گونده‌كانی كاكه‌یی له‌ داقووق خه‌ریكه‌ چۆڵ ده‌بن

0
333

له‌به‌رئه‌وه‌ی زه‌وییه‌كانیان داگیر كراوه‌ و ده‌رفه‌تی كێڵانیان نادرێتێ‌ گونده‌كانی كاكه‌یی له‌ سنووری شارۆچكه‌ی داقووق به‌ره‌و چۆڵبوون ده‌چن و، تا ئێستایش گرفتی موڵکداری ئه‌و زه‌وییانه‌ له‌ نێوان كاكه‌ییه‌كان و عه‌ره‌بی هاورده‌دا یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌، ئه‌نجوومه‌نی شارۆچكه‌ی داقووقیش هیچی پێ‌ ناكرێ‌ و پێشنیاری چاره‌سه‌ر بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كات.

گونده‌كانی كاكه‌یی له‌ سنووری شارۆچكه‌ی داقووق له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه‌ به‌جێ‌ ده‌هێڵرێن، ئه‌ویش به‌هۆی نه‌بوونی زه‌وی بۆ كشتوكاڵ، چونكه‌ زه‌وییه‌كانی سنووری كاكه‌یی له‌ لایه‌ن عه‌ره‌بی هاورده‌وه‌ داگیر كراون و له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا به‌ ناوی عه‌ره‌بی هاورده‌وه‌ تاپۆ كراون. له‌ ساڵی 2003 به‌ دواوه‌ كورده‌ كاكه‌ییه‌كان چوونه‌ته‌وه‌ سه‌ر زه‌وییه‌كانیان، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی مافی كێڵانی ئه‌و زه‌وییانه‌یان نییه‌ و عه‌ره‌به‌كانیش ناوێرن بیكێڵن، كه‌وایه‌ ماوه‌ی 10 ساڵه‌ ئه‌و زه‌وییانه‌ نه‌كێڵراون، هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ هۆكاری جێهێشتنی ئه‌و گوندانه‌ له‌ لایه‌ن كاكه‌ییه‌كانه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیانیان به‌بێ‌ كشتوكاڵ ئه‌سته‌م بووه .‌

سیروان كاكه‌یی دركاندی كه‌ ماوه‌ی 10 ساڵه‌ زه‌وییه‌كانی خۆیان به‌ده‌ستهێناوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و زه‌وییانه‌ پێشتر به‌ تاپۆ هی ئاغاكانی كاكه‌یی بوونه‌ و به‌ بڕێكی زۆر كه‌می دیناری عێراقی به‌ عه‌ره‌بی هاورده‌یان فرۆشتووه‌، ئێستا زه‌وییه‌كانیان موڵكی كه‌سێكی دیاریكراوی عه‌ره‌بی هاورده‌ی سنووره‌كه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌وان مافی یاساییان نییه‌ ئه‌و زه‌وییانه‌ بكێڵن. ئه‌گه‌رچی له‌ نێو گونده‌كانیشدا نیشته‌جێن، وه‌لێ‌ بۆ به‌كارهێنانی زه‌وییه‌كانیان حكوومه‌تی نێوخۆیی داقووق پشتیوانییان ناكات، چونكه‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان ده‌توانن سكاڵا تۆمار بكه‌ن .

سیروان كاكه‌یی گوتی “چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ هیوای جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زه‌وییه‌كانمان له‌ گونددا ماوینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئیدی له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌یه‌ش بێئومێد بووین، خۆ ناشكرێ‌ به‌بێ‌ كشتوكاڵ له‌ گونددا بمێنینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كشتوكاڵ نه‌بێ‌ جووتیار چ كاری به‌ گونده‌؟”

مام بورهان كاكه‌یی نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ زه‌وییه‌كان به‌ ناوی كه‌سێكی عه‌ره‌به‌وه‌ كراون و ئه‌و كه‌سه‌یش ئاماده‌یه‌ زه‌وییه‌كان پێبفرۆشێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ مه‌رجی هه‌یه‌، مه‌رجه‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو زه‌وییه‌كانی به‌ یه‌كجار لێ‌ بكڕدرێت، ئه‌وانیش توانای كڕینی هه‌موو زه‌وییه‌كانیان نییه‌ و رووبه‌ره‌كه‌ی زۆره‌

ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی شارۆچكه‌ی داقووق سامی رفعه‌ت ئاماژه‌یدا كه‌ ئه‌نجوومه‌ن و ئیداره‌ی داقووق هیچی پێ‌ ناكرێت، چونكه‌ به‌ فه‌رمی ئه‌و زه‌وییانه‌ ئێستا موڵكی كه‌سایه‌تییه‌كی عه‌ره‌بی هاورده‌یه‌، بۆیه‌ ته‌نیا چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و زه‌وییانه‌ بكڕێت و پاشان به‌ كرێ‌ یان به‌ هه‌ر جۆر‌ێكی دی به‌ كوردانی كاكه‌یی بداته‌وه‌، كه‌ پێموایه‌ ئه‌مه‌ بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر ئاسانه‌ و هیچی تێناچێت .

سامی رفعه‌ت ده‌ڵێ‌ “حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ كڕینی ئه‌و زه‌وییانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كاكه‌ییه‌كان خۆشحاڵ ده‌كات و له‌ زێدی خۆیان ده‌یانهێڵێته‌وه‌، خاكی كوردستانیش فراوانتر ده‌كات، چونكه‌ ئێستا گونده‌كانی كاكه‌یی دوایین سنووری دیمۆگرافیای كوردستانه‌ و له‌و گوندانه‌ بترازێ‌ سه‌رتاپای زه‌وییه‌كان عه‌ره‌بی له‌سه‌ر نیشته‌جێیه‌.”

له‌باره‌ی جێهێشتنی گونده‌كان له‌ لایه‌ن كاكه‌ییه‌كانه‌وه‌، سامی رفعه‌ت گوتی “مرۆڤ هه‌رچه‌نده‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیی به‌رز بێت، دواجار ژیانی لا گرنگتره‌ و هه‌ر ماوه‌یه‌ك ئارام ده‌گرێت، ئه‌و خه‌ڵكه‌ بێگوزه‌رانن و ناچارن ڕوو له‌ سه‌نته‌ری شاری داقووق بكه‌ن، ئێستا له‌ گونده‌كاندا زه‌وییان بۆ كشتوكاڵ نییه‌ و له‌ شاریشدا هه‌لی كار زۆره‌ و دامه‌زراندنیش هه‌یه‌، كه‌ ده‌شبینن كه‌س به‌ ته‌نگی گرفته‌كه‌یانه‌وه‌ نایه‌ت، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ نائومێد بوونه”‌.”

هۆكارێكی دیكه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی زه‌ویی كشتوكاڵی بۆ كێڵان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشتر 77 شوێنه‌وار له‌و سنووره‌ هه‌بوونه‌، ئێستا شوێنه‌واره‌كان زیادبوونه‌ و گه‌یشتوونه‌ته‌ 112 شوێنه‌وار، كاتێكیش شوێنه‌وار له‌ هه‌ر شوێنێك ده‌دۆزرێته‌وه‌ به‌پێی یاسا نابێ‌ زه‌وییه‌كانی نزیك شوێنه‌واره‌كه‌‌ بكێڵدرێن و ده‌بن به‌ موڵكی گشتی، ئه‌مه‌یش به‌ربه‌ستێكی دیكه‌ی به‌رده‌م جوتیاران و گوندنشینانی سنووری كاكه‌ییه‌.

سنووری كاكه‌یی له‌ ده‌ڤه‌ری داقووق 23 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بریتی بوو له‌ 13 گوند، وه‌لێ‌ شاڵاوی ته‌عریب 8 گوندی لێ‌ بردن و پێنج گونده‌كه‌ی دیكه‌یش 2 یان كورد و عه‌ره‌ب به‌ هاوبه‌شی تێیدا ده‌ژیێن و ته‌نیا 3 گوندیان كوردنشینن، كه‌ ئه‌وانیش به‌ره‌و چۆڵبوون ده‌چن.سایتی هەولێر