ئیدانەی جیانەیەتەکانی داعش بەرانبەر بە پەیرەوانی ئایینی ئێزدی دەکەم

0
150

باشووری کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێدەچێ کورد تێکەڵ بە شەڕێکی نەخوازراو بێ و ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کوردستان رێگە چارەی گونجاوی بۆ نەدۆزێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کارەساتی گەورەی لێ بکەوێتەوە.
رووداوەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی باشووری کوردستان و پەلاماردانی هێزەکانی داعش بۆسەر خوشک و برایانی کوردی ئێزدی لە شەنگال و کوشتنی ژنان و منداڵانانی بێتاوانی ئێزدی و سووتاندن و وێرانکردنی شوێنە پیرۆزەکانی ئایینی ئێزدی بۆتە مایەی نیگەرانی کۆمەڵگەی یارسان لە سەرانسەری کوردستان و ترسی ئەوەمان هەیە ئەو رووداوانە بەرانبەر بە کوردەکانی یارسانیش دووبارە بکرێتەوە.
من وەک ئەندامێک لە کۆمەڵگەی ئایینی یارسان بە تووندی ئیدانەی جینایەتەکانی داعش بەرانبەر بە پەیرەوانی ئایینی ئێزدی و داوای بەهاناچوون لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان راسپێرێ کە پارێزەری لە گیان و ماڵی هەموو کوردان بە تایبەتی پەیرەوانی ئایینی یارسان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بکەن و رێگە نەدەن کارەساتی لە شێوەی شەنگال دووبارە بێتەوە.
ئێمە وەک کۆمەڵگەی یارسان ئامادەیی خۆمان بۆ پشتیوانی لە دەسکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان رادەگەیەنین و ئامادەین بۆ پاراستنی ئەو دەسکەوتانە وەک پێشمەرگە لە مەیدان بین و خەبات بکەین بۆ وەدیهاتنی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ.
سەید فەرهاد حەیدەری
پاریس
04/08/2014