مامۆستایەكی ئایینی لە سلێمانی: ئەوانەی بونەتە زەردەشتی هەڵگەڕاوەن و دەبێ بكوژرێن

0
445

مەلا حەسیب پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی مەلا رەسول لە سلێمانی هێرشدەكاتە سەر ئایینی زەردەشتی و دەشڵێت ئەو موسڵمانانەی كە بونەتە زەردەشتی هەڵگەڕاوەن و ئەگەر دەسەڵاتێكی ئیسلامی حوكم بكات دەبێ سێ رۆژ دەرفەتیان بدرێتێ بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ئایینەكەی خۆیان، ئەگەرنا دەبێ بكوژرێن.

ئاوێنە: مەلا حەسیب پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی مەلا رەسول لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ بی بی سی فارسی هێرشدەكاتە سەر ئایینی زەردەشتی و دەشڵێت كە ئەو موسڵمانانەی بونەتە زەردەشتی هەڵگەڕاوەن و ئەگەر دەسەڵاتێكی ئیسلامی حوكم بكات دەبێ سێ رۆژ مۆڵەتیان بدرێتێ بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ئایینەكەی خۆیان، ئەگەرنا دەبێ بكوژرێن.

مەلا حەسیب لەمیانی راپۆتێكی بی بی سی فارسیدا، كە دەربارەی چالاكییەكانی ئایینی زەردەشتییە لە هەرێمی كوردستان، دەربارەی ئەو موسڵمانانەی بونەتە زەردەشتی وتویەتی”ئەگەر حوكمێك هەبێت كە دەسەڵاتی ئیسلامی بیكات ئەوا دەبێ حوكمی خوا جێبەجێبكات، دەبێ سێ رۆژ دەرفەت بدرێتە ئەوانە، ئەگەر پاشگەزبونەوە و لەو ئایینە نوێیە خۆیان بێبەری كرد ئەوە زۆر باشە، بەڵام ئەگەر لە ئایینە نوێیەكە ئیدی بۆ نمونە زەردەشتی بێت یان هەر ئایینێكی دیكە جگە لە ئیسلام، نەگەڕانەوە، ئەوا ئەوانە هەڵگەڕاوەن و دەبێ بكوژرێن و حوكمیان ئیعدامە”.

مەلا حەسیب پێی وایە ئایینی زەردەشتی ئایینی كوردان نییە بەڵكو ئایینێك بوە كە لەلایەن “فارسە ئاگرپەرستەكانەوە” بەسەر كورددا سەپێنراوە. ئەو دەڵێت”لەراستیدا ئیسلام هات و ئێمە لە دەستی زەردەشتییەكان كە فەساد حكومەتەكانی ئەوانی تەنی بو، رزگار كرد”.

مەلا حەسیب لە بەشێكی تری قسەكانیدا بۆ بی بی سی فارسی بەشێك لە كردەوەكانی داعش بە گونجاو دەزانێت لەگەڵ ئایینی ئیسلامدا و دەڵێت كە بەشێك لە كردەوەكانیان وەك نوێژ، رۆژو و پیادەكردنی شەریعەتی ئیسلامی لە كۆمەڵگەدا هاوتایە لەگەڵ ئایینی ئیسلامدا و بەشێكە لە ئایین بەڵام بە بڕوای ئەو داعش لە كارەكانیدا خاوەن حیكمەت نییە و ئەوەش بۆ ئیسلام زۆر مەترسیدارە و دەشڵێت”ئەوانە ئیسلام بەشێوەیەك نیشان دەدەن وەك ئەوەی ئیسلام تەنیا لەرێگەی لولەی چەكەوە دەكرێ ببینرێ”.

بی بی سی نوسیویەتی كە تەنیا مەلا موحسین نییە كە دژی زەردەشتییەكانە بەڵكو زۆربەی توندڕەوە ئایینییەكانی ئەو ناوچەیە دژی چالاكی زەردەشتییەكانن و داوایان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە چالاكییەكانیان رابگرێت

گاتهای زرتشت در کوهستان_های کردستان عراق – BBC Persian