کارەساتی هەکاری.. یەکەم شەڕی براکوژیی بە دەستێوەردانی داگیرکەران

0
911

کارەساتی هەکاری، ئەو ڕووداوەی کە بە دەستێوەردانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بووە دەستپێکی مێژوویەکی نوێ لە شەڕی براکوژیی لە نێوان لایەنەکانی باشوری کوردستان، بەبڕوای شارەزایانی مێژووش، دەبێت ئەو کارەساتە ببێتە وانەیەک بۆ لایەنە کوردییەکان تا زەمینەی یەکگرتوویی کوردی پێ خۆش بکەن.


٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٧٨ لە کۆتا وێستگەی ڕووداوەکانی کارەساتی هەکاریدا، هەریەکە لە عەلی عەسکەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، خالید سەعید، ئەندامی مەکتەبی عەسکەریی یەکێتی، حسێن بابەشێخ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی لە پێنجوێن، لەلایەن سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە (قیادە موەقەتە) دوای ئەوەی مانگێک لە بەدیلگرتن، بەچەکی ئار پی جی شەهیدکران، ئەمڕۆش ٤١ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕدەبێت.

کارەساتی هەکاری چییە؟

لەدوای ئەوەی ئێران و عێراق پەیماننامەنی جەزائیر مۆردەکەن، لە ساڵی ١٩٧٥دا، مەلا مستەفای بارزانی کۆتایی بە شۆڕشەکەی دەهێنێت، هەمان  ساڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دادەمەزرێت و دەست بە تێکۆشانی سەربازی و سیاسی دەکەن لە چیا و گوندەکانی کوردستان، لەدوای دامەزراندنی یەکێتی، ئیدریس بارزانی کوڕی مەلا مستەفای بارزانی، دەست بە ڕێکخستنەوە و کۆکردنەوەی پێشمەرگەکانی پارتی دەکاتەو و سەرکردایەتییەک بۆ پارتی بەناوی سەرکردایەتی کاتی (قیادە مۆقت) دادەمەزرێنێت، لەدوای ئەوەی کە هێز پەیدا دەکەن ناکۆکییان لەگەڵ یەکێتی زیاد دەکات.

کارەساتی هەکاری چۆن بوو؟

لە هاوینی ساڵی ١٩٧٨دا، کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاردەدات هێزەکانی لە ناوچەکانی ناوزەنگ و بناری قەندیلەوە، بگوازێتەوە بۆ ناوچەی برادۆست و بەدیارییکراویی بۆ سێ کۆچکەی سنووریی ئێران-تورکیا-عێراق، ئەم بڕیارە بە چەند مەبەستێک درا، کە بریتیبوو لە سوود وەرگرتن لە سنوورەکان بۆ هێنانی پێداویستیی و چەک، ڕێگرییکردن لە شاڵاوێکی حکومەتی عێراق بۆ ڕاگواستنی گوندنشینانی ئەو سنوورانە، لە هەمان کاتیشدا گەڕاندنەوەی ئەو بارەگایانەیان کە لە شەڕەکانی ساڵانی ١٩٧٦-١٩٧٧-یاندا لەگەڵ سەرکردایەتیی کاتی پارتی کەوتبوونە دەست هێزەکانی سەرکردایەتیی کاتیی و لاوازکردنی سەرکردایەتیی کاتی، کە بە قیادە موەقەتە ناسرابوو.
کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاریدابوو هێزێکی چەکدار و بێ چەک بنێرێتە برادۆست، بڕیاردرا هێزەکە بکرێت بە سێ بەشەوە، بەشی یەکەمی هێزەکە کە ژمارەیان ٢٢٠ پێشمەرگە بوو لە کاتی دیارییکراودا بەڕێکەوتن و گەیشتنە شوێنی مەبەست، بەڵام بەهۆی دواکەوتی بەشی دووەمی هێزەکەوە کە ژمارەیان ٥٠٠ پێشمەرگە بووە، بەشی دووەم و سێیەم پێکەوە بەڕێکەوتبوون، بەشی سێیەمی هێزەکەش ١٥٠ پێشمەرگە بوون، ئەم دواکەوتنەش ببووە هۆی ئاشکرابوونی پلانەکەی یەکێتی لای ئێران.
نەوشیروان مستەفا، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی بووە، لە بەرگی چوارەم-ی کتێبی کارەساتی هەکاری-دا، لەبارەی چوونی بەشی یەکەمی هێزەکە و ئاشکرابوونی پلانی یەکێتی بۆ گواستنەوەی هێزەکانی لەلای دوژمن، دەڵێت: لەبەر ئەوەی هێشتا هێزەکانی دوژمن نەکەوتبوونە خۆ، بەشی یەکەمی هێزەکە تووشی گیروگرفت و برسێتیی و سەرما نەبوون، بەڵام هێزەکانی دوژمن هۆشیاربوونەوە کە هەرچی زووتر بکەونە خۆ، بۆ ڕێگرتن لە هێزەکەی یەکێتی.

