Home فارسی تاریخ پێگە و قەڵەمی ژن لە ئایینی دێرینی یارسان و مادەکان دا

پێگە و قەڵەمی ژن لە ئایینی دێرینی یارسان و مادەکان دا

0
474

بەر لە هاتنی ئۆردوی داگیركەران بۆ وڵاتەكەیان، پێگە و قەڵەمی ژن لە ئایینی دێرینی یارسان و میترایی و لە ناو زاگرۆسنشینەکاندا زۆر هێقم و چەسپاو بووە و ئەو ژنانی لەم نوسینەدا باسیان دەکرێت جگە لە (نەرگز خانمی جاف) سەرجەمیان بە زوانی كوردی هەورامی نووسیانە.

گەلی كورد بەر لە هاتنی ئۆردوی داگیركەران بۆ وڵاتەكەیان نموونەی گەلێكی زیندوو بوون، ئافرەتانیش وەك پیاوان لەسەرجەم ماف و ئەركەكاندا نەخشی بەرچاویان هەبووە. دیارە ئەمەش هەڵقوڵاوی بیری ئایینی رەسەنی كوردان بووە. ئەو خانمە شاعیرانەی لێرەدا باس لە ژیان و بەرهەمیان دەكرێت سەرجەمیان جگە لە (نەرگز خانمی جاف) شیعرەكانیان بە زوانی كوردی هەورامی نووسیوە. چونكە ئەو زوانە زوانی رەسمی ئەو ئاینەیە كە لەپاش لاواز بوونی ئایینی زەردەشت بە چڕوپڕترین و پڕ خەڵكترین و كامڵترین ئایینی كوردی دێتە ژماردن ئەویش (ئایینی  یارسان یان ئەهلی هەق)ە.
 
دوو هەزارو پێنج سەد ساڵ بەر لە زاین ئاریاییەكان گەورەترین جمانی مرۆییان لەمێژوودا تۆماركرد و بەرەو هیند و سەرزەمینی ئێران (مەبەست لەسەرزەمینی ئاریاییەكانە)هاتن، بەم جۆرە دابەش بوون (بەسەر سێ ناوچەدا دابەش بوون ، بەشێكیان لە ڕۆژهەڵاتی خۆراسان بڵاو بوونەوە و پێیان دەگوترا؛ پارتی یان پارتییەكان، بەشێكی تریان لە ئازربایجانەوە تا كوردستان و سنووری ئیلام كە دەكاتە چیاكانی زاگرۆس نیشتەجێ بوون، بەمانە گوتراوە؛ مادەكان یان میدییەكان، بەشی سێیەمیان لەناوچەكانی فارس و ناوەڕاستی ئێران و خوارویدا بڵاو بوونەوە و ئەمانەش پارسییەكانیان پێ گوتراوە. بەبڕوای مێژوونووسان شارستانییەتی ئاریاییەكان رەسەنترین توخمی شارستانییەتی مرۆڤایەتییە، ئەمانە لەگەڵ هاتنیان شارستانییەتێكی گەورەیان پێبوو، ئەگەرچی لەو سەردەمەدا ئەلبانییە كۆنەكان زۆر پێشكەوتوو بوون. بەڵام وەك دیاكۆنۆف دەڵێت: ” سەرباری لێكچونی فەرهەنگی مادەكان و ئەلبانییە كۆنەكان كە لەو سەردەمەدا لەپێشەنگی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتیدا بوون، ناكرێت بگوترێت مادەكان كاریگەر بوون بە ئەلبانەكان، لەوانەیە ئەلبانییەكان لەژێر كاریگەری مادەكاندا بووبن لە زۆر روەوە”.

