ڕۆڵ و پێگەی بەڕێز ئۆجه‌لان له‌ئاستی کوردستانی گەورە دا! به‌شی دوو؛

0
291

په‌كه‌كه‌ ئه‌و بۆچوونانه‌ی‌ ڕه‌خنه‌ئاوێز كه‌ ڕووبه‌ڕوی ده‌كرێته‌وه‌ بنكۆڵ ده‌كات و به‌ پیلان و دژایه‌تیكردن ئه‌ژمار‌ی ده‌كات، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی ئۆجه‌لانه‌ كه‌ ده‌ڵێت ڕه‌خنه‌ بنه‌مای هه‌موو پێشكه‌وتنێكه‌.

په‌كه‌كه‌ و ڕه‌خنه؛
هه‌میشه‌ له‌لایه‌ن ڕۆشه‌نبیرانی كورد و تاكه‌كانی سیاسیی كۆمه‌ڵگای كوردستان ئه‌و ڕه‌خنه‌ ڕووبه‌ڕووی پارتی كرێكارانی كوردستان كراوه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وام ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌و پارته‌ نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست به‌ده‌م داواكارییه‌كانی ئۆجه‌لانه‌وه‌ بێت و بۆچوونه‌كانی نوێی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌ت و ئیستراتیژی ئه‌و پارته‌دا جێگیر بكات و وه‌ك بنه‌مای سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كه‌ڵكی لێوه‌ر بگرێت. پێویسته‌ ئه‌وه‌ بووترێت كه‌ به‌ڕێز ئۆجه‌لان له‌ زۆر بواردا ڕوانگه‌ی جیاواز و ئاڵۆزی هه‌یه‌ و پتر هه‌وڵ ده‌دات كه‌ وه‌ك ناوه‌ندێكی هزری پێداچوونه‌وه‌ به‌ ڕووداوه‌كان بكات و شرۆڤه‌ و شیكارییان له‌سه‌ر ئه‌نجام بدات و ڕۆڵێكی ئه‌رێنی و دوور له‌ كاریگه‌ری سیاسیی و ئیستراتیژی حیزبی، بگێڕێت. ئۆجه‌لان ئه‌و قۆناغه‌ به‌رته‌سكه‌ حیزبییه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌، كه‌ پێویسته‌ سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی سیاسیی هه‌میشه‌ باییخ و گرینگی یه‌كه‌م به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پارته‌كه‌ی بدات و له‌ ده‌لاقه‌ی سیاسیی و ئیستراتیژی حیزبه‌كه‌یه‌وه‌ ڕووداوه‌كان شرۆڤه‌ بكات و شیكاری پێویستیان بۆ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت، ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ هزرییانه‌ی به‌ڕێز ئۆجه‌لانیش له‌پاش ئه‌وه‌كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و له‌ دوورگه‌ی ئیمرالیدا به‌ند كرا، هاته‌ كایه‌وه‌ و ئه‌و قۆناغه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیی و فه‌لسه‌فییه‌ پێداچوونه‌وه‌‌ به‌ به‌شێك له‌ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌كانی ڕابردووی خۆی بكات و به‌ له‌به‌رچاو گرتنی دۆخی سیاسیی كوردستان و ناوچه‌كه‌ لێیان تێپه‌ڕ بێت. هه‌نووكه‌ ئۆجه‌لان له‌ دۆخ و قۆناغێكی سیاسیی تاییبه‌ت دایه‌ و ڕوانگه‌كانی به‌رفه‌راوانه‌ و پتر هه‌وڵ ده‌دات كه‌ باییخ به‌ ڕابردوو بدات و له‌ كونج و قوژبنه‌كانی مێژوو بكۆڵێته‌وه‌ و هاوكات دۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆش له‌به‌رچاو بگرێت. ئیستا ڕووبه‌ری كراوه‌یی و ده‌لاقه‌ی ڕوانگه‌كانی ئۆجه‌لان و بیروبۆچوونه‌كانی پتر له‌ ناوه‌ندێكی هزری و فه‌لسه‌فی ده‌چێت تاكوو سه‌ركرده‌یه‌كی حیزبیی و ڕێكخراوه‌یی كه‌ وشك بیر بكاته‌وه‌ و هه‌میشه‌ ڕووداوه‌كان و ئاڵوگۆڕه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌كه‌ی لێك بداته‌وه‌ و هه‌نگاوه‌كانی بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی حیزبه‌كه‌ی هه‌ڵبنێته‌وه.

