پیر شالیاری زەردەشتی یان پیر شالیاری یارسانی فەیلەسوف؟ نووسینی: سۆران حەمەڕەش

0
390

وا ئەمساڵیش جەژنی پیر شالیار بەڕێوە چوو، سەرەڕای ئاهەنگێڕانی ساڵانە لەو جەژنەدا، بەڵام ئایا تا چ ڕادەیەک ئێمە ئەم زانا کوردە دەناسین و لە فیکری تێگەیشتووین؟ لای خۆمەوە دەمێک ساڵە لە هەوڵدام کە لە پیر شالیار و فیکر و ڕوانگەی ئاینیی بگەم. ساڵی ١٩٩٥ بە گەشتێک گەڕامەوە باشوری وڵات و ماوەی نزیکی چوار هەفتە لەوێ بووم، ڕۆژێکیان بە ناو بازاڕی شاری سلێمانیدا دەگەڕام و نزیک بەردەرکی سەرا، کتێبێکی دەستی دوو هاتە بەرچاوم بە ناوی “پیر شالیاری زەردەشتی”. کتێبەکە چاپی ساڵی ١٩٦٨ بوو و پەڕەکانی زەرد بوو بوون، بەڵام زۆر دڵم پێی خۆش بوو. پێشتر سەبارەت پیر شالیار بیستبووم بەڵام ئەوە یەکەم جار بوو کە کتێبێک سەبارەت بەو زاتە ببینم، بۆیە بە تامەزرۆییەوە کڕیم.

دوای چەند ڕۆژێکی تر لە جامخانەی دوکانێکدا پارچە بەردێکی دێرینم بینی، کە هێندەی دۆلاریەکی ئاسن دەبوو. ئەوسا لە هەندێک دوکاندا بە ئاشکرا پارچە بەردی ئاسەواری بچووک لە بازاڕدا دەبینرا. پارچە بەردەکە دیوێکی تاوسی لەسەر هەڵکەندرابوو و دیوەکەی تری سیمبوڵی خۆری مێسۆپۆتامیا. بەردەکە کونێکی تێدا بوو کە دەکرا وەک ملوانکە لەمل بکرێت، بەڵام لەبەر دێرینی بەردەکە، کونی پەتەکەی بە گڵ گیرابوو ودیارە لە ڕابردووی دێریندا لە کوردستاندا لە مل کرابوو. هەردوو ئەو گەوهەرانەم لەگەڵ خۆم هێنایەوە بۆ لەندەن.

ئەمڕۆ جگە لە بە زەردەشتی دانانی پیر شالیار، هیچ شتێکی ئەوتۆ چنگ ناکەوێت کە شایانی ئەوە بێت باسبکرێت. تەنانەت ئەو کتێبە پەڕە زەردەی کە لە ساڵی ١٩٩٥ دا کڕیم، هیچ زانیاریەکی نوێی تێدا نەبوو کە پێشتر لەلایەن ئایەتوڵای مەردوخی و مامۆستا ڕەشید یاسمیەوە باسنەکرابێت. لەم ڕۆژانەشدا کە یادی جەژنی پیر شالیار لە هەوراماندا بەڕێوە چوو، هەر وا ئەو جەژنە پیرۆزە ڕابوورد بێ ئەوەی کە شتێکی ئەوتۆی نوێ سەبارەت ئەم کەسایەتیە بخرێتە ڕوو.

پێشتر هەوڵدراوە کە ئەم کەسایەتیە بناسرێت و بناسێرێت. سەرەتا لە سەردەمی نوێ و لە سەدەی ڕابردووەوە یەکێک لە مێژوونوسە کوردە ئێرانگەرەکان، مامۆستا ڕەشید یاسمی سەبارەتی نووسیوە. ڕەشید یاسمی دەڵێت پیر شالیار، پیرێکی زەردەشتی بووە و پەڕاوێکی هەبووە کە لە ناو هەورامیەکاندا بە پیرۆز سەیرکراوە بە ناونیشانی “ماریفەتو پیرشالیاری”. ئەم بۆچوونە لەلایەن ئایەتوڵای مەردۆخی و لەلایەن محەمەد ساحیب کە خاوەنی کتێبی پیر شالیاری زەردەشتی-ە و دوایی لای مامۆستا سدیق بۆرکەیی-ش دووبارەکراوەتەوە و هەموویان ئەو زاتەیان بە زەردەشتی لە قەڵەم داوە.