پێگەی ژن لەناو مادەكاندا زۆر هێقم و چەسپاو بووە، نموونەی زیندوی ئەمەش (سترابون) باسی دەكات، لە ساڵی 612 پ.ز، كاتێك (هوەخشتەر)ی ماد شاری موسڵ داگیر دەكات ئافرەتێكی میدی دەكا بە پارێزگاری ئەو شارە.
لەڕوی ئایینیشەوە لەناو زاگرۆس نشینەكاندا ئافرەت پێگەی ئایینی خۆی هەبووە، لە ئایینی میترائیسمدا پایەی دووەمی ئەو كەسانەی ئەچنە بازنەی ئایندار ییەوە پێیان دەگوترێت (هامسەر یان هاوسەر) و بە یۆنانی پێی گوتراوە(نیمفوس-nymphus) و ئاماژەیە بۆ ئەستێرەی زوهرە كە كاتی خۆی(ناهید) ی پێ گوتراوەو (ئاناهیتا) ش یەكێكە لە سیمبولە دیارەكانی ژن لەم ئایینەدا كە شوێنەوارەكەی لە شاری (كەنگاوەر) ی رۆژهەڵاتی كوردستانە.
پاش ئایینی میترائیسم لەناو مادەكاندا ئایینێكی دیكە دەركەوت كە ئاینی زەردەشتییەتە، سیما دیارەكانی ئەم ئایینە ژینگە پارێزی و ژن پارێزییە.
لە ئایینی زەردەشدا خولقاندنی ژن و پیاو جیاوازی نییە و هەردوكیان لەیەك ڕیشەن.
لە یەكێك لە رۆژەكانی مانگی میهردا دوو ساقە رێواسی لەیەك ئاڵاولە زەمیندا سەریان دەرهاورد و وردە وردە لەشێوەی گیاوە گۆڕان بۆ مرۆڤ و یەكێكیان نێر بوو ئەوی دیكەیان مێ، نێرەكە ناوی نرا (مەشی) و مێیەكەش (مەشیانە) 
یەكەمین قسەیەك دوای ستایشی ئاهورامەزدا كە مەشی و مەشیانە كردیان گوتیان: “هەر كام لە ئێمە دەبێت خۆشنوود و دڵگەرم و خۆشەویستی و دۆستی یەكتر قبوڵ بكەین”.
لەوەش گرنگتر قسەو پێشنیارەكەی خودی ئەشو زەردەشتە كاتێك كە (جاماسب)ی داناو ئەستێرەناس بۆ كچەكەی هەڵدەبژێرێت كە ببێتە هاوسەری، لەو كاتەدا بە(پروچیستا)ی كچی دەڵێت: “من (جاماسب)ـم بۆ هاوسەری تۆم پێشنیار كردوە، تۆ بەعەقڵ و فامی خۆت پرس و ڕا بكەو بزانە ئایا ئەو كەسە شایستەی هاوسەری تۆیە یان نا”
ئەوەشمان لەبیر بێت لەناو زاگرۆس نشینەكان و ئاریاییەكاندا چەندین ژنی بە ناو و پێگەمان هەن وەك لە بەرگی 11 ی كتێبی (فرزانگان ایران) دا هاتووە، لەوانەش:

١ یوتاب، یەكێكە لەو ژنە مادانەی لەجەنگی دژی ئەسكەندەردا پاڵەوانییەتی نواندوەو لە كێوەكانی چوار مەحاڵی بەختیاریدا و دواتر بوەتە فەرمانڕەوای ئازەربایجان.
٢- ئاتوسا، فەرمانڕەوای زیاتر لە28 وڵات بووە لەسەردەمی داریوشی گەورەدا و لەبەرامبەر لەشكركێشی یۆنانییەكاندا پاڵەوانییەتی نواندوە و (هرودوت)ی یۆنانی چەندین جار ناوی هێناوە.
٣- ئەرتاداخت، لەسەردەمی دەسەڵاتدارییەتی ئەردەوانی چوارەمدا وەزیری دارایی بووە.
٤- ئازەر میدیخت، سی و دووەمین پاشای ساسانییەكان بوە.
٥- پەرین، كچی كەیقوباد بووە، ساڵی 924 پێش زایین، هەزاران لاپەڕەی لە ئاوێستا كۆكردوەتەوەو بۆ یەكەمجار لە مێژوی رۆژهەڵاتدا ئاوێستای بە تەواوی نووسیوەتەوەو دابەشی سەر دەوڵەتەكانی ئیمپراتۆرییەتی مادی كردوە.
٦- پوران دوخت، بیست و پێنجەمین پادشای ساسانییەكان بووە.

پاش ئایینی زەردەشت ئایینێكی دیكە سەرهەڵدەداتەوە كە ڕیشەكەی لەنێو ئایینە كۆنەكانەوە دێتەدەرەوە ئەویش ئایینی یارسانە و لەم ئایینەشدا ژن و پیاو یان راسترە بێژین نێرو مێ لەیەك هەویر دروستكراون و لەئەرك و مافدا یەكسان بن وەك ئەوەی لەسەرەنجامدا هاتووە:
                سكەی سابتی موهرەی نێروما
               شەهادەت ڕموز ڕاستگۆ و راهنوما

یارسان:

