هەڕەشە و مەترسیی لەسەر كاكەییەكان كۆتایی نایەت

0
372
كاكەییەكانی هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكەن، كە مەترسی لەسەر كاكەییەكان كۆتایی نەهاتووە و لە ماوەی ڕابردوودا لە سنوری داقوق ١١ گوندی كاكەییەكان چۆڵ كراون.

كاكەییەكان یەكێكن لە كۆنترین پێكهاتەكانی باشوری كوردستان و عێراق، بەڵام بەهۆی جیاوازیی بیروباوەڕەوە، ئەوان دەیان ساڵە كۆمەڵكوژ دەكرێن و توشی ڕاگواستن و لەناوبردن دەبن و پەراوێز دەخرێن.

ڕەجەب كاكەیی، چالاكوان، بۆ ڕۆژنیوز قسەی كرد و باسی لەوە كرد: بە داخەوە لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا پێكهاتەی كاكەیی وەكو پێویست بەشداریان پێناكرێت لە ناوەندەكانی بڕیاردا، نە وەزیر و نەپەرلەمانتار و نە بەڕێوەبەری گشتیمان نیە.   

دەشڵێت: بەهۆی خراپی ناوچەكانی كاكەیینشین، لە ماوەی ڕابردوودا ١١ گوندی كاكەیی لە سنوری داقوق چۆڵكراون و ئایندەی سنورەكەشمان نادیارە، هەروەها گومانیش هەیە گۆڕانكاریی دیمۆگرافی لە سنورەكەمان بكرێت، چونكە حكومەتی عێراق لە ڕووی ئەمنیەوە نەیتوانیوە گوندەكانی كاكەییەكان بپارێزێت.

هەروەها عەلی كاكەیی، چالاكوانێكی دیكەی كاكەییە، ئەو باس لە هەڕەشە و مەترسییەكان دەكات، كە ڕۆژانە لە سنوری كەركوك دەكرێتە سەر كاكەییەكان و دەڵێت: بەر لە ١٦ی ئۆكتۆبەر دۆخی كاكەییەكان باش بوو، بەڵام لەدوای ئەو بەروارە هێرش و مەترسییەكان بۆ سەر ئێمەی كاكەیی زیادی كردوە، بەم هۆیەشەوە چەندین گوندی كاكەیینشین چۆڵكراون لە سنوری كەركوك و داقوق.

باسی لەوەش كرد: لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغداد گرنگییەكی ئەوتۆ بەو شوێنانە نەدراوە، كە پێكهاتەی كاكەیی لێ‌ نیشتەجێبوون.

ئەوەشی وت: مەترسییەكان بۆ سەر كاكەییەكان بەردەوامە و لە ماوەی ڕابردوو لەلایەن چەكدارانی داعش بە دەیان كاكەیی كوژراون و هەڕەشەیان لێكراوە، بۆیە كاكەییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەژێر مەترسییەكی گەورەدان بە تایبەتی لە سنورەكانی كەركوك و داقوق.