ڕێککەوتنی دوژمنان

بەڕێکەوتنی ئەم هێزەی یەکێتی لەکاتێکدابوو، کە تەمەنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر تەنها سێ ساڵ بوو، کە لە نێوان شای ئێران و ڕژێمی بەعس-دا واژۆکرابوو بۆ پاراستنی سنوورەکانی یەکتر، ساڵی ١٩٧٧یش ڕژێمی عێراق لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا ڕێککەوتنێکی دیکەی هاوشێوەیان بۆ پاراستنی هەردوو دیوی سنووریی یەکتر واژۆکردبوو.
نەوشیروان مستەفا لە لاپەڕە ٥٧ی کتێبی ‘کارەساتی هەکاری’دا، باس لە هەماهەنگییەکانی ئێران، تورکیا و عێراق دەکات لە دژی کورد لەو کاتەدا و دەڵێت: لە کاتی بەڕێکەوتنی هێزەکانی یەکێتیدا، هاوکاریی ئەم سێ دەوڵەتە بە ئاشکرا دیاربوو، حکومەتی عێراق چەندین ئەفسەری سوپا و پسپۆڕیی هەواڵگریی ناردبووە تورکیا و ئێران بۆ یەکخستنی زانیارییەکان و دانانی پیلانی هاوبەش، هێزەکانی ئێران لە دیوی ئێرانە کەوتنە لێدانی هێزەکانی یەکێتی، کە چوونە دیوی عێراقیش هێزەکانی عێراق کەوتنە پەلاماردانیان، لە دیوی تورکیاش عەشیرەتە کۆنەپەرستەکان کەوتنە خۆ ئامادەکردن و میت و دەزگا هەواڵگرییەکان کەوتنە پەیجوریان.