ناوی ئایینێكی كوردی و قوتابخانەیەكی سۆفیگەری كوردی رەسەن و خۆماڵییەو سەرەتاو گەشەسەندنی لە خاكی كوردستاندا بووەو بەئێستەشەوە ئەم ئایینە شوێنكەوتوی هەیە و لەبرەودایە. 
یارسان لە دوو وشەی لێكدراو پێك هاتووە (یار) و (سان) واتە یارانی سوڵتان و ئاماژەیە بۆ سان سەهاكی بەرزنجی.
ئەگەرچی ئەم ئایینە بۆ پێش سەردەمی سانسەهاك دەگەڕێتەوەو  كۆنترەو و بەڵگەش بۆ ئەمە راپەڕینی موبارەك شا ناسراو بە شاخۆشێن (320 – 410 ی كۆچی مانگی ) و پێشتریش بالولی ماهی كە دژی عەباسییەكان یاخیبوونی راگەیاند لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس، هەر ئەو بوو دروشمی سپۍپۆشی هەڵگرت لە دژی ڕەشپۆشی عەباسییەكان كە تا ئەمڕۆ لەناو پەیڕەوانی ئەهلی هەقدا پەرچەم و پۆشاكی سپی نیشانەیە.
 
قۆناغەكانی دیكە لە ئاینی یارساندا بریتین لە:

-قۆناغی شەریعەت: قۆناغی پێغەمبەرەكانە تا دەركەوتنی مەولا عەلی.
– قۆناغی تەریقەت قۆناغی دەركەوتنی مەولا عەلییە.
– قۆناغی ماریفەت لە دەركەوتنی موبارەك شای لوڕستانی ناسراو بە شاخۆشێن دەست پێدەكات.
– قۆناغی حەقیقەت قۆناغی دەركەوتنی سوڵتان و یارانییەتی

نامەی سەرەنجام:

 گرنگترین و پیرۆزترین كتێبی  یارسان یان ئەهلی هەقەكانە و بە شێوەیەكی تەواوەتی لە سەدەی هەشتەمی كۆچیدا لەلایەن سوڵتان و هاوەڵانییەوە نووسراوەتەوە بە هەورامی.
ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە ئەم كتێبە بەسەر شەش بەشی سەرەكیدا پۆلێن كراوە ئەوانیش بریتین لە: ” بارگە بارگە، دەورەی هەفتەوانە،گڵیم و كۆڵ،دەورەی چلتەن،دەورەی عابدینی جاف،وردە سەرەنجام” كە بنەماو تایبەتمەندی و هەموو یاساو رێساكانی ئەم ئایینە لێرەدا نووسراوە.

ئامانجی لێكۆڵینەوە:

ئایینی ئەهلی هەق یان یارسان یان عەلەوی و بەكتاشی، یەكێكە لەو ئایینانەی كە سەراپا كوردییە و تا ئێستاش زۆرێك لەخوێندەوارانی كورد لەبارەی ئەم ئایینەوە شارەزایی تەواویان نییە.
بەتاییەت لە زۆرێك بۆنەدا دەگوترێت كە كۆمەڵگەی كوردی لە دێر زەمانەوە دواكەوتوو بووە بەرامبەر بە مافەكانی ژنان.
لەم توێژینەوەیەدا دوو ئامانجی سەرەكی بونەتە فاكتەری ئەم بابەتە:

١- لە ڕابردوودا لەسەر زەمینی كورداندا بەتاییبەت لە هەوراماندا ژنان نەك لە ژیانی كۆمەڵایەتی و رۆژانەدا بگرە لە ئایینی ناوچەكەشدا بەشدارییان هەبوەو جێ پەنجەیان دیارە.
٢- ساغكردنەوەی لاپەڕەیەكی نادیار لە مێژووی قەڵەمی ژنانی كورد لە سەدەكانی رابردوودا و بەمەش خەرمانی ئەدەبی كوردی دەوڵەمەند بكەین.

وەك دەبینین لەئەدەبی كوردیدا ئەوەی وەك نووسراو هەیە هەندێك دەڵێن؛ لە دوو بەیتییەكانی بابا تاهیرەوە دەست پێدەكات ، بەڵام بەچاوخشاندنێك بەكتێبە پیرۆزەكانی یارساندا ئەوەمان بۆ بەیان دەبێت كە پێشتر لە بابا تاهیر لەو كتێبانەدا تێكستی نووسراو هەیە.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لەزۆرێك لە كتێبەكانی تایبەت بەمێژووی ئەدەبی كوردی كە ئەوەی بەڕێز دكتۆر خەزنەدار باشترینیانە، كەم و زۆر نەچووە بەلای هیچكام لەو ژنانەدا كە جێپەنجەیان لەناو كتێبەكانی یارساندا دیارە.
بەرگی یەكەمی كتێبەكەی دكتۆر خەزنەدار لەسەرەتاوە تا سەدەی چواردەمی لەسەر نووسراوە بەڵام هەندێك ناوی كەم نەبێت كەئەویش تەنها هی پیاوەكانە ناوی كەسی دیكەی نەهێناوەو بەمەش ئەلقەیەكی ناڕۆشن لەو نێوەندەدا بە نادیاری ماوەتەوە.
بەداخەوە نووسەرو لێكۆڵەرو خوێندەوارانی كورد زۆر بەكەمی نەبێت ئاگایان لەو گەنجینە كلتووری و ئەدەبی و رۆشنبیرییەی یارسان نییەو ئەو كەمە شارەزاییەش هەبێت لەزمانی كەسانی بیانییەوە وەریانگرتووە، كە ئەو كەسانە زۆربەی زانیارییەكانیان هەڵەن

