بانگەواز: دەبێ بە هانای کاکەییەکانی باشوورەوە بچین

0
536

دوای هێرش و پەلامارەکانی گروپی تیرۆریستی داعش بۆ سەر شەنگال و کوژران و ئاوارەبوونی خوشک و برایانی ئێزیدیمان، ئەمجارە هەڕەشەی گەورە لەسەر کاکەییەکانی باشووری کوردستانە.
هەر وەک لە هەواڵەکاندا هاتووە؛ کاکەییەکانی باشووری کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوەی بەھانای خێزانە ئاوارەکانی کاکەیی لە سنوری شارەکانی کەرکووک و موسڵ بڕۆن و رێگە نەدەن رووبەرووی کوشتاری تیرۆریستان ببنەوە.
لێرەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەم بە هەموو شێوەیەک گیانی کاکەییەکان پبارێزێت و هێزی پێشمەرگەی کوردستان راسپێرێ بۆ ئەوەی رووبەرووی تیرۆریستان ببنەوە و رێگە نەدەن ئەو ناوچانەی کاکەییەکان لێی دەژین داگیر بکرێن، چونکە کارەساتی مەزنی لێدەکەوێتەوە.
هەروەها بانگەوازێک ئاراستەی کۆمەڵگەی یارسان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم بۆ ئەوەی پشتیوانییەکی هەمە لایەنە پێک بێ بۆ پاراستنی گیان و حاڵ و ماڵی یارسانەکانەکانی باشووری کوردستان و هاوکاریکردنی لێقەوماوان و ئاوارەکانی چیای شەنگال، بۆ ئەو مەبەستە روو لە باشووری کوردستان بکەن.
ئەگەر وەخۆ نەکەوین و دەست لە ناو دەستی یەک نەکەین و فریای خوشک و برایانمان نەکەوین، ئەگەری ئەوە هەیە کارەساتی لەشێوەی شەنگال لە ناو کۆمەلگەی یارسانیش دووبارە بێتەوە. بۆیە هەموو کەسێک لە کۆمەڵگەی یارسان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ بە ئەرکی سەرشانی خۆی بزانێ کە لەم قۆناغەدا بە هانای کاکەییەکان و ئێزدییەکان لە باشووری کوردستان بچن و بەهەر شێوەیەک کە بۆیان دەرەخسێ بەرگری و هاوکارییان بکەن.
سەید فەرهاد حەیدەری
13/08/2014