“هەنار” میوەیەکی پیرۆزی کوردی لە زاگرۆس و مێسۆپۆتامیاوە بۆ باوەشی گەرمی ئاینی یارسان (کاکەیی) ی.

0
449
لە ڕەمەزاندا زۆر کەس وەک پابەندبوونێکی ئاینی زۆر جار خورما دەخۆن و بەو میوەیە ڕۆژو دەشکێنن. بەشێکی زۆر لە دابوونەریتی ئاینەکان پەیوەندیان بە شوێنی لەدایکبوونی ئاینەکەوەیە واتە گەر عەرەبەکان لە جوگرافیایەکی تردا بژیانایە ئەوا بە دڵنیایی ئەمڕۆ میوەیەکی تر بە پیرۆز دادەنرا. ئەم دیاردەیە شتێکی نامۆ نیە بە ئایین و زۆر جار لە ڕابردوودا هەموو بەرووبومەکانی ژیان مانایەکی ڕۆحیان هەبووە بۆ خەڵک و لە ڕێوڕەسمی ئاینی و ڕۆحیدا مانا و ڕۆڵی تایبەتیان هەبووە. بۆ کورد میوەی هەنار ئەو ڕۆڵەی بینیوە.

زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەکان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە میوەی هەنار سەرەتا لە سروشتی وڵاتەکانی کوردستان و دەوبەری هەتاوکو باکوری هندستان هەبووە و هەندێک دەیگەڕێننەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی تورکیا و هەندێکی تر ڕۆژهەڵاتی ئێرانی ئیمڕۆ، واتە سەرچاوەکان دووپاتی دەکەنەوە کەمیوەکە لە ناوچەی کوردستان و دەوروبەری هەبووە. میوەکە لە سروشتدا بە خۆڕسکیی مێژوویەکی دێرینی هەیە بەڵام هەڵبژاردن و چاندنەوەی و ئاودان و کۆنتڕۆڵکردنی لە کوردستاندا زیاتر لە پێنج هەزار ساڵە ئەنجام دراوە بۆیە ناوەکەشی دوای پێنج هەزار ساڵ بە نزیکی وەک خۆی ماوەتەوە. لەسەر قوڕی سورەوەکراو سۆمەریەکان بە “نوورمە/نوور” تۆماریان کردووە و ئەمڕۆ کراوەتە “نار/هەنار”.

ئەم میوەیە لە دێرزەمانەوە بووەتە سیمبوڵی بەپیتیی و هەندێک جار ئارەزووی سێکسی. لە ناو زۆر نەتەوە و ئاینی جیاوازدا ئەو مانایە و چەند مانایەکی تری پێدراوە. هەر لە میسری کۆنەوە هەتاوەکو مێسۆپۆتامیا و چین و لە ناو ئاینی جوو و کریستیانیدا ڕۆڵی ئاینی خۆی هەبووە. هەروەها لە سەرەتای شارستانیەت لە زاگرۆس و مێسۆپۆتامیادا، “درەختە پیرۆزەکە the Sacred Tree” کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ڕێوڕەسمی ئاینیدا و لە سەر زۆر لە هەڵکەندراوە دێرینەکان دەبینرێت، زۆر جار ئەو درەختە داری هەنار بووە (بڕوانە وێنەکەی دەستی چەپ). هەروەها لە ناو گۆڕی کاسیەکاندا کە ناوچەی بابلیان بۆ سەدان ساڵ بە دەستەوە بووە و لە بنەچەدا خەڵکی زاگرۆس بوون، ملوانکەی مورو شێوە هەنار دۆزراوتەوە. هەر پێ دەچێت لە ژێر کاریگەری ئەواندا ڕۆڵە ئاینیەکەی هاتبێتە ناو بابلیە سامیەکان و ئاشوریەکانەوە لەبەر ئەوەی لە دوای ئەوان بە شێوەیەکی فراوان لە سەر هەڵکەندراوە ئاشورییە ئاینیەکاندا بەکارهاتووە و زۆربەی جار درەختە پیرۆزەکە لە هەڵکەندراوە ئاشوریەکاندا کراوە بە دارهەنار.