پەڕێنەوەی هێزی یەکێتی بۆ باکوری کوردستان

دوای یەکگرتنەوەی بەشی دووەم و سێیەمی هێزەکەی یەکێتی، بەهۆی هەبوونی هێزی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی لەو سنوورە و خۆدوورگرتن لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵیاندا، هێزەکەی یەکێتی بۆ پشوودان و حەوانەوە دەپەڕنەوە باکوری کوردستان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دەمێننەوە، دواتر هێزەکەی یەکێتی بڕیاردەدەن بۆ نزیکبوونەوە لە شوێنی وەرگرتنی چەک و چەکدارکردنی ئەو پێشمەرگانەی کە لەگەڵیاندایە، بەرەو قوڵایی خاکی باکوری کوردستان و سەر سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڕۆن.
وەک نەوشیروان مستەفا دەیگێڕێتەوە: سەرکردایەتیی کاتی پارتی بەشی هەرە زۆری عەشیرەتەکانی باکوری کوردستانیان لە یەکێتی هاندابوو، کە گوایە هێزەکانی یەکێتی گوندەکان تاڵان دەکەن و پیاوەکان دەکوژن و ژنەکان بەدیل دەگرن و هاتوون بۆ بڵاوکردنەوەی کافریی و بێ دینیی، ئەمەش وایکردبوو عەشیرەتەکانی ناوچەکانی شەمزینان، چەلێ و ئولودەرە لە دژی هێزەکەی یەکێتی بکەونە خۆ و چەکدار کۆبکەنەوە و ناوچە ستراتیژییەکان کۆنترۆڵ بکەن.
ڕۆژی ١ی ٦ی ١٩٧٨ لە ناوچەی بازێ لە باکوری کوردستان، شەڕ لە نێوان هێزەکانی یەکێتیی و هێزەکانی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی-دا دروست دەبێت، ژمارەیەکی زۆر کوژراو و بریندار لە هەردوولا دەکەوێتەوە، هەروەها ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی یەکێتیش لە هێزەکە دادبڕێن، ئەمەش وادەکات کە کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکەی بدات لە باکورەوە بۆ باشوری کوردستان.
شەوی ٢لەسەر٣ی مانگی شەش، هێزەکەی یەکێتی بەرەو باشوری کوردستان بەڕێدەکەونەوە، بەهۆی شارەزانەبوونی ناوچەکە هێزەکەی یەکێتیی لەیەک جیابوونەوە، لەو کاتەدا هێزەکانی پارتی بۆسەیان بۆ هێزەکە داناوە و دوای ئەوەی بە جموجوڵی هێزەکەی یەکێتی دەزانن، تەقەیان بەسەردا دەکەن، ئەم چەند تەقەیەش دەبێتە هۆی تێکچوونی تەواوەتیی شیرازەی ڕێکخستنیی هێزەکەی یەکێتی، بەڵام بەهۆی ناشارەزایی و ماندووبوونەوە هێزەکە نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و لەتوپەت بوون.