ژنانی شاعیر لەئایینی یارساندا:

– دایە تەورێزی هەورامی

دایە تەورێز شاعیرێكی هەست ناسك وپەیڕەوكارێكی ئایینی كوردان و ڕۆشنبیر بووە. لەسەرەنجامدا هاتووە: لە سەرەتای سەدەی چوارەمی كۆچی لە هەوراماندا هاتووەتە ژیانەوە. لەگەڵ شاڵاوی داگیركەران بۆ سڕینەوەی مۆركی ئایینی و كلتووری كوردان و كاتێك هەستیان بە مەترسی هێرشی بێگانان كردووە بۆ ناوچەكەیان، بەدەم بانگەوازەكەی”بابا سەرهەنگی دەودانی “یەوە چووە. بابا سەرهەنگ یەكێك بووە لە پەیڕەوانی ئایینی كۆنی كوردان و لەو پێناوەدا گیانی بەخشیوە.
 كاتێك(بابا سەرهەنگ) هەواڵی كوژرانی هاو ئایین و هاو زمان و هاو نیشتمانیانی بەدەستی هۆردوی داگیركاری عەرەب دەبیستی و هەواڵی بەدیل چوونی شەن و كەنیكان دەژنەوێت،  دەداتە كێوەكانی هەورامان و بانگەوازی ئاین و شۆڕشێكی نوێ دەكات وەك لەم دو بەیتیەدا دیارە:

پەی ئامانتان، پەی ئامانتان 
گرد ئامادەیان پەی ئامانتان
 ئەز مەڵهەم مەنیەو ئەزامانتان
مەڕەسم وەهەق ئیمامانتان

واتە: خۆتان ساز و ئامادە بكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داگیركەران ومنیش دەگەمە لاتان و توڵەی ڕابەرە لە خوێن شەڵاڵەكانتان دەسێنم.
 ئەم خانمە شاعیرە لەگەڵ ئەوەدا بوێژێكی خامە ڕەنگین و وشە ناسك بووە(تەموورە) ژەنێكی لێهاتووش بووە و لەگەڵ زایەڵەی (تەموورە) دا (كەلامی) خوێندووە.
 دایە تەورێز یەكەمین شاعیری ئافرەت بووە لە (سەرەنجام) دا شیعری هەبووە، كۆمەڵێك دەقی جوانی لەپاش بەجێماوە لە شێوەی دوو بەیتی و لە كتێبێكدا بەناوی “دەورەی بابا سەرهەنگ “
دایە تەورێز لە كۆتایی  سەدەی چوارەمی كۆچی لە هەورامان كۆچی دوایی كردووە و هەر لەوێش نێژراوە.
ئەمەش نموونەی شیعرەكانیەتی كە  دو بەیتین و شەش دووبەیت دوو بەیت شیكاریان دەكەین

رازەن پیاڵەم، رازەن پیاڵەم  
سەرسامم نەبەزم  رازەن پیاڵەم
بادەی پیاڵەم یاوا وەناڵەم   
چونكە ناڵەكەم بەرز بی نەعاڵەم

واتە: پیاڵەی مەی نۆشی و ڕازی جوانیم پڕە لە نهێنی و لە بەزمی جەمدا سەر سامم و بادەی پیاڵەم بە فریادم گەشت و ناڵەم گەشتە بەرزایی دونیا.
 تەورێز دەیەوێت بڵێت: لە ئەفسونەوە پیاڵەیەك مەی درایە دەستم و مەستی كردم. لە مەستیمدا سەرسامی بەزمی جەم بووم. لەوێدا یاران لە پەنهانی ئەودیو نهێنییەكانەوەن، من دەروونم گڕی گرتبوو بە گڕی عەشقی پیاڵەی خاوەندكارم و ناڵە و هاوارم گەردوونی گرتبوو بەو پیاڵەی پڕ لە مەیە جۆش و خرۆشی دەروونم دامركایەوە.

