ئێران كاكه‌ییه‌كانی كوردستان ده‌كاته‌ شیعه‌

0
428

ئێران كاكه‌ییه‌كانی كوردستان ده‌كاته‌ شیعه‌
” یاری کورد وشه‌” به‌ به‌ڵگه‌وه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ به‌ شیعه‌كردنیان ئاشكرا ده‌كات

سه‌رۆكى گشتیى كاكه‌یییه‌كان له‌ عێراق، له‌ نامه‌یه‌كدا به‌توندى هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر چه‌ند كه‌سایه‌تیى چالاكى كاكه‌یییه‌كان و به‌درێژكراوه‌ى “بیرى تیرۆریستى” تۆمه‌تباریان ده‌كات. هه‌ر له‌و نامه‌یه‌دا كه‌ ئاراسته‌ى لایه‌نه‌كانى عێراق و كوردستانى كردووه‌، بنچینه‌ى كاكه‌یییه‌كان بۆ سه‌ر مه‌زه‌وى شیعه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ كاكه‌یییانه‌ى تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن، تۆمه‌ته‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ره‌تى ده‌كه‌نه‌وه‌ كاكه‌یى به‌شێك له‌ مه‌زه‌وى شیعه‌ بێت.
ره‌جه‌ب كاكه‌یی سه‌رۆكی ڕێكخراوی میسرا بۆ په‌ره‌پێدان و ڕۆشنبیری یارسانی و یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ى له‌ نامه‌كه‌دا تۆمه‌تبار كراوه‌، به‌”وشه‌”ی ڕاگه‌یاند، “كاكه‌یی عه‌له‌وی نین و یارسانین، به‌شێك له‌ كاكه‌یییه‌كان به‌ پاره‌ و شتى تر خه‌ڵه‌تێنراون، تا ناسنامه‌ی عه‌له‌ویه‌ت بده‌نه‌ پاڵ خۆیان، عه‌له‌وییان كردووه‌ته‌ بیانوویه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ببن به‌ شیعه‌، به‌ڵام عه‌له‌وییه‌كانیش مسوڵمان نین، عه‌له‌وییه‌كان خۆیان له‌ توركیا ده‌ڵێن، ئێمه‌ مسوڵمان نین، ئه‌گه‌ر ئه‌م براده‌رانه‌ عه‌له‌وین با ببن، به‌ڵام نه‌ك شیعه‌ بن”.
زیاتر ده‌ڵێ، “عه‌له‌وی له‌ باكوری كوردستانیش ده‌ژین، نوێژ ناكه‌ن و سمێڵ درێژ ده‌كه‌ن و ته‌مبوور ده‌ژه‌نن، ئێمه‌ ڕێزمان بۆ هه‌موو ئاینێك هه‌یه‌ و باوه‌ڕمان به‌ دۆناودۆنه‌ و په‌یامبه‌رانیش به‌ پیاوچاك ده‌زانین، ئه‌و گرووپه‌ ئه‌مه‌یان كردووه‌ به‌ بیانوویه‌ك تا ده‌ست له‌ كاروباری ئێمه‌ وه‌ربده‌ن”.
ره‌جه‌ب كاكه‌یى دووپاتى كرده‌وه‌، “كاكه‌یی ته‌نیا له‌ كه‌ركووك و مووسڵ نین، به‌ڵكو له‌ خانه‌قین و هه‌ڵه‌بجه‌ و شوێنه‌كانی تریش هه‌ن، به‌ڵام زووم خراوه‌ته‌ سه‌ر كه‌ركووك و مووسڵ، چونكه‌ ڕێژه‌ی شیعه‌ له‌و دوو شوێنه‌ كه‌مه‌، واته‌ ئه‌م كه‌سه‌ی پیلانه‌كه‌ی داڕشتووه‌، دیاره‌ مامۆستاكه‌ی كێیه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌ زۆر به‌ وردی ئیشی نه‌كردووه‌، ده‌زانین ئه‌و گرووپه‌ ئه‌و نامه‌یه‌یان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ سه‌ردانی كێ ده‌كه‌ن و خۆیان ئه‌وه‌ باس ده‌كه‌ن”.
ئاماژه‌ی دا، “ئه‌مه‌ درێژكراوه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه‌ كه‌ ئێران بۆ ئێزیدییه‌كان و شه‌به‌ك گرتوویه‌تییه‌ به‌ر، سه‌ره‌تا له‌ ئێزیدییه‌كان ده‌ستیان پێ كرد، چۆن به‌كتاشی له‌ نێو شیعه‌ توانه‌وه‌، ئێسته‌ ده‌یانه‌وێ كاكه‌ییش به‌هه‌مان ده‌رد ببه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌ڵێین نه‌خێر بۆ سڕینه‌وه‌ی ناوی پیرۆزی ئاینی یارسان كه‌ له‌ عێراق پێی ده‌گوترێ كاكه‌یی”.
