په‌یامی پیرۆزبایی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌بۆنه‌ی جێژنی خاوه‌نکار

0
267
دەفتەری سیاسیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، بەبۆنەی جێژنی خاوەنکار، جێژنی ئایینیی کوردانی یارسان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە. سەرنجتان بۆ دەقی ئەو پەیامە رادەکێشێن:
جێژنی خاوەنکار، جێژنی ئایینی خەڵکی یارسان لە پێرەوانی ئەو ئایینە لە رۆژهەڵاتی  کوردستان پیرۆز بێ.
رۆژووی “مەڕنووی” یارسانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمساڵ لە رێکەوتی٢٢ ی خەزڵوەر دەستی پێکردو، رۆژی دووشەممە واتە ٢٤ی خەزەڵوەر،  دەبێتە جێژنی خاوەنکار.
لە ماوەی نزیک بە ٤ دەیە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێڕەوانی ئایینی یاری لە هەر کوێیەکی ئێران ژیابێتن، هەم لە باری ئایینیەوە چەوسێنراونەتەوە، هەم لە باری نەتەوەییەوە ستەمیان لێکراوە و تەنانەت لە بەشداری پێکردنیان بۆ راپەڕاندنی کاروباری ناوچەکانی خۆشیان بێبەش کراون و هیچکات وەک هاووڵاتی پلە یەک چاویان لێنەکراوە.
ئەمساڵیش لە حاڵێکدا ئەو خەڵکە جێژنی خاوەنکار دەگرن کە، وەک بەشێک لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەک پێشوو و بەشێوەی سیستماتیک مافە نەتەوەیی و ئایینیەکانیان لە لایەن رێژیمەوە پێشێل دەکرێت و لەلایەن دام‌ودەزگاکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سووکایەتییان پێدەکرێ و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی لە پێڕەوانی ئایینی یاری، وەک هەمیشە پشتیوانی خۆی لە هەموو ئازادیخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی خەڵکی یارسان دووبارە دەکاتەوە و هیواخوازە پێڕەوانی ئایینی یاری و هەموو خەڵکی کورد،  پێکەوە و بە خەباتی شێلگیری خۆیان بتوانن بە مافە رەواکانی خۆیان بگەن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
٢٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٣ ی نۆڤامبری ٢٠١٦ ی زایینی