ڕونکردنه‌وه‌ێک له‌ لاێان کۆمه‌ڵگای باوه‌ڕی یارسان – ئوروپا بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە نامە ناڕاسته‌کەی سەید ئیبراهیم سەید مسته‌فا سەید خەلیل

0
137

کۆمه‌ڵگای هۆشیاری کوردستان!

بەڕێز سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان!

بەڕێزحکومەتی هەرێمی کوردستان!

سەید ئیبراهیم سەید مسته‌فا سەید خەلیل نامه‌ێکی ده‌ژ به‌ کۆمه‌ڵگای ماف خۆراوی یارسان بڵاو کردۆته‌وه‌ و چالاکوانه‌ مه‌ده‌نی و به‌تواناکانی یارسانی (کاکه‌یی) لە باشوری کوردستان به‌ ترۆریست له‌ قه‌ڵه‌مداوه. بێجگە لەو بێڕێزی و بێحورمەتیە، ناوبراو خۆی به‌ سه‌رۆکی یارسانه‌کان ناساندوە.

ئێمه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵگای باوه‌ڕی یارسان – ئوروپا، به‌ توندی ئیدانه‌ی ئەو هەڵویست و بێڕێزیانەی سەید ئیبراهیم سەید مستەفا ده‌که‌ین و رادەگەێنین کە ناوبراو نه‌ک هه‌ر سه‌رۆکایه‌تی یارسانه‌کان لە هیج جێگایەک ناکات، به‌ڵکو بەو هەڵویستەیەوە دەردەکەوێ کە  به‌ هه‌ڵه‌دا چووه‌. چۆنکە ناوبراو ئاگای له‌ مێژو نییه‌ و ڕاستیه‌کانی لێ وه‌نبووه‌. لانیکەم دەبا ئەوەی لەبیر نەچوبا کە دینی یاری له‌ کوردستان سه‌ری هه‌ڵداوه‌و ئەوەی وەک میژوو بۆی مابێتەوە هەر هەمووی به‌زمانی کوردی نوسراوه‌.

مێژوو سه‌لماندویه‌تی که‌ دینی یاری دینێکی ئاشتیخۆاز و سەربەخۆیەو ڕیشه‌ی له‌ ده‌ڵی یارسانیه‌کاندایه‌. کەوابێ دەبا سەید ئیبراهیم سەید مستەفا ئەوەندە زانیاری هەبا، پیکهاتەیەک کە لە کوردستان سەری هەڵدابێت و ریشەی لەناو کۆمەڵگای خۆیدا داکوتابێ، بە دەیان حاکم و زۆردار نەیانتوانیوە لەنێویبەرن، ئێستاس بەو شیوە هەڵویست و بێڕێزیانەی ناوبراو و ئەوانیتریش لەنێو ناچێ و رۆژ لەدوای رۆژیش گەشە دەکا.

لەم پەیوەندیەدا داوا لە حکۆمەتی هەریمی کوردستان دەکەین سەبارەت بەم بێڕێزی و بێحورمەتیکردنانە بێدەنگ نەبن و رێگری بکەن لەوجۆرە خۆفەرزکردنانەی کەسانی وەک سەید ئیبراهیمەکان، کە مەبەستیان تیکدانی یەکریزیو خۆڵقاندی تۆی دوبەرەکییە لە کۆمەڵگادا.

 

له‌ گه‌ڵ ڕێزمان

شه‌ۆرای ڕێبه‌ری- کۆمه‌ڵگای باوه‌ڕی یارسان – ئوروپا

ڕێکه‌وتی ۸ـ۳ـ۲۰۱۷