پێکهاتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە لایەن داعش، ئەو ئیمکانە بە دەوڵەت و سیاسەتمەدارەکانی دەدا کە ئاوات و ئامانجە لەمێژینەکانیان لە ناوچەکە بەسەرکەوتوو ببینن. وێدەچێ پێش هەرەشە بەربڵاوەکەی داعش بۆ عێراق، سیاسەتمەدارانی تورک هاووڵاتیانی کوردیان واتێگەیاندبوو کە ئەگەر داعش لەشەڕ لەگەڵ بەغدا سەرکەوتن بەدەست بێنێ، وڵاتی عێراق لێکهەڵدەوەشێ و لە نێوان شیعەکان و سووننەکان و کوردەکان دابەش دەکرێ و بەمشێوەیە کوردەکان دەتوانن بە خێرایی سەربەخۆیی رابگەیەنن. تەنانەت هەندێ لە کەسایەتییە کوردەکان بە ئاشکرا رایاندەگەیاند کە تورکیا، تورکیای پیشوو نەماوە و ئیتر ئەوان دژبە کورد و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی هەڵوێست ناگرن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەسەلەیە تا ڕادەیەک دەکرێ هۆکاری پاساوهەڵنەگری پاشەکشەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە ئێزدی و کاکەییەکان، پێش گەیشتنی هێزەکانی داعش بەو ئەو ناوچانە بزانین. بەداخەوە چۆڵکردنی ناوچەی ئێزدییەکان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە، بووە هۆی کوژران و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس لە ئێزدییەکان و ژنان و کچانی ئێزدی لەلایەن داعشەوە دەستبەسەر کران.
دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا لە سەرەتانی قەیرانی سوریا و عێراق، سنوورەکانی ئەو وڵاتەیان بەرووی دەیان هەزار تیرۆریست لە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا کردەوە کە بۆ پەیوەستبوون بە گروپی داعش روویان لە عێراق و سوریا دەکرد، تیرۆریستە برینداربووەکانیانی داعشیان لە نەخۆشخانەکانی تورکیا چارەسەر دەکرد، پێداویستیە سەربازییەکانیان دابین دەکردن و بۆ بەهێزکردنی لایەنی ماددی، نەوتیان لە دەوڵەتی ئیسلامی دەکڕی.
کوڕی ئاغای ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، یەکێ لە شانازییەکانی ئەوەیە کە وێنەی لەگەڵ جینایەتکارێکدا گرتووە کە سەری بڕاوی پێنج کەسی لەبەر دەستە، لە وێنە بڵاوکراوەکاندا هەر ئەو جینایەتکارە لە سەر تەختی نەخۆشخانە و دوای چارەسەری، نەک بەتەنیا لەگەڵ کوڕی ئەردۆغان، بەڵکوو لەگەڵ چەندین کەسایەتی ئەمنییەتی تورکیا دەبیندرێ.
ئەمڕۆ سەرۆککۆماری نوێ و سەرۆک وەزیری پێشووی تورکیا ئاغای ئەردۆغان کە هەست بە روحی سولەیمان پاشا لە دەروونی خۆیدا دەکات، لە پەرلەمانی تورکیا ئیزن ئەوە وەردەگرێ بە ناردنی هێزی سەربازی بۆ سوریا و عێراق لەگەڵ دەوڵەتی تیرۆریستی داعش شەر بکات، شەڕ لەگەڵ رێکخراوەیەک کە خودی تورکیا لە دامەزراندن و پێگەیاندنی ئەودا رۆڵی سەرەکی هەبووە.
رووبەرووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستەکان بیانوویەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە نەوتییەکان لەسەر خاکی کوردستان کە تورکیا هەمیشە ئیدعای خاوەندارییەتی ئەو ناوچانەی هەبووە. براوەی دیکەی ئەو گەمەیە ئەمریکا و وڵاتە ئوروپییەکانن کە حزووری هێزی سەربازیی و سیاسی دووبارەی خۆیان لە ناوچەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دابین دەکەن.
نابێ لەبیرمان بچێ کە سەری ئێرانییەکانیش لەو نێوەدا بێ کڵاو نەماوەتەوە و بە ئاگاداریی تەواو لەگەڵ ئەمریکا و ئوروپا، حکومەتی عێراق بە سەرۆک وەزیرێکی نوێ سپێردراوە کە یەکێک لە مۆرەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانە. ئەوەی کە دەبیندرێ ئەوەیە کە تاکە دۆڕاوی ئەو گەمەیە نەتەوەی کوردە. بەداخەوە پێشبینییە هەڵەکان، کوردستانی گەیاندۆتە سەر رێیەکی مەترسیدار. ئەگەر سیاسەتێکی دروست پەیرەو نەکرێ، نابێ چاوەڕوانی ئەوەمان هەبێ کە لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەڵگەی سەربەخۆیی کوردستانمان پێ بدرێت.
دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە نەتەوەی کوردیش بەو چارەنووسی ئێزدییەکان و کاکەییەکان گرفتار دەبێ کە بەجێهێشتران و کچە مێرمنداڵەکانیان لە جومعە بازارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش دەفرۆشترێن. جێگای داخە کە ناباوەری ونەبوونی ئەمنییەت لە نێوان نەتەوەی کورد گەیشتۆتە ئەو جێیەی کە بەشێک لە پەیرەوانی ئایینی کاکەیی لە ترسی دراوسێی موسوڵمان و ئیسلامی داعش، رایانگەیاندووە کە موسوڵمانن.
هەڵبەت نابێ رەخنە لەوان بگرین، چونکە هەلومەرج و تەنیایی خەڵکی کاکەیی بەتەواوی هەستی پێدەکردرێ. نە هێزێک بۆ بەرگری لەوان بوونی هەیە و نە ئیمکاناتێک بۆ بەرگریی لە خۆیان شک دەبەن. تا ئەوکاتەی دەمارگرژییە مەزهەبییەکان لە کوردستان بەسەر هەستە نەتەوایەتییەکاندا زاڵ بێت، نە هاووڵاتییەک مانائ هەیە و نە ئەمنییەتێک بۆ خەڵکی ناموسوڵمان بوونی دەبێت. ئەگەر رەخنەیەک هەیە، رووی لە بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستانە کە هیوادارم بە دوور لە زمانی سیاسی توانای وەڵامدانەوەیان هەبێ.
سەید فەرهاد حەیدەری