رێورەسمی بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی یەڵدای دێموکرات و، مەحکومکردنی پەلاماری تێرۆریستی- نۆروێژ

0
390
دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، ٢٠١٦/١٢/٢٦ ی زایینی بەرانبەر بە ٧ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی شەوی یەڵدای خوێناویی دێموکرات، لە نۆروێژ کۆڕیادێک پێکهات.
لەم کۆڕیادەدا ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان و کەسایەتیی و کوردانی تاراوگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشدار بوون .
سەرەتای کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب لە لایەن کۆڕی هونەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ پێشکەش کرا ودواتر بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، بە تایبەت شەهیدانی کردەوە تیرۆریستییەکەی شەوی یەڵدای بەردەم قەڵای دێموکرات لە کۆیە دەستی پێکرد.
پاشان  بەیاننامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن هاوڕێ “رزگار حەبیب زادە”، بەرپرسی کۆمیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە خوێندرایەوە و لە بەشێک لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: “نیشانەکان‌و زانیارییەکان دەریدەخەن کە ئامانج لەو تەقینەوەیە، کوشتنی ژمارەیەکی هەر چی زیاتر لە تێکۆشەران‌و بنەمالەکانی دێموکرات بووە‌. بەو هۆیەشەوە کە نەیانتوانیوە بۆمبەکان بێننە نێو هۆڵی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، نزیکترین شوێن لەو هەدەفەیان- کە خەڵک لە کاتی تەواو بوونی بەرنامەکە‌دا لێی کۆ دەبنەوە- هەڵ بژاردوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یەکەم ڕاگەیەندراودا بە مەبەستی هەر چی زووتر ئاگادار کردنی بیروڕای گشتی لەم ڕووداوە، تەنیا ڕوودانی تەقینەوەکە‌و ڕادەی زیان‌و قوربانییە گیانییەکانی بە ئاگاداریی هەموو لایەک گەیاندو قامکی تاوانبار کردنی بۆ لایەنێکی دیاریکراو، ڕانەداشت. بەڵام هەر لە یەکەم ساتەکانەوە، گومانمان نەبوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشت ئەم پیلانە تێرۆریستیەوەیە. لێدوان‌و وتووێژ‌و ڕوونکردنەوەکانی دواتری بەرپرسانی حیزبی ئێمە لە پێوەندی لە گەڵ ئەم تەقینەوەیە دا، پێداگری بووە لە سەر ناساندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سەرچاوەی سەرەکیی ئەنجامدانی ئەم تاوانە تێرۆریستییە.”
هەروەها بەیاننامەکەی دەفتەری سیاسی ئەوەشی خستبووە ڕوو: حیزبی دیموکراتی کوردستان لە تاوانبارکردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەنجامدانی ئەم تەقینەوە تیرۆریستییە، پشتی بە کۆمەڵێک بەڵگەو هۆ بەستووە. ئەم ڕێژیمە، هەر لە هەرێمی کوردستان لە دەیەی ٩٠ی زایینی‌دا، دەیان تاوانی تیرۆریستیی گەورەی لە دژی لایەنە سیاسییەکان‌و تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی‌و بنەمالەکانیان ئەنجامداوە کە سەدان قوربانییان لێ کەوتووەتەوە. جگە لەم کارنامە ڕەشە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تیرۆری تێکۆشەرانی سیاسیی نەیاری ئەو ڕێژیمە لە هەرێمی کوردستان‌دا هەیەتی، لە مانگەکانی ڕابردوو‌دا، فەرماندەرانی سوپای پاسداران بە ئاشکرا‌و بەردەوامی هەڕەشەیان کردوە کە لە نێوخۆی هەرێم‌و لە هەر جێیەک بە پێویستی بزانن، زەبر لە دێموکراتەکان‌و بنکە‌و بارەگاکانیان دەوەشێنن. لەمانەش گرنگتر ئەو زانیارییانەن کە کۆمیتەی ئەمنیەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەم چەند ساڵەی دوایی‌دا لە ڕەوتی پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ئەو ڕێژیمە‌و لێکۆڵێنەوە لە ڕاسپێردراو‌و دەستوپیوەندە ناردراوەکانی سەر بە دامودەزگا سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ نێو حیزبی ئێمە، کۆی کردوونەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئیتلاعات‌و سوپای پاسداران لە مێژە لە هەوڵی خرابکاری‌و ئەنجامدانی تەقینەوە‌و کردەوەی تێرۆریستیی دیکە لە نێو بنکە‌و دامەزراوەکانی حیزب‌و لە دژی بەرپرسان‌و تێکۆشەرانی حیزب دان. لەڕاستای چالاک‌کردنەوەی نیازە تێرۆریستییەکانیان لە هەرێمی کوردستان‌و بە دژی حیزبی دیموکرات‌و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێوەندییان بە ژمارەیەک لە هاودەستانی خۆیان لە دەیەی ٩٠ی هەتاوی‌دا گرتووەتەوە‌و،  داوایان لێکردوون بۆ ئەم مەبەستە هاوکارییان بکەن. ئەوەش کە هەر لە دوو ساڵی ڕابردوو دا چەند پیلانی تیرۆریستی لە دژی بنکەکان‌و بەرپرسانی ژمارەیەک ڕێکخراوی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو هەرێمی کوردستان دا، پووچەڵ کراونەوە‌و عامیلانیان گەڕاونەوە باوەشی دەزگا سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئێران ، ڕاستیی ئەم قسانە دەسەلمێنن. ئەو بەڵگە‌و نیشانە‌و زانیارییانەش کە لە پێوەندی لە گەڵ تەقینەوەی “شەوی یەلدا‌”دا بە دەست حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە هەن‌و جارێ خەریکی بە دواداچوون‌و لێکۆڵینەوەی زیاتر لە سەریانین، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دڵنیامان دەکەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو تاوانە تیرۆریستییەی ئەنجام داوە.
پاشان هاوڕێ “کوێستان گادانی” بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند وتەیەکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد. لە سەرەتادا بەڕێزیان گوتی: “مێژووی خەباتی نەتەوەیی کورد دەمێکە تێکەڵبوونی خوێنی شەهیدانی پارچەکانی کوردستانی دەگەڵ یەکتر تۆمار کردووە و نموونەی هەرە نوێ و زیندوو، ٧ شەهید و دوو برینداری رووداوی دڵتەزێنی تەقینەوەی بەردەرگای قەڵای دێموکرات لە نیزیک شاری کۆیە لە رۆژی سێشەممە ٢٠ی دێسامبری ٢٠١٦ی زایینییە.” هاوڕێ “کوێستان” لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا وێرای ئاماژە بە پیلانی دوژمنانی کورد و داگیرکەران کرد و ئاماژەی بەوە دا:” ئەوان لە هەڵەدان، چونکە گەلی کورد بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات بە تایبەتی نیشانیان داوە و سەلماندوویانە کە، نە کوشتن، نە تێرۆر، نە ئێعدام و نە زیندانیکردن و نە ئەشکەنجەدان هیچیان ناتوانن گەلی کورد لە داوای مافی رەوای خۆی پاشگەز بکاتەوە.” بەڕێز “گادانی” لەسەر هاوکاری و هاودەنگیی هێز و لایەنە کوردستانییەکان رایگەیاند: “هەر وەک ئاگادارن، رۆژی ٢٥ی دیسامبر، بە دەستپێشخەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان ٣٠ حیزب و لایەنی سیاسی لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە دەوری یەک کۆبوونەوە کە هەموو پێکەوە جیا لەوەی کە هەر لایەنە بە جیا ئیدانەی ئەم کردەوە تیرۆریستییەی کردووە، پێکەوەش ئەم کردەوەیان بە هاوبەشی مەحکومکردووە  کە ئەمە هەنگاوێکی زۆر موسبەتە و هیوادارین درێژەی هەبێت، بەڵام هەر ئەوەندە بەس نییە و چاوەڕوانییەکان زیاترن و کەسایەتییە سیاسییەکان و روناکبیرانیش لە فورسەتی ئاوادا دەتوانن یارمەتیدەر بن لە هاندانی زیاتر بۆ لێک نیزیکردنەوەی ئەحزابی سیاسی و بە رێنوێنی و رەخنە و پێشنیاری بەسوود دەتوانن کاریگەری خۆیان هەبێ. هاوکات ئەم رووناکبیرانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەژین کە دەستیان ئاوەڵەترە، ئیمکانات و شارازایی زمان و پێوەندی باشیان دەگەل دامودەزگای دەوڵەتی نیشتەجێ و نێودەوڵەتیان هەیە، دەتوانن زیاتر یارمەتیدەری پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بن بۆ لەقاودانی کردەوەی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی و هەرچی زیاتر ناساندنی ماهییەتی ئەم رێژیمە و یارمەتیدەری ئەحزابی سیاسی بدەن.” لە کۆتایی قسەکانیدا خاتوو کوێستان گوتی: ” ئێمە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و هۆگرانی “حدک” دڵنیا دەکەینەوە کە هەڕەشەو تاوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێمە لە درێژەدانی خەباتی فرەرەهەند بە دژی کۆماری ئیسلامی سارد ناکاتەوە
بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکە تەرخانکرابوو بە پێشکەشکردنی پەیام و بروسکەی حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکانی بەشداربوو کە بریتی بوون لە: –
-حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
-پارتی دێموکراتی کوردستان
-یەکێتی نیشتمانیی کوردستان
-ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕان
-کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
-کۆمەڵە ـ رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
-رێکخراوی خەباتی شۆڕشگێری کوردستان
-پارتی سەربەخۆیی کوردستان
-رێکخراوی یاری کورد
-سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
-کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
ـ ک .ن .ک ” کۆنگرەی نەتەوەیی کورد”
-یەکیەتی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران
-یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا لە لایەن بەشی راگەیاندنی کۆمیتەی نۆڕوێژەوە کورتە فیلمێک لەسەر ژیانی شەهیدانی شەوی یەڵدای دێموکرات پێشکەش کرا. دواتر پەیامی بنەماڵەی شەهیدانی شەوی یەڵدا، لە لایەن “محەممەد میرخزری”، کوڕی شەهید “وەهاب میرخزری” خوێندرایەوە و لە پەیامەکەیدا هاتبوو: شەوی “یەڵدا” یان شەوزستانی ئەمساڵ، وەک نەریتێکی باو لەناو دێموکراتەکاندا، بۆ زیندووڕاگرتن‌و وەبیهێنانەوەی هزری قاسملووی هەمیشە زیندوو، کۆڕێکی ئەدەبی‌و هەمەڕەنگ بەبۆنەی ٨٦ ساڵەی لە دایکبوونی زانا و بلیمەتی کورد، “قاسملوو”ی نەمر لە یەکێک لە بنکەو بارەگاکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو. کۆمەڵێک لە رێبوارانی رێبازی قاسملوو وەک هەمیشە بۆ خۆ تەیارکردنی هەرچی زیاتر لە دەریای لەبن نەهاتووی هزری قاسملوو لە ساڵۆنێک‌داو ، لە دەوری یەک کۆبوونەوەو بە گوێی دڵ سەرقاڵی رازو نیازی عاشقانە لەگەڵ پێغەمبەری ئاشتی‌و مامۆستای دێموکراسیی خۆیان بوون کە لەناکاو زرمەی بۆمبی شەوپەرستانی کۆنەپەرستی تاران خەڵوەتی عاشقانەی شێواندن‌و گومی خوێنی گەش‌و ئاڵی رێبوارانی هەتا سەر وەفادار بە رێبازی قاسملووی وەرێخست. بەڕێزان لە بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا بە روونی‌و ئاشکرا هۆکارو ئەنجامدەرانی کارەساتەکەی شەوی یەلدای خوێناویی دێموکرات دەستنیشان کراوە، بۆیە من تەنیا وەک کوڕی شەهید “وەهاب میرخزری” بە نوێنەرایەتیی لەلایەن بنەماڵەی شەهیدان “عەلی قۆیتاسی، سالار باقری، ئەرسەلان عەباس نیا، ناسر کەریمی، عەدنان عەبدوڵڵاو سەنگەر ستار”ەوە، سپاس‌و پێزانینی خۆمان پێشکەشی سەرجەم ئێوە بەڕێزان دەکەین کە بە بەشداریی لە پرسەو رێوڕەسمی یادکردنەوەی شەهیدانی “شەو زستان”ی دێموکرات‌دا بەشداریتان کردو خاوەن هەڵویست‌و هاوسۆزمان بوون.”
پاشان لە لایەن یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ “مەحبووب رەحیمی” چەپکە گوڵی پێشکەش بە رووحی شەهیدانی شەوی یەڵدا کرد کە “محەممەد میرخزری” بە نوێنەرایەتی بنەماڵە شەهیدەکان وەریگرت. پێویست بە ئاماژەکردنە نێوئاخنی کۆڕیادەکە، خوێندنەوەی چەند شیعر و پەخشانێک بەو بۆنەوە بوو کە لە لایان بەڕێزان “سەلاح سوڵتانپەنا- مامۆستا پەیمان-عوسمان نۆباری- شکوفە قادرسووری”یەوە پێشکەش کران. کۆڕیادەکە بە پێشکەشکردنی سروودی “ئەی شەهیدان” لە لایەن بەشی هونەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دوای دوو کاتژمێر کۆتایی پێ هات.