مەزارگەی باوەیادگار لە کرماشان هەوڵی تەقاندنەوەی درا

0
332

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی رێبەندان سێ کەسی خەڵکی ناوچەی سەرپێڵی زەهاو لە ئوستانی کرماشان، هەوڵی تەقاندنەوەی مەزارگەی باوە یادگاریان دا.

شوناسی یەکێک لەو کەسانەی کە هەوڵی تەاندنەوەی مەزارگەی باوە یادگاری داوە، عەلی بەگ جوانمیری راگەیاندراوە و ئەو دوو کەسەی دیکەش خەڵکی “کویک”ی سەربە شارستانی سەرپێڵی زەهاو بوون، کە هەر سێ کەسەکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بە گوتەی خەڵکی ناوچەی داڵاهۆ، هەوڵی تەقاندنەوەی مەزارگەی بابە یادگار لە ناوچەی داڵاهۆ، هاوکات لەگەل بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هەواڵی نزیکبوونەوەی چەکدارانی داعش لە ناوچە سنوورییەکانی کرماشانە.

مەزارگەی باوە یادگار، لە گوندی “بان زەردە” و لە داوێنی چیای داڵاهۆی کرماشان هەڵکەوتووە.

هەروەها مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵیش، مەقامی باوە یادگار لە گوندی “تولەبەند”ی ناوچەی مووسڵ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تەقیندرایەوە. باوە یادگار ساڵی ١٣٦٠ زایینی لەدایک بووەو و بە یەکێک لە کەسایەتییە گورەکانی ئایینی یارسان یەژمار دەکرێت.

مۆختار هۆشمەند، چالاکی سیاسیی کورد سەبارەت بە رەوتی سەلەفییەتی جیهادی لە کوردستانی ئێران، دەڵێت؛ ” هەر کاتێک سەلەفییەتی جیهادی لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا دەستکەوتێکی هەبووبێت، سەلەفییەکانی ناوخۆی ئێران و کوردستانییش هاوکات و هاوتەریب میکانیزمی کار کردنیان دەگۆڕن و چالاکییەکانیان دەست پێ دەکەنەوە”.

هۆشمەند کە بە وردی چاودێریی بزاوتی سەلەفییەتی جیهادی لە کوردستانی ئێراندا دەکات پێشتر راگەیاندبوو؛ “پاش هاتنی چەکدارانی داعش بۆ نێو خاکی عێراق، دروستبوونی گروپی چەکداری سەلەفیی جیهادیش لە ناوخۆی ئێران و بەتایبەت لە کوردستان چاوەڕوان دەکرا، چونکە نزیک بە تێکرای ئەندامان و لایەنگرانی سەلەفییە جیهادییەکان راهێنانی چەکداریی و نیزامییان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان پێ کراوە”.
س ئاژانسی کوردپا:
babayadgar