لە پێوەندیی لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان
کوردانی پەیڕەوی یارسان
وەک دەزانن رۆژی 24 جۆزەردانی 2713، شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران بەڕێوەدەچێ، ئەمەش لە کاتێکدایە، تاران بەردەوامە لە سەرکوتی نەتەوەی کورد بەگشتی و کوردانی یارسان بەتایبەتی.
هەڵبژاردن بۆ رێزگرتن لە دەنگی خەڵکە و رێگەیەکە بۆ ئەوەی کۆمەڵانی خەڵک پاڵێوراوی خۆیان هەڵبژێرن و بەشێوەیەکی دیمۆکراتیک دەسەڵات دەستاودەست بکا، بەڵام هەڵبژاردن لەژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیدا شتێک نییە جگە لە شانۆگەرییەک و بەچاودادانی بە رووی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و فریودانی نەتەوە ژێردەستەکانی ئەو وڵاتە.
کۆماری ئیسلامیی داگیرکەری کوردستان، خۆی لە هیچ رێگەیەک بۆ لەناوبردنی نەتەوەی کورد نەپاراستووە و سەرەڕای سەرجەم جینایەت و تاوانەکانی دەرحەق بەم نەتەوەیە، بەردەوام کوردستان لە لایان هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە میلیتاریزە کراوە، خەڵکەکەی تووشی فەسادی کۆمەڵایەتی، هەژاری، ئیعتیاد و دۆخێکی وا کراوە کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردەواریی گرتووەتەوە و کوردانی یارسانیش لێی بەدەرنین. هەروەها لە هیچ یەک لە یاساکانی ئەو دەوڵەتە رێگە بۆ ئەوە نییە کە پەیڕەوانی یاری بتوانن لەژێر سێبەریدا مافەکانیان دەستەبەر بکەن.
بۆیە رێکخراوی یاریکورد ئەم بەناو هەڵبژاردنە تەحریم دەکا و داوا لە کوردانی یارسان بەگشتی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی دەکا کە نەچنە پای سندووقەکانی دەنگدان و بایکۆتی ئەم شانۆگەرییە بکەن و پێمان وایە بە لاچوونی پاسدارێک و هاتنە سەرکاری پاسدارێکی دیکە بۆسەر تەختی دەسەڵات هیچ مافێک بۆ نەتەوەی کورد دەستەبەر نابێ.