ڕاگەیاندنی موسوڵمانبوونی ژمارەیەک لە کاکەییەکانی کەرکوک; زەنگی مەترسی یان لۆمەکردن؟

0
436

کە هەواڵی بە موسوڵمان بوونی کۆمەڵێک لە کاکەییەکانی کەرکوکم بیست، زۆر دڵتەنگ بووم. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەمیشە ئاینە کەمینەکانی کوردستان لە ژێر فشار و دڵەڕاوکێدان و من حەزم دەکرد کەئەو فشارە نەگاتە ئەو ئاستەی پەیڕەوانی ئەو کەمینە ئاینیە کوردیە دێرینانە بخاتە ژێر مەترسیەوە. بۆیە سەرەتا ویستم گورج بابەتێکی لەسەر بنووسم، بەڵام بەباشم نەزانی منێک کە یارسانی (کاکەیی) نیم و ڕۆژێک بەو فشار و ئازار و ترسەدا نەڕۆیشتووم کە خوشک و برایەکی یارسانی یان ئێزدی پێیدا دەڕوات پێش ئەوان لەسەر ئەو بابەتە بدوێم. بۆیە چاوەڕوان بووم هەتاوەکو بزانم هاوڕێ یارسانیەکان بە باشی دەزانن قسە لەسەر بابەتەکە بکرێت. خۆشبەختانە وەک زۆرینەمان سەرنجمان دا، خۆ بە موسوڵمان دانانی ئەو بەڕێزانە، بووە مایەی نیگەرانی ژمارەیەکی زۆر لە یارسانەکان و هەندێک زۆر بە توڕەیی ئەو ڕاگەیاندنەی کاکەییەکانی ناوچەی کەرکوکیان ڕەتکردەوە. بۆیە منیش وەک کوردێک و وەک کەسێک کە ئەوپەڕی خۆشەویستیم بۆ ئەو ئاینە هەیە، حەزم کرد چەند سەرنجێک لەسەر ئەو بابەتە بنووسم.

سەرەتا ئەگەر گوێ لە ڤیدیۆکە بگریت، دەستبەجێ کۆمەڵێ شتت بۆ ڕوون دەبێتەوە. لە ڕاستیدا ئەو بەڕێزانە موسوڵمان بوونی خۆیان ڕانەگەیاندووە و ناڵێن هاتوونەتە سەر ئاینی ئیسلام، بەڵکو ئەوان دەڵێن ئێمە موسوڵمانین و ئاینی کاکەیی هەر ئاینی ئیسلامە. جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەوەی کە بڵێیت ئەمڕۆ هاتووین ببین بە موسڵمان و لەوەی کە بڵێیت ئاینەکەمان ئاینێکی ئیسلامیە و کاکەییەکان موسوڵمانن. ئەوەی کە ئەوان ڕایانگەیاند، هەوڵی خۆگونجاندن و خۆپارستن لە مەترسی بوو. لەبەر ئەوەی کە بۆ هەموان ڕوونە کە ئاینی یارسانی، ئاینێکی سەربەخۆیە و بۆچوونی تایبەتی هەیە بۆ سەرەتای دروستبوونی ژیان و دەستپێکردنی سەرەتای مرۆڤایەتی. هەروەها ڕێوڕەسم و زۆر لە بۆنە کۆمەڵایەتیەکان و ڕێگای خواپەرستیان جیاوازە لە ئاینی ئیسلام و کریستیان و ئەم ئاینە هەڵقوڵاوی ناو فەرهەنگی کوردیە و بە بۆچوونی من کورد لە زۆر ڕووەوە قەرزاری یارسانەکانە. هەر ئەوانن کە بە هەزاران شیعری کوردی ئاینیان پاراستووە و هەر ئەوانن کە مۆسیقای کوردی ڕەسەنیان پاراستووە و ئامێری تەمبوریان وەک خۆی بۆ زیاتر لە سێ هەزار و پێنج سەد ساڵە هێشتۆتەوە. گەر هەوڵ بدەین لە فیکر و ئەدەب و فەرهەنگی کوردی بگەین و لە ئاینی یارسانی تێنگەیشتبێتین، ئەوا بە دڵنیایی دەبێت ئەوە بزانین ئەو هەوڵەمان هەوڵێکی تەواو کوموکوڕ و بێ هودە دەبێت. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هیچ کام لە ئاینەکانی یارسان و ئیسلام کەمتر یان زیاتر بن، هەردووکیان دوو ئاینی جیاوازن و دەبێت ڕێزلێبگیرێن.

