زلهێزەکان و پەیمانی سایکس پیکۆ

0
374

ئەو شوێنەی ئێستا ناوی “عێراق”ە بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەچەند هەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیحەوە خەڵکی کورد، بابێلی، سۆمەری و ئاسۆڕی لێ ژیاوە. عێراق لە کۆن دا لە ژێر دەستەڵاتی ئیمپڕاتوورییە خوێنڕێژەکانی هەخامەنیشی، سلووکی، ئەشکانی، ساسانی، ڕۆم و مەغوولەکان دا بووە و لە ماوەی ٤٠٠ ساڵی ڕابردووش دا لە نێوان دوو ئیمپڕاتووری شیعە و سوننەی سەفەوی و عوسمانی دا دەستاودەستی کردووە. خەڵکی کوردیش یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە کە چارەنووسی لە عێراق خراپتر بووە و خاکەکەی لە بەدشانسی و بە هۆی هەڵکەوتە جوغرافییاییەکەی بە درێژایی مێژوو بۆوە بە گۆڕەپانی شەڕی سوپای ئەو ئیمپڕاتوورییانەی لە حەولی داگیرکردنی خاک و وڵاتی یەکتردا بوون.
pola_nexshe
پێش شەڕی یەکەمی جیهانیی، ئیمپڕاتووری بریتانیا لە دژی ئیمپڕاتووری عوسمانی داوای لە عەرەبەکان کردبوو کە ئەگەر یارمەتی بریتانیا بکەن بۆ ڕووخاندنی ئیمپڕاتووری عوسمانی، ئەوانیش یارمەتی عەڕەبەکان دەکەن بۆ گەیشتن بە ئیستقلال و سەربەخۆیی خۆیان. شەڕی یەکەمی جیهانی لە ساڵی ١٩١٤دا دەستی پێکرد. ئەوکاتە ٤٠٠ ساڵ بوو کوردستان لە نیوان دوو ئیمپڕاتووری سەفەوی و عوسمانی دا دابەش کرابوو. مارک سایکس( نوێنەری دەوڵەتی ئنگلیس) و فرانسوا ژۆرژ پیکۆ( نوێنەری دەوڵەتی فەرانسە) دوو کوڕە ئەشڕافیی دەوڵەمەندی خەڵکی ئینگلیس و فەرانسە بوون کە ساڵی ١٩١٦ زایینی لە جەنگەی شەڕی یەکەمی جیهانیی دا، بەپێچەوانەی ئەو بەڵێنەی بە عەرەبەکانیان دابوو، نەقشە و پیلانی دەستبەسەرداگرتنی ناوچە ژێر دەستەڵاتەکانی ئیمپڕاتووری عوسمانیان کێشا و ئیمپڕاتووری رووسیشیان بە وەعدەی دانی بەشێک لە ناوچەکان ڕازی کرد.

ئەو پەیمانە هەروا بە نهێنی ماوە تا ئەوە کە پاش شۆڕشی ١٩١٧ی زایینیی لە لایەن ڕووسەکانەوە لەقاو درا و چیتر نهێنی نەماوە. ساڵی ١٩١٨ شەڕ تەواو بوو. سایکس و پیکۆ دانیشتن و لەسەر کاغەز، بە قەڵەم و خەتکێش، خاک و وڵاتی نەتەوەکانی نیشتەجێ لە وڵاتانی سووریە و عێراق و ئوردۆن و لوبنان و فەلەستینی ئێستایان بەش‌بەش کرد و سووریە و لوبنان وەبەر فەڕانسە کەوتن و عێراق و فەلەستین و رۆژهەڵاتی ئۆردۆنیش وەبەر ئینگلیس. ئەم دابەشکردنە وڵاتانی عەڕەبی باکووری ئەفریقای نەگرتەوە بەڵام ئەوانیش هەر بە نهێنی دابەش کران و میسر کەوتە ژێر نفووزی ئینگلیس و توونیس و ئەلجەزایر و مەراکێشیش چوونە ژێر نفووزی فەڕانسەوە. سایکس و پیکۆ، بە شان و باهۆی وڵاتەکانی خۆیان هەڵدەگوت و بەڵێنیان دەدا بە خەڵکی ئەو ناوچانەی تەماحیان دە خاکەکەیان کردبوو کە لە ژێر سایەی حکوومەتەکانی ئینگلیس و فەڕانسە دا هەموو بە ئاسوودەیی دەگەن و ژیانیان باش دەبێت و دەحەسێنەوە و ئاوەدانی و خێر و بەرەکەتیان بەسەر دا دەبارێ. ئەمڕۆ پاش تێپەڕ بوونی ٩٨ ساڵ لەم پەیمان و بەڵێنانە، دنیا بە چاوی خۆی دیتوویەتی کە چ فەرتەنەیەک لەم ناوچانە دا ساز بووە و چۆن ئەم خەڵکانە پێیەوە گرفتار بوون و چۆن بەدەستێوە ناڵاون. بە دەیان ملیۆن ئینسان، لەسەر ئەم دابەشکردنە ناشارەزا و ناجوورە کوژراو و بریندار و ئاوارە و ماڵوێران بوون.
pola_wene