– جەلالە خانمی لوڕستانی 406- تا 467

ئەم خانمە شاعیرە خودان ژیانێكی پڕ لە ئەفسانە و ڕووداوی سەرنج ڕاكێشە، ژیانی و شێوازی لەدایك بوونی شاخۆشێنی كوڕی وەك لەدایك بوونی عیسای كوڕی مریەمە.
جەلالە خانم كچی میرزان ئامانای فەرمانڕەوای لوڕستان، لە لوڕستان لەدایك بووە
لێرەدا نموونەیەك لە دوو بەیتییەكانی ئەو خانمە شاعیرە بڵاو دەكەینەوە لەگەڵ لێكدانەوەی دەقەكان:

نە بەرەی شاهی، نەبەرەی شاهی 
ئارۆ نیشتەبێم نەبەرەی شاهی 
مێردان و ژەنان مەشین وەشاهی 
پەرێ شاخۆشێن مەدان گەواهی

واتە: ئەمڕۆ ژیانم لەبەردەم دەروازەی شاه دا بوو،بەكامی دڵ تەماشای ژن و پیاوانم دەكرد كە دەستە دەستە دەچوونە لای (شاخۆشێن)ی كوڕم و بڕوایان بەو دەهێنا وشایەدی راستییان بۆ دەدا وسەریان پێدەسپارد.

ڕێحان خانمی لوڕستانی

ئەم خانمە تەنیا ئەوەندە لەسەر ژیانی هەیە كە لە سەدەی پێنجەمی كۆچیدا لە لوڕستان لە دایك بووەرێحان خانم ئەستێرەیەكی دیاری سەردەمی فەرمانڕەوایی (عەییاری)یەكان بووە كە ئەم بنەماڵەیە لە ساڵی 380 تا 510ی كۆچی حوكمڕانی ناوچەكانی شارەزوور و دینەوەر و كرمانشان و لوڕستانیان كردووە و  لە قۆناغی فەرمانڕەوایەتی ئەواندا گەلێك بایەخ بە هونەر و وێژە و فەرهەنگی كوردی دراوە. لەرێحان خانمەوە چەندین دێرە شیعری بەرز و پاراو ماونەتەوە ئەمەش نیشانەی شارەزایی ئەو خانمە لە ئەدەب و زوان و هونەرەكانی شیعردا، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەم خانمە تەمورە ژەنێكی لێهاتوو بووە و بەدەم نەوای تەمبوورەوە شیعرەكانی خۆی لەو بۆنە ئاینییەكاندا خوێندووەتەوە.
ئەمەش نموونەی هەندێك لە شیعرەكانییەتی

ئەو ڕۆی ماتیان، ئەو ڕۆی ماتیان 
بارگەی شام وستەن ئەو ڕۆی ماتیان 
ئارۆ نیشتەبێم نە كۆشك كیان
دیم ئاوی ئەوڕۆ گەوارا وە گیان

واتە/ بارگەی شاو سەروەرەكەم لە (مانیان) هەڵیداوە روباری (مانیان) یان (مادیان) لە نێوان (كۆدەشت، و مەولاوی خوڕەم ئاوا) دایە و لای پەیڕەوانی ئەهلی هەق ئەم رووبارە پیرۆزە، ئەو رۆژە لەسەر كۆشكی رەوان و گیاندا دانیشتبووم و رووبارەكە كەوتە تافە تاف و باوەڕهێنان بە شاخۆشێن.

-فاتمە لوڕەی گۆران

یەكێك لە ئەویندارانی بابا تاهیری هەمەدانی و دەروێشێكی عاشق بووە، عەشقێك پڕاوپڕ لە مەجاز، تا دواتخووبەكانی عاشق بوون و سووتاوی ئەوینی دڵ.
فاتمە لوڕەی گۆران لە هەمەدان لەدایك بووە و هاوژیانی بابا تاهیرە لەسەردەی پێنجەمی كۆچیدا وەك لە كتێبی دەورەی شاخۆشێن ئاماژەی بۆ كراوە.
فاتمە لەسەرەتای لاوییەوە وەك دەروێشێكی خواناس دەچێتە لای بابا تاهیر بۆ فێربوونی زانست و گەیشتن بە هەقیقەت، بەڵام هەرزوو ئەوینی دڵ زاڵ دەبێت بەسەریدا و بڕیار دەدات بۆ تاوێك لای ئەو پیاوە چۆڵ نەكات، بەڵام ئەم رازە لای خودی بابا تاهیریش نادركێنێ تا جارێكیان شاخۆشێن دێتە هەمەدان و دەچێتە جەمخانەكەی باباتاهیر و لەوێدا فاتمە دەبینێت ولە سوتانی ناخی دەگات، لەوێدا شاخۆشێن مژدەی دەداتێ تا رۆژی پەسلان پێكەوە دەبن.
لە فاتمە لوڕەوە كۆمەڵێك دێرە شیعری ناسك بەرچاو دەكەوێت كە زۆرتر هەوای عەشقیان تێدایە و  كەمتر سۆفی گەرایی.

