چی بۆ عێراق پێویستە؟ ئەیوب براخاس

0
221

کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیس لە سەرەتای ساڵی نوێوە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لەگەڵ خۆی ھێنا و ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بردە قۆناغێکی نوێوە، بەوەی تا ڕادەیەکی زۆر ئێرانی لە عێراق و ناوچەکە لاواز کرد، چونکە سولەیمانی نوێنەرایەتی سیاسەتی ئێرانی دەکرد لە ناوچەکەدا و کەسێکی بەھێز بوو لە کۆنترۆڵکردنی میلیشیا شیعەکان و ڕێکخستنیان و بەکارھێنانیان بۆ خزمەتی سیاسەتەکانی ئێران.

ئەگەرچی ئێران بە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵێک موشەک ھەوڵیدا تۆڵەی سولەیمانی بکاتەوە، بەڵام ئەوە دواتر دەرکەوت کە تەنھا بۆ ڕازیکردنی ئەو جەماوەرەیە، کە داوای تۆڵەیان دەکرد، ئەگەرنا ئەوە ڕوون بووەوە کە ئێران ناتوانێ شەڕی ئەمریکا بکات.

کوشتنی سولەیمانی و موھەندیس و خۆپیشاندانەکانی عێراق و پێکھێنانی حکومەتی نوێ و ھەوڵەکانی ڕێکەوتنی ھەولێر و بەغدا لەسەر بودجە و نەوت، ھەموویان پەیوەندییان بە یەکەوە ھەیە.

ماوەی چوار مانگە خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامن و یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران چوونەدەرەوەی ئێرانە لە عێراق، بۆ ئەوەش خۆپیشاندەران لە چەند شارێک کۆنسوڵخانەی ئێرانیان سوتاند.

ھەژموونی ئەمریکا خەریکە لە عێراق دەگەڕێتەوە، بەوەی نوێترین کاندید بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، کە محەمەد تۆفیق عەلاویە، ئۆکەی ئەمریکای لەسەرە و بەوەش ئەگەری ئەوە ھەیە ھێدی ھێدی حکومەتی نوێ لەژێر ھەژموونی ئێران دەربچێت.

ئەوەی لە عێراق دەگورەزێت جگە لە گەندەڵیی بەرپرسان و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی وڵات و بیرنەکردنەوە و نەبوونی پلانی ستراتیژیی بۆ پێشخستنی عێراق، دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکیش ئەوەندەی دیکە کێشە و قەیرانی لە عێراق دروستکردوە و سەقامگیریی تێکداوە، چونکە دەستێوەردانی دەرەکی زۆر جار ھەوڵی دروستکردنی دووبەرەکیی و ئاژاوە دەدات لەنێوان پێکھاتە جیاوازەکاندا.

بۆیە ئەوەی کە چوار مانگە خۆپیشاندەران لەسەر پێن و لە مەیدانەکانن، ئەوەیە کە دەیانەوێت سەروەریی و شکۆ بۆ وڵات بگەڕێتەوە و عێراق ببێتە وڵاتی عێراقییەکان، چونکە دەستێوەردانە دەرەکییەکان و میلیشیاکان سەروەت و سامانی وڵات بۆ خۆیان دەبەن و گەنجانی ڕەسەنی وڵاتیش لە دۆخێکی قورسی ھەژاریی و بێکاریدا دەژین.

ئەوان بۆ ئەوەی ئەو دۆخە تێپەڕێ و خاڵێک بۆ حکومڕانی ١٧ ساڵی ڕابردووی عێراق دابنێن، چوار مانگە لەسەر شەقامەکانن و نزیکەی ٥٠٠ شەھیدیان داوە و سەدان کەسیش بریندار بوون، ئەوە ئیتر خاڵی کۆتاییە بۆ ئەو سیستم و سیاسەتە.

ئەوەی لە عێراقدا شۆڤێنیزم و ھەستی تایفی پێشنەخستووە، کوردەکانن، کە توانیویانە ئەوە نیشان بدەن جیاوازیی نییە لەنێوان کورد و عەرەب و سونە و شیعە، بۆیە ئەگەر ئەوان بەھێز ببن و لە عێراقدا دەسەڵاتیان زیاتر ببێت، ئەوا دەتوانن پێکەوەژیانێکی نوێ لە ھەموو عێراق بھێننە ئاراوە.

بە بۆچوونی من پێویستە کورد ئەو دۆخە تێپەڕێنێت کە گەلێکی زوڵم لێکراوە و چەوسێنراوەتەوە، بەڵکو دەبێت بیر لە زیادکردنی ھەژموونی دەسەڵاتی بکاتەوە لە عێراقدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دژی ئەوە نابن، چونکە ئەوەی لە کوردا ھەیە پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردنە.

ئەگەرچی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کوردی لە عێراق لاواز کرد و سنوری دەسەڵاتیان کەم بووەوە، بەھۆی ئەوەی میلیشیا شیعەکان ھێرشیان کرد و بەشێکی زۆریان خستە ژێردەستی خۆیانەوە، بەڵام دیسان کورد بە سیاسەتێکی نوێ دەتوانێت ھەژموونی دەسەڵاتی خۆی لە عێراق فراوان بکات و کاریگەرییەکانی خۆی لە بەغدای پایتەخت زیاتر بکات.

ئەوەش بە سیاسەتێکی نوێ و بەرنامەیەکی ستراتیژیی، کە بەرژەوەندی خەڵک و وڵات لە پێش بەرژەوەندییە حزبی و بنەماڵەیی و تایفییەکانەوە بێت، چونکە نەوەی تازەی عێراق بەھا مرۆڤایەتیییەکانی دەوێت و ژیانێکی شکۆمەندانە و ئازادیان دەوێت، کە نەتەوە و خێڵ و مەزھەبێک ھەموو شتێک کۆنترۆڵ نەکات و بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.

لە عێراقدا دەرفەتی پێشخستنی پێوەژیانێکی ئازادانە ھەیە کە ڕەنگە لە کەم وڵاتی دیکە وێنەی ھەبێت، بەوەی عێراق چەندین مەزھەب و دین و نەتەوە و خێڵی جیاوازیی تێدایە، کە شاری وا ھەیە ھەموو ئەوانە بە بێ کێشە پێکەوە دەژین ئەگەر دەسەڵاتداران کێشەیان بۆ دروست نەکەن و ئاژاوە نەخەنە نێوانیانەوە.

بۆ ئەوەش دونیابینییەکی دیکە بۆ سیاسەت و کاری سیاسی و حکومڕانیی لەم وڵاتە پێویستە، کە لە بەھا مرۆڤایەتییەکان تێبگات و خەمی ئازارەکانی گەلانی عێراقی بێت، کە چەندین ساڵە لە نەھامەتیی و زەحمەتیدا دەژین، ئیتر پێویستە ئەو دۆخە تێپەڕێنن و تراژیدیاکان کۆتایی بێت.