ژیانی كاكه‌یییه‌كانی داقووق له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌

0
241

كاكه‌یییه‌كانی سنووری داقووق به‌ هۆی هاوسنوورییان له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش، ژیانیان كه‌وتووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، له‌ ئێستایشدا ژن و منداڵیان ڕه‌وانه‌ی كه‌ركووك كردووه‌، ته‌نیا پیاوه‌كانی ئه‌و گوندانه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ ماڵ و زه‌وی و زاریان له‌ نێو گونده‌كاندا ماونه‌ته‌وه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌یش سنووره‌كه‌یانی پاراستووه‌، وه‌لێ‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ئاینێكی جودا له‌ ئیسلامن، ترسێكی زۆریان له‌ چه‌كدارانی داعش هه‌یه‌.

سنووری كاكه‌یی ده‌كه‌وێته‌ باكووری ڕۆژئاوای شارۆچكه‌ی داقووقه‌وه‌ و بریتییه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك گوند، كه‌ دیارترینیان ئه‌م گوندانه‌ن: تۆبزاوا، عه‌لی سه‌را، زه‌نقڕ، مه‌تیق، عه‌ره‌ب كۆیی. به‌ڵام گوندی زه‌نقڕ به‌ هۆی جوگرافیاكه‌یه‌وه‌ له‌ هه‌موو گونده‌كانی دیكه‌ی كاكه‌یی زیاتر كه‌وتووه‌ته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی داعشه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و گونده‌ دوایین گوندی كاكه‌یییه‌، له‌وێ به‌ولا گونده‌ عه‌ره‌بنشینه‌كانه‌ كه‌ چه‌كدارانی داعشی تێدایه‌ و به‌ ڕوونی ئاڵای ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌بینرێت.

گونده‌كانی كاكه‌یی له‌ شێوه‌ی سێگۆشه‌دا داعش ده‌وریداون، زه‌نقڕیش مه‌ترسیدارترین شوێنی ناوچه‌كه‌یه‌، چونكه‌ نێوان گوندنشینانی زه‌نقڕ و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ته‌نیا 150 مه‌تره‌، له‌ ئێستایشدا هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سنووری كاكه‌یی له‌ داعش، هه‌ڵكۆڵینی زه‌ویی ده‌ستپێكردووه‌ و سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و تۆكمه‌بوون ده‌چن، وه‌لێ‌ خه‌ڵكی گونده‌كه‌ گله‌یی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌و سنووره‌ كه‌مه‌.

كوێخا ئیبراهیم، ڕیش چه‌رمووی گوندی زه‌نقڕ دركاندی كه‌ ترسی ئه‌وان له‌ چه‌كدارانی داعش به‌ پله‌ی یه‌ك، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایینه‌كه‌یان جودایه‌ له‌ ئیسلام و خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیی ئاینین، كه‌مینه‌كانیش لای ده‌وڵه‌تی ئیسلامی قبووڵ ناكرێن، بۆیه‌ ترسێكی زۆریان له‌ چه‌كدارانی داعش هه‌یه‌ كه‌ جینۆسایدیان بكه‌ن.

كوێخا ئیبراهیم گوتی: “به‌ پله‌ی دوو كوردبوونمان مه‌ترسیی داعشی له‌سه‌رمان دروست كردووه‌، كوردبوون و نائیسلامبوون داعشییه‌كانی لێ‌ تووڕه‌ كردووین، بۆیه‌ به‌ینا و به‌ین جموجۆڵی چه‌كدارانی داعش له‌ گوندی تل ره‌بعی به‌رامبه‌رمان ده‌بینین، ئه‌مه‌یش وای كردووه‌ كه‌ ژن و منداڵه‌كانمان ڕه‌وانه‌ی كه‌ركووك بكه‌ین، پیاو و گه‌نجه‌كانیشمان چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌ و شان به‌ شانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌نگه‌ری دژ به‌ داعشدا وه‌ستاون.”

كوێخا ئیبراهیم گوتیشی: “خاك و زه‌وی و زاری خۆمان بۆ داعش به‌جێ ناهێڵین، ئه‌گه‌رچی مه‌رگ له‌ ئێمه‌وه‌ ته‌نیا 150 مه‌تر دووره‌، به‌ڵام ئاماده‌ین له‌ پێناو خاكی كوردستاندا شه‌هید ببین. ئه‌وه‌ی نیگه‌رانیكردووین، ئه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌بێ‌ هه‌میشه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر كورد و كه‌مینه‌ ئایینییه‌كان هه‌بێت؟ كه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ ئارامیی ڕه‌ها ده‌گات؟! نازانم له‌وه‌ته‌ی هه‌م، هه‌میشه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و زوڵم و زۆرداری به‌سه‌ر سه‌رمانه‌وه‌ بووه‌. داواكارم له‌ دونیای ده‌ره‌وه‌ كه‌ ڕێگری له‌ چه‌كدارانی داعش بكه‌ن، پشتیوانییه‌كانیان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رده‌وامیی هه‌بێت.”