لە ڕاستیدا لە ناو قسەکانی ئەو بەڕێزانەدا، وا دەردەکەوێت کە تووشی ترس بووبێتن و بیانەوێت لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلە بەهێزە ئاینیەی ڕۆژهەڵاتدا خۆیان بپارێزن. دەبێت ئەوە بزانرێت کە بە درێژایی مێژوو، پەیڕەوانی ئاینە کوردیە ڕەسەنەکانی وەک ئێزدی، یارسانی، دروز…. سەرەرای ئەوەی کە بیروبۆچوونی ئاینی خۆیان تا ڕادەیەکی باش بە شاراوەیی هێشتۆتەوە و بە ڕوونی بە ئەندامانی خۆیان ڕاگەیاندووە کە نابێت بیروبۆچوونی خۆیان لای خەڵکانی تر بدرکێنن، لە هەمان کاتدا لە قۆناغە جیاوازەکاندا وازیان لە بەشێک لە دابونەریت و بیروباوەڕی ئاینی خۆیان هێناوە بۆ خۆ پاراستن و خۆ هێشتنەوە لەو ژینگە نادۆستەی کە تێیدا دەژین. بەڵام ئەوەی کە لەو راگەیاندنەی ئەم جارەدا جیاوازە ئەوەیە کە لە رابردوودا ئەم پرۆسەیە زۆر لەسەر خۆ ڕوویداوە و ئەو هەوڵانە بە جۆرێک لەسەرخۆ بووە کە هەندێک جار بەشێک لە پەیڕوانی ئاینەکانیش خۆشیان دەرکیان پێ نەکردووە؛ ڕاگەیاندنەکەی ئەمجارە زۆر بە کتوپڕ ڕوویدا بە شێوەیەک کە هەموانی سەرسام کرد.

ئەوەی کە مایەی سەرنجە ئەم هەوڵی خۆ گونجاندن و سەرکزکردنە، زیاتر لە ناو یارسانەکانی باشوری کوردستان و نیشتەجێی ناوچەکانی کەرکوک و خانەقین و موسڵ دا دەردەکەوێت کە لە ناوچەیەکدا دەژین بەربەستی سروشتی نیە کە لە کاتی لێقەوماندا بەهۆیەوە خۆیان لە سایەیدا لە مەترسی بپارێزن. ئەگەر سەرنج بدرێت، لە وڵاتی ئێراندا کە وڵاتێکی ئاینی توندە، کوردە یارسانەکان زۆر بە ئاشکراتر و ڕوونتر پەیڕەوی ئاینەکەیان دەکەن و بۆنە ئاینیەکانیان دەگێڕن، بەشێوەیەک کە هەندێک جار خۆپیشاندانیان لە دژی حکومەتی ئێران کردووە کاتێک کە سوکایەتیان لەلایەن ئەو ڕژێمەوە بەرامبەر کراوە. واتە سەرەڕای ئەوەی کە چاوەڕوانی ئەوە دەکرا کە یارسانەکانی باشور زیاتر و ئاشکراتر خۆیان وەک یارسانی بناسێنن، کەچی بەشێوەیەکی چاوەروان نەکراو، ئەوان ئەوەیان نەکردووە. بە دڵنیایی هۆکاری زۆر و ئاڵۆز هەیە کە بەهۆیەوە ئەو جیاوازیە ڕوونە دەبینین و تێگەیشتن لەو جیاوازیە هاوکاریمان دەکات لە پارێزگاریکردن لە ئاینی یارسان و پەیڕوانی لە باشوردا.

سەرەڕای ئەوە دەبێت ئەوە بزانرێت، کە ئەم هەوڵی خۆگونجاندنە هەوڵێکی تەنها نیە و هەوڵی لەو جۆرە لە هەندێک شوێنی تری جیهاندا ڕووی داوە. لێکۆڵەری بەرازیلی، پاوڵۆ فرێری، کە ئەو زیاتر لەسەر پەیوەندی نێوان خەڵکی ژێر دەست و باڵادەست لە پەیوەست بە بەرازیلیەکانی ژێر سایەی پرتوگالیە داگیرکەرەکاندا کاری کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر جار خەڵکی بندەست واز لە دابونەریتی خۆیان دەهێنن و دەچنە سەر دابونەریتی خەڵکە باڵادەست و داگیرکەرەکە بۆ ئەوەی کە ‘ئاسایی’ دەربکەون. ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەدایە کە خوێندن و فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی، بە ئاڕاستەی سەپاندنی بۆچوونی زۆرینە دادەڕێژرێت و وا لە پەیڕەوانی ئاینە کەمینەکان دەکرێت کە هەست بکەن ئەوان بیروباوەڕێکی نائاساییان هەیە و لەگەڵ کۆمەڵگەدا نەگونجاوە.

