ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی راوێژی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان: “ستۆکهۆڵم”

0
228
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ک ن ک، لە رۆژانی ١٦ و ١٧ ی مانگی ٩ی ٢٠١٧ لە شاری ستۆکهۆڵم لە سوید بە بەشداری زیاتر لە ١٢٠ کەس لە نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسیەکان و رێکخراوە مەدەنیەکان و کەسایەتیی سەربەخۆ، کۆبوونەوەی ڕاوێژی یەکێتیی نەتەوەیی لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە برد.
رۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو پارچەیەکی داگیرکراوی نیشتیمان لە ژێر چەوساندنەوەی داگیرکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕۆژانە ڕووبەڕووی گوشار دەبێتەوە. خەڵکی ڕۆژهەلآتی کوردستان دژ بە سیستەمی داگیرکەر فیداکاریی زۆریان کردووە کە بووە بە بەشێک لە مێژووی شانازیی و سەربەرزیی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان.
ئەو هاوهەستیی و هاودەنگیەی لە نێوان خەڵکی ڕۆژهەڵات بەرامبەر بە یەک و بەرامبەر بە پارچەکانی دیکە هەیە بە داخەوە بە شێوەیەکی پێویست لەلایەن حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتەوە وەڵام نەدراوەتەوە.
لە مێژوودا ئێمە شاهیدی هاوکاریی ڕۆژهەڵات بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان بووین کە تا ئێشتاش بەردەوامە.
ئەو دۆخی شەڕ و پشێوییەی ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەرڕاستی گرتووەتەوە بە هۆی ئەو تێکۆشان و خەباتەوە کە کوردستانیان دژ بە سیستەمی داگیرکەری دەیکەن دەرفەتی جیاوازیی سیاسیی و دیپلۆماسیی و سەربازیی بۆ کوردستان فەراهەم کردووە؛ داگیرکەران لە قەیرانی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێونەتەوەییدان. ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئیتر دەبێت پشکی خۆی لە خۆبە یانکردن و چالاکیی دیپلۆماسییدا بەر بکەوێت.
بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لە لایەکەوە دەبێت یەکیەتیی نەتەوەیی لە ناو پێکهاتەکانی سەرانسەری رۆژهەڵاتدا لە شاری ماکۆ تا ئیلام و کوردانی شارەکانی ناو ئێران و هەروەها خۆراسان پتەوتر بکرێت و هەموو پێکهاتەکان دەبێت زیاتر نوێنەرایەتیی خۆیان هەبێت، باشتر دیار بن و پێوەندیی نێوانیان ڕێکخراوتر و کوردستانیانەتر بێت.
هەروەها دەبێت حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات لە یەک نزیک ببنەوە، پرۆژەی کاری هاوبەش پێش بخەن و لە پراکتیکدا پرنسیپی پلورالیزم قبوڵ بکەن. زوو یان درەنگ حیزب و ڕێکخراوە سیاسیی و مەدەنییەکان پێویستە بکەونە نێو ژیانی هاوبەڕێوەبەرایەتیی. نزیکبوونەوە و هاوکاریی حیزبەکان لە یەکتر دەبێت بە هۆی ئەوەی کە گەرموگوڕیی و تین و تاوی شۆڕشگێڕانە و نیشتیمانیانەی خەڵک زیاتر ببێت.
کاتێک کە داگیرکەران سەرەڕای هەموو لاوازی و ناکۆکیەکانیان، هەوڵ دەدەن بە هەموو شێوەیەک هاوکاری یەکتر بکەن تا پێکەوە نەهێڵن کورد بە ئامانجی خۆی بگات، دەبێت ئێمەی کورد دەستوبردتر و جەسوورتر یەکیەتیی نەتەوەیی پێک بهێنن.
دوژمنانی کورد سازش بۆ یەکتر دەکەن و بە شێوەی جیاواز سەری خۆیان بۆ هێزی نێونەتەوەیی دادەنەوێنن، تا هیچ کەس هاوپشتی لە گەڵ کورد نەکات. بە یەکیەتیی و یەکدەنگیی و یەکسەنگەریمان دەتوانین دۆخی داگیرکەریی بشکێنین و ئەو ستاتویە وەدەست بخەین کە گەلی کوردستان بە دروستی دەزانێت.
بە ئامادەبوونی ئەو پارت و ڕێکخراو و تاکەکەسە سەربەخۆیانە کە لە کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵآتدا بەشدارن، لە سەر بنەمای پێشنیاری تەواوی بەشداربوون، ئەم ئەنجامنامەیە دەخەینە بەر دەم ڕای گشتیی ڕۆژهەلاتی کوردستان بەتایبەتیی و پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها ڕای گشتیی کوردستانییش.