هه‌ر بۆیه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان و ته‌نانه‌ت ئه‌و تاكه‌ ڕووناكبیر و ڕێكخراوه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری ته‌وژم و هه‌ژموونی سیاسیی به‌ڕێز ئۆجه‌لان دان، ناتوانن وه‌ك ئه‌و بارودۆخه‌كه‌ شرۆڤه‌ بكه‌ن، یانخود وه‌ك ئه‌و هه‌نگاوه‌كان هه‌ڵبگرن و خۆیان له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كاندا بگونجێنن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و خوێندنه‌وه‌ نوێیه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ئۆجه‌لان بۆ دۆخی سیاسیی ناوچه‌كه‌ و كوردستان هه‌یه‌تی، به‌چه‌ندین قۆناغی سیاسیی و هزریدا تێپه‌ڕ بووه‌ و هه‌ركام له‌و قۆناغانه‌ش كاریگه‌ری مه‌زنیان له‌سه‌ر ئۆجه‌لان و ڕوانگه‌كانی داناوه‌ و هاوكات به‌رهه‌می به‌دواوه‌چوونی چه‌ندین ساڵ كار و خه‌باتی سیاسیی و زانستیی و مێژوویی بووه‌ و بۆ شرۆڤه‌كردنی دۆخ و قۆناغه‌كانی جیاوازی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ناوچه‌كه‌ كاتی گونجاوی ته‌رخان كردووه‌. هه‌نووكه‌ ئۆجه‌لان له‌بیر و هزردا قۆناغی ناسیۆنالیزم و نه‌ته‌وه‌گه‌ری تێپه‌ڕ كردووه‌ و پتر ڕۆڵی داڕشتنی تیئۆری پێكه‌وه‌گونجانی نه‌ته‌وه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی بچووك ده‌دات و هه‌وڵی جێگیركردنی ئاشتی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی بچووك ده‌خاته‌گه‌ڕ و پتر ڕۆڵی تیئۆریك ده‌گێڕێت تاكوو ڕۆڵی كرده‌یی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاتێ كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا، له‌ ژیانی سیاسیی و خه‌بات و تێكۆشانی كرده‌یی بێبه‌ش كرا و دوور خرایه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ش یان ده‌بوو ژیانی سیاسیی وه‌لا بنێت و له‌ به‌ندیخانه‌ به‌ چه‌شنێكی ئاسایی ژیان و ته‌مه‌ن تێپه‌ڕ بكات، یانخود ده‌بوو شێوه‌ی خه‌باته‌كه‌ی له‌ كرده‌یی بۆ تیئۆریك بگۆڕێ، ئه‌م هه‌وڵه‌شی سه‌ركه‌وتوو بوو و توانی به‌و چه‌شنه‌ بیر و هزری، زیندوو و چالاك ڕابگرێت و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاش بمێنێت.

پارتی كرێكارانی كوردستانیش وه‌ك پارتێكی سیاسیی ناتوانێ تێكڕای بۆچوون و ڕوانگه‌كانی ئۆجه‌لان جێبه‌جێ بكات، چونكه‌ پارتێكی سیاسیی به‌رژه‌وه‌ندی تاییبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ دۆخی سیاسیی و ڕووداوه‌كان له‌ ده‌لاقه‌ی سیاسیی خۆیه‌وه‌ شرۆڤه‌ ده‌كات، به‌ڵام هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پێدا ئۆجه‌لان قۆناغی حیزبایه‌تی تێپه‌ڕ كردووه‌ و خۆی له‌و دۆخ و‌ سیاسه‌ته‌ وشك و سنووره‌ به‌رته‌سك و دیاریكراوه‌دا‌ ڕزگار كردووه‌ و بنه‌ما هزرییه‌كانی به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێك و پێك و زانستییانه‌ داڕشتووه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م كه‌ هه‌نووكه‌ ئۆجه‌لان وه‌ك په‌كه‌كه‌ بیر ناكاته‌وه‌ و په‌كه‌كه‌ش وه‌ك ئۆجه‌لان بیر ناكاته‌وه‌ و ئه‌و ماوه‌ش كه‌ ئۆجه‌لان له‌ په‌كه‌كه‌ دوور بووه‌ ئاره‌سته‌ی ڕووداوه‌كان گۆڕانكاری قووڵی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، هاوكات ئۆجه‌لانیش له‌و ماوه‌یه‌دا ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری نوێی هێناوه‌ته‌ كایه‌وه‌ كه‌ تا ئاستێكی به‌رز و نزم له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كانی په‌كه‌كه‌ هاوتا نییه‌. به‌ڵام چونكه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان ئۆجه‌لان به‌ تاكه‌ سه‌ركرده‌ی مه‌زنی خۆی ئه‌ژمار ده‌كات و فه‌لسه‌فه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌و پارته‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی هزری ئۆجه‌لان داڕێژراوه‌، ئه‌و حیزبه‌ ناتوانێ كه‌ خۆی به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ئۆجه‌لان بێ به‌ری بكات، هاوكات ده‌زانێت كه‌ كۆمه‌ڵگاش به‌ ته‌واوه‌تی پشتی تێ ده‌كات و لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌. بۆیه‌ ده‌ڵێم كه‌ په‌كه‌كه‌ و لایه‌نگرانی ئۆجه‌لان بۆ تێگه‌ییشتن له‌ په‌یامه‌كانی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ و له‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئاپۆ پێویستیان به‌ تێپه‌ڕ كردنی ‌كات و به‌ تێپه‌ڕاندنی قۆناغی زیاتره‌.