ئەو کوشتارەی بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن دەوڵەتە دیکتاتۆڕە دەستکردەکانی زلهێزەکانەوە لە نەتەوە ژێردەستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوە پەڵەیەکی شەرمە بە نێوچاوانی ئەم وڵاتە زلهێزانەی بەناو لایەنگری مافی مرۆڤەوە کە بۆ هەتا هەتایە ناسڕێتەوە. ئەم شەڕ و نائارامی و هەڵڵا و گرمەیە هەروا درێژەی هەیە و ڕوون نییە کەی کۆتایی پێ دێت. خەتکێشە نامرۆڤایەتییەکەی سایکس و پیکۆ کوردی کرد بە پێنج بەش و بەسەر وڵاتانی تازە سازکراوی تورکییە، عێراق و سووریا و حکومەتانی ئێران و سۆڤیەتدا دابەش کرا و هەر بەم هۆیەشەوە کوشتار و بەبەختی و ماڵوێرانی کورد چەند قاتی خەڵکانی تر بووە و لەهەموو لایەکەوە پێیان داداوە و مافیان پێشێل کردووە و لێی بوون بە خاوەن ماڵ و کەڵەگا و لە هەموو لایەکەوە حەولی ژێنۆساید و لەناو بردنیان داوە.

وڵاتە زلهێزەکان هەم ئەو کات و هەم ئێستاش پێیان وابووە کە کورد تێناگا و عەقڵی بەوە ناشکی کە خۆی خۆی بەڕێوە بەرێ، هەربۆیەش لە هەر کام لەم وڵاتە دەستکردانە دا نۆکەرێکی ئاڵقەلەگوێی خۆیانیان دانا و بە هەموو هێزیشیانەوە پشتیان گرت و تەنانەت لە سەرکوتی ڕاستەوخۆی نەتەوەی کوردیش خۆیان نەپاراست. بۆمبارانی ڕاستەوخۆی گوند و شارەکانی باشووری کوردستان لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئینگلیسەوە لە زەمانی شێخ ئەحمەدی بارزان و شێخ مەحموودی نەمر دا نموونەی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەی زلهێزەکانە لە ئاست نەتەوەی کورد دا. ئینگلیس بە بۆمب و ئاگر و ئاسن وەڵامی ویستی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کوردی دایەوە.
pola_wene1

نەتەوەیەک کە دەیەویست وەکوو نەتەوەکانی تری جیهان چارەنووسی خۆی بۆخۆی دیاری بکا. تۆ بڵێی سەت ساڵ کوشتاری میللەتێکی ئاشتیخوازی ٤٠ ملیۆنیی خاوەن ماف لەسەر خاک و نیشتمانی خۆی زلهێزەکانی تێنەگەیاندبێ کە نەتەوەی کوردیش وەک نەتەوەکانی تری جیهان خاون ماف و ژیانی ئینسانیین؟ زلهێزەکان پاش سەت ساڵ کوشتار و قەڵاچۆکردنی نەتەوەی کورد بە چ ڕوویەکەوە لایەنگری لە پڕۆژەیەک دەکەن کە سەت ساڵ بەدبەختی و کوشتار و ماڵوێرانی بۆ کورد و نەتەوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدواوە بووە.

