نه‌ورۆز جێژنی نه‌ته‌وه‌یمان ئازار 21, 2018 0 167 FacebookTwitterPinterestWhatsApp گه‌ردوون به بێ کاریگه‌ری مرۆڤ ئالوگۆڕ له سروشتدا پێک ده‌هێنێت و هه‌لومه‌رجی ژیان ده‌گۆڕێت. بێگومان ئالوگۆڕه‌کانی سروشت کاریگه‌ریان له سه‌ر ژیانی مرۆڤ و گشت گیانله‌به‌راندا هه‌یه و به‌رچاوترین و پڕ بایه‌خترینی ئه‌و ئالوگۆڕانهش له وه‌رزی بـه‌هار دایه. بـه‌هار وه‌رزی نوێ بوونه‌وه‌یه. ژیان که به هۆی سه‌رمای زستانه‌وه سست ده‌بێ، له گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی خۆری به‌هاری چالاک ده‌بێته‌وه. جوان و ڕازاوه‌یی سروشتی بـه‌هار هه‌ر له کۆنه‌وه تا سه‌رده‌می نوێمان به ڕاده‌یه‌ک کاریگه‌ره که گشت هه‌ستێکی مرۆڤ ده‌بزوێنێ و…، نووسه‌ران به نووسین و شاعیران به شێعره جوان و پڕ له هه‌ست و سۆزه‌که‌یان و گشت هونه‌رمه‌ندان له ڕێگای هونه‌ره‌کانیانه‌وه، هاتنی به‌هار پڕ بایه‌خ و ڕازاوه‌تر ده‌که‌ن. هه‌ڵکه‌وته‌ی جوغرافیای نیشتمانی کوردان به شێوه‌یه‌کی باش بۆ بـه‌هار گونجاوه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی له خۆی ده‌گرێ و به سه‌ره‌تای ساڵی خۆی دیاری کردووه. ساڵنامه‌ی کوردی که مێژوویه‌کی دوور و درێژی هه‌یه، زۆر زانستیانه نوێ بوونه‌وه‌ی سروشت له بـههاردا به بنه‌ما ده‌گرێ و وه‌ک سه‌ری ساڵی دیاری کردووه، نوێ بوونه‌وه‌ی سروشت که به یه‌که‌م ڕۆژی نوێی بـه‌هار ده‌ست پێده‌کات، نــهورۆزی ناوه. نــه‌ورۆز ده‌ستپێکی ڕۆژێکی نوێیه له ژیانماندا که زۆر جێگای بایه‌خمانه. مێژووی ڕووداوه‌کانی نـه‌ورۆز، سه‌ره‌ڕای جوان و ڕازاوه‌یی و کاریگه‌ری سروشتی بـه‌هار له سه‌ر ژیاندا، گڕ و تینێکی به‌هێز له ناخماندا دروست ده‌کات. ئه‌گه‌ر سه‌رما له وه‌رزی زستاندا هه‌لی بۆ ده‌ره‌خسێ و سروشت دێنێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی و به هێزی به‌فر و سه‌هۆڵبه‌ندانی حوکمی خۆی ده‌سه‌پێنێت، ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌که‌ی سه‌رمای زستان به‌رده‌وام نابێ و به هۆی ڕۆژی به‌هار کۆتایی پێ دێت و تاجه سه‌هۆڵینه‌که‌ی ده‌توێته‌وه. هاتنه‌وه‌ی بـه‌هار و سه‌رکه‌وتنی به سه‌ر سه‌رمای زستاندا سه‌دان داستانی لێکه‌وتۆته‌وه و بهوپێیهیه به‌هار گه‌وره کراوه؛ وه‌ک هیوای سه‌رکه‌وتن به پیرۆزیش دانراوه. ڕۆژه نوێیه‌که‌ی سه‌ری ساڵمان( نـه‌ورۆز) وه‌ک سروشتی خۆی بۆته هێمای به‌رخودان. نـه‌ورۆز بۆ ئێمه‌ی کورد نه ته‌نیا بۆنه‌یه‌کی گه‌وره‌یه، به‌ڵکو پێناسه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییمانه. جیا له گشت بۆنه‌کانی دیکه، نه‌ورۆز له نێو کوردان‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه و زۆر زانستیانه‌ش به سه‌ری ساڵی کوردی و به پێی به‌ڵگه‌ی مێژووش به جێژنێکی نه‌ته‌وه‌یمان دیاری کراوه. ئه‌گه‌ر زۆر بۆنه له ئاکامی داگیرکاری نیشتمانماندا به سه‌رماندا سه‌پێندراوه، ته‌نیا نـه‌ورۆزه که مڵکی خۆمانه و جێژنی کوردانه و جێگای شانازیمانه. نەورۆزە ئاگر هه‌ڵده‌که‌ین جێژنــی نه‌ورۆزه ئه‌و ڕۆژه بۆ کورد گه‌لێک پیرۆزه ڕۆژگاری سارد و ڕەش بڕایەوە هەتاوی زێڕین، دەرەوشایەوە موژده‌بێ لێتان ساڵی تــــــازهیه بــەهاران ساتی هــــەستانەوەیە زۆرجاران که‌وتن، به‌ڵام نه‌سره‌وتن هەستان و هەستان، هەتا سەرکەوتن سروشتی کوردە، ئەزموونە بۆمان مێژوو ده‌گۆڕێ، به هێزی خۆمان ماف به خێر نادرێ پهنـــده بێژراوه له ڕێی ئازادی خوێـــن زۆر ڕژاوه وه‌رن با ڕابین گه‌لی کورد زمـــان تاکه‌ی له دوا بین له چه‌رخی زه‌مان چاو له ئاسۆ که‌ن ڕۆژمـــان هاته‌وه نه‌ورۆزی کوردان با ده‌نـگ داته‌وه نه‌ورۆز بۆ ئیمـه هه‌ر وه‌ک پێناسه دوژمن به‌و ڕۆژه گه‌لێک که‌ساسه میراتی ماده ئه‌و ڕۆژه بــــــــهرزه لێتان پیرۆز بێ جێژنی نـــهورۆزه وه‌هاب یوسفی Share this:FacebookXLike this:Like Loading...