شه‌هید د. عه‌بدوولڕه‌حمانی قاسملوو له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیشدا به‌ هه‌مان قۆناغدا تێپه‌ڕ بووه‌، ئه‌وه‌ش كاتێ كه‌ لایه‌نگره‌كانی بێ هۆ پشتیوانیان لێ ده‌كرد، یانخود دژبه‌ره‌كانی بێ هۆ دژایه‌تییان ده‌كرد، ئه‌و دوو به‌ره‌ش هه‌م له‌نێو ڕیزه‌كانی حیزبی دیموكراتدا هه‌بوون و هه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ی حیزبی دیموكرات و له‌نێو پارته‌كانی دیكه‌ی كوردستانیشدا به‌دی ده‌كران، له‌ باشووری كوردستانیشدا كه‌سانێك هه‌بوونه‌ كه‌ بێ هۆ یان پشتیوانیان له‌ به‌ڕێز ژێنێڕاڵ به‌رزانی و كه‌سایه‌تییه‌كانی دیكه‌ ده‌كرد یانخود دژایه‌تی. به‌داخه‌وه‌ ئه‌م‌ پرس و پڕۆسه‌ شتێكی نوێ نییه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستاندا بوونی هه‌یه‌ و باوه‌، په‌كه‌كه‌ و لایه‌نگرانی به‌ڕێز ئاپۆ،ش به‌ هه‌مان قۆناغدا تێپه‌ڕ ده‌بن و ئه‌وه‌ش بۆ كۆمه‌ڵگای كوردستان شتێكی سه‌یر و نامۆ نییه‌. هه‌نووكه‌ ده‌بینم ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یان ساڵ پێشتر دژایه‌تییان له‌گه‌ڵ د. قاسملوو ده‌كرد، ئه‌مڕۆ باس له‌ مه‌زنی و گه‌وره‌یی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیی، زانستیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ده‌كه‌ن. وته‌یه‌كی مێژوویی هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت تێپه‌ڕ بوونی كات ئێش و ئازاره‌كان كه‌متر ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و وته‌ به‌و واتایه‌ دێت كه‌ تێپه‌ڕ بوونی كات تێگه‌ییشتنی زیاتر و به‌رفه‌راوانتر دێنێته‌ كایه‌وه‌.

