کاکەییەکان لە پەرلەمانی هەرێمدا هیچ حسابێکیان بۆ نەکراوە

0
626

ئەگەرچی ١١ کورسی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهاتە ئاینیی و نەتەوەییەکان تەرخانکراوە، بەڵام کاکەییەکان نیگەرانن لەوەی کە تاوەکو ئێستا هیچ کورسییەکیان لەو ڕێژەی کە بۆ پێکهاتەکان دیاریکراوە بەرنەکەوتووە.


کاکەیی پێکهاتەیەکی ئایینی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نوێنەرێکیان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نییە، ئەوەش لەکاتێکدایە پەرلەمانی هەرێم بە یاسا دەسەڵاتەكانی هەرێمی پابەندکردووە بە گرتنەبەری گشت ڕێكارە پێویستەكان بۆ دەستەبەركردن و مسۆگەركردنی بەشداری و یەكسانی پێکهاتەکان لە گشت بوارەكانی هەرێمی کوردستاندا.

ڕەجەب كاكەیی، ئەندامی هاوپەیمانی كەمایەتییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، لەبارەی بەشداریكردنی پێكهاتە ئاینیی و نەتەوەییەکان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی هەرێم، بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە هەرێمی كوردستان پێکهاتەکان وەكو پێویست نەیانتوانیوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی و هەڵبژاردنەكاندا بكەن، ئەوەش لە ئەنجامی بەربەستی لایەنەکان بووە، کە ڕێگرییان لە بەشدارییکردنی پێکهاتەکان کردووە.

بەپێی یاسای ژمارە پێنج-ی ساڵی ٢٠١٥ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە تایبەتە بە ڕێکخستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتەكانی هەرێمی کوردستان پابەندن بە گرتنەبەری گشت ڕێكارە پێویستەكان بۆ دەستەبەركردن و مسۆگەركردنی بەشداری و یەكسانی پێکهاتەکان لە گشت بوارەكانی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام وەک ئەو ئەندامەی هاوپەیمانییەتی كەمایەتییەكان لە عێراق و هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لەوە دەربڕی، کە لە بەشداریکردنی هەڵبژاردندا بەربەست بۆ پێکهاتەکان دادەنرێت.

ئەو ئەندامەی هاوپەیمانییەتی كەمایەتییەكان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی مافی  پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكاندا، پێشنیاری ئەوە دەکات، کە بنكەی تایبەت بە كەمایەتییەكان دیاریبكرێت و لیستێكی تۆماری دەنگدەرانی تایبەتیش هەبێت بۆ پێكهاتەكان، بۆ ئەوەی دەنگی پێكهاتەكان بۆ لایەنێكی تر نەڕوات و هی لایەنێكی تریش بۆ پێكهاتەكان نەچێت.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان-یش ڕەتیدەکەنەوە، کە تاوەکو ئێستا لەلایە پێکهاتەکانەوە داوایان لێکرابێت کە ناوەندێکی تایبەتی تۆماری دەنگدان و بنکەی تایبەت بە پێکهاتەکان بکرێتەوە.

شیروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئەگەر پێکهاتەکان داوای لیست و بنکەی تایبەت بکەن، ئەوە پێویستە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای هەڵبژاردنەکان هەموواربکاتەوە و لە یاساکەدا برگەیەک زیادبکرێت، کە باس لە داواکاری  پێکهاتەکان بکات بۆ دروستکردنی لیستێکی تایبەتی تۆماری دەنگدەران و کردنەوەی بنکەی تایبەت لە ڕۆژ هەلبژاردنەکاندا.

لە هەرێمی كوردستان ١١ كورسی كۆتا بۆ پێكهاتەكان دیاریكراوە و لەو ژمارەیەش پێنج كورسی بۆ توركمانەكان و پێنج كورسی بۆ كلدو ئاشوری و یەك كورسیش بۆ ئەرمەنییەكان دانراوە، بەڵام هەرچەند لیستی زیاتریش بەشداری هەڵبژاردن بكەن لە كۆتاییدا هەر ئەو ١١ كورسییەیان دەبێت كە بۆیان دیاریكراوە.

کاکەییەکان دەڵێن، کە ئەگەر هەر کەسێکی کاکەیی لەچوارچێوە حزبە سیاسییەکاندا بچێتە پەرلەمانی هەرێم، ئەوە لەبری زامنکردنی مافەکانی کاکەییەکان، بەپێچوانەوە زیانیان پێدەگەیەنێت و ناتوانێت مافی کاکەییەکان زامن بکات.