داهاتووی ناوچەی کرماشان

0
275

ئێمە کوردانی ناوچەی کرماشان بە سۆرانی و بە گۆرانییەوە، بە لەک و بە کەڵهوڕییەوە سەرەڕای هەر ئاستەنگییەکی مێژوویی، و سەرەڕای هەر پلانێک کە دوژمنان و کۆنەپەرەستان بۆ لە یەکدابڕانی ئەم خەڵکەی ذاڕشتووە، سەرەڕای هەوڵدان بۆ سڕینەوەی زمان و ناسنامەی کوردبوونمان، سەرەڕای موعتاد کردنی لاوەکانمان بە مادە هۆشبەرەکان لە لایەن دەسڵاتدارانی تاران و باندە مافیاییەکانی ئەم بازاڕە مەرگ هێنەرەوە، سەرەڕای هەژاری و بێکاری لە ناوچەکەماندا، سەرەڕای چەن ئایین و مەزهەب بوونی خەڵکی ناوچەکەمان و سەرەڕای هەر کێشە و گرفتێکی دیکەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری کە لە ناوچەکەماندا بوونی هەبێ، خۆمان بە بەشێکی دانەبڕاو لە نەتەوەی کورد دەزانین!
چارەنووسی خەڵکی ئەم ناوچەیە بە گشتی هەر هەمان چارەنووسی گەلی کوردە!

ئێمە بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆمان بڵێن دەدەین کە لە ئاڵووگۆڕەکانی داهاتوو لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەم جارەیان نەهێڵین کە ئەم دەڤەرە گرنگەی کوردستان لە خەبات و شۆڕش بە جێ بمێنێت!
ئێمە هەوڵ دەدەین کە بە ئەزموون لە ڕابردوو، لە شۆڕشەکانی دیکە، لە ئاڵووگۆڕەکانی جیهان و ناوچەکە ئەم جارەیان کرماشان وەک بە شێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەینە ئاڵا هەڵگری خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی، بیکەینە دەڤەری ئازادی و پێکەوە ژیان، بیکەینە مەڵبەندی مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی!
هەر وەها لە بەر ناوەندبوون و گرنگبوونی ژئوپولیتکی ئەم دەڤەره، هەوڵ دەدەین کە شارە ڕەنگینەکەی کرماشان بکرێتە پایتەختی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
بۆ ئەو ئاوات و ئامانجە ڕەوایانە تەنیا یەکیەتی و هاو خەباتیمان پێویستە!
بە هیوای ڕزگاریمان لە بندەستی و لە بێ مافی، و بە هیوای گەیشتن بە ئامانج و ئاواتە ڕەواکانمان!
عەلی قەنبەری ١٦ – ٤ – ٢٠١٤ زایینی