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هیچ بەڵگەیەک هەبووە یان بەجێماوە کە تێیدا ئاماژە بەوە کرابێت پیر شالیار زەردەشتی بووبێت؟ لە ڕاستیدا یەک بەڵگە لە ئارادا نیە کە بیسەلەمێنێت پیر شالیار زەردەشتی بووە. بۆ نموونە مامۆستایەکی وەک ڕەشید یاسمی ئێرانگەر، لە کتێبەکەیدا کە سەبارەت بە مێژووی کورد نووسیویە، ئەو لە هەموو هەوڵێکدایە لە کتێبەکەیدا بیسەلمێنێت کورد ئێرانیە و مەبەستی تەواوی ئەو گرێدانی مێژووی کوردە بە ئێرانەوە. ئەو مێژوونوسە ئاڕاستەیەکی فیکری ئێرانگەری ڕوون بە کتێبەکەیەوە دیارە کە لەسەر کورد نووسیویەتی و مێژووی کوردی بۆ خزمەتکردنی ئەو بۆچوونە فیکریە نووسیوە و ئەو زانیاریە سەرپێیەش کە سەبارەت پیر شالیار نووسیویەتی، بۆ پتەوکردنی ئەو بۆچوونە فیکریە خستوویەتیە ڕوو، بۆیە پیر شالیاری کردۆتە زەردەشتی. من لە هەوڵی ئەو مامۆستایە کەم ناکەمەوە، بەڵام ناتوانرێت نکۆڵی لە ڕوانگەی ڕوونی ئێرانگەری لە کتێبەکەیدا بکرێت کە سەبارەت بە مێژووی کورد نووسیویەتی.

لەلایەکی ترەوە بە گشتی لە سەدەی ڕابردووەوە دوای ئەوەی کە هەندێک لە لێکۆڵەرانی کورد لە ڕێگای کتێبە ئەوروپیەکانەوە ئاشنای ئاینی زەردەشتی بوون، بە پەلە هەوڵیان دا هەمووشتێکی کوردی بکرێتە زەردەشتی و ئەو لێکۆڵەرانە بڕیاریان دابوو کە کورد لە ڕابردوودا زەردەشتی بووە، بۆیە زۆر جار بێ خستنە ڕووی هیچ بەڵگەیەک و پرسیارکردنێک، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوە خستبووە گەڕ کە هەموو لایەنێکی کۆمەڵگەی کوردیی ڕابردووی ناڕوون بکەنە زەردەشی و بێ بەڵگەیەکی ئەوتۆ، بەو ئاینە ڕوونی بکەنەوە.

لێکدانەوەی شیعر و فیکری پیر شالیاری مەزنیش تووشی کاریگەری فیکری ناوچەگەری و کێشەی هاوشێوە بووە، بۆ نموونە کاتێک کە پیر شالیار دەڵێت:
وەروێ وە وارۆ وەروە وەرێنە وەرێسە بڕیۆ چوار سەرێنە
کەرگێ سیاوە و هێڵەش چەرمێنە گوشڵێ مەمێڕۆ دوە بەرێنە

واتە: بەفرێ ئەبارێ بەفرە خۆرەیە، گوریس بپچڕێ چوار سەری هەیە، مریشکی ڕەش هێلکەی سپییە، دێزە کە لە بنەوە بشكێ دوو دەرگای لێ پەیدا دەبێ.

ڕەشید یاسمی دوای ئەوەی کە پیر شالیار دەکاتە زەردەشتی، باس لەو شیعرە دەکات و تەرجومەی دەکات بۆ فارسی بێ ئەوەی کە هەوڵی لێکدانەوەی بدات، بەڵام ئایەتوڵای مەردۆخی دەڵێت “پیر شالیار لەم دوو بەیتەیدا داوای یەکێتی لەهەورامیەکان دەکات، دەڵێ ئەگەر پارچەپارچە بن ئەوا وەک بەفر دەتوێنەوە و ئاینێک دێ و ئەم ئاینەی ئێوە دەبا و وەکو گوریسێک کە بپچڕی و ببێ بە دوو لەتەوە، ئێوەش لەت لەت دەبن.”

دوو دێڕەکەی تر دەڵێت:
داران گیان داران، جەرگ و دڵ بەرگەن گاهێ پڕ بەرگەن گاهێ بێ بەرگەن 
کەرگە جە هێڵەن، هێڵە جە کەرگەن ڕەواس جە ڕەواس وەرگ جە وەرگەن

ماناکەی دەبێتە: درەختەکان وەک ئادەمیزاد گیان لەبەرن و ئەوانیش جەرگ و دڵیان هەیە و گەڵا و ڕیشەیان هەیە، ماوەیەک گەڵایان هەیە و ماوەیەک دەوەرێ و مریش لە هێلکە و هێلکەش لە مریشک پەیدا دەبێ، ڕێوی لە ڕێوی و گورگ لە گورگ دەێت.

