یاری کورد : با لاوانی کورد چیتر نه‌بنه ‌قوربانیی ململانیه‌ سیاسیه‌‌ حیزبییه‌کان

0
382

ڕۆژی 23ی سێپتامبری 2015 پارتی ئازادیی کوردستان ، پاک ، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێک دا بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ گوایه‌ که‌سێک به‌ ناوی ڕه‌حیم مسته‌فایی به‌مه‌به‌ستی تیرۆر کردنی به‌ڕیز حوسێن یه‌زدان په‌نا ته‌قه‌ی کردووه‌و له‌ ئه‌نجامدا کاک حوسێن رزگاری بووه‌ و به‌ڵام سێ پێشمه‌رگه‌ی ئه‌م پارته‌ به‌ ناوه‌کانی شه‌هیدان مه‌هدی یارمحه‌ممه‌دی ، به‌همه‌ن یارمحه‌ممه‌دی و عه‌لانوور یارمحه‌ممه‌دی شه‌هید بوون ، و به‌ پێی هه‌واڵ و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌کانی باشووری کوردستان ڕه‌حیم مسته‌فایی پاش چه‌ند کاتژمێرێک له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ وه‌ک تیرۆریست ده‌ستبه‌سه‌ر و ره‌وانه‌ی گرتووخانه‌ کراوه‌، ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی پرسیار و تێڕامانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌:
یه‌که‌م : چاره‌نووسی ڕه‌حیم مسته‌فایی ئێستا چی به‌سه‌ر هاتووه‌و له‌چ دۆخ و ڕه‌وشێک دا ده‌ستبه‌سه‌ر کراوه‌؟
دووهه‌م: به‌پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه‌و زانیاریی باوه‌ر پێکراو و جیگه‌ی متمانه‌، پارتی ئازادیی کوردستان ، پاک ، سناریۆ سازی کردووه‌و ئه‌م مه‌سه‌له‌ی به‌لاڕێدا بردووه‌و له‌ڕاستیدا چه‌واشه‌کاری کردووه‌
یاری کورد وێڕای ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی بۆ ئه‌م چوار پێشمه‌رگه‌یه‌هه‌ڵبه‌ستراون ، ڕاستیی ڕووداوه‌که‌به‌م چه‌شنه‌بۆ ڕای گشتی ڕوون ده‌کاته‌وه‌:
ئه‌م چوار پێشمه‌رگه‌یه‌ واته ڕه‌حیم مسته‌فایی ، مه‌هدی یارمحه‌ممه‌دی ، به‌همه‌ن یارمحه‌ممه‌دی و عه‌لانوور یارمحه‌ممه‌دی به‌نیاز بوون ڕیزه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان به‌جێ بێڵن و پێوه‌ست به‌ڕیزه‌کانی پارتی کرێکارانی کوردستان واته‌ پێکاکا ببن ، به‌ڵام مه‌خابن له‌لایه‌ن که‌سانی سه‌ر به‌پارتی ئازادیی کوردستانه‌وه‌ ته‌قه‌یان لێکراوه‌و سێ که‌سیان شه‌هید بوون و چواره‌م که‌سیش واته‌ ڕه‌حیم مسته‌فایی پاش ئه‌وه‌ی ڕزگاریی بووه‌و ڕای کردووه‌، پارتی ئازادی کوردستان تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی داوه‌ته‌ پاڵ که‌ گوایه‌ ئه‌و که‌سه‌ به‌نیاز بووه‌‌ حوسێن یه‌زدان په‌نا تیرۆر بکا ، خاڵێکی دیکه‌ که‌ گومانه‌که‌ دوو قات ده‌کا ئه‌وه‌یه‌ که‌ هاوکات له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی تیرۆر باس له‌وه‌ ده‌کری که‌ ئه‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ شه‌هید کراون.