له‌باره‌ی ڕۆڵی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی كوردستان ده‌ڵێ، “ئه‌وان تا ئه‌م ساته‌ش به‌ قسه‌ی خۆیان، خۆیان بێ لایه‌ن گرتووه‌، ده‌یانه‌وێ كاكه‌یی نه‌بێته‌ دوو به‌شه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بێده‌نگ بن، خه‌ڵكی كاكه‌یی ده‌كرێن به‌ شیعه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و گرووپه‌ ده‌یكه‌ن به‌هۆی بێ ده‌نگی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌”.
له‌و نامه‌یه‌دا كه‌ سه‌رۆكى گشتیى كاكه‌یییه‌كانى عێراق ئاراسته‌ى كردووه‌، واژووى موختارى چه‌ند گوندێكى كاكه‌یشى له‌سه‌ره‌. ره‌جه‌ب كاكه‌یى ده‌ڵێ، “موختاره‌كان هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراون، یه‌كه‌م جار یاداشتێكیان نووسیوه‌ ئه‌وانه‌ی تێدا نه‌بووه‌ كه‌ ئێسته‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی مۆری كاكه‌یییه‌كانیان كۆ كردووه‌ته‌وه‌، یاداشته‌كه‌یان گۆڕیوه‌، بۆیه‌ موختاره‌كان بێ تاوانن و ئه‌وانیش خه‌ڵه‌تێنراون، ئێمه‌ ڕێزمان بۆ ئیسلام هه‌یه‌، به‌ڵام خۆمان مسوڵمان نین، نه‌ نوێژ ده‌كه‌ین و نه‌ ڕۆژوو ده‌گرین”.
د. ئیسماعیل كاكه‌یی مامۆستا له‌ كۆلێژی زانستی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی كاكه‌یی له‌باره‌ى پێوه‌ندى كاكه‌یى به‌ شیعه‌وه‌، به‌”وشه‌”ی ڕاگه‌یاند، “ئێمه‌ نه‌وه‌ی سوڵتان ئیسحاق به‌رزنجین كه‌ نه‌وه‌ی كچی ئیمام عه‌لییه‌، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌وه‌ لای ئێمه‌ قودسیه‌تی تایبه‌تی هه‌یه‌، نووسیومانه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سانێك داوای مافی كاكه‌یی ده‌كه‌ن، ده‌كرێ وه‌ك مه‌زه‌وێكی عه‌له‌وی حیسابمان بۆ بكه‌ن و مافمان پێ بده‌ن، نه‌ك له‌ ئیسلام ده‌رمان بكه‌ن به‌ شێوازێكی تر”.
دووپاتى كرده‌وه‌، “ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شیعه‌ نین و هه‌موو دنیاش بڵێ ئێمه‌ هه‌ر شیعه‌ نین، خۆشه‌ویستیمان بۆ ئیمام عه‌لی هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌ شیعه‌ین و نه‌ شیوه‌نی شیعه‌مان كردووه‌ و نه‌ ده‌یكه‌ین”.
له‌ نامه‌كه‌ى سه‌رۆكى كاكه‌یییه‌كان وه‌ك ناوى هه‌ریه‌ك له‌ “لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی و نازی خوشكی و ئه‌مین ره‌حیم” هاتووه‌. ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ كاكه‌یییانه‌ له‌ رێكخراوه‌كانى (رێكخراوی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی یارسان له‌ چه‌مچه‌ماڵ، رێكخراوی مه‌هر له‌ كه‌ركووك/داقووق و رێكخراوی فه‌له‌كه‌دین فاوه‌ندێشن له‌ هه‌ولێر) كار ده‌كه‌ن. له‌ نامه‌كه‌دا هه‌مان تۆمه‌ت خراوه‌ته‌ پاڵ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش له‌و رێكخراوانه‌دا كار ده‌كه‌ن.
ده‌قی وه‌رگێڕدراوی نامه‌كه‌ به‌ كوردی
هۆزی كاكه‌یی له‌ عێراق
بۆ/ لایه‌نه‌ فه‌رمییه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
    سه‌ندیكا و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و رێكخراوه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌            یه‌كگرتووه‌كان.
رێكخراوه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و باڵوێزخانه‌ و كونسوڵخانه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌نده‌كانی راگه‌یاندن.
ب/یاداشتێكی روونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی نوێنه‌رایه‌تیی كاكه‌یی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا

رێز و سڵاو.