مامۆستا سدیق بۆرەکەیی لێدانەوەی بۆ ئەم دوو دڕێڕە کردووە و دەڵێت “چۆن درەخت پێویستی بە ڕەگوڕیشە هەیە، هەروەها مرۆڤ پێویستی بە خزم و یارمەتیدەر هەیە بۆ ئەوەی بە هەموویانەوە بە کۆمەڵ بژین و ژیانێکی کامەرانی بەدەست بهێنن. بنیادەم لە بنیادەم بووە و پێویستە لەگەل بنیادەمدا ژیان باتە سەر چونکە گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە.”

مرۆڤ دەکەوێتە پرسیار، ئایا دەشێت زانایەکی وەک پیر شالیار کە “ماریفەتو پیرشالیاری” (The Wisdom of Pir Shaliar) ی نووسیبێت، هەر هێندە لە ژیان گەیشتبێت؟ لە ڕاستیدا بێ ئەوەی کە ئاگادار بووبێتین، پیر شالیار لە ڕێگای ئەو دوو دێڕە شیعرانەوە، بە هێنانەوەی نموونەی سادە و ئاسایی ژیان، فەلسەفە و بۆچوونی خۆی و کوردمان بۆ دەخاتە ڕوو.

پیر شالیار لە دوو دێڕی یەکەمدا دەیەوێت بڵێت دوو هێزی تاریکی و ڕۆشنایی تەواوکەری یەکترین وەک لەوەی کە دوو هێزی دژەیەک بن. ئەوەتا دەڵێت ڕاستە بەفر دەبارێت، کە لەوێدا بەفر سیمبوڵی نەهامەتیە، بەڵام بەفر خۆرەیە و بەفر دەتوێنێتەوە کە ئەوە لایەنە ئەرێنیەکەیەتی. هەروەها دەڵێت ڕاستە گوریسەکە بچڕا بەڵام ئەو بچڕانە بووە هۆی ئەوەی کە گوریسەکەی جاران لەبری دوو سەر ئێستاکە چوار سەری هەبێت، واتە دەکرێت بە شێوەیەکی تر سوودی لێ وەربگیرێت. دیسان دەڵێت ڕاستە مریشکەکە ڕەشە، کە ڕەنگی ڕەش نیشانەی نەهامەتیە، بەڵام هێلکەکەی سپیە و گۆزەکەش بنەکەی شکاوە، بەڵام ئێستاکە دوو دەمی کراوەی هەیە و دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت. واتە پیرشالیار ئەو دووهێزە وەک دووهێزی بەرامبەر بە یەک دەبینێت، بەڵام هاوشێوەی چینیەکان وەک دوو هێزی تەواوکەری یەکتری و دوو هێز کە پێویستن بۆ یەکتری و بۆ بوونیان متمانە دەکەنە سەر یەکتری. بەو جۆرە تاریکی ناتوانێت بوونی هەبێت گەر ڕووناکی نەبێت. واتە ئەو بە تەواوی لە دواڵیزمی زەردەشتی دوور دەکەوێتەوە کە ئەو دوو هێزە وەک دوژمنی یەکتری دەبینێت، لەبری ئەوە وەک چینیەکان پەیرەوی فەلسەفەی “ین و یانگ” (yin and yang) دەکات، کە ئەو دوو هێزە بە پێویست دادەنێت بۆ یەکتری و بە تەواوکەری یەکتری دایاندەنێت.

دواڵیزم و بڕوابوون بە دوانەیی لە هێزەکانی گەردووندا، لە مێژوویەکی دێرینەوە لە ناو کۆمەڵگە جیاوازەکاندا دەرکەوتووە و زۆر شێوەی جیاوازی هەیە. بۆ نموونە دواڵیزمی زەردەشتی، مانی، یۆنانی، جوو، کریستیانی….. بەڵام “ین و یانگ” شێوە چینیەکەیەتی. چینیەکان پێیان وایە کە هێزە بەرامبەر یەکەکان تەواوکەری یەکترین و متمانە دەکەنە سەر یەکتری. ئەم ڕوانگەیە بۆ ئەو دوو هێزە، ڕەنگدانەوەی دەبێت لە سەر بۆچوونەکان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا. پیر شالیار وەک فەیلەسوف و پیرمەندێک بە باسکردنی بەفر و گوریس و مریشک و هێلکە و گۆزە، دەیەوێت قوڵایی تێگەیشتنی لە ژیانمان بۆ ڕوونبکاتەوە.

