هۆزی گەورەی هەمەوەند و خەبات لە پێناوی نیشتمان

0
973

وشەی جوامێر لە وێردی زمانی کوردیدا شتێکی نامۆ نییە، هەر مرۆڤێک کردارێکی باشی هەبێت پێی دەگوترێت کارێکی باش و جوامێرانەت کردووە.

هەر کاتێک ئاوڕ بدەینەوە بۆ مێژوی باب و باپیرانمان بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤگەلێک ئازا و جوامێر لە چەشنی جوامێر ئاغای ئێمە واتە جوامێر ئاغای هەمەوەند بێ ئەوەی لە هیچ شوێنێکەوە دەستی یارمەتیان پێ بگا چۆن و بە چە شێوەیەک لە گەڵ زلهێزگەلێک وەک عوسمانیەکان و قاجارەکان کە چاویان بڕیوەتە خاک و نیشتمانی ئێمە بەربەرەکانیان کردووە و نیشتمانیان لە داگیرکاری پاراستوە.

شۆڕشگێر و سەرکردەی کورد جوامێر ئاخا هەمەوەند لە دایکبووی١٨١٥و کۆچکردووی ١٨٨٧

جوامێر ئاغا هەمەوەند لە ساڵی ١٨١٥ چاوی بە دونیا هەڵهێنا و لە سەردەمی لاویەتی سەرۆکایەتی ئێڵی گەورەی هەمەوەنی بە ئەستۆوە گرت،

جوامێر ئاغا دەسەڵاتی تەواوی هەبوو بە سەر شارەکانی قەسری شیرین و سەرپێڵ زەهاو و دەوروبەری و فەرمانڕەوای ئەو ناوچانە بوو.

ئەو جێی باوەڕ و متمانەی تێکڕای هۆزی گەوەری هەمەوەند بوو و خەڵکی هەمەوەند خۆشیاندەویست .

ئەو لە هەموو کوردستان بەوە ناسرابوو کە هیچ کاتێک سەری لە بەرامبەر دوژمنان و داگیرکەرانێک وەک عوسمانی و قاجارەکان نەوی نەدەکرد و رێگای نەئەدا بستێک لە خاکی پیرۆزی کوردستان داگیر بکەن.

جوامێر ئاغا دایم وەک پێشمەرگە و شۆڕشگێرێک ئەژیا بۆ ئەوەی بەرگری لە کوردستان بکات لە بەرامبەر هێرشی عوسمانی و قاجارەکان دا.

جوامێر ئاغای هەمەوەند ئەو سنوورە دەستکردانەی لە نێوان قاجارەکان و عوسمانیەکان دابەش و دروست کرابوون لە ناو برد.

دواتر شارەکانی خانەقین ،کەرکووک و چەمچەماڵ لە لایەن عوسمانیەکانەوە داگیر کران و لە شارەکانی قەسری شیرین و سەرپێڵ زەهاو دابڕان کە ئەو شار و ناوچانەش بە تێکڕا شوێنی ژیانی هۆزی هەمەوەند بوون.

جوامێر ئاغای هەمەوەند دژی تورکانی عوسمانی فەرمانی شەڕی دەر کرد و بە شێوەی پارتیزانی هێرسی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی عوسمانی لە کەرکووک ، لەیلان، چەمچەمال ،بازیان ،تاسلوجە و قلیاسان و زۆر ناوچەگەلێکیتر و سوپای عوسمانی شڕ و شپرزە کرد.

دوای شۆرشی قارەمانانەی جوامێرئاغا دژی داگیرکەری عوسمانی و گەیاندنی خەسارەتێکی زۆر بە هێزی تورکان ورەی خەڵک بەرز بویەوە و زۆرێک لە عەشیرەتەکانی کورد بەو شۆڕشەوە پەیوەست بوون و وێرای جوامێرئاغای هەمەوەند دیفاع و داکۆکیان لە نیشتمان کرد.

دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی زانی لە رێگای سەربازیەوە لە بەرامبەر خۆڕاگریی جوامێرئاغا و هۆزی گەورەی هەمەوەند شکستی هێناوە و رۆژ لە گەڵ رۆژ لە پاشەکشەدان و جوامێر ئاغا رۆژ لە گەڵ رۆژ ناوچە و شوینێکی دیکە ئەخاتە ژێر سەیتەرە و قەڵەمڕەوی خۆیەوە و ئەو جار وەک پیشەی هەمیشەییان سوپای داگیرکەری عوسمانی و قاجار پیلان بۆ تیروری جوامێرئاغا دادەڕێژن .

سەرئەنجام ساڵی ١٨٨٧ بە پیلانی لە پێشدا دارێژراو لە لاێەن حکوومەتی عوسمانی و قاجار جوامێر ئاغا لە گەڵ ٦ کەس لە پاسەوانە ئازاکانی لە شاری قەسری شیرینی پارێزگای کرماشان کە بۆ خواردنی نانی نیوەرۆ بانگهێشت کرابوون بە پیلانی لە پێشدا دارێژراوی عوسمانی و قاجارەکان جوامێر ئاغای هەمەوەند و هەر ٦ هاوڕێیەکەی گیانیان بەخت کرد و بۆ هەتا هەتایە ماڵ ئاواییان لە نیشتمانی کورد و هۆزی ئازا و دلێری هەمەوەند کرد.

سەربازەکانی قاجار دوای کوشتنی جوامێر ئاغا و ٦ هاورێیەکەی بە شیوەێەکی زۆر دڕندانە سەریان لە جەستەیان جودا کردنەوە و بە نەیزەی تفەنگەکانیانەوە هەڵواسین و بە نێو خەڵکدا گەڕاندیانن .

بەڵگە مێژوویەکانی کونسولگەریەکانی قاجار و عوسمانی بە جوانی ئەو پیلان و بەرنامە هاوبەشانەی قاجار و عوسمانی بۆ لە نێو بردن و کۆتایی هێنان بە شۆرشی جوامێر ئاغا و هۆزی هەمەوەند ئەو راستیانە دەسەلمێنن.

دوای کوشتنی جوامێر ئاغا و کۆتایی هێنان بە شۆڕشی هەمەوەند، عوسمانیەکان بە شێوەێکی دڕندانە دەست دەکەن بە قەتڵ و عامی هەمەوەندەکان و تەفر و تونا کردنیان لە زێدی باب و باپیرانیان بە جۆرێک کە زۆریەک لە هەمەوەندەکان بۆ دەرباز بوون لە دەستی عوسمانیی دڕندە رو ولە رۆژئاوای ئاناتولی ،قبرس ،لیبی و ئەفریقا دەکەن و زۆریشیان بۆ پاراستنی گیانیان لە ناوچەی کرماشان نازناوی خۆیان دەگۆرن.

لە کۆتایی ئەم بابەتە دا ماوەتەوە بڵێم کە میرزا حوسێن سوهرابی ئاخۆ هەر بە ڕاستی ئەم راستیانەت زانیوە و نەتکردوون بە سروود بۆ نەوەکانی دوای خۆت یان ئەوەیکە لە بەر زۆڵم و زۆرداری دەسەڵاتدارانی داگیرکەری ئێرانی ئەم ڕازانەت لە دڵی خۆت دا مراندوە و بردوتنە ژێر گڵ؟

مێژوو پێمان دەڵێت هیچ کات و لە ژێر هیچ ناونیشانێک نەکەوینە داوی پیلانی داگیرکەرانی کوردستان و بە تەواوی هێزمانەوە لە پێناو ئاوات و ئامانجەکانی جوامێر ئاغای هەمەوەند کە سەربەخۆیی و رزگاری نیشتمان بوو ، تێبکۆشین و کۆڵ نەدەین و لە خەبات و موباریزە نەوەستین.

عەلی فەزڵی کەواڵی هەمەوەندی