێش کردنەی گەنجان بۆ خودا ”  چ درۆیەکی گەورەیە دەیکەیت ، ئەوەی لە گەنجانی حەرام دەکەیت ، بۆ خۆتی حەلاڵ دەکەیت . بە دزیەوە و بە “مەستووری” دژایەتی هەرچیەکت کرد خۆت ژێرا و ژێر لە جۆرە هەرە رادیکاڵەکەیت کرد کە حەز کردن بوو لە ژنێک کە هاوسەری هەبوو  ، هەمان ئەو ” تابۆ ” یەی کە بە هۆی کەلتوورە دینیەکەی تۆوەیە کراوەتە بیانووی کوشتنی هەزران ژن لەم کۆمەڵگەیەدا ! . هەروەک سەدان جار ئەم دووڕووییە ، ئەم هیپۆکراسیە کار و کردەی هەموو خەلیفەکانی پیش خۆت و  ئەمیرەکانی خەلیج و دکتورەکانی ئەزهەر بووە ، هەمان شت کە حەڵاڵە بۆ خۆتان ،  هۆکاری شەلاق کردنە بۆ خەڵک!!  . یەک مێژوو و یەک کردەوە و یەک ژەهراو بۆ گیانی کۆمەلگە …
دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە خەڵک وە بەتایبەت گەنجان بزانن کە تۆ هیچ نییت جگە لە بازرگانێکی دیین ، هەروەک  چون بۆ ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و دز و جەردەیە دروست بوونی کۆمپانیا پیویست بوو بۆ دەولەمەند بوونی خۆیان و دەستگرتن بەسەر بازاڕدا وە هەموو بوونە ملیۆنێر ، هەروا تۆش پێیوست بوویت وەک کۆمپانیایەک بە بەرهەمهێنانی خیتابی دینی سەلەفیەت کە پێی دەوڵەمەند بوویت و دەسەڵاتت پەیدا کردوە ، و بۆت دەلوێت کە دین بە پیوەری ئارەزوەکانت دەپێیوت و خەریکی هەمان ئەجیندەی شێخ و ئەمیرەکانی سعودیە و خەلیج دەبەیتە ڕیوە .
خۆشبەختانە تۆ خۆت سەلەفیەت و بیر ورا ژەهراویەکانی خۆت ڕسوا کرد ، ئەمە گەورەترین دەسکەوتە بۆ ڕەوەندی ئازادیخوازی لە کوردستان .
بۆیە ئێمە سزای تۆ نادەین لەسەر ئازادی هەڵبژاردنی ژیانی شەخسیت ، نە تۆ نە مەعشوقەکەت ، لەوانەیە ئازاری خەڵکتان دابێت بە تایبەت مێرد و مندالەکەی ئەو و ژنەکان و مندالەکانی ترت ، بەڵام ژیانهەڵبژاردن مافە و بۆ هەموو کەس وەک یەکە ، ئێمە وەک تۆ زەوتی ناکەین لە خەڵک وبیدەین بە خۆمان !  چ شەرمەزاریەکە ئەمڕۆ تۆ تێی کە وتوویت ؟ ئێمەی ئازادیخوازان خۆشت و مەعشوقەکەشت بەو بەهایانە دەپارێزین کە تۆ هەمیشە لە دژیان ژەهراوت بڵاوکردۆتەوە ، بۆیە باشترە سەرت کز کەیت و رێز لە خۆت بگریت و جاری تر ڕووی ئەوەت نەبێت بێێتەوە سەر مینبەر بۆ درۆ کردن بۆ گەنجان و دژایەتی کردنی ئازادی و بەها جوانەکانی عیشق و خۆشەوسیتی و  مافی هەڵبژاردن .
کاتی ئەوە هاتتوە هەموو بە یەک دەنگ بە مەلا عەبدول لەتیف بڵێین : بڕۆ خۆت و رێبازە دژی مرۆڤ و ڕووخێنەرەکەت بەرۆکی ئەم کۆمەڵگەیە بەردەن !
ئێمە ئازادیخوازان هیچ کات خۆش نابین لەو ژەهرەی کە ڕشتت ، لەو ئەفیونەی سەدان گەنجت پێ گێژ و گەمژە کرد ، لەو تاوانەی کە لەشکرێک لە داعشی ناوخۆییت دروست کرد . لە کاتێکدا کە هەمیشە پێ داگر دەبین لەسەر بەها گرنگەکانی مرۆڤ دۆستی و بەرگری لە ئازادی تاکە کەسی و یەکسانی ژن و پیاو ، لە هەمان کاتدا بەردەوام پەیامەکانت ڕسوا دەکەین ، درۆکانت دەردەخەین ، هەموو ئەو گەنجانەی کە تۆ گێژ و حۆلت کردن بە سەلەفیەت دەخەینە ژێر پرسیاری ویژدانەوە و دەیانگێڕنەوە بۆ دنیای عەقڵ و مەعریفەت و بیرکردنەوە .. ڕۆژێک دێت ئێمە کەناڵ و مزگەوتەکەت بە دەستی خەڵکی ئازادیخواز بە داخستن دەدەین .

گۆنا سەعید

٨/٥/٢٠١٦

س.هاوپشتی