جگە لەوە پیر شالیار لە دوو دێڕەکەی تردا بیروباوەڕی دونادون (reincarnation) دەخاتە ڕوو. ئەو بۆچوونی جیاوازە لە هەندێک لە ئاینەکانی تر کە بڕوایان بە دونادون هەیە و ئەو دەڵێت گیانلەباران لە سوڕی مردن و زیندووبوونەوەدان، بەڵام هەر ڕۆحە و تەواکەری هاوشێوەکەی خۆیەتی، واتە گورگێک دەمرێت دەچێتەوە جەستەی گورگ و ڕێویەک بە ڕێوی و مرۆڤێک بە مرۆڤێک. واتە پیر شالیار دەستنیشانی ئەوە دەکات کە ڕۆح ناگوێزرێتەوە لە نێوان گیانلەبەرە جیاوازەکاندا و لەوێدا دەستنیشانی دوانادون بە شێوە کوردیەکەی دەکات. ڕوانگەی دونادون بۆچوونێکی کوردی دێرینە و لە ئاینەکانی یارسانی، عەلەوی، ئێزدی، دروزی و هەروەها ئاینەکانی وەک بودی و هیندۆس و چەندین ئاینی تردا بەدی دەکرێت.

لە ڕاستیدا بنەچەی دواڵیزم (دوانەیی) گفتوگۆی زۆر لەسەرە و هەندێک پێیان وایە دەشێت ئەو ڕوانگەیە لە سەردەمێکی دێریندا لە مێسۆپۆتامیادا سەری هەڵدابێت و هەندێک دەڵێن زیاتر لە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر بە بەڵگەوە لە چین سەری هەڵداوە. بە داخەوە هەوڵێکی زۆرم دا کە ئەو بەردە دێرینی ملوانکەیە بدۆزمەوە کە ساڵی ١٩٩٥ لە کوردستان هێنابووم، بە داخەوە بەردەکە لای هاوڕێیەک لە ئەوروپا لەگەڵ ماڵەکەیدا سوتا و نەمتوانی پەنای بۆ بەرم و بزانم مێژووی دواڵیزم لە کوردستاندا بۆ کەی دەگەڕێتەوە. ئەو بەردە هەردوو هێزە بەرامبەرەکەی لەسەر نەخشێنرابوو. تاوس و ڕۆژ وەک گوزارش لەو دوو هێزە بەرامبەرە لەسەر یەک ملوانکە و وەک تەواوکەری یەکتری خرابوونە سەر بەردێک و سەردەمانێک ئەوە بۆ کورد پیرۆز بووە و بناغەی فیکر و ڕوانگەی کورد بۆ ژیان لەوێدا نەخشێراوە و پیر شالیاریش هەر هەمان فەلسەفەی خستبووە ڕوو. دڵنیام لە داهاتوودا بەردی هاوشێوەی ئەوە دەدۆزینەوە و لە ڕێگای دەستنیشانکردنی تەمەنیەوە دەتوانرێت بزانرێت کە ئایا ئەو بۆچوونە فیکریە لە کوردستاندا سەری هەڵداوە یان هاتۆتە کوردستان.

