وەک هەواڵەکان رایانگەیاند کە دوا بەدوای ئەو دەسدرێژییە گەنجێکی دیکەی یارسان خۆی سووتاندووە بۆ دەربڕینی پەستی و بێزاری بەرانبەر بەو کردارە.
جا ئێمە کۆمەڵێک خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە کاکەیی و دۆستانی کاکەییەوە، بێزاری و نارەحەتی خۆمان بەرانبەر ئەو رووداوە دزێوە دەردەبڕین و را دەگەیەنین:
1ـ ئەو دەسدرێژییە دەرهەقی کەرامەت و مافی شەخسی ئەو گەنجە یارسانییە مەحکوم دەکەین و داوا دەکەین دەزگاکانی دادوەری ئێران لێی بکۆڵنەوە، ئەنجام دەران بدۆزنەوە و سزایان بدەن.
2ـ بە بڕیارێکی فەرمی دەوڵەتی ئەم جۆرە دەسدرێژیانە بنەبڕ بکرێتەوە و، جارێکی تر دووبارە نەبێتەوە.
بەداخەوە بیستوومانە کە ئەو کردارانە چ لە ناو زیندانەکان یا دەرەوە، بەردەوامە و، هەندێ کەس و دەزگای ناو دەوڵەتی ئێران بە رق و کینەوە هەڵس و کەوت لەگەڵ یارسانەکان (ئەهلی هەق)ی ئێران دەکەن و ئەشکەنجەی رۆحی و بەدەنی خەڵک دەدەن.
3ـ داواکارین لە کۆڕ و کۆمەڵەی ئازادیخواز و لێبوردەی خەڵکی ئێران و ناو دەوڵەت ئەم کردارانە مەحکوم بکەن و سنووری بۆ دابنێن. چونکە دەزانین کە زۆربەی خەڵکی ئێران، بە مەدەنی و حکومییەوە، پەست و بێزارن بەرانبەر ئەو کەسە دەمارگیر و توندڕەوانەی ناو هەندێ دەزگای دەوڵەت.
4ـ پشتگیری دەکەین لە داخوازییەکانی یارسانەکانی ئێران بۆ ئەوەی هەر جۆرە کردەوەی جیاوازیگەری دژیان رابگیرێت و، یەکسان ببن لەگەڵ هاووڵاتیانی ئێرانی بۆ دامەزراندن و وەرگرتنی پۆستی شایستەی حکومی بەپێی توانا و شارەزایی خۆیان. هەروەها یارسانەکان ئازاد بن لە خۆ کاندید کردن بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی شوورای (پەرلەمانی) ئێران و ئیدارەی شارەوانییەکان.
5ـ یارسانەکان داوایان لە دەوڵەتی ئێران کردووە تا کێشەکانیان لە ریشەوە چارەسەر بکرێن، ئەویش دان بنرێ بە ماف و ئازادی کۆمەڵگای یارسان لە عیبادەت و رێوڕەسم و داب و نەریتە فەرهەنگی و ئایینییەکانیاندا. بۆ نموونە، دەیانەوێ هەر وەکو مەسیحی و یەهوودی و زەردەشتی و ئاشووری و ئەرمەنییەکانی ناو ئەو وڵاتە موعامەلە بکرێن کە لە مەجلسی شوورای ئێران (کۆتا)یان هەیە و بە فەرمی ناسراون و، ئازادن لە دابونەریت و عیباداتیان.
6ـ کۆمەڵگای یارسان خاوەن فەرهەنگ و عەقیدەی کۆنی کورد و ئێرانین و، بەشێکن لە فەرهەنگی رۆژهەڵات و جیهان، و هاوشێوە و نیزیکی فەرهەنگ و بیرو باوەڕی ئایینی زەردەشتی و، بەکتاشی و عەلەوی و دروزی و چەندین تایفەی دیکە لە تورکیا و پاکستان و ئەفغانستان و تاجیکستان و هیندستان و کۆمارەکانی قەفقازیا و بولگاریا و یۆنان و میسر و سوودان و چەندین وڵاتی دیکە. هەر بۆیەش دەڵێین کە ئەمە تەنیا گرفتی یارسان (کاکەیی) نییە، بەڵکو گرفتی سەرجەم گەلی کوردستانە.