:rawej kongara
١ . ئێمە لە سەربەخۆیی باشووری کوردستان پشتگری دەکەین و هەڕەشە و دەستێوەردانی داگیرکەران و نەیارانی کورد بۆ سەر ئەو داخوازە مێژووییە بە توندیی شەرمەزار و ئیدانە دەکەین.
٢ . بەشداربووانی کۆبوونەوەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵات پشتیوانیی خۆیان بۆ کەمپینی ئازادیی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی کورد دووپات کردەوە.
٣ . پارت و ڕێکخراوە و کەسایەتییە سەربەخۆکانی بەشداربووی کۆبوونەوەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵات پێداگریان لەسەر بەهێزکردنی یەکیەتیی نەتەوەیی کرد.
٤ . بەشداربووان لە کۆبوونەوەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتدا جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە کۆبوونەوە و چالاکیی لەم جۆرە لە پێناوی بە‌هێزکردنی یەکیەتیی نەتەوەیی پێویستە و دەبێت بەردەوام بێت. هەروەها جەختیان لە سەر ئەوەش کردەوە کە بۆ هەنگاوەکانی ئاییندە لە پشتگیریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک دا ئامادەی کار و لە ئەستۆگرتنی ئەرکن.
٥ . بەشداربووان پێیان وایە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەبێت بە شێوەیەکی هاوڕێیانە و هاونیشتیمانیانە لەیەک نزیک ببنەوە و هەوڵی دڵسۆزانە بۆ ئەنجامدانی کار و سەرخستنی پرۆژەی هاوبەش بدەن.
٦ . پاش کۆکردنەوەی ئەو سەرئەنجامەی لە کار و کۆبوونەوەکانی راوێژی ڕۆژهەڵات و باشوور و باکوور و ڕۆژئاوادا ، دەچینە ناو قۆناغی سێهەمینی ڕاوێژەوە. گەلانی ئێمە بە بایەخەوە چاوەڕێی سەرئەنجامی هیوابەخش و ئەرێنی و کاریگەرن و دەبێت ئێمە لەسەر بناغەی داخواز و هیوای ئەوان چالاک بین و ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆمان بە جێ بگەیێنین. هەر بۆیە دووبارە داوا لە هەموو پارت و ڕێکخراوەیەکی سیاسیی و کەسایەتیی سەربەخۆ دەکەین خۆ بەدوور نەگرن و ڕۆڵی پێویستی خۆیان بگێڕن. هەروەها جەخت لە سەر بەردەوامیی داوەتکردن و بانگکردنی ئەوانە دەکەینەوە کە ئەم جارە لێرە ئامادەییان نەبووە.
هەروەها داوا دەکەین کە هەموو تاکەکەسێکی سەربەخۆی کورد لە هەر شوێنێک پێوەندیی بە کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانەوە بگرن و ئینیسیاتیڤی بەشداربوون و ئەرک هەڵگرتن هەڵ بگرن. بە هەمان شێوە داوا لە رێکخراوەکانی یارسان، هەورامیی و شێوەی دیکە لە ڕێکخستن کە چاوەڕووانی داوەتنامە نەبن، بەڵکو خۆیان بێنە پێشێ و خاوەنداریەتیی لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بکەن.
٧ . بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژ، سڵاو لە بەرخۆدانی زیندانیانی سیاسیی دەکەن و پشتگیریی لە خەبات و تێکۆشانیان دەکەن، پشتگیریی لە ئازادیی ژنانی کورد و تێکۆشینی لاوان و جەوانان دەکەن، داوا دەکەن کە هەمووان واز لە خۆ دوورگرتن بهێنن و لە دیالۆگی هاوڕێیانە و هاوخەباتیدا کارا بن و لەو چالاکیانەدا بەشدار بن کە لە دژی دەستدرێژیی داگیرکەران ئەنجام دەدرێن.
٨ . لە کاتی کار و خەباتی یەکیەتی نەتەوەییدا، پێویستە سوود لە رووانگە و پێشنیاری ژنانی کورد وەربگیرێت و زەمینەیان بۆ خۆش بکرێت کە لە هەموو کار و خەباتێکدا چالاکانە بەشدار بن. دەبێت بۆچوون و پێشنیاری ژنان لە تێگەیشتنی نەتەوەییدا تەواو دیار بێت.
٩. پێشنیاری ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەنگاوێکی گونجاو بۆ پاراستنی مافی تاکی کورد و هەنگاونان بۆ ڕێکخستنی نەتەوەیی و لە ئاکامدا داڕشتنی بناخەکانی دەسەڵاتێکی دیموکراتیک و سیکۆلار وەک میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسا بە گونجاو دەزانن.
١٠. بەشداربووانی کۆبوونەوەی ڕاوێژی یەکێتی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە هەموو لایەک، بەتایبەتیی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن کە پێکەوە لە هەموو ئەو چالاکیانەدا بەشدار بن کە گوشار دەخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە بەردەوامیی و هاودەنگ پشتگیریی لە زیندانیانی سیاسیی بکەن و دژ بە سێدارەدان و تیرۆرکردنی رۆژانەی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی کوردستان بووەستنەوە.
