زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی مام جه‌لال به‌رزی كرده‌وه‌

0
335
رۆژی 9-2-2004 له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی ئه‌نجومه‌نی حوكمی عیراق دا، سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕگه‌یه‌ی له‌بڕیاری لیژنه‌كه‌ی “عێبه‌ الامم” خوێنده‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت، “هه‌رگیز سنوری عیراق له‌ جه‌به‌ل حه‌مرین تێنه‌په‌ڕیوه‌و له‌ جه‌به‌ل حه‌مرین به‌ولاوه‌ كوردستانه‌”، هاوكات نه‌خشه‌یه‌كی مێژوویی گه‌وره‌ی سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانیی له‌سه‌ر مێزی ئه‌نجومه‌نی حوكم خسته‌ڕوو كه‌ تیایدا به‌ئاشكرا دیاره‌ كه‌ركوك به‌شێكه‌ له‌ كوردستان.
رۆژنامه‌نووس حه‌مید ئه‌بو به‌كر به‌درخان له‌لێدوانێكیدا بۆ سایتی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی سلێمانی چیرۆكی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خشه‌ و گه‌یاندنی به‌ ده‌ستی سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌گێڕێته‌وه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ده‌ڵێت: “له‌ پاش پرۆسه‌ی ئازادی عیراق بۆ سه‌ردانی ماڵی فارسی برام سه‌ردانی موسڵ-م كرد له‌ گه‌ڕه‌كی (حی الزهور)، ئه‌وان هاوسێیه‌كی عه‌ره‌بیان هه‌بوو به‌ناوی (عیسام ئیبراهیم حسێن – ئه‌بوعیماد).
ئه‌بوعیماد وتی نه‌خشه‌یه‌كی كۆنی سه‌رده‌می عوسمانیمان هه‌یه‌ كه‌ سنووری ده‌وڵه‌تی عوسمانی دیاریكردووه‌، كاتێك سه‌یرم كرد نه‌خشه‌كه‌ له‌ 16 پارچه‌ پێك هاتبوو، ره‌نگاو ره‌نگ بوو، له‌سه‌ر پێست به‌ ره‌نگاو ره‌نگ له‌ ساڵی 1893 له‌ به‌یروت چاپكرابوو”.

حه‌مید ئه‌بوبه‌كر دواتر ده‌ڵێت: “به‌ په‌له‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ سلێمانی و سه‌ردانی سكرتاریه‌تی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال- م كردو باسی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌م بۆ كاك ئاراس شێخ جه‌نگی كرد، كاك ئاراسیش بانگهێشتی ئه‌بو عیمادی كردو ئه‌ویش نه‌خشه‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال كرد”.

رۆژی 9-2-2004 سه‌رۆك مام جه‌لال له‌و مورافه‌عه‌یه‌دا، به‌شێك له‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ی عوسبه‌تولئومه‌می سه‌باره‌ت به‌ سنووری عیراق خوێنده‌وه‌، ده‌ڵێت: هه‌رگیز سنووری عیراق له‌ جه‌به‌ل حه‌مرین تێنه‌په‌ڕیوه‌و سنووری كوردستانیش له‌ جه‌به‌ل حه‌مرینه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات هه‌رچه‌نده‌ شاره‌كه‌ هه‌ندێك توركمانی تێدایه‌.

هه‌روه‌ك سه‌رۆك مام جه‌لال ئاماژه‌ی بۆ كتێبی “كێشه‌ی موسڵ” كرد كه‌ تێیدا هاتووه‌ كوردستان به‌شێك نییه‌ له‌ عیراق یاخود ئه‌نادۆڵ.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ كتێبی “قاموس ئه‌لئه‌علام” كرد ئه‌و بڕگه‌یه‌ی لێ خوێنده‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: سێ به‌شی دانیشتووانی كه‌ركوك كوردن.

هه‌ر له‌و مورافه‌عه‌یه‌دا سه‌رۆك مام جه‌لال نه‌خشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی خسته‌سه‌ر مێزی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی حوكم‌و له‌و نه‌خشه‌یه‌دا شوێنی كه‌ركوك له‌ سنووری كوردستان دیاریكراوه‌.

وتیشی: داوا ده‌كه‌ین كوردو توركمانه‌ راگوێزراوه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی پێشووی خۆیان له‌ كه‌ركوك‌و ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ش كه‌ رژێمی پێشوو له‌ كه‌ركوك نیشته‌جێی كردوون بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كانی پێشووی خۆیان له‌ ناوه‌ڕاست‌و باشووری عیراق‌و پاش ئه‌وه‌ راپرسییه‌ك له‌ نێو خه‌ڵكی كه‌ركوك له‌ كوردو توركمان‌و عه‌ره‌بی ره‌سه‌ندا ده‌كرێت له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رژمێرییه‌كی ورد كه‌ بۆ دیاریكردنی ئاینده‌و چاره‌نووسی كه‌ركوك ده‌كرێت.

هه‌ر له‌و مورافه‌عه‌یه‌دا سه‌رۆك مام جه‌لال داوایكرد به‌ره‌سمی دان به‌ زمانی كوردیدا بنرێت له‌پاڵ زمانی عه‌ره‌بیداو ئه‌وه‌شی به‌ مافێكی شه‌رعی كورد وه‌سفكرد.