سەرژمێری پەیڕەوانی ئەم رێباز و کۆمەڵگایانەی سۆفیگەری و عیرفانییە بە دەیان ملیۆن کەس دەبن.
7ـ جا هیوادارین جمهوری ئیسلامی ئێران، کە دۆست و هاوسێی گەلی کوردی ئێران و عێراق وتورکیایە، ئیتر رێگەی سووکایەتی کردن بە دابونەریتی یارسان (کاکەیی) نەدەن.
بەڵکو رێزیان لێ بگیرێت هەر وەکو خۆیان باوەڕیان پێیەتی، کە ئەوە پەیام و رێبازی رێکخراوی (یۆنسکۆ) و کۆمەڵگای جیهانی سەردەمە بۆ دان نان و رێزگرتنی گشت فەرهەنگ و باوەڕەکانی دنیا.
ئاشکرایە کە یارسانەکان کۆمەڵگایەکی ئاشتیخواز و مرۆڤ دۆستن و هەموو کەس و لایەنێک قبووڵ دەکەن و، دەیانەوێ بە ئاشتی و ئارامی لەگەڵ فەرەنگ و ئایین و زمان و نەتەوەکاندا بژین.
گرنگ نییە (سمێڵ) چ مانایەکی ئایینی و فەرهەنگی هەبێ، وەلێ رەمزی کەرامەتی شەخسی ئەم خەڵکەیە، هەر وەکو رەمزەکانی تایفەی (سیخ) لە هیندستان، یا کڵاوی یەهوودی (جوو)، یا قوترە و عەگالی عەرەبی، یا شێوەی تراشینی ریش و سمێڵی هەندێ مەزهەب، جا چاوەڕوانی دڵفراوانی و گیانی لێبوردەیی و رۆحی فەرهەنگی خەڵک و دەوڵەتی ئێرانین.
لەگەڵ رێز و سوپاسماندا
8/6/2013
ئیمزاکان:
1ـ فەلەکەدین کاکەیی – نووسەر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان/هەولێر.
2 ـ پرۆفیسۆر د. شوکریە رەسوول، نووسەر، مامۆستای زانکۆ و چالاکوانی بواری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی/ هەولێر.
3 ـ رەمەزان کۆساری، شاعیر، کەسایەتی کۆمەڵایەتی هاوارـ هەڵەبجە.
4ـ ئەیاد کاکەیی – سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان – هەولێر.
5ـ رەزا واحید، رۆژنامەنووس – هەولێر.
6ـ هیمن محمودکاکەیى ، چالاکوانى مەدەنى ، هەولێر.
7 ـ الیاس جەوزی – فەرمانبەر – هەولێر.
8ـ حامد ڕسماعیل محمد، سەرۆکی شارەوانی/سفەیە
9ـ خاتوو خەیریە سابوور، خانمی ماڵەوە، هاوینەهەواری سەڵاحەدین.
10ـ زریان کاکەیی، مامۆستای زانکۆ – هەولێر.
11ـ سەید سەعید کاکەیی، فەرمانبەر – کەرکوک.
12ـ سەید عەلی سەید محەمەد، کەسایەتی کۆمەڵایەتی – خانەقین.
13ـ خاتوو ئاوات کاکەیی، مامۆستا – کەرکوک.
14ـ خاتوو حەمدیە رەشید، خانمی ماڵ – هەڵەبجە.
15ـ نوری جەمشید عەدە، کەسایەتی کاکەیی/ سفەیە.
16ـ بەیان رەحیم کەریم، فەرمانبەر، هەولێر.
17ـ فوئاد واحد عەباس، کاسب/ کەرکوک.
18ـ دلۆڤان ئازاد، قوتابی/ کەرکوک.
وێنەیەکی بۆ:
– پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
– دەوڵەتی جمهوری ئیسلامی –تاران.
– هەردوو کونسوڵی ئێران لە سلێمانی و هەولێر.
– رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)، لیژنەی کەمە ئایینییەکان لە نیۆیۆرک.
– حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
پارتە سیاسەکان
– پارتی کرێکارانی کوردستان.
– رۆژنامە و کەناڵەکانی هەرێم.
– رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
– رێکخراوەکانی یارسان و کاکەیی