په‌كه‌كه‌ و گۆڕانكاری؛
له‌ پاش ده‌ستبه‌سه‌ربوونی به‌ڕێز ئۆجه‌لان، په‌كه‌كه‌ خۆی نوێ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ و ته‌نیا تاكتیك وه‌ك ئاڵوگۆڕی سیاسیی نوێ پێناسه‌ ده‌كات و به‌و چه‌شنه‌ش به‌ده‌ره‌وه‌ پێشان ده‌دات كه‌ هه‌ڵگری ئاڵوگۆڕی نوێ بووه‌، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی من‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌و كاته‌وه‌ ئاپۆ له‌ به‌ندیخانه‌ی حوكوومه‌تی فاشیستی توركدا به‌ند كراوه‌ تاكوو هه‌نووكه‌ په‌كه‌كه‌ پێویستی به‌ تێپه‌ڕ كردنی چه‌ند قۆناغی سیاسیی گرینگ بووه‌ كه‌ ده‌بوو تێپه‌ڕی بكات و هاوكات پێویستی به‌ ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تیی و نوێ بووه‌‌ كه‌ له‌ خۆیدا پێكی بهێنێت، به‌ڵام پارتی كرێكارانی كوردستان خۆی له‌و ئاڵوگۆڕانه‌ به‌دوور گرتووه‌، هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی به‌جێ نه‌گه‌یاندووه،‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر نوێبوونه‌وه‌ و نوێكارییه‌ك پێویستی به‌ گۆڕانكاری ڕیشه‌یی و پڕ هه‌یه، ئه‌وه‌ش‌‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی ئه‌مڕۆی په‌كه‌كه‌ ئه‌م دۆخ و قۆناغه‌ له‌ خه‌بات له‌ پێوه‌ندی به‌‌و نوێكارییانه‌ به‌ گونجاو و له‌بار نازانێت، هه‌روه‌ها قورخ كردنی ده‌سه‌ڵات كه‌ مژاری سه‌ره‌كیی ئاڵوگۆڕه‌كانی نوێی نێو ئه‌و حیزبه‌ ده‌بوو، وه‌ك كێشه‌ی سه‌ره‌كیی و بنه‌مایی خۆی ده‌رده‌خست، بۆیه‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی په‌كه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی پانزده‌ ساڵی ڕابردوودا خۆی له‌ هێنانه‌دی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ بواردووه‌، ئه‌مه‌ش زیانی به‌و پارته‌ گه‌یاندووه‌ و له‌ چه‌ند قۆناغی جیادا ده‌یان له‌ ئه‌ندامان و تێكۆشه‌رانی ئه‌و حیزبه‌ ڕیزه‌كانی ئه‌و پارته‌یان به‌جێ هێشتووه‌ و چه‌ندین شانه‌ و گرووپی جیا جیابوونه‌وه‌یان له‌و حیزبه‌ ڕاگه‌یاندووه‌، هه‌وڵه‌كانی په‌كه‌كه‌ش بۆ ڕاوه‌ستان و پێشپێگرتن و ته‌نانه‌ت سه‌ركوت كردنی ئه‌و هه‌وڵانه‌ ترس و تۆقاندن و تیرۆركردن بووه‌، به‌ڵام تیرۆركردنی ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌ له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی ئه‌و پارته‌وه‌، ته‌نیا وه‌ك ده‌نگۆ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و تاكوو هه‌نووكه‌ به‌به‌ڵگه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ی په‌كه‌كه‌ نه‌سه‌لمێنراوه‌ و له‌ زۆربه‌ی كاته‌كاندا نه‌یارانی په‌كه‌كه‌ش ئه‌مه‌یان وه‌ك خاڵی لاوازی ئه‌و حیزبه‌ پێناسه‌ كردووه‌ و كه‌ڵكی نه‌رێنییان له‌دژی پارتی كرێكارانی كوردستان لێوه‌ر گرتووه‌.

كۆی گشتیی ئه‌و هه‌وڵه‌ی په‌كه‌كه‌ و لاوازبوونی ڕۆڵی سیاسیی ئه‌و حیزبه‌ و بێ هیوابوونی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌، به‌ هۆكاری نه‌هێنانه‌كایه‌ی ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ ڕیشه‌ییانه‌ ئه‌ژمار ده‌كه‌م كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستانی ئه‌و پارته‌ خۆیان لێ به‌دوور گرتووه‌ و تاكوو ئیستاش باییخی پێ ناده‌ن و ده‌نگی ناڕازی و هه‌وڵی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی نێوخۆییش به‌ هه‌وڵی لایه‌نی ده‌ره‌كیی خۆیانه‌وه‌ گرێ ده‌ده‌ن و به‌ پلان و پیلانی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كوردستانی ده‌به‌ستنه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ جێگای سرنج و تێڕامانه‌ و په‌كه‌كه‌ش باییخی پێ نادات، په‌یامه‌كانی به‌ڕێز ئۆجه‌لانه‌ كه‌ تێیدا ئاماژه‌ به‌ گۆڕانكاری نوێ ده‌كات و داواكاره‌ كه‌ نوێكاری نوێ بێته‌ كایه‌وه‌. پارتی كرێكارانی كوردستانیش جێبه‌جێ نه‌كردنی ئه‌و به‌شه‌ له‌ په‌یامه‌كانی ئۆجه‌لان كه‌ ڕووی له‌ ئاڵوگۆڕی سیاسیی نێو ئه‌و حیزبه‌یه‌، به‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی ئه‌و وتانه‌ی به‌رێز ئۆجه‌لان له‌ژێر كاریگه‌ری و گوشاری سیسته‌می فاشیستی توركدا به‌زمانیدا ده‌هێنێت و ڕوانگه‌ی بنه‌ڕه‌تیی و بنه‌مایی هزری ئاپۆ نییه‌. چۆن ده‌بێ په‌كه‌كه،‌ كه‌سایه‌تی به‌ڕێز ئۆجه‌لان كه‌ ڕێبه‌ری كاریزماتیكی ئه‌و پارته‌ بووه‌، ئه‌وه‌نده‌ به‌لاواز پێناسه‌ بكات و‌ تۆمه‌تی له‌و چه‌شنه‌ی بخاته‌ پاڵ! ئاپۆ له‌ ماوه‌ی به‌ندكردنیدا ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ نه‌كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری سیسته‌می سیاسیی توركیه‌ و پێچه‌وانه‌ له‌ زۆر‌ بواری سیاسیی نوێدا حوكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ی به‌و قه‌ناعه‌ته‌ گه‌یاندووه‌ كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سیاسیی كورد ده‌بێت دیالۆگی له‌گه‌ڵدا بكرێت و باییخ به‌ ڕوانگه‌كانی بدرێت.

