نەتەنیاهۆ: ئێرانییەکان بۆ ئازادی و دادپەروەری ڕژاونەتە سەر شەقامەکان

0
187
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، ئێرانییە ئازاکان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان چونکە ئازادی و دادپەروەرییان دەوێت، ڕتیشیدەکاتەوە وڵاتەکەی لەپشت خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە بێت.
ئەمڕۆ، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران و لێدوانێکی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، کە وتبوو”ئیسرائیل لەپشت خۆپیشاندانەکانەوەیە”، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە.
بنیامین نەتەنیاهۆ، ڕایگەیاند:”ئەمڕۆ گوێم لە ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بوو، کە وتی ئیسرائیل لە پشت خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوەیە، ئەمە نەک تەنیا هەڵەیە، بەڵکو شیاوی پێکەنینە”.

دەشڵێت:”من وەک ڕۆحانی نیم کە سووکایەتی بە خەڵکی ئێران بکەم، ئەوان شیاوی باشترن، ئێرانییە ئازاکان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، ئەوان ئازادیان دەوێت، ئەوان دادپەروەرییان دەوێت، ئەوان ئەو ئازادییە بنچینەییانەیان دەوێن، کە ماوەی چەند دەیەیەکە لێیان بێبەشکراون”.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، وتیشی:”ڕژێمی دڵڕەقی ئێران دەیان ملیار دۆلار بە بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە بەفیڕۆدەدات، دەکرا بەو پارەیە قوتابخانە و نەخۆشخانەیان دروست بکردایە، هەربۆیە سەیر نییە کە دایک و باوکەکان لە شەقامەکاندان، ڕژێم لێیان دەترسێت، لە خەڵکی خۆی دەترسێت و هەربۆیەشە قوتابییەکان زیندانی دەکات و هەربۆیەشە میدیای کۆمەڵایەتی قەدەخە دەکات”.

هەر لەر پەیامەکەیدا، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەشڵێت:”گەنجە پاڵەوانە ئێرانییەکان لە شەقامەکان لێیان دەدرێت، ئەمە کارێکی دروست نییە، من وەک خۆم بێدەنگ نامێنمەوە، ڕژێمی ئێران بێئومێدانە هەوڵ دەدات تۆوی ڕق و کینە لە نێوانمان بچێنێت”.

س.روژنیوز