كاكەییەكان (یارسان:) ڕەشترین ڕۆژی ساڵ ئەو ڕۆژەیە ئۆجالان دەستگیركرا

0
529
یاری کورد كەییەكانی سنوری شارۆچکە داقوق-ی سەربە پارێزگای کەرکوک، لە ساڵیادی دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەكەكە، داوای بەستنی كۆنگرەی نەتەوەی دەكەن و دەشڵێن: ڕەشترین ڕۆژی ساڵ ئەو ڕۆژەیە كە ئۆجالان دەسگیر كرا .

گەنجێکی کاکەیی دەڵێت: ئاپۆ هەمیشە هەوڵیداوە كۆمەڵگا فێری ئەوە بكات كە لە كۆیلایەتی و سیستمی سەرمایەداری خۆیان دەربازبكەن، بەرپرسی لیوای کاکەییەکانیش لە هێزەکانی پێشمەرگە ئاماژەبەوەدەکات: لە كاتێكدا لە باشور باس لە سەربەخۆی دەكرێت، لە ڕۆژئاوا سیستمی فیدراڵی جێبەجێ كراوە، بوونی ئۆجالان لە ئێستادا زۆر پێویستە، بۆ ئەوەی كە خەونی كورد بێتەدی و ئۆجالان ئازاد بكرێت، باشترین وەڵام لە ئێستادا بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانە.

 

تەیب غەفور كاكەیی، لەبارەی ساڵیادی دەسگیركردنی عەبدوڵا ئۆجالان، بە ڕۆژنیوزی وت:” مانگی دوو بۆ گەلی كورد یەكێكە لەو مانگەی كە نەهامەتترین مانگە لە مێژووی گەلی كوردا، بە تایبەت ڕەشترین ڕۆژی ساڵ ئەو ڕۆژەیە كە بەڕێز ئۆجالان دەسگیر كرا، ١٥ی شوبات ڕۆژێكی تاریكە لە مێژووی گەلی كوردا، ئێمە وەك كاكەییەكان لێرەوە ئیدانەی حكومەتی توركیا دەكەین و هاوكات هاوكارانی وڵاتی توركیا بەرنەفرەت دەكەین”.

تەیب غەفور وتیشی:”لە ئێستادا كورد خاوەنی هێزێكی بەهێزی سەربازییە و خاوەن پێگەو ستاتۆیەكی بەهێزە، زەمینە لەبارە بۆ ئەوەی كۆتایی بە پەرتەوازەیی نێو ماڵی كوردی بهێندرێـت و ئیدی دەس بەستنی كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان بكرێت، وە هەموو لایەنەكان هەوڵی جدی بدەن بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجالان”.

 

ڕائید فەرهاد كاكەیی، بەپرسی لیوای كاكەیی لە هێزەكانی پێشمەرگە، لە بارەی ساڵیادی دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجالانەوە بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی:”لەم ڕۆژەدا سڵاو ڕێز بۆ ئۆجالانی خاوەن ئیرادەو خاوەن بیروڕایەكی پتەو و شۆڕشگێردەنێرین، لە دوای ١٨ ساڵ لە زیندانیكردنی سەرۆك ئاپۆ، لە لایەن ڕژێمی فاشیستی توركیاوە، تا ئێستا ئۆجالان لەناو گەلی كورد و جیهان نموونەی شۆڕشگێڕییە”.

ڕائید فەرهاد كاكەیی وتیشی: دیارە كە دەوڵەتی توركیا یەكێكە لە دوژمنە سەرسەختەكانی گەلی كوردو هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی گەلی كورد دەدات، بۆ ئەمەش دەبێـت كورد هەمیشە لەبەرامبەر دوژمنەكانی بەهێزبێت، وەك ئەوەی لە ڕابردوودا هەر بەهێز بووین، بەڵام بەهێزی لە یەكگرتندایە”.

 

ئەوەشی وت:”لە كاتێكدا لە باشوری كوردستان باس لە سەربەخۆی دەكرێت، لە ڕۆژئاوای كوردستان سیستەمی فیدراڵی جێبەجێ كراوە، بوونی ئۆجالان لە ئێستاداو لە ناو دۆخی گەلی كوردا گرنگەو زۆریش پێویستە، بۆ ئەوەی كە خەونی كورد جێبەجی بكرێت و ئۆجالان ئازاد بكرێت، باشترین وەڵام لە ئێستادا بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانە”.

 

زاكرۆز بێستون، وەك گەنجێكی كاكەیی، لەسەر هەمان پرس وتی :”سەرۆك ئاپۆ هەمیشە لە پەرتووكەكانی باسی لە ئازادبوونی مرۆڤ كردووە، هەمیشە هەوڵیداوە كۆمەڵگا فێری ئەوە بكات كە لە كۆیلایەتی و سیستمی سەرمایەداری خۆیان دەربازبكەن، لە ئێستاشدا سەرۆك ئاپۆ دوای دەسگیركردنی بە پراكتیكی بە ئێمەی وت ئەو ژیانەی من تێدا دەژیم بریتەوە لە ژیانی ئازادی و تەسلیم نەبوون”.

ناوبراو وتیشی:”بۆ ئەوەی هەموان بە سەرۆك ئاشنا بینەوە، دەبێت دەستهەڵبگرین لە خیانەت و هەوڵ بدەین كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان ئەنجام بدەین”.

 

لە ڕۆژی ١٥ ئەم مانگەدا، ١٨ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان-(پەكەكە، لە دوای ١٨ ساڵ تێپەڕبوون لە ڕفاندنی، لە ئێستادا لە گۆشەگیرەیەكی سەختدایە لە دورگەی ئیمرالی لە توركیا.