بۆیه‌ هه‌میشه‌ و له‌ زۆربه‌ی كاته‌كاندا په‌یامه‌كانی ئۆجه‌لان وه‌ك خۆی به‌جێ ناگه‌یه‌نرێن و ئه‌و تیره‌ی كه‌ ده‌یهاوێژێت به‌ كولی له‌ ئامانج ده‌دات و به‌باشی خاڵی دیاریكراو ناپێكێت. ئه‌گه‌ر له‌م سۆنگ و ده‌لاقه‌وه‌ چاو له‌ به‌ڕێز ئۆجه‌لان و پارتی كرێكارانی كوردستان بكه‌ین، ده‌بێ ئه‌وه‌ بڵه‌یین كه‌ په‌كه‌كه‌ وه‌ك پارتێكی سیاسیی بڕیار ده‌رده‌كات و هه‌وڵ بۆ گه‌ییشتن به‌ ئامانجه‌كانی ده‌دات و ئۆجه‌لانیش وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی خاوه‌ن هزر و ناوه‌ندی هزریی په‌یامه‌كانی ئاره‌سته‌ی گه‌ل ده‌كات، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌و پێوه‌ندییه‌دا جێگای باییخ و سرنج و تێڕامانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاكوو هه‌نووكه‌ هه‌ردوولا له‌ زۆر بواری سیاسییدا هاوهه‌ڵوێستن و په‌یامی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ و له‌ پێوه‌ندی به‌ بارودۆخی سیاسیی باكووری كوردستان له‌ ڕێگای جیاوازه‌وه‌ پێكه‌وه‌ له‌ پێوه‌ندی به‌رده‌وام دان. ئه‌گه‌ر به‌ وردی سرنجی په‌یامه‌كانی به‌ڕێز ئۆجه‌لان بده‌ین، ده‌بینین كه‌ نێۆڕۆكی زۆربه‌ی په‌یامه‌كان پتر ڕوی له‌ گه‌له‌ تاكوو له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان، چونكه‌ ئاپۆ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ كه‌ له‌م قۆناغه‌ی خه‌باتی سیاسیی له‌ باكووری كوردستاندا قورسایی گه‌ل و ڕۆڵی ئه‌رێنی گه‌ل گرینگی و باییخی پتری پێ ده‌درێت و كاریگه‌ری كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیش گه‌لێك مه‌زنه‌ و هاوكات سه‌ركوتی كۆمه‌ڵگا دژواره‌ و ده‌سه‌ڵاتیش ناتوانێ ئیتر وه‌ك ڕابردوو به‌ دڵی خۆی هێرش بكاته‌ سه‌ر گه‌ل و هه‌وڵی بێ ده‌نگ كردنی بدات. چونكه‌ گه‌ل هۆشیار بووه‌ته‌وه‌ و تۆی ئاژاوه‌ و ترس و تۆقاندن كاریگه‌ری نه‌ماوه‌ و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌ش دانی به‌ به‌شێكی زۆر له‌ هه‌ڵه‌كانی خۆیدا ناوه‌ و هه‌نووكه‌ش پێواژۆی ئاشتیی‌ له‌ گۆڕێ دایه‌.

