زانیاری ورد لە بارەی دروستبوونی فەوجێکی کاکەیی لە ناو حەشدی شەعبیدا دەخرێتەڕوو

0
542
هەوڵدان بۆ دروستکردنی فەوجێکی تایبەت بە کاکەییەکان لەناو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی-دا لە سنوری شارۆچکەی داقوق، مەترسی لای حزبە کوردییەکان دروستکردووە و یەکێتی و پارتی و گۆڕان، هاوڕان لەسەر ڕێگریکردن لە دروستبوونی ئەو فەوجە.
بەوتەی به‌رپرسێکی کاکه‌یی له‌ناو هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌، له‌ سنوری شاره‌دێی داقوق، ماوەی مانگێکە لە سنوری شارۆچکەی داقوق هەوڵی دروستکردنی فەوجێکی کاکەییەکان دەدرێت لە ڕیزەکانی حەشدی شەعبی و تائیستا ٦٠٠ کاکەیی ناوی خۆیان تۆمارکردووە.

ئەو بەرپرسە کاکەییە، که‌ نه‌یوست ناوه‌که‌ی ئاشکرا بکرێت، بۆ‌ ڕۆژنیوز ڕاشیگه‌یاند:”دوو که‌س ئەرکدارکراون به‌ کۆکردنه‌وه‌ی خەڵک و ناو نوسینیان، که‌سێکیان پێشتر کاندید بووه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر لیستی حزبێکی باڵا له‌ داقوق و ده‌وروبه‌ری، هه‌روه‌ها که‌سێکی دووه‌م ئێستا مامۆستای زانکۆیه‌ و له‌ یه‌کێک له‌ زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان وانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌”.

وتیشی:”بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری بکه‌ن له‌ دروست کردنی ئه‌و فه‌وجه‌، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌وڵداین تا لیوایه‌کی تایبه‌ت به‌ کاکه‌ییه‌کانی سنوری داقوق بکه‌ینه‌وه‌”.

مه‌سعود مه‌لا په‌روێز، به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان- عیراق و ئه‌ندامی سه‌رکرایه‌تی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسەی پێشمەرگەی پشتڕاستکردەوە و بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:”حکومه‌تی عێراقی به‌نیازه‌ له‌و ناوچانه‌ی که‌ جێناکۆکن و به‌ تایبه‌تی ناوچه‌ فره‌ مه‌زهه‌بییه‌کان هاوڵاتیانی به‌کاربهێنێت بۆ ئه‌جندای تایبه‌تی خۆی، به‌تایبه‌تر له‌ سنوری شاره‌دێی داقوق، خه‌ریکی ناونوسینن بۆ کاکیه‌کان، ژماره‌یه‌ک هاوڵاتیش ڕویان کردۆته‌ ناو نوسن”.

مه‌سعود مه‌لا په‌روێز، وتیشی:”ئه‌مه‌ مه‌ترسی دروستده‌کات بۆ کورد و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ جێ ناکۆکه‌کان، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م پلانانه‌ی شیعه‌کان هه‌رس بێنێت، ده‌بێت حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و لایه‌نی کوردی داخوازی هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه‌ جێ به‌جێ بکات، به‌ تایبه‌ت له‌ ڕووی دامه‌زراندنه‌وه، هەروەها ئه‌و هاوڵاتیه‌ کاکه‌ییانە له‌ناو ڕێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ دابمه‌زرێنین و نه‌هێڵین پلانمان بۆ دابڕێژرێت”.

هەروەها، جه‌نگی عزه‌دین، کادری پێشکه‌وتووی یه‌کێتی نیشمانی کوردستان له‌ شاری که‌رکوک، له‌و بارەیه‌وه‌ بە ڕۆژنیوزی وت:”دروستبوونی هه‌ر هێزێک له‌ ده‌رەوه‌ی هێزی نیشتمانی و یاسایی، به‌ میلیشا ناو ده‌برێت”.

وتیشی:”دروستبوونی حه‌شدی نیشتمانی یان حه‌شدی شه‌عبی، له‌ داهاتوودا کێشه‌ی گه‌ورە بۆ هه‌رێمی کوردستان و که‌رکوک دروست ده‌کات”.

سەبارەت بەدروستبوونی فەوجی کاکەییەکانیش لەناو حەشدی شەعبی-دا، جەنگی عیزەدین، وتی:”ئێمه‌ وه‌ک یه‌کێتی نیشمانی کوردستان کوردستان، هه‌رگیز ڕێگه‌ به‌ کاری واناده‌ین، پێشتریش ئه‌و که‌سانه‌مان ئاگادار کردۆته‌وه‌، که‌ فایل له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گرن بۆ ناو ڕیزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ تایبه‌ت حه‌شدی کاکه‌یی و حه‌شدی کوردی”.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌ زاری به‌رپرسی په‌یوه‌نده‌یه‌کانه‌وه‌ ڕه‌تیده‌که‌نه‌وه‌ دروستکردنی هێزی کوردی له‌ ده‌روه‌ی پێشمه‌رگه‌ قبوڵ بکه‌ن.

نه‌به‌رد کاکه‌یی، جێگری به‌رپرسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ شاری که‌رکوک، له‌و بارەیه‌وه‌ به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند:”ئێمه‌ وه‌ک بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ شاری که‌رکوک، له‌ ده‌رەوه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان و هێزی پێشمه‌رگه‌، هیچ هێزێکی تر وه‌ک هێزی یاسایی نابینین، له‌ ده‌روه‌ی هێزی یاسایی ئه‌و هێزانه‌ی هه‌بن هێزی میلیشیان”.

نەبەرد کاکەیی، وتیشی:”ئه‌گه‌ر هه‌موان ڕێگری له‌ دروستبوونی ئه‌و هێزانه‌ نه‌گرین ئه‌وا له‌ داهاتوودا، ده‌بنه‌ هۆی هه‌ڕەشه‌ بۆ کورد و هه‌رێمی کوردستان و به‌ تایبه‌ت شاری که‌رکوک”.

دروست کردنی فه‌وجی حه‌شدی کاکه‌یی له‌ کاتێکدایه‌، پێشتر هه‌وڵی زۆر دراوه‌ له‌ سنوری شارۆچکه‌ی دوز خورماتوو و شاری که‌رکوک حه‌شدی کوردی دروست بکرێت.

ش.ف