ناسیونالیست یان شوڤێنیستی فاشیست

0
368

 

نووسینی وەهاب یوسفی

فارسەکان لە ئێراندا نە تەنیا هیچ کیشەیەکی کەسێتی نەتەوەییان نییە، بەڵکو بە یاساش مافی فارسییەتییان پارێزراوە. ئەگەر کێشەیەکیشیان لەو بارەوە هەبێت، پێکەوەگلاندنی ئایینە بە فارس بوونیانەوە. کاتێک ئایین لە نێو کۆمەڵگای مرۆڤدا بوونی هەیە و بۆتە بەشێک لە هەست و شعووری خەڵک، فارسەکان توانیویانە بە پێی عەقڵییەت و بەرژەوەندییان، ئایین بە شێوەیەک تێکەڵ و گرێدراوی خۆپەرەستیان بکەن کە هەرچەندەش خاوەنی ئایینی ئیسلام عەرەبەکانن، بەڵام فارسەکان ئەو دینە سەپێندراوەیان بە شێوەی خۆیان بەکار هێناوە و دەسەڵات و هێژمۆنی خۆیان پاراستووە!
ئەگەر چی  لە ڕەوتی مێژووی ئێراندا، فارسەکان تاقانە دەسەڵات نەبوونە و مادەکان و تورکەکانیش حوکمیان کردووە، بەڵام فارسەکان بە شێوەیەک باسی مێژووی ئێران دەکەن کە گشت ئەو مێژوویە بە خۆیانەوە دەبەستنەوە و دەیکەنە ناسنامەی پان فارس بوونی ئێران. هەر چەندەش کە فارسەکان لە سەردەمی پارس بوونیانەوە تا ئێستاشیان ئەوەندە سەرکەوتوو نە بوونە و زۆر جارانیش لە دەسەڵاتداری بە دوور بوونە، بەڵام بۆ بەهێز کردن و پاراوی هەستی پان ئێرانیستیان، شاەنامەی فەردوسی دەباوەڕێنن و کەسێتی مێژوویان لە رۆستەم دا  دەخەلمێنن و بەو پێیە مێژوویەکی پڕ لە ئەفسانە وەک میرات لە ڕابردوویان وەردەگرن و بە دیاری بە نەوەی نوێ و داهاتوویانی دەبەخشن. دەگینا مێژووی دەسەڵاتدارییەتی لە ئێراندا، بە گشتی ئەوەندە مرۆڤانە و سەرکەوتوو نەبووە تا مایەی شانازی بێت و بە شێوەیەک کە داهاتووشی لە سەر دابڕێژنەوە. فارسەکان ناتوانن حاشا لە ڕاستییەکانی مێژوو بکەن کە پێش ئیمپراتورییەتی کوروشی پارس، گشت مێژووی ناوچەکە بە ناوی مادەکانەوەیە. هەر وەها سەفەوێکانیش کە ٢٢١ ساڵ حوکمی ئێرانیان کردووە و داهێنەر و سەپێنەری ئایینی شیعەگەرینە، فارس نەبوون و هەر چەندەش کە ڕەچەڵەکیان بۆ *فیرۆز شای  زێڕین کڵاو* دەگەڕێتەوە و لە سەرەتاشدا کورد سوننەی شافعی بوونە، بەڵام لە ئاکامی کۆچیان بۆ ئەردەبیلی ناوچەی تورکە ئازەرێکان و بە هۆی دێموگرافی ناوچەکەوە(تێکەڵاوی و بەکار هێنانی زمانی تورکی) بە نازناوی تورکی ناسێندراون. هەر وەها قاجارەکانیش کە لانی کەم ١٠٣ ساڵ خاوەنی تاجی پاشایەتی ئێران بوونە، تورک بوون و لە نژادی فارسەکان نە بوون. دیارە پاشای دیکەش وەک زەندییەکان کە لانی کەم مێژوویەکی ٤٦ ساڵەیان بۆ خۆیان تۆمار کردووە، لۆر بوون.
سەرەڕای ئەوەی کە فارسەکان خۆیان بە خاوەنی ڕەسەنی  وڵاتی ئێران دەناسێنن و بەو پێیەش مێژوویەکی پڕ لە ئەفسانە و شانازی بۆخۆیان دەنەخشێنن، بەڵام ناتوانن حاشا لە ڕاستییەکانی مێژوو بکەن کە نە تەنیا بەشێکی بەرچاو لە مێژووی ئەو  وڵاتە  ئی ئەوان نییە، بەڵکو لە بەرەنگار بوونەوەی زۆربەی داگیرکەرانی وەک ئەسکەندەر، عەرەبە موسلمانەکان، مەغولەکان، روسەکان، پەلاماری سوپای قادسیەی سەدام دا، سەرکەوتوو نە بوونە.
