بڕوا ناکەم ئێمە وەک کۆمەلگەی یارسان بەشداری لە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دا بکەین.
ئامادەکردنی/ جەمال نەجاری
پاش ئەوەی ڕۆژی دووشەممە 22ـی 7ـی 2013ـدا لە نووسینگەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی 39 لایەنی سیاسیی هەر چوار پارچەی كوردستان لەسەر داوا و بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەك بۆ باسكردنی هەنگاوەكانی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و دانانی لیژنەی ئامادەكاری ئەنجامدرا بە شێک لە لایەنە کوردییەکان نارەزاییان دەربڕی کە بۆچی خراونەتە پەراوێز و ئاوڕیان لێ نەردراوەتەوە، یەکێک لەو لایەنانە رێکخراوی یاریکوردە کە رێکخراوێکی سیاسی یارسانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
یاریکورد لە راگەیاندراوێکدا بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بە هەنگاوێکی گەورە دەزانێت بۆ لێک نزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان بەڵام لەهەمان کاتیشدا رەخنە لەوە دەگرێت کە لە ناوچەکانی ئیلام و کرماشان و کۆمەڵگەی یارسان هیچ کەسایەتییەک و لایەنێک بانگهێشت نەکراون.
سەید فەرهاد حەیدەری کەسایەتی دیاری ئایینی یارسان و بەرپرسی رێکخراوی یاریکورد کە نیشتەجێی پاریسە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رادەگەیەنێت: ئێمەش وەک هاوڵاتانیانی دیکەی کوردستان دەمێکە چاوەڕوانی بەرێوەچوونی وەها کۆنگرەیەکین، چونکە کوردستان ولاتێکی مەزنە و نەتەوەی کوردیش نەتەوەیەکی گەورەیە و دەبوایە هەموو لایەنەکان لە کۆبوونەی سەرەتاییدا ئامادە بوایە بۆ ئەوەی بیروڕای خۆیان دەرببڕن و ئەزموون و تواناییەکانی خۆیان بخەنە روو، بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەبیندرێ ئەوەیە کە نوێنەری هەموو لایەنەکان لەو کۆنگرەیەدا ئامادە نابن و نوێنەرانی کامەیەتییە ئایینییەکانی کوردستان و رێکخراوەکانی دیکەی کوردستان لەبیر کراون.
سەید فەرهاد حەیدەری رایگەیاند: شەش ساڵ لەمەو بەر لە نزیکەوە چاوم بە یەکێک لە رێبەرانی گەلی کورد کەوت، کاتێ من باسی کۆمەڵگەی یارسانم کرد ئەو رێبەرە وتی: تا ئێستا من نەمزانیوە شتێک بە ناوی کۆمەڵگەی یارسان لە کوردستان بوونی هەبێت! ئێستا هەر ئەمانە دین کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بەرێوە دەبەن کە بە تەواوی کوردستان ناناسن و ئاگاییان لەسەر هەموو پێکهاتەکانەوە نییە، ئەگەر سەیر بکەین 20 لایەن و ركخراوی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە کە هەر کام لەمانە نوێنەرایەتی چین و توێژێکی تایبەت دەکەن، بەڵام 9 لایەن بانگهێشت کراون و دەبینین هیچ لایەنێک لە کۆمەڵگەی یارسان لە ئیلام و کرماشان و خورەمشار و دەوروبەری هەمەدان دەعوەت نەکراوە!
سەبارەت بە کۆکاری بانگێشت نەکردنی لایەنەکانی یارسان سەید فەرهاد حەیدەری سەرسووڕمانی خۆی دەردەبڕێت و ئاماژە بەوە دەکات لە ماوەی رابردوودا لە ئێران سێ هاوڵاتی یارسانی بەهۆی نارەزایی دەربڕین ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردا و هەموو راگەیاندنە کوردییەکان هەواڵی یەکەمیان تایبەت بوو بە کێشەی یارسانەکان لە ئیران بەڵام کە باس لە کۆنگرەی نەتەوەیی دەکرێت فەرامۆش دەکرێن! نەتەوەی کورد هەر ئەوانە نین کە هەڵگری ئایینی ئیسلامن، لە ناو نەتەوەی کورددا چەند ئایین و بیروباوەڕی جیاواز هەیە. کلتووری جیاواز هەیە، شێوەزاری جیاواز هەیە، ئەگەر کۆنگرەی نەتەوەیی کورد تەنیا کوردە موسوڵمانەکان بەشدار بن ئەوە مەشروعیەت پەیدا ناکات. ناوبراو وتیشی: بڕوا ناکەم ئێمە وەک یارسانەکان بەشداری کۆنگرەی نەتەوەیی بکەین، چونکە کێشە بەتەنیا هی من نییە و مافی زۆرینەی لایەنەکان پێشێل کراوە. ئێمە هیوای زۆرمان بەو کۆنگرەیە هەبوو، رێز و حورمەتم بۆ دیموکراتەکان و کۆمەڵەکان هەیە، بەڵام ئەو پێنج کورسیەی کە بۆ بۆ گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دیاریکرابوو، لە نێوان دوو حیزب (کۆمەڵە و دیموکرات) دابەشکرا و لایەنەکانی دیکە فەرامۆش کران.
سەید فەرهاد حەیدری لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رایگەیاند؛ ئەگەر دەرفەتی باش لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە لایەنەکان درابا بۆ نەمانی کێشەکان و بۆ ئەوەی نوێنەرانی هەموو لایەنەکان بەشدار بوایەن، هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەخوازم و ئومید دەکەم کۆنگرە بۆ یەکسانی کۆمەلایەتی کار بکات و کوردستان لە کۆمەڵگەیەکی بەکارهێنەرەوە بۆ کوردستانێکی بەرهەمهێنەر ببات و لە رووی ئابوورییەوە کوردستان ببێ بە وڵاتێکی بەهێز و ئەوانەش کە بەشدار دەبن ببن بە مامۆستایانی راستەقینەی دیموکراسی بۆ نەوەکانی داهاتوو.