ئێمه‌ وه‌ك سه‌رۆك و هه‌موو كه‌سایه‌تییه‌كانی كاكه‌یی ده‌مانه‌وێ چه‌ند راستییه‌كتان له‌باره‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردنی كاكه‌یی بۆ روون بكه‌ینه‌وه‌:
1-له‌ ماوه‌ی رابردوودا، به‌تایبه‌تی دوای هێرشه‌كانی داعش ژماره‌یه‌ك كه‌س ده‌ركه‌وتوون كه‌ وه‌ك نوێنه‌ری كاكه‌ییه‌كان ئاماده‌ی چالاكییه‌كان ده‌بن وه‌ك ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌:
1-لیزا فه‌له‌كه‌دین سابیر و نازی خوشكه‌كه‌ی و ئه‌وانه‌شی له‌گه‌ڵیاندا كار ده‌كه‌ن له‌ رێكخراوی فه‌له‌كه‌دین فاوه‌ندێشن له‌ هه‌ولێر.
2-ره‌جه‌ب عاسی حوسێن و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدا كار ده‌كه‌ن له‌ رێكخراوی مه‌هر له‌ كه‌ركووك/داقووق.
3-هه‌رێم ئه‌مین ره‌حیم و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدا كار ده‌كه‌ن له‌ رێكخراوی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی یارسان له‌ چه‌مچه‌ماڵ.
2-ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ هیچ پێوه‌ندییه‌كی راسته‌قینه‌یان به‌ كاكه‌ییه‌كانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وان له‌ رێگه‌ی رێكخراوه‌كانیان كار بۆ دابڕینی كاكه‌یی له‌ ئیسلام ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێ دووپاتی بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی باسمان كردن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نوێنه‌رایه‌تی كاكه‌یی ناكه‌ن و داواش له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ فه‌رمی و میللی و راگه‌یاندنه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌وان وه‌ك نوێنه‌ری كاكه‌یی نه‌ناسێنن و به‌و شێوه‌یه‌ش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌كه‌ن، ئێمه‌ی كاكه‌ییش ئه‌وان به‌ درێژكراوه‌ی دیارده‌ی بیری تیرۆریستی داده‌نێین كه‌ ده‌ركه‌وتنیان هاوكات بووه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی دیارده‌ی تیرۆر له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هۆزه‌ ئاشتیخوازه‌دا.
3-داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ رژدی ره‌چاوی داواكه‌مان بكه‌ن و كار بۆ داوه‌تكردن و پێشوازیكردن له‌وانه‌ی باسمان كردن نه‌كه‌ن وه‌ك نوێنه‌رانی كاكه‌یی، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ به‌ برینداركردنی هه‌ستی كاكه‌ییه‌كان و شێواندنی مێژووه‌كه‌یان له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ین و سه‌ره‌تایه‌كیشه‌ بۆ پڕۆژه‌یه‌كی له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵی كاكه‌ییه‌كان له‌ داهاتوودا، ئه‌و یاداشته‌ش به‌رجه‌سته‌ی رای گشتی كاكه‌ییه‌كان ده‌كات و زیاتر له‌ 18 هه‌زار كه‌سی پێگه‌یشتووی كاكه‌یی پاڵپشتی له‌و بۆچوونه‌ ده‌كه‌ن.
4-ئه‌گه‌ر هاتوو چه‌ند لایه‌نێكی فه‌رمی و نیوچه‌ فه‌رمیش هه‌بێت كه‌ وای دابنێن ئه‌وانه‌ داوای مافی كاكه‌ییه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، داوایان لێ ده‌كه‌ین كه‌ مافی كاكه‌ییه‌كان وه‌ك كه‌مینه‌یه‌كی موسڵمانی عه‌له‌وی مه‌زه‌و (شیعه‌) بده‌ن به‌بێ شێواندنی ره‌سه‌ن و مێژوویان كه‌ بۆ زیاتر له‌ 800 ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ وه‌ك رێگه‌یه‌كی سۆفیگه‌رایی كه‌ پشتی به‌ ئاینی ئیسلامه‌وه‌ به‌ستووه‌ له‌ ساتی دامه‌زراندنییه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی سوڵتان ئیسحاق كوڕی شێخ عیسای به‌رزنجی كه‌ له‌ 672ی كۆچی له‌دایك بووه‌ و ره‌چه‌ڵه‌كی بۆ ئیمام موسای كازم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی رێز….

سه‌ید ئیبراهیم سه‌ید مسته‌فا سه‌ید خه‌لیل ئاغای كاكه‌یی

سه‌رۆكی گشتی كاكه‌ییه‌كان له‌ عێراق