که‌وابوو هۆکاری ده‌ستبه‌سه‌ر کردنی ڕه‌حیم مسته‌فایی بۆ چییه‌و چی له‌پشته‌؟
یاری کورد لێره‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێ که‌:
ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌و پێوه‌ندییه‌دا له‌لایه‌ن پارتی ئازادیی کوردستان و هه‌ندێ لایه‌نی کوردستانی باشووره‌وه‌ بڵاو کراونه‌ته‌وه‌ هه‌ڵبه‌ستراون و دوورن له‌ڕاستیه‌وه‌
بۆیه‌داواکارین: چاره‌نووسی ڕه‌حیم مسته‌فایی که‌ به‌ بێ هۆ ده‌ستبه‌سه‌ر کراوه‌ ڕوون بکرێته‌وه‌ و لایه‌نه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی و تاکه‌که‌سی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ لاڕێدا نه‌بن و هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ی شه‌هید کرانی ئه‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه‌بۆ خه‌ڵکی کوردستان و ڕای گشتی ئاشکرا بکه‌ن و واز له‌سیناریۆ سازی و چه‌واشه‌کاری بێنن
له‌ کۆتاییدا یاری کورد داوا له‌ لاوانی خوێن گه‌رم و نیشتمانپه‌روه‌ری ناوچه‌کانی ئیلام و کرماشان ده‌کا که‌ ئه‌گه‌ر به‌ نیازی خه‌بات بۆ ئازادی و ڕزگارین هه‌ر له‌ ناوچه‌کانی خۆیان دا بمێننه‌وه‌و خاک و زێدی خۆیان چۆڵ مه‌که‌ن و به‌جێی نه‌هێڵن
له‌و باره‌وه‌ یاری کورد وێڕای پشتیوانی له‌ دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێ که‌ئ اماده‌یه‌ هاوکاری و ڕێنوێنیی زیاتر بداته‌ هاونیشتمانانمان له‌ کوردستان به‌گشتی و له‌ ناوچه‌کانی ئیلام و کرماشان به‌تایبه‌تی .
هیوا خوازین لاوانی کورد له‌و ناوچانه‌ چیتر نه‌بنه‌ قوربانیی ململانیی ‌حیزبایه‌تی و هه‌ستی گه‌ل دۆستی و نیشتمانپه‌روه‌ری و کوردایه‌تیی خۆیان بپارێزن.

سازمان یاری کورد

01/10/2015
سەرنجتان بۆ لێدوانەکانی پاک رادەکیشین لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە پێوەندی بە گیان لە دەسدانی ئەو پێشمەرگانەدا.

بەرەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە(24/9/2015) ئەو پێشمەرگەیەی هەوڵی تیرۆرکردنی حسێن یەزانپەنای دا دەستیگر کراوەو دەدرێتە دادگای شۆڕش.
شەوی ڕابردوو سەعات7ئێوارە لە کاتی نانخواردن لە گوندی خرابەرووت پێشمەرگەیەک بە بیکەیشی هەوڵی تیرۆرکردنی جێگری سەرۆکی حزبی پارتی ئازادی کوردستانی داو بەداخەوە سێ پاسەوانی تایبەتی شەهید کرد.
عەباس زادە یەکێک لە فەرماندەی پێشمەرگەکانی پارتی ئازادی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند : دوای ڕووداوەکە لە سنووری باشووری کەرکووک پلانێکی ئەمنی تۆکمە داڕێژرا بۆ ئەوەی ئەو کەسە دەربازی نەبێت و دەستیگر بکرێت سەر ئەنجام لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەستگیر کراو ئێستەش دەستبەسەرە.
ئەو فەرماندەیە لەبارەی پلانەکەوە گوتی : ئەوە پلانە لە تاران داڕێژراوە بۆ تیرۆرکردنی حسێن یەزانپەنا و ئەو کەسە خەڵکی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ناوی (رەحیم مستەفایی)یە .
لە بارەی دادگایکردنیەوە عەباس زادە گوتیشی “ئەو کەسە دەدرێتە دادگای شۆڕش و سزای خۆی دەدرێت.
بەپێ زانیاریەکانی (باسنیوز) دادگای شۆرش سزاکەی بریتیە لە گوللەبارانکردنی ئەو کەسانەی بەتۆمەتی سیخوری لە نێو پێشمەرگە دەستگیر دەکرێن
عەباسزادە لە گەل snn

