منظر على باسام
یەکێتی نیشتمانی وەک ڕێکخراوێکی سیاسی گۆڕەپانی کوردستان و عێراق ، ستراکچەری لە بنەڕەتدا لەسەر بنەماو فکرو ئایدیاو تێڕوانینی جیاواز و ھاوبەش لە پرسی ڕوو بەڕوو بوونەوەی دیکتاتۆریەت و سیاسەتی فاشی، پاکتاوکردنی ڕەگەزی و سوتماکردنی خاکی کوردستان و خەبات لەپێناو چەسپاندنی دیموکراسی و مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستا ئەم ھێزە نیشتمانییە پێک ھات .
ئەم ھێزە لەسەرەتای ڕاگەیاندنیەوە، ھێزە نێو خۆی و ڕژێمی بەعس و ووڵاتانی ئیقلیمیش بەھۆی تێڕوانینە نیشتیمانیەکانیەوە بە مەترسیان زانیوە بۆسەر پێگەو دەسەڵاتی خۆیان ، بۆیە ھەرزوو کەوتنە پلانگێڕی و پەلاماردانی بە ئامانجی لاوازکردن و بێکاریگەرکردن یان سڕینەوە و لەناوبردنی ، یەکێتی بەم پەلاماردانانە ئەگەرچی خەسارەتی زۆرو جەزرەبەی گەورەی بەرکەوت ، ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە قارەمانەکانی شەھید و بریندار بوون ، زیندانیەکانی بەعس تەژی بە ڕێکخستنەکان و خەڵکانی تێکۆشەربوون ، بەڵام ئەم کردەوانە نەک نەبوونە ھۆی بێھێزبوونی بەپێچەوانەوە یەکێتی توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمدا بەگوڕو تینێکی نوێ و بەھێزەوە بێتەوە مەیدانی کۆڕی خەبات و بەگژ ھەموو پلانگێڕیەکاندا بچێتەوە ، ستراکچەری یەکێتی لەھیچ ھێزێکی سیاسی کوردستان و عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش ناچێت ، ئەمەش بۆتە ھۆی فراوانی فەزای ئازادی بیروڕا و دیموکراسی چ بۆ نێوخۆی حیز بوو کادرەکانی چ بۆ سنوری قەڵەمڕەوی کە جوگرافیای لە دایکبوون و سەرھەڵدانی دەیان ڕۆژنامە و کاناڵی ئەھلی و حیزبی سیاسیە بەشی ھەرەزۆری ئەو دەسکەوتانەش ئەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی مام جلال کە ھەمیشە ڕاستگۆ بووە لەگەڵ ئەو دروشمانەی بانگەشەی بۆکردوون و لە واقعدا زەمینەی چەسپاندنی بۆ ڕەخساندوون ، لێرەوە یەکێتی لە حیزبێکی بن دارو دەوەن و شاخ و ھەردی کوردستانەوە کردە ھێزێکی سیاسی کاریگەر لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و جیھان .
یەکێتی سەرمایەیەکی گەورەی معریفی و مەعنەوی لە مامەوە بۆ ماوەتەوە ڕۆیشتن لەسەر ھەمان ڕێچکە زامنی یەکێتیەکی بەھێز دەکات ، یەکێتی لەپاش ماڵئاوای مام ڕوو بەڕووی چەندین تحدی بوویەوە بەڵام توانی سەرکەوتووانە ڕووبەڕوویان ببێتەوە لە دیارترینیان پیلانگێڕی ھێزە ئیقلیمیەکان و پەلاماردانی کوردستان لەژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامیدا ، دانانی سەرۆک کۆمار ، ھەروەھا لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمدا ھەموو ھێزەکان پێیان وابوو یەکێتی لەنێوخۆدا لەسەر پشکیان لە کابینەکەدا ناگەنە ڕێکەوتن بەڵام پێش سەرجەم لایەنەکانی دیکە لیستی بەربژێرەکانیان ڕادەستکرد ، لە حاڵی ئێستاشدا یەکێتی لە ئامادەکاریدایە بۆ بەستنی چوارامین کۆنگرە ، ئەگەر چی کێشەو گرفت لە نێو سەرکردەکاندا ھەیە سەبارەت بە کۆنگرەو کاتی بەستنی بەڵام بەستنی پێویستیەکی حەتمیە بۆ بەگوڕو تینکردنەوەو نوێکردنەوی ڕێکخراوەکەو خواستی بەشی زۆری جەماوەرو کادرانیەتی ، بۆیە لەسەر سەرکردایەتی و ئۆرگانەکان پێویستە بە ھەمان ڕۆحیەت ڕوو بەڕووی کێشەکان ببنەوەو حەسمیان بکەن ، وە زامنی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو بکەن بەجۆرێک دڵی دۆستەکان خۆشکەن و نەیاران نابود .