زلهێزەکان کە ئێستا هاتوون بۆ پشتیوانی لە عێراقێکی یەکپارچە و یەکگرتوو و دەیانەوێ ئەم سنوورە دەستکردانەی خۆیان بیپارێزن و خۆشیان پێ تێگەیشتوو عاقڵە، پاشی سەت ساڵ هێشتا تێنەگەیشتوون کە ئەم سنوورانەی سایکس و پێکۆ بە قەڵەم و خەتکێش کێشاویانە هەڵە بووە و سەری نەگرتووە و سەر ناگرێ؟ پێیان وایە عێراقی یەکپارچە خێری بۆ کورد هەبووە کە داوا لە کورد دەکەن بیپارێزن؟ ١٩٠هەزار ئینسانیان نەبینیوە کە لە عێراقی یەکپارچە دا بە زیندوویی لە چاڵ نران. ٥٠٠٠ ئینسانیان لەبیر چۆتەوە کە لەماوەی پازدە خولەکدا لە عێراقی یەکپارچە دا خنکێندران. لە بیر خۆیان بردۆتەوە کە فرۆکە شەڕکەرەکانی وڵاتی ئینگلیس چلۆن بۆ پاراستنی ئەم سنوورە دەستکردانە کوردستانیان بۆمباران دەکرد. ئەم هەڵوێستەی ئێستای زلهێزەکان بە تەواوی دەریدەخا کە ئەوان بە پێچەوانەی بانگەشەکانیان بۆ لایەنگری لە مافی مرۆڤ، لایەنگری شەر و کوشتار و خوێن ڕشتنن. زلهێزەکان تێناگەن کە ئێستا ئیتر وەک ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر بۆیان ناچێتە سەر کە بە ئاشکرا میللەتێکی ئاشتیخواز بۆردوومان بکەن.

تێناگەن کە کورد دەتوانێ خۆی بەڕێوە بەرێ و قەییوم و ئاغا باڵا سەری ناوێ؟ نابینن کە دنیا چلۆن چاوی بڕیوەتە کوردستان و ئەگەر حکوومەتەکانی ئورووپا و ئەمریکاش نەیانەوێ خەڵکی ئەم وڵاتانە پشتیوانی میللەتی کوردن؟ نابینن کە هەر کوردێک کە لە ئوڕووپا و ئەمریکا دەژی سەفیر و نوینەرێکە و ئێستا کورد دوو ملیۆن نوێنەری لەم وڵاتانە دا هەیە؟ نابینن کە ئێستا دەورانی ئینترنێت و فەیسبووک و تویتەر و تلویزیۆنە و چووکترین هەڵەی هەرکەس و هەر وڵاتێک بە چرکەیەک لەقاو دەدرێ؟ کورد خوازیاری سەربەخۆیی و ئیستقلالە و تەواو و بڕایەوە.

دەورانی سایکس و پیکۆ بەسەر چووە کە دوو دانە شێت و ماخولیا بڕیار لەسەر چارەنووسی دەیان ملیۆن ئینسان بدەن. زلهێزەکان دەبێ خۆیان ئامادە بکەن بۆ وەڵامدانەوە لە دادگا نێونەتەوەییەکان دا بۆ ئەم غەدرانەی لە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردووە. داگیرکەرانی کوردستانیش دەبێ دەست هەڵگرن لە سەدان ساڵ چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد و دان بە مافی چارەنووسی ئەم خەڵکە زۆرلێکراوەوە بنێن و دڵنیا بن کە ئەگەر نەتەوەی کورد لە سەدەی بیستەم دا نەیتوانی خۆی لە دیلی و کۆیلەتی و ژێردەستی ڕزگار بکا لە سەدەی بیستوویەکەم دا ئەو کارە دەکا و ئەو ڕۆژە دوور نییە کە ئاڵای کوردستان بە کوێرایی چاوی نامرۆڤان وەک ئاڵای هەموو گەلان لەبەر دەرگای نەتەوەیەکگرتووەکان دا بشەکێتەوە.

باشتر وایە بۆخۆیان پێ لەم ڕاستییە بنێن و هێندەی دیکە خۆیان لەبەر چاوی خەڵکی دنیا ناحەز نەکەن. سەرکەوتن هەر بۆ گەلە. بژی سەربەخۆیی کوردستان.

سەربەخۆیی گەلی کورد تاسە و ئاواتی منە

غەدرە گەر غەیری ئەوە باسی شتی کەمکەم کەم.

پۆڵا ــ ستۆکهۆڵم ــ ٢٠١٤،٧،٨