گیان پەرێ چێشەن، گیان پەرێ چێشەن
هەركەس تۆ دارۆ گیان پەرێ چێشەن
وەنامت سەوگەند دەروون پڕ ئێشەن
بێ تۆ گیان و زێڵ هەمیشە رێشەن

واتە: سەروەرم گیانم بۆچییە، هەركەس تۆی هەبێت گیانی ناوێت بە ناوی پیرۆزت سوێند دەخۆم كە دەروون پڕ لە ژانە بەبێ تۆ هەمیشە گیان و سۆزی دڵ پڕ لە ئازار و زامزەدەن.
ئەمە سۆزی عاشقێكە بە رابەرەكەی دەڵێت گیانم ناوێت، گیان بۆچی باشە، راستە من زیندووم بەڵام سۆزی عەشق كوشتومی ئەگەر تۆ كارێكم بۆ بكەی بگەمە عاشقەكەم دووبارە گیانم وەبەر دێتەوە.

-لزا خانمی جاف 

لزا خانم یان نسا خانمی جافیشی پێدەگوترێت لەسەدەی پێنجەمی كۆچیدا لەشارەزور لەدایك بوەو پاشان رویكردوەتە لوڕستان و ژیانی لەوێ بەسەربردوە، جیاوازی لزا یان نسا خانم لەگەڵ ژنانی شاعیری نێو سەرەنجامدا لەوەدایە ئەم خاتوونە یەكەمین كەسێكە جگە لە هۆنراوە ئایینییەكانی، پەلی كوتاوە بۆ ناو سروشت و شیعری ناسكی نووسیوە لەوبارەیەوە:

 وەفران بی وەئاو،وەفران بی وەئاو
وەهار چون ئاما،وەفران بی وەئاو
گوڵ و وەنەوشە هۆرێزان جەخاو
پەرێ ئارایش دەشت و كۆف و كاو

واتە: بەفرەكان بوون بە ئاوو لەكاتی هاتنەوەی بەهاردا و گوڵ و وەنەوشە لەخەو هەستان بۆ ئەوەی ئارایشی دەشت و كێو بكەن.

-مەی زەرد

ئەوەی لەبارەی ژیانی ئەم خاتونەوە هەبێت ئەوەیە لە سەدەی پێنجەمی كۆچیدا لە لوڕستان ژیاوە.

-دایە خەزانی سەرگەتی

خەزان كچی ئەحمەد سەرگەتییە، لە سەرەتای سەدەی پێنجەمی كۆچی لە گوندی سەرگەتی هەورامانی باشوورلە نزیك شاری هەڵەبجە لەدایك بووە، خەزان لەسەر دەستی دایكی فێری خوێندن و نووسین بووە و دواتر لەلایەن زۆرێك لە زاناكانی ئەو سەردەمەدا خوێندوویەتی و پاشان بووەتە ژنێكی پارێزگار لەسەر ئایینی یاری و شیعری هۆنیوەتەوە و لەوانەش

تیری وەت كەفۆ دەم و دگانا
مەردەت زیندەكەرد جە گۆڕستانا
یارت گلەودان جە وەر ئاوانا
چای خودایوەن هەنش نیشان

واتە/ تۆ نزیكیت هەبووە كە تیری باوەڕی… ئەو تیرە چەقیە دڵمەوە  من مردبووم تۆ لە گۆڕستانا زیندووت كردمەوە منت لەلافاوی رووباراندا گڵ دایەوە تۆ نوێنگەی خوایت و منت ئازاد كرد. 