هێرش ئیبراهیم یه‌كێكه‌ له‌ چه‌كهه‌ڵگره‌كانی گوندی زه‌نقڕ و له‌ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌دا، ئاماژه‌ی بۆ ئاڵاكانی داعش له‌ گوندی به‌رامبه‌ریانه‌وه‌ كرد و، پێی گوتین “بڕوانن ئه‌وه‌ داعشه‌، زۆر نزیكه‌. نزیكیی داعش نزیكیی مه‌رگه‌، به‌ڵام خاك و نیشتمان زۆر له‌ مه‌رگ گرنگتره‌. ئێمه‌ ئاماده‌ی به‌رگریكردنین، به‌ڵام پێویسته‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یش بایه‌خی زیاتر به‌م ناوچه‌یه‌ بدات، ئه‌و هێزه‌ی بۆ ناوچه‌ی كاكه‌یی ناردووه‌، ژماره‌یان كه‌مه‌، دواكارین هێزی زیاترمان بۆ بنێرن.”

هێرش ئیبراهیم ده‌ڵێ‌: “هه‌رچه‌نده‌ سنووری هێزی پێشمه‌رگه‌ و چه‌كدارانی داعش له‌ ناوچه‌ی كاكه‌یی به‌ هه‌ڵكۆڵینی زه‌وی جیا كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا عه‌ره‌به‌كانی سنووری داعش هاتووچۆی كه‌ركووك ده‌كه‌ن، كه‌چی ته‌نیا كوردێك بۆی نییه‌ به‌ سنووری ئه‌واندا تێبپه‌ڕێت، جا توخودا ئه‌مه‌ ڕاسته‌؟ پێویسته‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یش ده‌رفه‌ت به‌ هاتووچۆكردنی عه‌ره‌ب به‌ نێو سنووره‌ كوردییه‌كاندا نه‌ده‌ن.”

ڕائید ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ میحوه‌ری كاكه‌یی، له‌باره‌ی جۆریه‌تی و چۆنیه‌تیی هێزه‌كانیه‌وه‌ گوتی: “هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌م سنووره‌ چه‌شنی سنووره‌كانی تر وره‌به‌رز و به‌هێزن، چه‌كی پێشكه‌وتوویان پێ‌ گه‌یشتووه‌، تا ئێستا ده‌رفه‌تیان به‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش نه‌داوه‌. هه‌ندێ‌ جار چه‌كدارانی داعش ته‌قه‌یان كردووه‌ و هێزه‌كانمان وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێكدادانی سه‌خت ڕووی نه‌داوه‌. دانیشتووانی گونده‌كه‌ مافی خۆیانه‌ بترسێن، چونكه‌ زۆر له‌ داعشه‌وه‌ نزیكن، ئه‌گه‌رچی كوڕان و پیاوانی گونده‌كه‌ جوامێرانه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا له‌ سه‌رنگه‌ری به‌رگریدان، ڕاستیش ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌ی چه‌كدارانی پێشمه‌رگه‌ له‌م سنووره‌ كه‌مه‌.”

سنوور سه‌روه‌ری ته‌مه‌ن 12 ساڵ، له‌ نێو گوندی زه‌نقڕدا چه‌كی له‌ شان نابوو، لێمان پرسی كه‌ ئاخۆ چۆن ده‌توانێ‌ تفه‌نگ به‌ كار بهێنێ‌، له‌ وه‌ڵامدا گوتی: “به‌ هیچ جۆرێ‌ك نه‌م ده‌زانی چه‌ك به‌ كار بهێنم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌مان، باوكم فێری كردم كه‌ چۆن تفه‌نگ به‌ كار بهێنم، ئێستا من ئاماده‌ی به‌رگریكردنم له‌ گونده‌كه‌م، تا یه‌ك چه‌كداری تر له‌ زه‌نقڕدا بمێنێت، منیش ده‌مێنمه‌وه‌.”

مه‌ترسییه‌كانی داعش بۆ سه‌ر گونده‌كانی كاكه‌یی، وای كردووه‌ كه‌ مێردمنداڵه‌كانیش بۆ به‌رگریكردن له‌ ناوچه‌كه‌یان چه‌ك هه‌ڵبگرن، هه‌مووشیان وره‌به‌رز و به‌ جۆش و خرۆشن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، به‌ڵام هێشتا پێویسته‌ هێزی به‌رگریی زیاتر ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌ی كاكه‌یی بکرێ له‌ سنووری شارۆچكه‌ی داقووقی سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركووك.سەرچاوە هەولێر