لە ڕەوتی مێژووی ئێراندا جیا لە دوژمنایەتییە دەرەکییەکان، خودی فارسەکانیش بەشێک بوونە لە هۆی کێشە و ئاڵۆزییەکان. ئەگەر باس لەسەر ڕابردووش نەکەین و سەردەمی ئێستامان لەبەر چاو بگرین، ڕوون و ئاشکرایە کە کێ و کام عەقڵییەت هۆکاری کێشە و بێ مافییەکان و شەڕە لە ئێران و ناوچەکەدا؟
بێگومان پەنجەی تاوان بۆلای دەسەڵاتدارییەتی فارسەکانە!
فارسەکان بە هەستی پان ئێرانیستیان، گشت ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکانی ژێردەسەڵاتیان پێشێل کردووە.
ئەی فارسەکان بە چ هۆیەک بۆ مێژوویان دەگەڕێنەوە و خۆیان لە دەوری گۆڕی کوروشی گەورەیان، ڕێکدەخەنەوە؟
 بێگومان فارسەکان باش دەزانن کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و هەلومەرجی سەردەمیش، قۆناغی ڕزگار بوونی نەتەوە ژێردەستەکانە. بەو پێیە ئەگەر گشت نەتەوەکانی ئێران بە مافەکانیان بگەن، بێگومان ئیمپراتورییەتی فارسیزم لێک هەڵدەوەشێت و لە چوار چێوەیەکی بەرتەسکدا دەمێنێتەوە. هەر وەها زاڵ بوونی ئایینی ئیسلامیش بەسەر فەرهەنگ و کلتوردا، هەڕەشەیەکی دیکەیە و هاندەری سیکۆلارە فارسەکانە تا لە بیری هەستانەوەی نەتەوەیی(رستاخیز) دا بن. دیارە بزووتنەوە سیکۆلارە  پان فارسەکان، ڕێکخەر و هاندەری فارسیزمن.
***نزیک بوونەوە لە بە ئاکام گەیشتنی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان، هۆیەکی زۆر گرینگە بۆ تورکەکان لە ناوچەکەدا، تا بکەونەوە بیری پان تورکیسم.    بێ هۆ نییە کە پان فارسیش  وەجووڵە  کەوتوونە و بۆ پاراستنی هەر چی زیاتری هێژمۆنیان لە ناوچەکەدا، مێژووی کوروش دەوروژێنن.
هەڵدانەوەی لاپەرەکانی مێژوو و پەنابردنی فارسیستەکان بۆ زیندوو کردنەوە و تاریف و ستایش کردنی کوروشی یەکەم پاشای دامەزرێنەری ئیمپراتوریەتی هەخامەنشی و زیادە ڕەوێکانیشیان لەو بارەوە، هیچ لەو بابەتە ناگۆڕێت کە هەر وەک کوروش کە دەستی کرد بە داگیرکاری و ئیمپراتورییەتە ڕەسەنەکانی ناوچەکەی بە فێڵ و شەڕ لە ناو بردن، پان فارسەکانی سەردەمیش تەنیا دەسەڵات و هێژمۆنی خۆیان دەسەلمێنن و سنووری ناسیونالیستیان بەزاندووە و بە عەقڵییەتی شوڤێنیستی زۆر فاشیستیانە، پەلاماری ماف و داخوازییەکانی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران و ناوچەکە دەدەن. هەر وەک عەداڵەتی زولفەقاری ئیمامی عەلی کە سەر پەڕاندن بووە، مافی مرۆڤی کوروشیش بێ مانایە و فارسەکان ناتوانن بە مرۆڤایەتی بفرۆشن.
لە کاتێکدا ڕەوتی مێژوو بەرەو پێشەوەیە، بەڵام پان فارس و پان تورکەکان بە شانازییەوە بۆ عەقڵییەتی کۆنی مێژوویان دەگەڕێنەوە و زۆر بە تووندی بەرهەڵەستی مافە ئینسانی و نەتەوایەتییەکان دەکەن.