-خاتو رەزبار

دایراك كچی حەسەن بەگە، رەزبار و رەمزباریشی پێدەگوترێت، لە ناوەڕاستی سەدەی هەشتەمی كۆچی لە شاری  حەلوان لە دایك بووە، هەر لە منداڵییەوە باوكی مامۆستای تایبەتی بۆ گرتووە و پاشا لای مەلایان خوێندوویەتی. دایراك یەكێكە لە ئافرەتە هونەرمەندە خەت خۆشەكان و زیاتر خەریكی خوێندنەوەی كتێبە كوردییەكان بووە وەك دیوانی شاعیران و كەشكۆڵەكان. لە تەمەنی 19 ساڵیدا شووی كردووە بە شێخ عیسای بەرزنجەیی و دایكی سان سەهاكی بەرزنجەییە كە نوێكەرەوەی ئاینی ئەهلی هەقە، رەزبار جگە لە هونەری خۆش نووسی و  شیعردا جێ پەنجەی دیار بووە لەگە ئەوەشدا مامۆستایەكی دڵسۆز بووە لەوانە گوتنەوە و چەندین كچی فێری تەموورە لێدان كردووە، واجار ساڵی 745ی كۆچی لە دێی شێخان كۆچی دوایی كردووە و هەر لەوێش بەخاك سپێردراوە. بەو پێیەی رەمزبار یەكێكە لە هەفت تەن و یەكەمین ژنێكە لە كانی گوێزەڵە ی بناری شاهۆ جەمی بەستبێت و بەشدار بوبێت تێدا، بۆیە بەشێك لە پایەو مەرجەكانی ئایینی یاری ئەم خانمە نووسیونی و لەوانەش:

 قیلەگام جەما،قیبلەگام جەما
 قیبلەی یارانم پردیوەر جەما
كاوەم(كەعبە) سوڵتانا یار ئەعزەما

ئەزێ پەروانە سوڵتانم شەم
واتە: جەمخانە قیبلەی منەو ویاران لەپەردیوەری هەوراماندا كۆبوونەتەوە، كەعبەی من سوڵتان ئیسحاقە و من پەروانەم و سوڵتانم شەمەعە

– حەبیبەی شارەزووری

حەبیبە كچی شێخ سەدەردینی شارەزوورییە و ساڵی 681ی كۆچی لە شارەزوور لەدایك بووە، لە تەمەنی 66 ساڵیدا لە ساڵی 749ی كۆچی ماڵئاوایی لە ژیان خواستووە و لە شێخان بەخاك سپێردراوە وهۆنەر بووە و ئەمەش نمونەیەک لە شیعرەکانی:

بەدەریا وەستەن، بە دەریا وەستەن
بارگەی بنیامان بەدەریا وەستەن

خاتوو نازداری شیرازی

ئەگەرچی مێژووی لەدایكبوونی دیار نییە، لەسەرەتای لاویەوە لای فەقێ و  مەلایان د زانستە ئایینیەكان دەخوێنێت، پاشان ئاشنای فەلسەفە دەبێت و وەك ژنێكی عەقڵانی بە دوای وەڵامی پرسیارەكانی ناخیدا دەگەڕێت و سەرەنجام رێگەی شارەوزوور و هەورامان دەگرێتەبەر و دەگاتە گوندی (شێخان)ی مەڵبەندی گەشەسەندنی ئایینی ئەهلی هەق و لەوێ لای سان سەهاكی بەرزنجی دەمێنێتەوە و سەری پێدەسپێرێت وپاشماوەی ژیانی لە هەورامان بەسەر دەبات و دەبێتە یەكێك لە 72 یارانی سوڵتان ئیسحاقی بەرزنجی و دواجار لەساڵی 764ی كۆچی ماڵئاوایی لە ژیان دەخوازێت.

– نێرگس خانمی شارەزووری

نێرگس یان نەرگز یشی پێ دەگوترێت، كچی مەلا شوكروڵڵای شارەزوورییە، لە سەرنجامدا هاتووە ساڵی 713 كۆچی لە شارەزوور لە دایك بووە، نەرگس خانم لەتەمەنی 63 ساڵیدا لە شێخان كۆچی دوایی كردووە و سەرجەمی بەرهەمەكانی لە كتێبی (دەورەی عابدین) دا پارێزراون، ئەم خانمە شاعیرە خاوەن شێوازێكی جیای نووسینە. جیاواز لەم كێشانەی لەو سەردەمەدا شیعری پێ نووسراوە وەك لەم نموونەیەدا دیارە:

بادەم یارەو جامم یارە
شادیم یارەو كامم یارە
بیرم یارە و هۆشم یارە
هۆچی چی هەر نۆشم یارە

زەڕبانوی دەرزیانی (خاتون)

كچی یوسف بەگی دەرزیانییەوە ساڵی 780ی كۆچی لە دێی دەرزیان لە دایك بووە، زەڕبانوو لە تەمەنی لاویەتییەوە دەستی داوەتە نووسین و چەندین شیعری تەڕ و پاراوی  لە پاش خۆی جێهێشتووە كە لە دەفتەرێكدا بەناوی (دەوری قرمزی) كەنازناوی كوڕەكەیەتی پارێزراوە.
رەزیانۆ هەر لەسەرەتاوە نازناوی (خاتوون)ی بۆ شیعری خۆی داناوە، ئەم خانمە ساڵی 845ی كۆچی ماڵئاوایی لە ژیان خواستووە