ئەوەتا ڕۆژانە بێژەرە کوردە لیبڕالەکانمان کە پرۆگرام سەبارەت سیاسەت و ئایین پێشکەش دەکەن، بە دەیان جار دەڵێن ئێمە کۆمەڵگەیەکی موسوڵمانین و کورد موسوڵمانە. ڕاست دەکەن کە ئیسلام ئاینی زۆرینەی کوردە و ئەو ڕاستیە بۆ هەموان ڕوونە، بەڵام دانانی هەموو کورد بە موسوڵمان کە هەموو ڕۆژێک لەلایەن بێژەرە ناهوشیارەکانەوە دەکرێت، تاوان و نەخوێندنەوە و بێڕێزیە بەرامبەر بە یارسانی، کریستیان، ئیزدی و شەبەک و دەربڕینێکی نادیموکراسیانەیە کە ئاستی ناهوشیاری هەندێک لە پرۆگرامە سیاسیەکانمان نیشان دەدات. لە کاتێکدا کە هەرچەندە هەندێک هەوڵ لە ناو پرۆگرامی خوێندن و میدیاکاندا دراوە بۆ ئاشناکردنی ئەو ئایینانە بە کۆمەڵگەی کوردی ، بەڵام هێشتا زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردی نا ئاشنایە بەو ئاینانە و هەلومەرجەکە وای کردووە تەنانەت هەندێک لە پەیرەوانی ئەو ئاینانەش بە تەواوی ئاشنای ئاینەکەی خۆیان نەبن. بە لایانی کەمەوە دەبێت هەمیشە دووپات بکرێتەوە کە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی فرە ئاینیە لە کاتێکدا کە لە کۆمەڵگەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو کوردی یارسانی، ئێزدی، شەبەک، شیعە، کریستیان… ی هەیە.

بۆیە ئەو راگەیاندنەی ئەو بەڕێزانە کە لە سەر شاشەی تەلەفزیۆن بینرا، سەرەڕای ئەوەی کە زۆر لە یارسانیەکانی ڕاچڵەکاند، بەڵام زیاتر دەبێت وەک زەنگی مەترسی سەیر بکرێت بۆ سەر ئەو ئاینە ڕەسەنە کوردیانە. هەرچەندە دەبوو کۆمەڵگەی کوردی زۆر زووتر هەستی بەم مەترسیە بکردایە و بە بۆچوونی من پێویست بە یاسا و ڕێسای نوێ دەکات بۆ ئەوەی کە لە سایەیدا یارسان و ئێزدی و شەبەک هەست بە ئارامی و ئاسایش بکەن. من خۆم هەرگیز ئەو ڕۆژەم بیرناچێتەوە کە کاتێک بەڕێز مامۆستا فەلەکەدین نێژرا و یارسانەکانی کرماشان لەسەر فەیس بوک هاواریان لێهەستا و گووتیان “چۆن دەبێت کە کاک فەلەکەدین بێ تەمبور ژەنین بنێژرێت” کەچی لە بەرامبەردا یارسانیەکانی باشور بێدەنگ بوون. لەبەر ئەوەی کە یارسانەکان لە کاتی ناشتندا بە گۆرانی و تەمبور ژەنین و بە مۆسیقای کوردی ڕەسەن مردوویان دەنێژن. دەبوو ئەو کاتە دەرکمان بە ترس و کزی کاکەییەکانی باشور بکردایە و هەموومان بهاتینایەتە دەنگ. بە داخەوە ئەو ڕۆح و جەستە کاکەییە، کە لە هەوڵی زۆردا بوو بۆ پاراستنی کاکەییەکان وئاینەکەیان، لە مردنیشدا لە ژێر کاریگەری و ترسی خۆجوداکردنەوە لە فەرهەنگی زۆرینە، نەیانهێشت کە یارسانیانە بنێژرێت. هیوام وایە کە من مردم، یارسانە خۆشەویستەکان گەر ئاینە پیرۆزەکەیان ڕێی پێدان، با بە تەمبور و مۆسیقای ڕەسەن و ڕێوڕەسمی یارسانی و کوردیانە بمنێژن، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت ئەوە پەیامێک بێت بۆ هەموان کە یارسانی بوون مایەی ئەوپەڕی شانازیە و لە هەمان کاتدا منیش ڕۆح و جەستەم بە شێوەیەکی کوردیانە لە ژێر خاکدا بحەوێتەوە.
تێبنی: مەبەست لە سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ تەمەنی ئامێری تەنبور، ئەو پەیکەرانەیە کە لە ناوچەی ئیلام دۆزراونەتەوە کە هی سێ تەمبور ژەنن و تەمەنی پەیکەرەکان سێ هەزار و پێنج سەد ساڵە.

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
soran