قۆڵبەست کردنی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە شاری هەمەدان

0
321

هێزە ئەمنیەتییەكانی ئێران لە شاری هەمەدان هەڵیان كوتاوه‌ته ‌سه‌ر ماڵی عەینۆڵڵا یاری، چالاكی مەدەنی‌و ئه‌ویان لەگەڵ دوو كوڕی بە ناوەكانی پێگا تەمەن 23 ساڵ و ئەمیر حوسێن یاری تەمەن 14 ساڵ بۆ شوێنێكی ناڕوون ڕاگواستوه‌.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ لە ماوەیەكی كەم پاش دەسبەسەركرانی عەینۆڵڵاو كوڕەكانی لە هەمەدان، هێزە ئەمنیەتییەكانی ئەم شارە دوو چالاكی دیكەی یارسانیان بە ناوەكانی بەحرعەلی فەرهادی و هاوسەرەكەی بە ناوی “سەحەرناز ئەفروزی” دەسبەسەر كردوه‌ كە تا ئامادەكرانی ئەم هەواڵە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان ناڕوونە.
هەر لەم پێوەندییەدا، سەیدئەمین عەبباس شاە ئیبراهیمی، یەكێك لە ئەندامانی هەیئەتی ڕاوێژكاری یارسان ڕایگەیاند كە ئەم كەسانەی لە هەمەدان دەستبەسەر كراون لە لایەنگرانی هەیئەتی ڕاوێژكاریی یارسانن كە خەریكی بانگه‌سه‌کردن بۆ كۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو له‌ 9ی گەلاوێژدا بوون، كە بڕیارە لە ساڵوەگەڕی خۆسووتاندنی محەممەد قەنبەری بەڕێوە بچێ.
شاە ئیبراهیمی هەروەها گوتوویەتی دەستبەسەر كرانی ئەم كەسانە لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە بە مەبەستی ترس‌و خۆف خستنە نێو دڵی خەڵكی یارسان بووە تا بەشداری لەم كۆبوونەوەیەدا نەكەن.
شایانی باسە لە ساڵی ڕابردووڕا تا ئێستا 3 كەس لە پێڕه‌وانی ئایینی یارسان بەدوای بێڕێزی كردنی ڕێژیمی ئێران بە ئایینی یاری خۆیان سوتاندو هه‌ر سێکیان گیانیان له‌ ده‌ست دا.
لە لایەكی دیكەوە دەوڵەتی ئامریكاش لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی له‌ پێوەندی له‌گه‌ڵ ئازادییە ئاینییەكان لە وڵاتە جۆراوجۆرەكانی جیهاندا ئێرانی مه‌حکووم کردوه‌و سەبارەت بە چڕ بووونەوەی ئاستەنگ لەسەر ئایین‌و ئایینزاكان و شێوازی سزاكان، پرۆسەی دادگایی‌و دادڕەسی، بوونی ژماره‌یه‌کی زۆر لە زیندانیانی سیاسی‌و چەندین بابەتی دیكە ڕەخنەی لە ڕێژیمی ئێران گرتووە.