خواجەم لوتفش كەرد خواجەم لۆتفش كەرد
وە (خاتون) خواجەم لوتف و كەرەم كەرد
پەخشاش پێم (قوڵی) یانی لوتفش كەرد
تا پەسڵان خواجەم منەت بارمش كرد

واتە: خواجە و رابەرەكەم كە (بابا تاوسی جاف)ە لوتفی كرد بە (خاتون) بەزەیی هاتەوە و (قوڵی) پێ بەخشین كە تا رۆژی پەسڵان منەت باری كردم.

سەمەنی دەودانی ، خاتوون زەینەب ، خاتوون گوڵی ، دادا سیمە، ئەمانەو چەندین ناوی تر.

دەرەنجام:

شێوەی هەورامی هەندێك گرنگیی و توخمی زمانەوانی تێدان لەوانەش وزەی گوتار و كاریگەری مانەوەی لە نەستدا كە ئەمەش بەندە بە هێزی زوان و توخمەكانی وەك ” دەنگ و مۆرفیم و رستەو بەیان و هتد.
هەر ئەم شیرینی زوانییەیە بیەن بە هۆكار بۆ ئەوەی تا قۆناغی تۆماركردنوو نوسینەوە ئەم كەرەسە ئاینی و فەرهەنگی و كلتورییە بەهۆی ئەزبەركردنەوە بێتە پاراستن، ئەگەر تەماشای زەمەنی هەریەك لە ژیانی ئەو ژنە شاعیرانە بكەن ئەوا قۆناغێكی زێڕین بەرچاو دەكەوێت، ئەویش قۆناغی ئایدیایەكی كوردانەی رەسەن بووە لەگەڵ برەوسەندنی ئەو ئایدیایەدا.

٭٭پێشكەشە بەو ژنە كوردانەی، دەیانەوێت ئیتر بندەست نەبن.

نوسینی/ نامیق هەورامی

هـ.هـ

س.ANF

نوێترین بابەتەکان
پەیامی یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان و سازمانی یاری کورد بە بۆنەی هاتنەوەی جێژنی پیرۆزی سێ رۆژەی خاونکار بەیاننامەیەکی پیرۆزبایی بە بۆنەی ٢٥ ساڵەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە): ئاگاداری بۆ ڕای گشتی لە پێوەندی بە رفاندن و کوشتنی لاوانی ئازادیخوازی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەشداری یاری کورد لە کونفراسێک کە بۆ نەتەوە بندەستەکانی ئێران لە برۆکسل و پەرلەمانی ئەوروپا رێک خرابوو گەشتێک بە نێو پەرتۆکی “ئایینی یاری”دا,لە نووسینی د. حسێنی خەلیقی پەیامی پرسە و سەرەخۆشی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و رێکخراوی یاری کورد بە بۆنەی کوچی دوای خاتوو * ئاسە(ئاسیە )فەزڵی* بەشداری کۆمیتەی ئاڵمانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ڕێکخراوی یاری کورد لە پرسەی شەهیدان وەفا ئازەربار، پژمان فاتحی ، محسین مەزڵوم و محەممەد فەرامەرزی بەشداری شاندێکی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ڕێکخراوی یاری کورد لە کۆنفرانسێکدا لە پەرلەمانی لۆردەکانی ئەنگلیس بە ئامادەبوونی دەیان پەرلەمانتار و لۆردی ئەو وڵاتە تداوم قتلهای حکومتی رژیم نشان از ضعف حاکمیت، از ملت کورد می خواهیم فردا در اعتصاب سراسری شرکت نمایند پەیامی یەکێتی شۆرشگێرانی کوردستان و ڕێکخراوی یاری کورد بە بۆنەی لە سێدارەدانی رۆڵەکانی نەتەوەی کورد پەیام و بروسکەی پیرۆزبایی رێکخراوی یاری کورد بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی قەوەڵتاس ڕێکخراوی یاری کورد و یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان زۆر بە توندی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر باشوور و گەلی کوردستان مەحکووم دەکن نویسنده کرمانشاهی: زبان کُردی از فارسی غنی‌تر است اما مکتوب نیست پیام تبریک سال نو میلادی از سوی اتحادیه انقلابیون کوردستان و سازمان یاریکورد بررسی دیدگاه علمی درباره وجود خداوند , مذهب مانع ملت کورد برای رهایی از استعمار سرزمین کوردستان است