ئەوەی گرنگە کە لەو شیعرانەی ئەو فەیلسەسوفەدا دەردەکەوێت، کاریگەری فەلسەفەی چینی “ین و یانگ” لەسەر کورد هەبووە و پیر شالیار بەو شیعرەی هیچ گومانێک ناهڵێتەوە بۆ ئەو کاریگەریە و بەڵگە مێژووییە بازرگانیەکانیش پشتگیری ئەو پەیوەندیە دەخەنە ڕوو. بە دڵنیایی ڕێگای بازرگانی ئاوریشم کە لە چینەوە دەست پێدەکات، بە کوردستاندا ڕۆیشتووە. ئەو ڕێگا بازرگانیە لەگەڵ خۆیدا ئاڵوگۆڕی فیکری هێناوە و لە ڕاستیدا پوکانەوەی زۆر لە شارە گرنگەکانی کوردستان، بەهۆی نەمانی ئەو ڕێگا بازرگانیە بووە. هەروەها بەڵگەی تریش ئەو پەیوەندیە دەخاتە روو، لە کتێبی تۆماس مەرگەیی سەدەی نۆیەمی زایینیدا کە لە کەرکوکدا سەبارەت بە مێژووی کەنیسەکانی ناوچەکە نووسراوە، باس لەوە دەکات کە پیاوی ئاینی کریستیان لێرەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئاینەکە، چوون بۆ چین و یەمەن. هەروەها کورد لە مێژە هاتوچۆی هیندستانی کردووە و وەک ناوەندێکی فیکری و ئاینی بینیویەتی. بابە یادگاری یارسانی و مەولانا خالیدی نەقشبەندی هەردووکیان سەردانی هیندستانیان کردووە بە مەبەستی قوڵبوونەوەی فیکری و ڕۆحی و سۆفیە هندیەکانیش لە هەندێک حاڵەت و لە سەردەمی نوێدا پەنایان بۆ لێکدانەوە فیکریەکانی پیرمەند و سۆفیەکی کوردی وەک برایم کوردی گۆرانی شارەزووی بردووە. تەنانەت یەکێک لە حەفتا و دوو پیر و یارانی سان سەهاک، پیر فەیرۆزی هیندی بووە و لە هەڕەتی لاویدا و لە نێوان سەدەی سیانزە و چواردەی زاینیدا، لە هیندستانەوە هاتۆتە لای سان سەهاک و لە دێی شێخان تا کۆتاییی ژیانی وەک یارسانیەک ماوەتەوە و چەندین شیعری کوردی بە زاراوەی هەورامی لێبەجێماوە. واتە لە ڕابردوودا ئاڵوگۆڕی فیکری لە نێوان کوردستان و هیندستان و چیندا هەبووە و کاریگەری لەسەر یەکتری هەبووە.

بە دڵنیایی پیر شالیار فەیلەسوفێکی کوردی یارسانی بووە و لە شیعرەکانی تریدا بە ڕوونی بە شانوباڵی گەورەی یارسانیان، شاخۆشیندا هەڵدەدات و شاخۆشینیش وەک کەسێکی هاوسەردەمی ئەم فەیلەسوفە، شیعری بۆ پیر شالیار گوتووە. کە ئەوە بە تەواوی یارسانی بوونی پیر شالیار یەکلادەکاتەوە و بۆمان یەکلا دەکاتەوە کە پیرشالیار نزیکی هەزار ساڵ لەمەوبەر لە کوردستاندا ژیاوە و هاوسەردەمی شاخۆشین بووە. دۆزینەوەی کتێبە مەزنەکەی پیر شالیار “ماریفەتو پیر شالیاری” کە هەتاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە، دەشێت کلیلێكی نوێ بێت بۆ تێگەیشتن لە ڕابردووی فیکری کوردی.

دانانی ئەو فەیلەسوفە بە زەردەشتی هیچ خزمەتێک بە ڕاستی و تێگەیشتن لە بنەچەی فیکری کوردی ناگەیەنێت، بەڵکو هێندەی تر لە تێگەیشتن لە بنەمای فیکری خۆمان دوورمان دەخاتەوە. دیارە ئەم بابەتە زۆر قوڵتر و ئاڵۆزترە و دەتوانرێت پەیوەندی بدۆزرێتەوە لەگەڵ ڕوانگە و فیکری سۆفی گەورەی کورد، شەمشەدینی شارەزووری و هەروەها فیکری سۆفیە گەورەکانی وەک عومەری سورەوەردی و فەیلەسوف شەهابەدینی سورەوەردی و مەولانا خالید و برایم کوردی گۆرانیی شارەزووری و چەندین پیرمەندی تری کورد. بەڵام لەبەر کورتی بابەتەکە لێرەدا هەر هێندە دەخرێتە ڕوو.

ئەوەی کە ڕوونە، تێگەیشتن لە پیر شالیار هەنگاوێکی ترە بەرەو تێگەیشن لە فیکر و بیروبڕوای ئاینی و فەلسەفەی کوردی و هەمیشە لە ڕێگای کەسایەتیە یارسانی، ئێزدی، دروز، ئەلەوی و سۆفیە کوردەکانەوە دەتوانرێت نزیک لەو ئامانجە ببینەوە و بوونی سامانێکی گەورەی شیعری ئاینی کوردی بە زاراوەی هەورامی، گرنگی ئەو زاراوەیە و ئاینی یارسانیمان بۆ دەخاتە ڕوو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. شیعرەکانی پیر شالیاری یارسانی فەیلەسوف، شایەتی ئەو ڕاستیەن.