لە شەمزینان و وان دەیان سەربازی دیکەی تورک دەکوژرێن

0
229

 

بە پێ هەواڵی رۆژ نێوز گەریلاکان لە بەردەوامی چالاکیەکانیان لە باکوری کوردستان و تورکیا، ڕۆژانە زەبری گران لە سوپا و هێزە ئەمنیەکانی تورک دەدەن.

گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە شارۆچکەی رووبارۆک، چالاکیەک بۆسەر مۆڵگەی سەربازانی تورک ئەنجام دەدەن، لە شەڕەکەدا دەیان سەربازی سوپای تورکیا کوژران و گەریلاکان دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک و جبەخانەدا گرتووە، هەروەها لە شارۆچکەی ئارتەمێتی سەر بە شاری وان شەڕ هاتوەتە ئاراوە و دوو کەس گیانیان لە دەستداوە.

ئێوارەی دوێنێ یەک شەممە لە سەر گردە رۆناهی شارۆچکەی رووبارۆکی سەر بە جۆلەمێرگی شەمزینانی باکوری کوردستان، شەڕێکی سەخت روویدا، لە ئەنجامی شەڕەکەدا هێزەکانی گەریلا گردەکەیان لە دەستی سەربازانی سوپای تورکیا دەرهێنا و دەستیان بە سەر بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی سوپادا گرت، بە گوێرەی زانیاریەکان دەیان لاشەی سەربازانی تورک کەوتونەتە دەست گەریلاکان.

هەر دوێنێ شەو پۆلیس و هێزە ئەمنیەکانی تورک لە گەڕەکی سیپانی شارۆچکەی ئارتەمێنتی سەر بە شاری وان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵان و لەئەنجامدا خەڵکی دژیان وەستاونەتەوە شەڕ ڕوویداوە، لە ئەنجامی شەڕەکەدا دوو هاوڵاتی کە ناسنامەیان نادیارە گیانیان لە دەستداوە، پاش شەڕەکە سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر ماڵەکانی گەڕەکەکە و هاوڵاتیەکی بەناوی سەعید ئەکبریان دەستگیر کردووە.