ڕۆژی دواتر هێزەکە دەبێتە سێ گروپ، گروپی یەکەم بە ڕێڕەوی دیارییکراوی کشانەوەکەدا ڕۆشتبوون، گروپی دووەمیان بە پێچەوانەی ڕێڕەوی دیاریکراوی کشانەوە ڕۆشتبوون، گروپی سێیەمیش بۆ پاراستنی داپۆشینی کشانەوەکە لە شوێنی شەڕگەی پێشووتر مابوونەوە، گروپی یەکەمی هێزەکە خۆیان یەکدەخەنەوە و بە هیوای گەیشتنی گروپی دووەم دادەمەزرێن، گروپی دووەمیش کە ژمارەیان ١٧٦ کەس بووە، بڕیاریانداوە بەرەو نزیکترین خاڵی عێراق بگەڕێنەوە و خۆیان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەنەوە، گروپی سێیەمیش هەر ئەو ڕۆژە لەلایەن هێزەکانی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی و عەشیرەتەکانی ئەو ناوچانەوە دەدرێت بەسەریاندا و چەک دەکرێن.
لەناو ئەوانەدا کە لە گروپی سێیەم بەدیلگیرابوون، هەریەکە لە عەلی عەسکەری، فەرماندەی هێزەکە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، تایەری عەلی والی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و عەسکەریی یەکێتی، سەید کاکە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەدیلگیرابوون، کە دواتر لە ٧ی تەمموزی هەمان ساڵدا، هەریەکە لە عەلی عەسکەری، خالید سەعید و حسێن بابەشێخ لەلایەن سەرکردایەتیی کاتیی پارتییەوە بە چەکی ئاڕ پی جی شەهیدکران.
گروپی یەکەمی هێزەکەی یەکێتی، پاش بێ ئومێدبوونیان لە گەیشتنی هێزەکانی دیکە، بە ناچاری دەچن بەرەو گوندی کەهی لە نزیک جولەمێرگ، دوای مانەوەیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک و خۆ ڕێکخستنەوەیان، لەلایەن پارتی دە.دە.کە.دە (DDKD)ەوە چەواشە دەکرێن و لەبری ئەوەی بەرەو سنووری باشوری کوردستان بهێندرێنەوە، دیسانەوە بەرەو قوڵایی خاکی باکور دەیانبەن، دواتر بە ڕێکەوت دەکەونە ناو ئەو عەشیرەتانەی کە لێیان هاندرابوو و سەرەنجام پاش شەڕێکی چەند کاتژمێریی لە نێوان هێزەکەی یەکێتی و ژمارەیەک لە عەشیرەتەکانی باکوری کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکەی یەکێتی شەهید و برینداردەبن و ژمارەیەکیشیان بە دیل دەگیرێن و دواتر ڕادەستی سەرکردایەتیی پارتی دەکرێنەوە، بەمجۆرەش دوا بەشی هێزەکەی یەکێتی لەناوچووە.
ئەم ڕووداوانەش بووە هۆی جێبەجێکردنی بڕیاری ڕژێمی عێراق بۆ ڕاگواستنی گوندنشینانی دێهاتە سنوورییەکان، و بەهێزبوونی قەڵەمڕەویی ڕژێمی عێراق لە ناوچەی بادینان.
ئێستا کە ٤١ ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوانەدا تێپەڕدەبێت، گەلی کورد هێشتا بە قۆناغێکی هاوشێوەی قۆناغی کارەساتی هەکاریدا تێپەڕدەبێت و هێرش و پیلانگێڕیی داگیرکەرانی کوردستان و بەتایبەت دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان و هەوڵەکانی بۆ پەرتەوازەکردنی ناوماڵی کورد بەردەوامە، پسپۆڕانی مێژووش لە ڕوانگەی ڕووداوەکانی هاوشێوەی کارەساتی هەکارییەوە، جەخت لە گرنگیی یەکگرتوویی بۆ گەلی کورد دەکەنەوە.
لە ئێستاشدا دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنێکی لە دژی باشوری کوردستان و بەدیاریکراوی ناوچەی خواکورک دەستپێکردووە و ڕۆژانە و هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان چڕدەکاتەوە، بەڵام تا ئێستا نە حکومەتی عێراق و نە هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکیی جدییان دژی ئەو داگیرکارییانە پیشان نەداوە، بە پێچەوانەشەوە لە ناوچەی کانی ماسی-ی سنووری زاخۆ، هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، ناوچەکانی خۆیان بۆ سوپای تورک چۆڵکردووە.
د.ئارام عەلی، مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، بۆ ڕۆژنیوز ئاماژە بە دژایەتییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و سوود وەرگرتن لە پەرتەوازەیی کورد دەکات و دەڵێت: داگیرکەرانی کوردستان مێژووی ئێمە زۆر باش دەناسن، کورد ناسراوە بەوەی کە هەمیشە پەرتەوازە و خۆخۆر بووە، دوژمنانیش چاودێریی خاڵە لاوازەکانی کورد دەکەن بۆ ئەوەی بزانن چۆن کاری لەسەر بکەن لە پێناو بەکارهێنانیان لەدژی یەکتر، بەداخەوە زۆر جاریش حزبە کوردییەکان لە پێناو دەستکەوتەکانی خۆیان، پشتیان بە دوژمن بەستووە بۆ لێدان لە هێزی بەرامبەریان کە هەر کوردە.
ئەو ئاماژە بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات لەدژی باشوری کوردستان و دەڵێت: هەرچوار وڵاتی داگیرکەری کوردستان، هەمیشە لە دژی کورد هەماهەنگیی لە نێوانیاندا هەیە، ئێستا کە دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنی لە دژی باشوری کوردستان دەستپێکردووە، نەک بە گڵۆپی سەوزی ئێران و عێراقە، بەڵکو بە هەماهەنگییە لەگەڵ هەردوو لادا.
ئەو مامۆستایەی بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، جەختیش لە گرنگیی یەکڕیزیی کورد دەکاتەوە و دەڵێت: ئێمە دەبێت وانە لە مێژوو و هەڵەکانی هەکاری و کەرکوک وەربگرین، پێویست دەکات لایەنە کوردییەکان بەخۆیاندا بچنەوە و بەرژەوەندیی نیشتمان بخەنە پێش بەرژەوەندییەکانی خۆیان، پێویست دەکات یەکبگرین و ناکۆکییەکانمان بخەینە لاوە.