شەوی ڕابردوو پێشمەرگەیەکی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لەمیحوەرەکانی ڕوبەڕوبونەوەی داعش، ھەوڵی تیرۆرکردنی فەرماندەی گشتی حزبەکەی دەدات، پاشئەوەی سێ لەھاوڕێکانی شەھید دەکات، بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش ھەڵدێت، پاکیش لەSNNوە ڕونکردنەوە دەدات.
شەوی ڕابردوو کاتژمێر (٧:٣٠) خولەک، پێشمەرگەیەکی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) دەستڕێژی گوللەی لەژمارەیەک پاسەوانی تایبەتی حسێن یەزدان پەنا جێگری سکرتێری پاک کردووەو بەو ھۆیەشەوە سێ پێشمەرگە شەھید بوون، دواتریش ئەو کەسە بەرەو دەشتاییەکانی حەویجە (ناوچەکانی ژێر دەستی ھەڵاتووە).
لەوبارەیەوە ڕزگار عەباس زادە بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لەلێدوانێکدا بۆ SNN وردەکاری ڕووداوەکەی گێڕایەوە، ئەوەشی ئاشکراکرد، توانیویانە کەسەکە دەستگیربکەن.
زادە وتی:”ڕاستە ئەوکەسە پێشمەرگەی پارتی ئازادی بوو، بەڵام سەر بەئیتڵاعاتی ئێران بووە، ئەوکەسە ھەوڵیدا جێگری سکرتێری حزبمان تیرۆربکات، بۆیە دەستڕێژی گوللەی کرد، بەڵام بەداخەوە سێ لەپاسەوانەکانی حسێن یەزدان پەنا بەرکەوتن و شەھیدبوون”.
لەسەرەتای شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە، پارتی ئازادی کوردستان (پاک) کە حزبێکی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستانەو بەپارتەکەی (عەلی قازی) کوڕی پێشەوا قازی محەمەد ناسراوە، ژمارەیەک لەپێشمەرگەکانی ناردە میحوەری خەرابەڕوت لەنزیک کەرکوک و تائێستا ھەشت شەھیدو ٢١ برینداریان ھەیە لەشەڕی تیرۆریستانی داعشدا.
بەرپرسەکەی پاک ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەوکەسە ھەوڵیدابوو بچێتە ژوورەکەی جێگری سکرتێری حزب، بەڵام لەلایەن پاسەوانەکانەوە ڕێگری لێکرابوو، ئەویش بەچەکی بیکەیسی دەستڕێژی گوللەی لێکردبوون لەو شوێنەدا دوو پێشمەرگە شەھیدبوون.
وتیشی:”پێشمەرگەیەکی دیکەش کە ئەوانە پاسەوانی تایبەتی یەزدان پەنابون، لولەی تفەنگی تەقەکەرەکەی گرتبوو، ویستبووی نەھێڵێت تەقە بکات، تەقەکەرەکەش دەستڕێژی لەویش کردبوو، ئەویش پاش مانەوەی بۆ چەند کاتژمێرێک لەنەخۆشخانە، شەھیدبوو”.
سەبارەت بەدوای ڕووداوەکەش ڕزگار عەباس زادە وتی:”ئەوکەسە دوای ئەوکارەی کە کردی، بەرەو دەشتاییەکی حەویجە ھەڵات، بەڵام بەھاوکاریی لیوای دووی ھێزەکانی پێشمەرگەو ھێزەکانی ئاسایش، توانرا لەکاتژمێر پێنجی بەیانی دەستگیری بکەینەوە”.
زادە ئەوەشی ئاشکراکرد، تەنھا لەماوەی ئەمساڵدا لەباشوری کوردستان، چوارجار ھەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسانی حزبەکەیان دراوە، بەڵام ھەمووجارەکانیش پیلانەکان تێکدراون و سەریان نەگرتووە.
knn

‌ ‌ ته‌رمی‌ 3 پێشمه‌رگه‌ی‌ شه‌هیدی‌ پارتی‌ ئازادی‌ كوردستان كه‌له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆریستانی‌ داعش شه‌هیدبوون له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر به‌ خاك ده‌سپێررێن، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران رێگه‌ی‌ نه‌دا ته‌رمه‌كانیان بگه‌رێنرێنه‌وه‌ بۆ پارێزگای‌ ئیلامی‌ خۆرهه‌لاَتی‌ كوردستان.

ڕزگار عه‌باس زاده‌, فه‌رمانده‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ پارتی‌ ئازادی‌ كوردستان به‌ KNN ی‌ ڕاگه‌یاند: شه‌وی‌ چوارشه‌ممه‌ له‌سه‌ر پێنجشه‌ممه‌ی‌ ڕابردوو له‌ ئاكامی‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵێكی‌ تیرۆریستیی‌ چه‌كدارانی‌ داعش, سێ پێشمه‌رگه‌ی‌ پارتی‌ ئازادی‌ كوردستان شه‌هید بوون.

وتیشی‌: خێزانی‌ شه‌هیده‌كان هه‌وڵیانداوه‌ ته‌رمی‌ شه‌هیده‌كان بۆ پارێزگای ئیلامی خۆرهه‌لاَتی‌ كوردستان ببه‌نه‌وه‌, به‌لاَم له‌لایه‌ن كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێرانه‌وه‌ ڕێگرییان لێكراوه‌ و ڕه‌تیان كردوه‌ته‌وه‌ ته‌رمه‌كان وه‌ربگرن, بۆیه‌ به‌ ناچاری‌ ته‌رمه‌كانیان له‌ گوندی‌ ئه‌شكه‌وسه‌قای‌ سنوری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر به‌خاك سپاردوه‌.

له‌ شه‌ڕی‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆریستانی‌ داعشدا, پارتی‌ ئازادی كوردستان تائێستا 8 شه‌هیدیان هه‌بوه‌.