راگەێندراوی رێکخراوی یاریکورد سەبارەت بە خۆبەرێوەبەری برا یەزیدیەکان لە چوارچێوەی کانتونێکی سەربەخۆ

0
464

نزیک بە دوو ساڵ لەمەوبەر یاریکورد بیروڕای خۆی سەبارەت بە ناوچەی خودموختار بۆ کەمایەتییە دینییەکانی غەیرە موسوڵمان راگەیاند و ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داوایەی لەبەر چاوگرتبا ئەمڕۆکە پەیرەوانی ئاینی ئیزیدی توانای رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانیان دەبوو و رێژەی کوشت و کوشتارەکەی تیرۆریستانی داعش بەو ڕێژەیە زۆر نەدەبوو. ئێستا کە خوشک و برایانمان لە ئایینی ئیزیدی کە بەو باوەرە گەیشتوون کە خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی ئێستا و داهاتوویان بدەن دەبێ رێز لە ئیرادەیان بگرین و پشتیوانیان لێ بکەین.

ماوەیەکە شەڕی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش کەوتۆتە قۆناغێکی تازەوە و بە رزگاری شنگال ئیزیدیەکان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و هەر وەک لە هەواڵەکاندا باسکراوە خۆبەرێوەبەرییەک لە لایەن ئیزیدیەکان بۆ شنگال راگەیەندراوە کە خوازیاری ئەوەن شەنگال لە چوارچێوەی کانتۆنێکی سەربەخۆ بەڵام گرێدراوی هەرێمی کوردستان ئیدارە بکرێ.

ئێمە وەک کۆمەڵگەی یارسان، راگەیاندنی ئەو خۆبەرێوەبەییە بۆ شنگال لە لایەن ئیزیدیەکانەوە بە هەنگاوێکی گەورە و پۆزەتیڤی دەزانین لەسەر بنەمای پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە کوردستاندا.

لەسەر ئەوە باوەرین دەبێ رێگری نەکرێ لەو خۆبەرێوەبەرییەی کە ئیزیدیەکان لە شنگال رایانگەیاندووە و پێویستە هەموو لایەک پشتیوانیان لێ بکا و بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە بەشێک لە ئازارەکانی خوشک و برایانی ئێزەدیمان کەم بکەینەوە.

ئێمە وەک کۆمەڵگەی یارسان بە جیدی پشتیوانی لە دامەزراندنی کانتۆنی شنگال لە لایەن ئیزیدیەکان دەکەین و بە مافی رەوای پەیرەوانی ئاینی ئیزیدی دەزانین بۆ ئەوەی دیموکراسی بە مانای واقعی خۆی لە باشووری کوردستان پەیرەوە بکرێ.

هەر وەها پێمان وایە دەبێ لە داهاتوویەکی نزیکدا خۆبەرێوەبەریەکی لەم شێوەیە بۆ کاکەییەکانی کوردستانیش رابگەیەندرێ و رێگە بدرێ کاکەییەکان ناوچەی خۆیان ئیدارە بکەن. کۆمەڵگەی یارسان لە رۆژهەڵاتی کوردستان

نزیک بە 5 میلیۆن کەس دەبێ و پێویستە مافی ئەو 5 میلیۆن کەسە لە داهاتووی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش پارێزراو بێ و رێگە بدرێ کاکەییەکان خۆبەرێوەبەرییەک بۆ ناوچەی خۆیان دیاری بکەن لە چوارچێوەی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆدا.

سەید فەرهاد حەیدەری

رێکخراوی یاریکورد

2015/01/23
said-farhad1