بەیاننامە شەپۆلی نوێی سووکایەتی بە یارسانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەحکووم دەکەین

0
338

هاونیشتمانانی یارسانی، بە پشتگیریی دامەزراوەکان‌و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، جارێکی دیکە بەرەوڕووی مافخوراوی‌و سووکایەتی بوونەتەوە. شەپۆلی تازەی مافپێشێلکردن‌و سووکایەتی بە هاونیشتمانانی یارسانی، دوای ئەوە دەستی پێکرد کە دامەزراوەکانی ڕێژیم بە ئاشکرا پشتیوانییان لە بەربژێرێکی دەستنیشانکراوی خۆیان لە حەوزەی هەڵبژاردنی ئیسلام ئاباد‌و داڵاهۆ کرد‌و بۆ جاری سێهەم وەک نوێنەری ئەم حەوزەیە – کە بەشی زۆری دانیشتوانی یارسانین- ڕێگای چوون بۆ مەجلیسیان بۆ کردەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە پارێزگەکانی کرماشان و ئیلام، سەدان هەزار لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان دەژین. بەو هۆیەوە کە ئەم ئایینە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە ڕەسمی نەناسراوە، هاونیشتمانانی یارسانی لە مافی ناردنی نوێنەری خۆیان بۆمەجلیس بێبەشن. ئەوان لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی‌دا بەردەوام لە گەڵ هەڵاواردن‌و سووکایەتی بەرەوڕوو بوون‌و دامودەزگاکانی ڕێژیم نەک هەر پێشی هەڵاواردن‌و سووکایەتی بەرامبەر یارسانییەکان نەگرتوە بەڵکوو بەرگێکی قانوونی‌و شەرعییان پێ داون‌و پشتگر‌و هاندەری هەڵاواردن‌و بێ ڕیزی بەوان بوون. لە چەند ساڵی رابردوو‌دا، پەیرەوانی ئایینی یاری بە تایبەتی کەسایەتییە ئایینییەکان‌و چالاکانی مەدەنیی ئەو کەمایەتئیە و لە گەڵ ئەوانیش‌دا ژمارەیەکی زۆر لە کوردستانییەکان، دژی بێمافییەکانی یارسانییەکان‌و سووکایەتی پێکرانیان نارەزایەتییان دەربڕیوە. بەڵام بە داخەوە لە لایەن ناوەندەکانی یاسادانان‌و بڕیاردانی کۆماری ئیسلامی هیچ ئاوڕێکی جیددی لەم دۆخە دڵتەزێنەیان‌ نەدراوەتەوە.
سووکایەتیی ئەمجارەش بە پیرۆزییەکان‌و کەسانی یارسانی لە ئیسلام ئاباد‌و داڵاهۆ، لەو بیرکردنەوە‌و ڕوانینە دژەمرۆڤ‌و کۆنەپەرستانەیەوە سەرچاوە دەگرێ کە تەنانەت مافی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بێمافیی ئاشکرا‌و‌‌و زەقترین هەڵاواردنەکانیش بە یارسانییەکان، ڕەوا نابینێ.
حیزبی دیموکراتی کوردستان، وێڕای پێداگرتنەوە لە سەر هەڵوێستی هەمیشەیی خۆی کە مەحکوومکردنی هەموو جۆرە هەڵاواردنێکی نەتەوەیی‌و ئایینییە، شەپۆلی نوێی هێرش‌و سووکایەتی بۆ سەر هاوزمانانی یارسانی مەحکووم دەکا. ئێمە وێڕای راگەیاندنی پشتیوانیی خۆمان لە ناڕەزایەتیدەربڕینی هێمنانەی یارسانییەکان‌و پێداگریمان لە سەر داوا ڕەواکانیان، داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی پارێزگەکانی کرماشان‌و ئیلام دەکەین، وشیاری پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بن. ئەوان هەتا ئێستا، بە هەموو پیکهاتە ئایینی‌و مەزهەبیەکانەوە پیکەوە ژیانێکی دوورلە گرژی‌وململانێی ئایینی‌و فیرقەییان هەبووە. لە هەلومەرجی ئێستاش‌دا نابێ ڕێگە بە دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی بدەن بە ناوی دڵسۆزی بۆ ئایینی ئیسلام‌و بە سوود وەرگرتن لە جیاوازیی ئایینی لەم پارێزگایانە، کەلێن بخەنە ڕیزەکانی خەڵک‌و لە بەرامبەر یەکتر‌دا ڕایان بگرن. بە ئەرکی هەموو پێکهاتە ئایینی، مەزهەبی‌و زاراوەییەکانی ئەو پارێزگایانەی دەزانین کە یەکگرتووانە‌و وێڕای پشتیوانی لە مافی ئینسانیی هەموو پێکهاتەکان، لەسەر داخوازە نەتەوەییەکانی خۆیان پێ دابگرن‌و نەهێڵن رێژیم بەنانەوەی ئاژاوە، ناکۆکی و تەفرەقە بخاتە ڕیزەکانیان. لە دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش، داواکارین پشتیوانی هەموو جۆرە چالاکی‌و حەرەکەتێکی مەدەنی بۆ بەئاکام گەیاندنی داخوازە ڕەواکانی هاونیشتمانانی یارسانی بن.

حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٤/٣/٢٠١٦
١٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٤