بەداخەوە لە ناو کورد دا بە گشتی ئەو مانایەی بزر کردووە بەڵام لە باوەشی گەرمی یارسانیدا مانا دێرینەکەی خۆی لە دەست نەداوە (بڕوانە وێنەکەی دەستی ڕاست). هەنار شکاندن لە ڕێوڕەسمی ئاینیدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و یارسانەکان لە جەمدا زۆر جار هەنار دەشکێنن و لە هەندێک لە چیرۆکە ئاینیەکاندا باس دەکرێت و ڕۆڵە دێرینەکەی بەرچاوە دەکەوێت. گرنگترینیان چیرۆکی لەدایکبوونی بابە/باوە یادگارە. چیرۆکەکە دەڵێت سوڵتان سەهاک داردەسەکەی دەستی شائیبرایمی داوە بە پیر ئیسماعیلی کۆڵانی هەتاوەکو بینێژێ و پیر ئیسماعیلیش دارەکە دەنێژێ. پاشان دارەکە دەڕوێت و بەرە بەرە گەورە دەبێت و پاش چەند ساڵێک هەنار دەگرێت. بەری هەنارەکە دەچنرێت و جەمێک پێک دەهێنرێت و هەنارەکە بە ناو خەڵەکەکدا دابەش دەکرێت. لە پاش کۆتایی جەمەکە دادە سارای کچی پیر میکاییل کە وازی لە دنیا هێنابوو و لە خانەقاکەدا گسکی دەدا، دەنکە هەنارێک دەبینێت کە کەوتبووە سەر ڕایەخی خانەقاکە. دادە سارا دەنکە هەنارەکە هەڵ دەگرێت و دەیخوات و لە پاش ماوەیەک دووگیان دەبێت. پاشان کوڕێکی دەبێت کە ناو دەنرێت باوە یادگار. لەبەر ئەوەی کە هەندێک خەڵک دڵیان لە دادە سارا پیس بووە کە بێ مێرد سکی پڕ بووە، بۆیە سوڵتان سەهاک فەرمان بە داود دەکات کە باوە یادگار بخاتە ناو تەنورێکەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ. دوای سێ ڕۆژ کە تەنورەکە دەکرێتەوە، باوە یادگار بە ساغی لە تەنورەکە دێتە درێ.

زۆر جار چیرۆکە ئاینیەکان هەڵگری بیروبۆچوونی جیاوازی خەڵکن. هەر وەک لەو چیرۆکەدا ئاماژەی پێکرا، هەنار جگە لەو ڕۆڵە پیرۆزەی کە هەیەتی، ڕۆڵە بە پیتییە دێرنەکەی لە ناو ڕێوڕەسم و چیرۆکی ئاینی یارسانیدا بەدی دەکرێت. چیرۆکی لەدایکبوونی باوە یادگار، وەک زۆر لە چیرۆکە ئاینەکانی تری ناوچەکە، موعجیزە بەشێکی گرنگە لە پەیدابوونی کەسایەتیە ئاینیەکان.

من پێم وایە، ڕەشەبای ئاین و فەرهەنگە نوێکان کە هاتوون بۆ کوردستان، لەگەڵ خۆیاندا بەشێکی زۆری لایەنە جیاوازەکانی فەرهەنگی کوردیان بردووە، ئەوە پەناگە ئاینیە کوردیەکانی وەک ئاینی ئێزدی و یارسانین کە بوونەتە شوێنی پاراستنی فەرهەنگە دێرین و دەوڵەمەندەکەمان. بەو جۆرە ئاینە کوردیەکان وەک مۆزەخانەیەکی زیندوو فەرهەنگی هەزاران ساڵەی باوباپیرانمان بۆ دەپارێزن و ئاشنابوون بەوان هەنگاوێکە بۆ خۆبەستنەوە بە پیرە داری فەرهەنگی کوردی و تێگەیشتن .

جا خوێنەری ئازیز، ئەگەر لە ناوچەکەی تۆدا چیرۆکێک یان دابوونەریتێک لەسەر هەنار دەزانیت، بە سوپاسەوە لە کۆمێنتدا بینووسە با هەمووان لێی ئاگادار بن

نووسینی سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
وێنەکەی لای ڕاست وێنەی مەزارگەی سان سەهاکە کە تیایا سیبوڵە گرنگەکانی ئاینەکە دانراوە و لە ناویاندا هەنار بەدی دەکرێت. وێنەکەی لای چەپ، هەڵکەندراوێکە کە درەختە پیرۆزەکەی مێسۆپۆتامیا کە هەنارە، بە روونی بەدی دەکرێت. هەر بۆ زانیاری ئەو سیمبوڵەی کە لە سەر دارەکە دانراوە کە پیاوێكی ڕیشنە لە ناو دوو باڵدا و بە فروهەر ناودەبرێت، ئەوە سیمبوڵێکە ئاشوریەکان دروستیان کردووە و خودای ئاشوری خۆیانە و خستوویانەتە ناو دوو باڵ و ڕۆژەوە کە پێشتر ئەو پیاوەی تێدا نەبووە و لە هوریەکان وەرگرتووە کە سەرەتا دروستیان کردووە. زۆر دواتر ئەو سیمبوڵە ئاشوریە چووەتە ناو فارس و دوایی زەردەشتیەکانیش وەریان گرتووە.