١١. بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵات پشتگیریی لە کەش و هەوایەکی ئازاد بۆ هەموو پێهکاتە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.
١٢. بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵات گیانی لێبوردەیی و پێکەوە ژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باوەڕە جیاکان، بە زامنی خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان و هەوێنی دروستکردنی جڤاتێکی مرۆڤی تەندروست و دیموکراسی لە ئایندەدا دەزانن.
١٣ . بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵات بە پێویستی دەزانن کە بەڵێننامەیەک لە لایەن هەموو ڕێکخراوەسیاسیەکانەوە واژۆ بکرێت کە شەڕی ناوخۆیی لایەنەکان هێڵی سوور بێت و هەر کێشەیەک هەیە لە رێگای دیالۆگ و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت. هەروەها بڕیار بدرێت کە هیچ لایەنێک بۆی نەبێت بە تەنیا لەگەڵ حکومەتی ئێران و لایەنی دیکە بە ناوی نوێنەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە گفتوگۆ و دانوستاندن بکات.
١٤ . بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵات داوا لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن وەکوو دوو دەسەڵاتی خۆجێی پێوەندیەکانیان لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ڕێک بخەن و ڕێگا بە پێشکەوتنێکی سرووشتیانەی پێوەندیەکانی خەڵک بدەن. پاراستنی دەستکەوتەکانی باشوور و ڕۆژئاوا ئەرکی سەرشانی هەموو کوردستانییەکە.
١٥. بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵات بە پێویستی دەزانن کە حیزب و رێکخراوەسیاسیەکان کولتوری خۆڕەخنەکردن و رەخنەگرتنی دروستکارانە پێش بخەن و پێش لە خۆبەیانکردنی ئازاد نەگرن.
١٦ . بەشداربووان پێداگریان لە سەر پشتیوانی کردنیان بۆ خەباتی کرێکاران، زەحمەتکێشان و بەتایبەتیی کۆڵبەران ڕاگەیاند.
١٧ . بەشداربووان پێداگریان لەسەر هاوخەباتیی نێوان پارچەکانی کوردستان کرد و هاوکات پێداگرییان کرد کە هیچ پارچەیەکی کوردستان نەبێت بە ئاستەنگ لەبەردەم خەبات و تێکۆشانی پارچەکانی تری کوردستان.
١٨ . بەشداربووان پێداگرییان کرد کە تێکۆشانی گەلی کوردستان نەبێت بە بەشێک لە پڕۆژەی زلهێزە جیهانیی و هەرێمییەکان.
١٩ . بەشداربووان پێداگریان لە سەر پێویستیی هاوخەباتیی بزووتنەوە و مرۆڤە ئازادیخواز و پێشکەوتووخوازەکانی جیهانیی و ناوچەیی کرد.
٢٠ . بەشداربووان پێکهێنانی یەک دوو کۆمیتە لە نێوان پارت و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتیی سەربەخۆ بۆ کاری دیپلۆماسی هاوبەش و کاری مافی مرۆڤ و هتاد بە گرینگ دەزانێت.
هاوکات ئەم گفتوگۆ و ڕاوێژە کە بە بەشداریی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان، رێکخراوی مەدەنی و کەسایەتی سەربەخۆ ئەنجام دراوە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە گەیشتووینەتە نرخ و بەهایەکی مێژوویی. گەلەکەمان بە جۆش و خرۆشەوە لەم خەباتە دەڕووانێت. لەبەرئەوە بەرپرسیاریی گەورەتر بۆ کار و خەباتی ئاییندە دەکەوێتە سەر شانمان. لەو بارەیەوە داوا لە تەواوی پارت و ڕێکخراوی سیاسیی، کەسایەتی سەربەخۆ، ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەکادیمیسیەن و دڵسۆزان و وڵاتپارێزانی ڕۆژهەڵات دەکەین کە لەم کار و خەباتەدا شان بە شانمان بن و بەشداری بکەن، هەروەها خاوەنداریەتی نیشان بدەن. هەموومان پێویستە تۆلەرانسی سیاسیی و دیموکراتیکمان ببەینە سەر بۆ ئەوەی وردەوردە بە سەر کێشە ناوخۆییەکانماندا سەربکەوین کە لە ڕاستییدا گەورە نیین، بەڵام گەورە دەکرێن.
ئێمە دڵنیایین کە درێژە بەم شێوە لە تێکۆشان ئەزموونی بەسوودی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە یەکتری و بە بەهێزکردنی هیوا بۆ گەلەکەمان دەبێت.
کۆبوونەوەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
١٦ و ١٧ی سێپتامبەری ٢٠١٧