ئۆجه‌لان له ‌بیروهزر‌ دا؛
له‌ پێوه‌ندی به‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئاپۆ، ده‌بێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م كه‌ جێبه‌جێ كردنی تێكڕای بۆچوونه‌كانی ئۆجه‌لان كارێكی یه‌كجار دژواره‌، نه‌ك هه‌ر بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان، به‌ڵكوو بۆ هه‌ر پارت و ڕێكخراوێكی سیاسیی دیكه‌ش بێت، چونكه‌ جێبه‌جێ كردنی په‌یام و ڕاسپارده‌ و بۆچوونه‌كانی ئۆجه‌لان له‌ پێوه‌ندی به‌ مێژوو و پێواژۆی ڕزگاری گه‌لان و دابینكردنی ئازادی و ڕۆخاندنی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ و داڕشتنی جوگرافیای سیاسیی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی بچووك به‌ چه‌شنێكی نوێ، كار و پڕۆژه‌ی وڵاتێكی زلهێز و ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌هێز و كاریگه‌ره‌، نه‌ك پارت و ڕێكخراوێكی سیاسیی پارتیزان كه‌ جارێ له‌ خه‌باتی شاخ و چیا دایه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئاپۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌مڕۆی ڕاگه‌یاندنی پارتی كرێكارانی كوردستاندا نییه‌ كه‌ به ‌چه‌شنێكی نه‌یارانه‌ باس له‌ لاوازی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی باشووری كوردستان ده‌كات و بێ ڕێزی به سه‌ركرده‌كانی باشووری كوردستان ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌ژمار كردنی پێشمه‌رگه‌ به‌ تیرۆرست له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه، جێی ڕه‌زامه‌ندی ئۆجه‌لان نییه‌ و‌ ئه‌و به‌شه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان كه تا ئاستێك‌ له‌ بۆچوونه‌كانی ئۆجه‌لانه‌وه‌ نزیكن هێنایه‌ ده‌نگ، ئه‌م قۆناغه‌ی خه‌باتی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان به‌ دۆخێكی تاییبه‌ت و گرینگ و چاره‌نووسسازدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و پتر پێویستی به‌ هاوكاری و یه‌ك هه‌ڵوێستیی لایه‌نه‌كانی سیاسیی كوردستان هه‌یه‌ تاكوو په‌ره‌دان به‌ دووبه‌ره‌كیی و دژایه‌تی كردنی یه‌كتر‌، به‌ڕێز ئۆجه‌لان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی په‌كه‌كه،‌‌ داوای له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد كردووه‌ كه‌ هه‌ر هه‌موو یه‌ك‌ ده‌ست و یه‌ك هه‌ڵوێست له‌ دژی داعش ڕاپه‌ڕن و پاشه‌كشه‌ به‌و بۆچوونانه‌ بكه‌ن كه‌ ده‌بنه‌ هۆی تێكدانی‌ ئاشتیی و ئارامیی كوردستان، هاوكات دژایه‌تی قووڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌ی نێوان لایه‌نه‌كانی باشوور و باكوور ده‌كات و پتر پێداگری له‌سه‌ر یه‌كێتی و یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه‌كان ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م قۆناغه‌ش كه‌ كورد له‌ به‌شه‌كانی باشوور و باكوور و ڕۆژئاوا تێپه‌ڕی ده‌كات گرینگ و جێی باییخی به‌ڕێز ئۆجه‌لانه‌، ئه‌وه‌ش جیاوازیی نێوان بۆچوونی سه‌ركردایه‌تی پارتی كرێكارانی كوردستان و به‌ڕێز ئۆجه‌لان پێشان ده‌دات، بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین كه‌ بۆچوونی ئۆجه‌لان و په‌كه‌كه‌ تا ئاستێكی قووڵ لێك دووره‌ و پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ بنه‌ڕه‌تدا پلان و سیاسه‌تی تاییبه‌ت به‌ خۆی به‌ره‌و پێش ده‌بات و باییخ به‌و به‌شه‌ له‌ بۆچوونه‌كانی ئۆجه‌لان نادات كه‌ تێیدا ڕه‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تی په‌كه‌كه‌ ده‌گرێت، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ی ئۆجه‌لانه‌ كه‌ ده‌ڵێت ڕه‌خنه‌ بنه‌مای هه‌موو پێشكه‌وتنێكه‌.
له‌ نووسینی؛ ئاریتما مه‌حه‌ممه‌دی
994424_1446494732238645_1018382457_n