کۆنفڕانسی بروکسێل لە ژێر دروشمی (ئێران و هەڕەشەکانی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی) بە بەشداریی هێز و لایەنی سەر بە نەتەوە غەیرە فارسەکان لە پارلمانی ئورووپا بەڕێوە چوو.
ڕۆژانی ٧ و ٨ی مانگی جوولای ٢٠٢٢ی زایینی کۆنفڕانسێک بۆ نەتەوەکانی غەیرە فارس لە پارلمانی ئورووپا ڕێکخرا و هەئیەتێکی ڕێبەریی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە سەرپەرەستیی جەماڵ پوورکەریم سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان و بە بەشداریی هەیئەتێکی ڕێبەری پێکهاتوو لە بەڕێزان : سەردار وەلدەبەیگی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ، یۆنس ڕەحیمزادە و کاویان کەماڵی ئەندامانی دەستەی ڕێبەری هاوپەیمانی بەشدار بوون.
ڕۆژی ٧ی مانگ بە بەشداریی حیزب و لایەنەکان کورد، بەلووچ و عەڕەبی ئەلئەحوازی و چەندین سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکاری بیانی کۆمەڵێک باس و بابەتی پێوەندیدار بە پرس و مافی نەتەوە غەیرە فارسەکان خرانە بەر باس و تاوتوێکردن.
لە دەسپێکدا پاش بەخێرهاتنی لایەنەکان لە لایەن د. عارف الکەعبی و دەستەی بەڕێوەبەری دانیشتنەکە، بەڕێز جەماڵ پوورکەریم سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بەو ئاماژەوە کە لایەنەکانی بەشدار خاوەن دوژمنێکی هاوبەشن و ئەمە ئێمە دەخاتە خانەی یەکریزیی تێکۆشان و چالاکی و یەکریزی لە خەبات دژی داگیرکەری ئێرانی، پاشان تەرکیزی کردە سەر ئەوەی کە دەبێ کێشەی ئازادی و سەربەستی نەتەوەی بن دەست لە هەر هەموو روویەکەوە هاوبەش و هاوکات چارەسەر بێت واتا کوردستان چۆن لە ئێران داگیرکراوە لە عێراق و سوریە و تورکیاش هەر بە هەمان شێوەیە و دەبێ لایەنەکان دان بەو ڕاستیە دابێنن.
سەرۆکی هاوپەیمانی لە درێژەدا وتی کە جوغرافیای جەعلی ئێران لەسەر بنەمای داگیرکردنی خاکی کوردستان و بەلووچستان و ئەلئەحواز و… دامەزراوە.
وڵاتانی عەڕەبی کە دەبوو پشتگیری لە خەباتی بەر حەققی کوردستان بکەن ، مەخابن دژبەری خەبات و تێکۆشانی سەربەخۆییخوازی گەلی کورد بوون و ئیسلام و ئایینیان وەک پاساوێک هێناوەتەوە.
لە درێژەدا بەڕێز سەردار وەلەدبەیگی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی هاوپەیمانی سرنجی خستە سەر ئەو خاڵە کە ئامانجی هاوپەیمانی ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران نیە و بەپێچەوانە خەباتی ئێمە بۆ گەیشتن بە سەروەری دووبارەی گەلی کوردە و کێشەی دەسەڵات لە تاران بۆ ئێمەی کورد گرینگ نییە و دەسەڵاتی ئێرانێکان به درێژایی مێژوو نیشانی داوە کە هیچ کام لە پەیماننامە و قەولەکانی میزی دانووسان وەدی ناهێنێنی و لە مێژووی ئێرانیەکان دا نیشانیان داوە کە لە مەیدانی شەڕ دا هەمیشە دۆڕاون و ئەگەر دەستکەوتیان هەبووە تەنیا لە سەر مێزی فێلکردن و دانیشتن دا هەیانبووە ، هەروەها گوتی: هیچ ئۆپۆزیسیۆنێکی ئێرانی دان بە ماڤە ڕەواکانی گەلی کورد و باقی گەلان دا ناهێنی و زۆرینەی جاریش دژایەتی ئەو مافە دەکا.
پاشان بەڕێز یۆنس ڕەحیمزادە ئەندامی دەستەی ڕێبەری هاوپەیمانی ئەماژەی کرد کە نیزامی فاشیستی ئێرانی نزیکە لە ڕووخان و یەکگرتوویی حیزب و بزووتنەوەگەلی سەربەخۆییخوازی گەلانی بن دەست لە ئێرانی جەعلی دا لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجەکانیان زۆر گرینگە و ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو پتانسیەلەی کە ئەو ڕەوتانە هەیانە بۆ دژایەتی لەگەڵ فاشیسمی ئێرانی و ئەوان تەنانەت لە هەلی دانووساندن دەکەنە گۆڕەپانی تێرۆر.
کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکەم بە ڕا و سەرنج و پرسیاری بەشداران و وەڵامی کۆڕگێڕان کۆتایی پێهات.