یاری كورد : هێنانی هێزی سوپای داگیركه‌ری توركیه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستانی باشوور پاساو هه‌ڵگر نییه‌ و مه‌حكوومی ده‌كه‌ین

0
373

 ڕژیمی توركیه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و  وڵاتانه‌ی به‌شێك له‌ خاكی كوردستانی داگیر كردووه‌ و كوردی ئه‌م پارچه‌یه‌ی له‌ گشت مافێك بێبه‌ش و بێبه‌ری كردووه‌ و به‌رده‌وام كورد له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و كوشتن و ئاسیمیلاسیۆن دابووه‌ ، ناتوانێ ئیدعای ئه‌وه‌ بكا كه‌ دڵسۆزی بۆ كوردی پارچه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردستان واته‌ كوردستانی باشوور ده‌كا ، ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیه‌ كه‌مترین ماف و ئازادی به‌ گه‌لی كورد ڕه‌وا نابینن و هیچ كات ئاماده‌ نه‌بوون دانی خێر به‌ كورد دابێنن ، ئه‌گه‌ر ڕژیمی توركیه‌ ده‌خوازێ یارمه‌تیده‌ری كورد بێ له‌ شه‌ڕ به‌ دژی داعش ، بۆ له‌ توركیه‌ مافی كوردان نادا و له‌ سووریه‌ش له‌ گه‌ڵ كورده‌كان كه‌ دژی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ن ، دژایه‌تی ده‌كا . توركیه‌ به‌ سیاسه‌تی یه‌ك بان و دوو هه‌وا خه‌ریكی گه‌مه‌یه‌كی سیاسیه‌ به‌ دژی كورد و كوردستان ، پرسیار لێره‌ دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆنه‌ كورد له‌ دیدی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیه‌وه‌ له‌ باشوور ده‌بێ مافیان پێبدرێ و به‌ دۆست و هاوپه‌یمان له‌ قه‌ڵه‌م بدرێن ، به‌ڵام له‌ توركیه‌ و سووریه‌ به‌ تیرۆریست و دژبه‌ر ناودێر بكرێن ،  ئێمه‌ وه‌ك رێكخراوی یاری كورد لێره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ هێنانی هێزی وڵاتێكی داگیركه‌ری وه‌ك توركیه‌ بۆ ناو خاكی پیرۆزی هه‌رێمی كوردستانی باشوور مه‌حكوومه‌ و هیچ بیانوو و پاساوێك هه‌ڵناگرێ ، ڕژیمی توركیه‌ خه‌ریكه‌ له‌ ئاوی لێڵ ماسی ده‌گرێ و ده‌یهه‌وێ دووبه‌ره‌كی و ئاژاوه‌ بخاته‌ ماڵی كورده‌وه‌ و به‌و چه‌شنه‌ش سیاسه‌تی (( تفرقه‌ بنداز و حكومت كن ))  ئاژاوه‌ بنێوه‌و حكوومه‌ت بكه‌ ، به‌ڕێوه‌ ده‌با ،بۆیه‌ له‌و دۆخه‌ ناسك و ئه‌سته‌م و چاره‌نووس سازه‌ی ئێستاكه‌ كورد پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێ ، پێویسته‌ به‌ وشیاری ته‌واوه‌وه‌ هه‌نگاو هه‌ڵگرین .

به‌ پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ئێمه‌ هه‌مانه‌ هێزێكی دوو هه‌زار كه‌سیی توركیه‌ كه‌ هه‌ڵگری چه‌كی قورسن له‌ چه‌ند شوێنێكه‌وه‌ و له‌ سنووری نه‌ینه‌وا و موسڵ له‌ سێ ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستانی باشوور و به‌ ئاگاداریی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و شه‌خسی به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی هێنراونه‌ته‌ ناو خاكی كوردستان و جێگیر كراون ، ئه‌وه‌ش مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر كوردستان و به‌ تایبه‌تی بۆ سه‌ر  بنكه‌ و باره‌گاكانی PKK .

یاری كورد راده‌گه‌یه‌نێ كه‌ : ئێمه‌ ، هێنانی هێزی دوژمن (( ڕژیمه‌كانی توركیه‌ ، ئێران ، سووریه‌ ، عێراق ))  بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان ، وه‌ك خه‌یانه‌ت به‌ خاك و زێد و نیشتمان ده‌زانین و پێمانوایه‌ ئه‌وه‌ مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر گه‌لی كورد و پێشێل كردنی ئاشكرای ماف و سه‌روه‌ریی خاكی كوردستانه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ وێڕای مه‌حكووم كردنی هێنانی هێزی دوژمن بۆ سه‌ر خاكی كوردستان ، داوا له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كورد  ده‌كه‌ین كه‌ ململانیی حیزبی و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات مه‌كه‌نه‌ قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتی و كوردستانیه‌كان .

یاری كورد به‌ ڕاشكاوی داوا له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی كه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسیاریه‌تیی ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و ، ده‌كا ، له‌و باره‌وه‌ هه‌ڵوێستی جیددی و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی هه‌بێ و ئیزن نه‌دا دوژمنانی گه‌لی كورد له‌و دۆخه‌ دا به‌ قازانجی خۆیان كارتی كورد بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌ كار بێنن .

ئێمه‌ پێمان وایه‌ دیپلۆماسیه‌ت و پێوه‌ندیی سیاسیی نێوان وڵاتانی دراوسێی كوردستان به‌ مه‌رجێك له‌ سه‌ر حیسابی كوردی پارچه‌كانی تر نه‌بێ ، ئاسایی و مافی ڕه‌وای هه‌ر هێزێكی سیاسیه‌ ، به‌ڵام مامه‌ڵه‌ كردن له‌ سه‌ر كوردی پارچه‌یه‌كی تری كوردستان پاساو هه‌ڵگر نییه‌ و مه‌حكوومی ده‌كه‌ین .

ڕێكخراوی یاری كورد

سه‌ید فه‌رهاد حه‌یده‌ری

١٣ی دێسامبری ٢٠١٥ ، ٢٢ ی سه‌رماوه‌زی ١٣٩٤ی هه‌تاوی

said farhad haidari